بەراوردێکی گشتی باکوری سوریای دیموکراتیک و باشوری کوردستان و ئەنجامەکانی پەلاماردانی سوریای دیموکراتیک

سەربەرز کرماشان
و/ ڕوبار کۆچەر

لێدوانەکانی ئەم دواییەی عەلی ئەکبەر ویلایەتی ڕاوێژکاری عەلی خامنەیی بۆ کاروباری نێودەوڵەتی و محەمەد حەسەن باقری فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێران سەبارەت بە ئازادکردنی ڕەقا لەدەستی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک، گومانی هێرشی هێزەکانی بەشار ئەسەد کەلەوانەیە بە هاوکاری هێزەکانی حەشدی شەعبی ئەنجام بدرێت، زیاتر کردووە. چاودێران باس لەوە دەکەن کە لەدوای هێرشەکانی حەشدی شەعبی (هێزە هەرێمیەکانی عیراق کە لەژێر کۆنترۆڵ و ئاڕاستەکردنی سوپای پاسداراندان)، بۆ باشوری کوردستان و داگیرکردنی ناوچە کێشە لەسەرەکان؛ جەسارەتی هەردوو ڕژێمی بەشار ئەسەد و ئێرانی بۆ زیندوو کردنەوەی دەسەڵاتی لەدەستچوویان لە کوردستان، زیاتر کردووە. ئەم بابەتە بووەتە هۆکاری ئەوەی کە لەم چوارچێوەیەدا بپەرژێینە سەر جیاوازیەکانی باکوری سوریای دیموکراتیک و باشوری کوردستان و هەروەها ئەنجامی ئەگەری هێرشی هێزەکانی بەشار ئەسەد و هاوپەیمانانی بۆ باکوری سوریای دیموکراتیک شرۆڤە بکەین.

جیاوازیەکانی باکوری سوریای دیموکراتیک و باشوری کوردستان

لەوانەیە تەنها لێکچوونێک کە لەنێوان ناوچەکانی باکوری سوریای دیموکراتیک و باشوری کوردستاندا هەبێت، بریتی بێت لە هەبوونی کۆمەڵێک مرۆڤ بە ناسنامەی کوردی، بەڵام ئەمە هۆکارێک نیە بۆ ئەوەی کە دووچاری هەمان چارەنوسی تراژیدیکی باشوری کوردستان ببێتەوە؛ چونکە جیاوازی گەلێکی زۆر لەنێوان ئەم دوو جیۆگرافیا سیاسیەدا هەیە.

سیاسەت و دیپلۆماسی: لە سەردەمی مۆدێرندا سیاسەت و دیپلۆماسی بە یەکێک لە فاکتەرە گرنگ و چارەنوس سازەکانی شەڕ ئەژمار دەکرێت. لە باشوری کوردستان بەهۆی پەیڕەو نەکردنی سیاسەتێکی دروست و چالاک لە مەیدانە نێودەوڵەتیەکاندا لەلایەن سیاسەتمەدارانەوە، بینەری ئەوە بووین کە زۆرینەی ئەم پارت و لایەنانەی باشور سودی ئامرازیان لێ وەربگیرێت و لەچوارچێوەی بەرژەوەندی هێزە هەرێمی و جیهانیەکاندا هەڵسوکەوت بکەن. بەشێوەیەک کە باشوری کوردستان ڕۆڵی خزمەتکاری بۆ وڵاتانی ناوچەیی و جیهانی، لە ئێران و تورکیاوە بگرە تا ئیسرائیل و ئەمریکا، دەگێڕا. هەروەها لە ڕاستای توانەوەی کەلتوری، ئابوری و بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی پارچەکانی تری کوردستاندا کاری دەکرد. بێگومان هەر ئەم سیاسەتە بێ پایەو بنەمایە کە چاوی ئومێدی لە هێزە بێگانەکان بوو و پشتی بە هێزی خەڵکی نەدەبەست، یەکێک لە هۆکارە بنەڕەتیەکانی تێکشکانی باشوری کوردستان بەرامبەر حەشدی شەعبی بوو. بەڵام لە باکوری سوریای دیموکراتیک شایەتی پەیڕەو کردنی سیاسەتی (هێڵی سێهەم)-ین، سیاسەتێک کە نە دەبێتە ئامرازی دەستی هێزە هەرێمی و جیهانیەکان و نە ڕژێمی نادیموکراتیکی بەشار ئەسەد قبوڵ دەکات. پەیڕەو کردنی سیاسەتی هێڵی سێهەم بووەتە هۆی ئەوەی کە هەر لەسەرەتاوە سیستمی باکوری سوریای دیموکراتیک پشت بە هێزی خەڵکەکەی ببەستێت و بە گرتنە بەری سیاسەتی هاوسەنگ توانیان ئیمتیاز لە یاریکەرانی هەردوو هێڵی یەکەم و دووەم بە سودی خەڵکەکە وەربگرن. ئەم سیاسەتە بووە هۆکاری ئەوەی کە ئەم ناوچەیە ببێتە کاراکتەرێکی بەهێزو سەربەخۆ کە بەباشی لە هاوسەنگیە هەرێمی و جیهانیەکان سود وەربگرێت.

