ڕوانگه‌ی تیئۆریك
ئێران یەک لەو وڵاتانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە كه مێژووی کۆمەڵگای ئازاد لەوێ دەستی پێ کردووە بڵاو بۆتەوە. ئێران لانکەی کۆمەڵگا و تێکۆشانی ئازادی بووە و ئێستاش هەر ئەو ڕۆڵە دەگێڕێت. گەلانی ئێران لە سەر ئەم بنەمایە لە ڕابردوودا ژیانێکی کۆنفەدەرەڵیان بووە و مێژووی ئەم وڵاتە پڕە لە تێکۆشەرانی ماندویی نەناس و خەباتی ئازادیخوازی، بەتایبەت گەلانی ئێران و گەلی کوردیش پێکەوە لە کاتی کۆمەڵگای سروشتی تا ڕۆژی ئەمڕۆ مێژوویەکی هاوبەشیان نووسیوە و لە دژی ئەستەم و نادادپەروەری تێکۆشان هاوبەشیان کردووە. بێگومان لە مێژوو، چاند و بیرۆکەی هاوبەشیاندا کاریگەریان لەسەر تێکۆشانی یەکدی داناوە. کۆنفەدەرالیسمی هۆزەکانی ئێرانی و کوردستانی لە دژی زوڵم و ئەستەمی ئاشۆریەکان لە مێژووی کۆن و شۆڕشی گەلانی ساڵی ١٣٥٧ لە مێژووی هاوچەرخدا، نموونەی بەرچاوی ئەو تێکۆشانە هاوبەشەن. ئەم ژیانە کۆنفەدەراڵە نیشاندەری یەکیەتی حاشاهەڵنەگری مێژوویی گەلانی ناو ئێرانە کە لەسەر بنەمای چاندی دەوڵەمەند و هاوبەشی ئەو گەلانەیە و هێندەی یەکگرتوویی زاگرۆس و ئەلبۆرز پتەوە.
لە مێژووی هاوچەرخی ئێرانیش تێکۆشانی دیمۆکراتیک و چەپ بەردەوام بووە و بەتایبەتی ئێران وڵاتێکی هاوبەش بووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە سۆسیالیسم و خەبات بە شێوازێکی بەهێز و بە ئەساس گرتنی گەل بەرەو پێش چووە. شۆڕشی گەلان لە ساڵی ١٣٥٧ کە دەرەنجامی تێکۆشانی هەموو گەلان و بزووتنەوە جیاوازەکان بوو، مێژوویەکی دەوڵەمەندی تێکۆشانە و بە هۆی پێگەی کۆمەڵایەتی بەهێزیەوە مۆرکی خۆی لە سەدساڵی بیستەم داوە. ئەوەی کە بنەمای ئەم شۆڕشە کۆمەڵایەتیە دەرەنجامی تێکۆشانی گەلانی سەرانسەری ئێران بوو، ڕاستی و ڕەوابوونی ئەو شۆڕشە دەردەخات کە پێویستە ئەمڕۆ لە لایەن ئەو گەلانەوە درێژەی پێ بدرێت. لە ناخی ئەم شۆڕشەی گەلانی ئێران، یەکسانی و دادپەروەری گەشەی کرد و بەو هۆیەوە باشترین هەڵوێستی لە بەرانبەر دەسەڵاتی ئەو کاتەی ئێران نیشان دا. بەڵام ئەمڕۆ لەگەڵ گەشەکردنی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بە دڵنیاییەوە کۆماری ئیسلامی بە شێوازێکی دیکە هەنگاو هەڵدەگرێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە شۆڕشی گەلان لە بەرانبەر مۆدێرنیتەی سەرمایەداری ڕاوەستا و تێکۆشانێکی بەنرخی بەڕێوە برد. کۆماری ئیسلامی هەر لە دەسپێکی گەیشتن بە دەسەڵات کەوتە ناو شەڕێکی قورس لەگەڵ ئێراق، ئارام ئارام لە ڕاستی کۆمەڵگا و گەلانی ئێران دوور کەوتەوە و لەگەڵ هێزی دەوڵەت-نەتەوە یەکانگیر بوو. ئەساسی نکۆڵی کردن لە هەبوون و جیاوازی هەموو گەلان لە ڕوانگەی ناوەندگەرایی و دەسەڵاتخوازی سەرچاوە دەگرێت. ئێران وڵاتێکە سۆسیالیسم و بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی لەوێ لەدایک بووە و لانکەی گەشەکردن و پێشکەوتنی مرۆڤایەتی ئەم جۆگرافیایە. لەم ڕوانگەیەوە، لە قۆناخی ئێستادا پێویستی بە سیستەمێکی دیموکراتیک هەیە کە هەموو دەوڵەمەندییەکانی چاندی، سیاسی و کۆمەڵایەتی بگرێتە ناو خۆی بۆ ئەوەی کە جارێکی دیکە شۆڕشی گەلان زیندوو بکاتەوە. ئەوە بەرچاوە کە لە ناوەندی مێژووی سۆسیالیسمی ئێران، ڕۆڵی ژنان و تێکۆشانی ئەوان زۆر گرنگ و دیارکەر بووە و ئێستاش بە هەمان شێوەیە. ئەمڕۆ پێویستە بەها و نرخە دیمۆکراتیەکانی ژنان و کۆمەڵگای ئێران یەک بگرن و ببنە بناغەی دیمۆکراسی بۆ کۆمەڵگا. بۆ زیندوو کردنەوەی ئەم مێژوو، بیرۆکە و تێکۆشانە هاوبەشە شکۆمەندە، بە دڵنیاییەوە پێویستی بە ڕۆحی نەتەوەی دیموکراتیک وەک تەنها ئارمانجی مرۆڤ پەروەر هەیە.
