سەرەتا جەژنی رەمەزان لە سەر جەم موسولمانانی جیهان و بەتایبەت موسولمانانی كوردستان پیرۆزبایی دەكەین و پەسەند بوونی نوێژ و رۆژو و عیبادەتی سەرجەم موسلمانان لە دەرگای خوای بەخشندە و میهرەبان بە ئاوات دەخوازین.

لە كاتێك دا جەژنی رەمەزانی ئەمساڵ پیرۆز دەكەین كە گەلی كورد لە بەرخۆدانێكی هەمە لایەنە لە بەرامبەر داگیركەرانی كوردستان دایە. خەبات و تێكۆشان لە هەموو بەشەكانی كوردستان لە لایەن گەلی كورد و تێكۆشەرانی گەلی كورد لە ئاستی هەرە بەرز دا بەرێوە دەچێت. بەم رێگایەوە، جەژنی رەمەزانی پیرۆز لە رێبەری گەلی كورد، رێبەر ئاپۆ كە زیاتر لە ساڵێكە بەرخۆدانێكی مێژوویی لە دورگەی ئیمراڵی بەرێوە دەبات، پیرۆز دەكەین و هاوكات تێكۆشانی گەلەكەمان و گەریلاكانی كورد لە باكوو و رۆژئاوای وەڵات سڵاو دەكەین و هیوادارین ئەم جەژنە ببێتە مایەی سەركەوتن و گەییشتنی گەلی كورد بە ئازادی و مافە رەواكانی.

بێ گومان مانگی رەمەزان پەیام هێنەری تێكۆشانە لە پێناوە بێ عەداڵەتی و هەر چەشنە زولم و زۆرییەك. ئەمە لە حاڵێك دایە كە لە ئاستی لوتكەدا لە وەڵاتەكەماندا لە لایەن داگیركەرانەوە، گەلەكەمان رووبەرووی هەر چەشنە سووكایەتی و بێ عەداڵەتی و زووڵم و زۆرییە و بە شێوەیەكی بێوێنە دەچەوسێنرێتەوە. بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی كوردستان، وێرای كێشەی ناسنامە و ئازادییەكانی گەلی كورد؛ قەیرانی بێكاری، هەژاری و بێ دادی لە ئاستی هەرە بەرز دا ژیانی كۆمەڵگا دەخاتە مەترسییەوە و رێگە لە بەردەم قەیرانی زۆر قووڵتر كردۆتەوە. كۆماری ئیسلامی ئێران بە سیاسەت و كردەوەكانی خۆی كۆمەڵگای ئێران بە گشتی و كۆمەڵگای رۆژهەڵاتی كوردستانی بە تایبەتی بەرەو رەوشێكی بەم شێوەیە بردووە.

بێ شك لە بەرامبەر رەوشێكی وەها تێكۆشان و بەرخۆدان ئەركی نەتەوەیی و ئایینی تاك تاكی كۆمەڵگای كوردەوارییە. هاوكات یەكییەتی نێوان كۆمەڵگای كوردەواری و سەرجەم لایەنە سیاسی و دینیەكانی كۆمەڵگاكەمان لە رۆژهەڵاتی كوردستان و لە نێوان لایەنەكان لە پارچەكانی تری كوردستان لە پێناو گەیشتن بە ئازادی و مافەرەواكانی گەلی كورد، خاوەن گرینگییەكی مێژووییە. لەسەر ئەو بنەمایە وەك PJAK بە بۆنەی ئەم جەژنە پیرۆزەوە بانگی پتەو كردنی یەكیەتی نەتەوەیی و بەرز كردنەوەی ئاستی تێكۆشان لە سەرجەم چین و توێژەكان كۆمەڵگا و سەرجەم لایەنە سیاسی و ئایینیەكان دەكەن. لە كۆتایی دا جارێكی تر ئەم جەژنە پیرۆزە لەسەجەم گەلی كورد لە رۆژهەڵات و سەرجەم پارچەكانی تری كوردستان پیرۆز بایی دەكەین.

 

سڵاو و رێزی شۆرشگێری
كۆردیناسیۆنی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان – پژاک
18.08.2012