هێزی سەربازی: هەبوونی هێزێکی سەربازی تۆکمەو یەکگرتوو یەکێک لە پایە سەرەتاییەکانی شەڕو بەرگریە. بەپێی ئسوڵی سەربازی هەبوونی دوو هێز یان زیاتر بەبێ سەرکردایەتیەکی یەکگرتوو لەناوچەیەکدا نەگونجاوە. لەبەر ئەوەی ئەم هێزانە لە نەبوونی فەرماندەییەکی یەکگرتوودا بە ناکۆکی و دەست تێوەردان هەڵسوکەوت دەکەن. لە باشوری کوردستان دوو هێزی سەربازی پێشمەرگە لە بن کۆنترۆڵی لایەنە سیاسیەکاندا بوونیان هەیە کە بووەتە هۆکاری نەبوونی فەرماندەییەکی یەکگرتوو و نەبوونی تۆکمەیی سەربازی لە باشوری کوردستان. لەوەش خراپتر ئەوەیە ئەم دوو لایەنە سیاسیە کە خاوەنی هێزی سەربازی لەژێر فەرمانی خۆیاندان، چەندین جار بوونەتە هۆکاری شەڕی براکوژی لەنێوان کوردان و سەرانی ئەم پارتانە چەندین جار لە پێناو بەرژەوەندی خێزانی خۆیاندا ڕوویان لە بەرژەوەندی گەلانی کوردستان وەرگێڕاوە. وەک ئەوەی لە ٣١ ئاب کە بارزانی بۆ داگیرکردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی تاڵەبانی بووە هاوپەیمانی سوپای بەعس. نمونەیەکی تر ئەو خیانەتە بوو کە لەکاتی پەلەماری داعش بۆسەر شەنگال پێشمەرگەکانی بارزانی سەنگەرەکانی بەرخۆدانیان بەرداو یان ڕووداوەکانی ئەم دوواییە کە لە ناوچە جێ ناکۆکەکان هەردوو لایەنی سیاسی یەکتر بە خیانەت و دەست تێکەڵ کردن لەگەڵ دوژمن تۆمەتبار دەکەن. بەڵام لە باکوری سوریای دیموکراتیک هێزێکی کاراو وەفادار بە گەلی کورد، عەرەب، سریانی، ئاسوری و … بەناوی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (HSD) هەیە، کە بە فەرماندەییەکی یەکگرتوو و بە بنەما گرتنی ئیرادەی گەلان تێکۆشان دەکات. ئەم هێزانە ئامانجیان پاراستنی ئەو ژیانە ئازادەیە لە باکوری سوریای دیموکراتیک کە جەستەو پێکهاتەی سیاسی ئیدیۆلۆژیکی ڕێبەری گەلانی ئازادیخوازی ڕۆژهەڵاتی ناوین “عەبدوڵا ئۆجالان”-ە. ئەم هێزانە لە مەیداندا ئەوەیان سەلماندووە کە بۆ پاراستنی خەڵک و بونیادنانی کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک و ئازاد لە هیچ فیداکاریەک درێغی ناکەن.