ئێران بەو دۆخەی کە ئێستا تێیدایە، دوای چل ساڵان كه‌وتۆته ناو قۆناخێكی گۆڕان. قه‌یرانی تێکدەری ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی کە لە سیاسه‌تی هەڵەی ڕژێمی كۆماری ئیسلامی ئێران دهركەوتوون، بۆته هۆکار کە گه‌لانی ئێران و بە تایبه‌تیش رۆژهه‌لاتی كوردستان بكەوێتە ناو کێشەی زۆر قووڵ. كۆمبوونی سیاسه‌ت لە ده‌ستی ڕژێمی سه‌رده‌ست، سیاسه‌تی ئاسمیلاسیۆنی چاندی گه‌لانی كورد، به‌لوچ، ئازه‌ری، عەره‌ب و گەلانی دیکە و ناهاوسانی ئابووری کە لە سیاسه‌تی هەڵە ده‌ركه‌وتووه، كرداری میلیتاریستی و سه‌رده‌ستی سوپای پاسداران لە سیاسه‌ت و دیپلۆماسی ده‌رەکی، هه‌مووی ئەوانە لە كائۆسێكی زیهنیه‌تی سەرچاوە دەگرن کە زیاتر لە قه‌یرانێك، هەڵوهشانەوەی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی ده‌رخستۆته بەرچاوان و ته‌قین و شۆڕشێكی گه‌لان و گۆڕانکاریه‌كی دیمۆكراتیك دەكاته پێویستیەکی ناچار. هه‌مووی ئەوانە ئەو مهترسیانەیان لەگەڵ خۆیان هێناوه: یه‌كه‌م؛ کۆمەڵگا بە قه‌یرانی بێكاری، برسیەتی، هەڵوهشانەوەی ئەخلاقی، فه‌قیری، لەناوچوونی بنەمای ئابووری، ناكۆكی دەرەکی، گه‌شه‌کردنی فاشیسم، بە دیلگیرانی کۆمەڵگا، زه‌خت و گوشار لە سه‌ر ژنان بە شێوازی پیاوسالاری و ده‌وڵه‌تپه‌ره‌ستی، بێناسنامە کردنی گه‌لان، په‌ره‌پێدانی لیبهراڵیسم وه‌ك چاندێكی سه‌رده‌ست، ده‌رچوونی سه‌رمایه، زۆرکردنی دەڵاڵی لە جێی به‌رهه‌م هێنان، كۆبوونەوەی دارایی وڵات لە دەستی سپاه، ده‌وڵه‌ت و سازیەکانی سه‌ر بە ئەوان. دووهه‌م؛ لەناوبردنی ژینگه و دارستان، دروستکردنی ژمارەیەکی زۆر به‌نداو بە ئارمانجی سیاسی و وشك کردنی ڕووبار و گۆلە مهزنەکان، نه‌پاراستنی ده‌وڵه‌مه‌ندی ژینگه، مه‌زنبوونی شارەکان بە شێوازی په‌نجه‌شێر و ته‌قینی ژمارەی نفووس، زۆربوونی ماده‌ی هۆشبه‌ر، سیسته‌می په‌روه‌رده و تناوخۆوستی هەڵە و ناڕاست. سێهه‌م؛ زوڵم لە نه‌ته‌وە و گه‌لانی ئێران، بڵاو کردنی زیهنیه‌تی یه‌ك ده‌وڵه‌ت، یه‌ك ئاڵا، یه‌ك دین، یه‌ك وڵات، یەک زمان و دژایەتی گه‌لانی دیکە بە شێوازی یه‌كده‌ست کردنی موزایكی چاندی، ڕوانگەی ئەمنی بۆ سەر كوردستان، به‌لوچستان، ئەهواز و ناوچه‌ی سنووری و چاره‌سه‌رنه‌کردنی کێشەی گه‌لانی ناو ئێران، پێش‌گرتن لە کرانەوەی سیاسی، سه‌پاندنی یاسا و هوقوقی ده‌وڵه‌تی لە سه‌ر کۆمەڵگای مه‌ده‌نی و سه‌ركوت و توندوتیژی لە بەرانبه‌ر ڕاپه‌رین و شۆڕشی گه‌لان بە شێوازی جۆراوجۆری فیزیكی و چاندی. بە گشتی پێویسته بڵێین ئەم قه‌یرانە تەنها به‌رهه‌می ده‌وڵه‌ت و