سیستمی بەڕێوەبەرایەتی: هەتا ئێستاش لە باشوری کوردستان سیستمێکی بەڕیوەبەرایەتی کە هەموو گەلان و پێکهاتەکان لەخۆ بگرێت، پێکنەهاتووە. لەگەڵ جەخت کردنەوەی سەرانی دەسەڵاتدار بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی، بەڵام تا ئێستا هیچ کام لە سێ فاکتەری بنەڕەتی دەوڵەت-نەتەوەی مۆدێرن یانی بابەتی مەودای دەسەڵات، هێزی چەکداری و بنەمای حوکمی سیاسی و دادپەروەری هێشتا بە دامەزراوە نەکراوەو تەنها شێوەی ناسیۆنالیزمێکی (نەتەوەپەرستی) پەرت کەر لەسەر بنەمای عەشیرەتی و خانەدانی هەیە کە باشترین ناونیشان بۆ ئەمە بریتیە لە (ناسیۆنالیزمی پێچەوانە)، چونکە لەجیاتی یەکێتی و یەک ڕەنگ کردن هەرچەندەش ناکارا، کە بەشێک لە سروشتی ناسیۆنالیزمی مۆدێرنە، پێچەوانەی ئەوە تێکۆشاوە. لە باکوری سوریای دیموکراتیک شایەتی بونیادنانی “نەتەوەی دیموکراتیک” لە چوارچێوەی فیدرالیزمی باکوری سوریاداین. ئەم سیستمە مافی هەموو نەتەوەو ئاینەکان بەڕەسمی دەناسێت. لەوێدا کە ئەم سیستمە بە ئەنجومەنەکانی خەڵک بچوکترین یەکەی کۆمەڵایەتی مرۆیی وەک گوندەکان، گەڕەکەکان تا گەورەترین یەکەکان واتا شارەکان و کانتۆنەکان خۆی بەرجەستە دەکاتەوە، سیستمێکی لە خوارەوە بۆ سەرەوەیە کە خەڵک تێیدا بڕیاردەری یەکەمە؛ ڕۆشنە کە ئەم سیستمە وەڵامدەری داخوازیەکانی هەموو جیاوازیە نەتەوەیی و مەزهەبیەکان لە سریانی، کورد، عەرەب و تورکمان دەبێت. ئەم سیستمە دەرفەت بۆ هەر دوو بنەمای سەرەکی واتا (مەزهەب و نەتەوە) بۆ دروستکردنی زەمینەی لێک ترازان لەنێوان نەتەوەکانی باکوری سوریای دیموکراتیک ناهێڵێتەوەو هاوکات وا دەکات کە خەڵکی بە هەموو هەبوونی خۆیانەوە بۆ پاراستنی ئەم سیستمە دیموکراتیکە کۆشش بکەن. سیستمێک کە لە چوارچێوەیدا ژیانێکی ئازاد بەدەست دەخرێت.