ڕژێم نییه، بەڵکو بە به‌رچاوگرتنی ڕه‌هه‌ندی ده‌رەکی، سیستەمی سه‌رمایه‌داری و زیهنیه‌تی لیبه‌راڵی جیهانییش تاوانبارە و لەپاڵ كۆماری ئیسلامیدی دژی گه‌لان کار دەکات و هۆکاری ئەو کێشانەیە. هەر ئەوەندەش کە سه‌رمایه‌داری لە سه‌رانسه‌ری جیهان گه‌لانی كردۆته كۆیله، ڕژێمی كۆماری ئیسلامی ئێرانیش لە ئاستی ناوخۆیی هه‌مان رۆڵ دەگێڕێت. هه‌ردوو سیستەمی كۆماری ئیسلامی و سه‌رمایه‌داری جیهانی تهوانبارن. ڕژێمی كۆماری ئیسلامی بە زۆرکردنی قه‌یرانەکان هه‌وڵ دەدات گه‌لان و کۆمەڵگا ناچاری ته‌سلیم بوون بكات.
لە گه‌رمایی، شەڕی جیهانی سێهه‌م لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بە دوو زیهنیه‌تی جیاوازی مۆده‌رنیته‌ی سه‌رمایه‌داری لە لایەکی و مۆدێڕنیتەی دیمۆكراتیك لە لایەکی دیکە شه‌ڕ بەرده‌وامە و ناوه‌ندی ئەم شەڕە كوردستانه. زلهێزانی جیهانی و هه‌رێمی لە كارتی كورد بۆ لەناوبردنی گه‌لانی كوردستان، ئێران، سوریا، توركیا، ئێراق و گه‌لانی وڵاتانی دیکەی هه‌رێمی سود وەردەگرن. ڕژێمی كۆماری ئیسلامی ئێران(ڕه‌وتی بناژۆخواز، میانەڕهو و ڕیفۆرمخواز) لە سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی هه‌م لەگەڵ سه‌رمایه‌داری جیهانی ناكۆكیان هەیە و هه‌م لەگەڵ به‌ره‌ی سێهه‌م کە گه‌لانی كوردستان، ئێران و ههرێمەکەن. بە ئەساسگرتنی هیلالی شیعی لە یه‌مه‌ن هه‌تی لوبنان، پەرە بە شه‌ڕ دەدەن. ئەو شه‌ڕە کە مۆرکی شەڕی ئەتۆمی و ئەلیكترۆنی لەسهره، دەچێت کە دوای ئەفغانستان و ئێراق و سوریا، ئێرانیش لەخۆ بگرێ. ڕژێمی ئێستای ئێران وەڵامی ئەو مهترسیانە بە سوپای قودس و سه‌ركوت کردنی گه‌لان دەداتەوه. ئێستا شه‌ڕی جیهانی سێهه‌م لە ڕه‌هه‌ندی ده‌رونناسی، ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی كه‌وتۆته ناو ئێران و ئەگهری شه‌ڕێكی سه‌ربازی و ده‌ستێوه‌ردانی جیهانی زۆرتر كردووه و تاکە رێگای پێش‌گرتن لە ئەو شه‌ڕە لە لایەن كۆماری ئیسلامیەوه قەبووڵ کردنی داخوازی گه‌لان و کۆمەڵگای ئێرانێیه. رۆژهه‌لاتی كوردستانیش وه‌ك ئێران دەچێت کە ببێته ناوه‌ندی شەڕی زلهێزانی جیهانی و هه‌رێمی. نابێ کە گه‌لانی ئێران سیناریۆی نامرۆڤانەی دەرەکی و ناوخۆیی قه‌بووڵ بکەن. لە ناوخۆی ئێران، ده‌وڵه‌ت ـ نهتهوهیەک هەیە کە سه‌ركوتیان دەكات و فرێویان دەدات و ڕیفۆرمخوازانیش گوێ نادەنە ڕاپەڕینی گه‌ل و لە سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی و هێز لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دادەنیشن، لە ده‌روه‌یش زلهێزی ئامریكی