ئابوری و گەندەڵی بەڕێوەبردن: لە باکوری سوریا بە هۆی پێکهاتەی دیموکراتیکی خەڵک کەمترین ئاستی گەندەڵی ئابوری و بەڕێوەبردن هەیە. ئەمەش دەبێتە هۆکاری وەفاداری هەرچی زیاتری خەڵکە بۆ ئەو پێکهاتەیە. لەلایەکی ترەوە بە جەختکردنەوە لەسەر ئابوری کۆمیناڵ و بە سیاسی کردنی کۆمەڵگا زەمینەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی هەرچی زیاتری گەلانی ناوچەکە سەبارەت بە داهاتووی وڵاتەکەیان فەراهەم بووە؛ بەڵام لە باشوری کوردستان بە پێی ئامار، یەکێک لەو هەرێمانەیە کە خاوەنی زۆرترین گەندەڵی ئابوری و بەڕێوەبەرایەتیە. گەندەڵی و ڕەنج خۆری، بووەتە هۆکاری دڵساردی خەڵک لەو پێکهاتەو سیستمە دەسەڵاتدارەی باشوری کوردستان. سیاسەتەکانی ئابوری لایەنە سیاسیەکان لە باشوری کوردستان کە لەلایەن هێزە هەرێمی و جیهانیەکانەوە بەسەریاندا سەپێندراوە، بووە هۆکاری لەناوبردنی کەلتوری کارو باشور بووە بازاڕی ساغکردنەوەی کاڵای ئەمریکی، ئەوروپی، ئێرانی و تورکی. نەبوونی کەلتوری کار بووە هۆی ئەوەی کە بیرکردنەوە لە ئابوری و بەرهەمهێنان بۆ ئاستی وەرگرتنی موچەو پێداویستیەکانی مانگانە دابەزێت.

ژنان و گەنجان: باشوری کوردستان یەکێک لەو ناوچانەیە کە لە سەرەوەی ئاماری توندوتیژی دژی ژنان جێ دەگرێت و مافی ژنان هەروا بەسادەیی پێشێل دەکرێت. هەروەها بەهۆی بەدوادا نەچوونی کێشەی گەنجان و دروستکردنی جەوێکی سیاسی خراپ، زەمینەی کۆچکردنیان بەرەو ئەوروپاو ئەمریکا فەراهەم بووە. ئەمە لەکاتێکدایە کە ژنان و گەنجان پۆتانسیەل و هێزی هەڵسوڕێنەری کۆمەڵگان و دەرکردنیان لە ڕۆڵ و دەرفەت پێ نەدانیان دەبێتە هۆی لاوازی کۆمەڵگا. بەڵام لە باکوری سوریا بە جەختکردنەوە لەسەر ڕۆڵی ژنان و گەنجان، زەمینەی پێویست بۆ بەشداری کردنیان لە بوارە جیاوازەکاندا ڕەخساوە. ژنان خاوەن مافی ئازادین و پێویستە بوترێت کە ژنان بەشێکی گرنگی هێزەکانی سوریای دیموکراتیکن و لە بواری سەربازیەوە سەرکەوتنی بەرچاویان تۆمار کردووە کە لە مێژوودا بێ وێنەیە. بێگومان بەگەڕ خستنی هێزی هەڵسوڕێنەری کۆمەڵگا، واتا ژنان و لاوان یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی باکوری سوریای دیموکراتیکە کە بە تێپەڕبوونی کات ئەم هێزە ڕۆڵی خۆیان هەرچی زیاترو بەرجەستە ترە بە ئەنجام دەگەیەنن.

ڕۆڵی ڕێبەر: گەلانی باکوری سوریای دیموکراتیک پەیڕەوی لە ڕێبازی ڕێبەری گەلانی ئازادیخواز، “عەبدوڵا یۆجالان’ دەکەن. ڕێبەرێک کە هەژدە ساڵە لە زیندانی دورگەی ئیمرالی ژیان بەسەر دەبات. بێگومان ڕۆڵی ئیدیۆلۆژیکی ڕێبەر ئاپۆ و کەسایەتیە شۆڕشگێڕی و کاریزماتیکیەکەی کاریگەریەکی مەزنی لەسەر پێکهاتەی ژیانی خەڵکی باکوری سوریا هەیە. ڕێبەرێک بە پارادیگمای نەتەوەی دیموکراتیک، ئازادی ژن و کۆمەڵگای ئیکۆلۆژیک، وەرزێکی نوێی لە دیرۆک و گۆڕانکاریەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین دەست پێکردووە. بەڵام لە باشوری کوردستان شاهێدی ئەو کەسایەتیانەین کە خاوەن ڕابردوویەکی خیانەت و خزمەت بە بێگانەکانن. لەوێدا کە ئەم کەسایەتیانە لەلوتکەی حکومەتدان و خەڵکیش بەهۆی گەندەڵی ئابوری و خیانەتەکانیانەوە توڕەو بێزارن لێیان، هیچ پاڵنەرێکیان بۆ پارێزگاریکردن لە دەسەڵاتی ناڕەوای ئەوان نیە. لەوانەیە لوتکەی ناڕەزایەتی خەڵک لەو دۆخەی ئێستا خولقێندراوە کاتێک دەرکەوێتە پێش کە لە گفتوگۆی ڕۆژانەیاندا دەورانی حکومڕانی سەدام حسێنی تاوان بار لە دۆخی ئێستای باشوری کوردستان، بەباشتر لێک دەدەنەوە.

وتەی کۆتایی

بە سەرنجدان لە شرۆڤەو بەراوردکاریەکانی سەرەوە دەتوانین بڵێین کە باکوری سوریای دیموکراتیک بە سیستمی مۆدێرن و دیموکراتیکی خۆی، جیوگرافیایەکی سیاسی پێکهێناوە کە جیاوازیەکی زۆری لەگەڵ باشوری کوردستان هەیە. لەسەر ئەو بنەمایەش گشتاندنی ڕووداوەکانی ئەم دوواییەی کەرکوک و ناوچە جێ ناکۆکەکان بۆ ڕەقاو باکوری سوریای دیموکراتیک هەڵەیەکی ستراتیژیکە. ئەگەر لێدوانەکانی سەرانی سیاسی و سەربازی کۆماری ئیسلامی ئێران و سوریا سەبارەت بە ڕەقا، بە پەلاماردانی سەربازی بە ئەنجام ببێت، ئەوا تێچوویەکی زیادی بۆ ئەوان دەبێت. تێچوویەک کە ڕەنگە هاوسەنگیەکانی هەرێمەکە بەتەواوی بگۆڕێت. ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران و هێزەکانی بن کۆنترۆڵی چەندین جار تامی شکست و زیانی قورسیان لەدەستی هێزە کوردیەکانی باکوری سوریای دیموکراتیک چەشتووە. کۆماری ئیسلامی و هاوپەیمانەکانی نابێ هەرگیز شەڕی حەسەکە لەبیر بکەن، ئەو شەڕەی کە لەگەڵ هێزە هەڵبژێردراوەکانی حیزبوڵای لوبنان (خاوەنی ئەزمونی ڕوو بەڕووبوونەوە لەگەڵ کۆماندۆکانی ئیسرائیل لە شەڕی ٣٣ ڕۆژە) دەستیان پێکرد، بەڵام ئەنجامەکەی لە زیانێکی زۆری گیانی و شکستێکی سیاسی گەورە بۆ پەلاماردەران شتێکی تر نەبوو. ئێستا ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕژێمی بەشار ئەسەد پشتیان بە هێزەکانی حەشدی شەعبی گەرمە کە گورز لە هێزەکانی سوریای دیموکراتیک بوەشێنن، هەڵەن؛ لەبەر ئەوەی باکوری سوریای دیموکراتیک جیۆگرافیایەکی سیاسیە کە داعشی ڕەشی بەرەو گلۆر بوونەوەی لەناوچوون کێشاو پایتەختەکەیانی کۆنترۆڵ کردو ئەگەر داعشی سپی (حەشدی شەعبی) بیەوێت ڕوو بە ڕووی ئەو هێزە بێتەوە کە داعشی ڕەشی لەناوبرد، پێویستە قوربانیدانێکی زۆر پەسەند بکات.