و ئەوروپی دەیانەوێت ئێران وه‌ك سوریه لێ بکەن و ناوه‌ندی ئەنەرژی و هێزی ئێران بخەنە دەستی خۆیان. هه‌روه‌هی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنیش چ ڕاستگه‌ری بێت یان چه‌پگه‌ری تەنها دەیانەوێت كۆماری ئیسلامی بڕوخێنن و خاوەن به‌رنامه و ئاڵته‌رناتیڤ بۆ داهاتوو نین و ئەویش دەبێته هۆکار کە پۆتانسیه‌لی گه‌لان بۆ شۆڕش لەناو ببەن و کۆمەڵگا بکەوێتە ناو مه‌ترسیەکی زۆر گەورە. سەرمایەداری جیهانی بە گوشار و شه‌ڕی تایبه‌ت دەیەوێت چاره‌نووس بۆ گه‌لان دیار بكات. ڕۆژه‌ڤی وه‌ك به‌رجام و پرۆگرامی مووشه‌كی ئێرانیش هیچ پێوهندیەکی بە کۆمەڵگا و بزووتنەوەی ئازادیخوازیەوە نیه و ئاموری سیاسی زلهێزانی جیهانی و ڕژێمی سه‌رده‌ستی كۆماری ئیسلامین و نابێت کە ڕاپەڕینی گه‌لان بە ئەوانهوە گرێ بدرێت و چاره‌سه‌ری بە ڕیگای ئەوانە پێش ناكه‌وێت.
كوردستان لەو شهڕەدی لە مه‌ترسی كۆمەڵكوژیدایه و بووەته ناوه‌ندی شه‌ڕی هێزەکانی رۆژئاوایی و ده‌وڵه‌تە به‌رژه‌وه‌ندی پارێزەکانی هه‌رێمەکە. گه‌لی كورد لە ناو شۆڕشێكدایە بۆ پێک هێنانی نەتەوە و خۆبەڕێوەبەری دیمۆکراتیک و بە دوای گۆڕانکاری هێز، ڕووخاندنی ڕژێم و بێده‌نگ بوونەوە نیه، بەڵکو بە شێوازێكی ڕادیكاڵ لەگەڵ گه‌لانی ئێران كەوتۆته ناو شۆڕشی گه‌لان. بزووتنەوەی ئازادیخوازی گه‌لی كورد گۆڕانکاری و چاره‌سه‌ریه‌كی ڕادیکاڵ و بنگه‌یی دەوێت، بەڵام ده‌وڵه‌تی ئێران، ئۆپۆزسیۆن و زلهێزانی جیهانی خاوەن پرۆژه‌یه‌كی دیمۆكراتیك و بێ شه‌ڕ نیەن و گه‌مارۆی ئابووری و هەڕەشەی سه‌ربازی بۆ کۆمەڵگای مه‌ده‌نی تەنها مهترسیەکان زۆرتر دەكەن. ئۆپۆزسیۆنی كلاسیك تەنها به‌شی خۆی لە ده‌وڵه‌ت ـ نه‌ته‌وەی ئێران دەوێت و نوێنەرایەتی گه‌لان ناكەن و هیچ رهخنهیەکی توندیش قبووڵ ناکەن.
شۆڕشی دیمۆكراتیكی گه‌لان
ا – گه‌لان: بۆ چاره‌سه‌ری قه‌یرانی ئێران و كوردستان پێویستی به پرۆژه‌ی ناوخۆیی و هەروەهی دەرەکیش هه‌یه، ئەوە لەکاتێکدایە کە نابێت کۆمەڵگا و بزووتنەوەی ئازادیخواز پرۆژەیەک قبووڵ بکەن کە چاره‌سه‌ری لەگەڵ خۆی ناهێنێت. نابێت ناوه‌ندگه‌ری و نادیمۆكراتیكبوونی ناوخۆیی و ده‌رەکی قبووڵ بکەن. لە پرۆسه‌ی گۆڕانکاری لە ئێران، فاكتۆری ناونه‌ته‌وی، ڕژێمی ئێستای کۆماری ئیسلامی و لە سه‌رووی ئەوانەش فاکتەری گه‌لان پێویست و گرینگن و دەبێت تێكۆشان و سیاسه‌تی گه‌لان لە پێش هەموو شتیک بێت. ده‌وڵه‌تی ئێستای ئێران کە وه‌ك لایەنی میانڕه‌و خۆی باشتر لە لایەنی بناژۆخواز نیشان دەدات، تەنها رۆڵی ئاسته‌نگ کردنی شۆڕش و ڕاپەڕینی گه‌لان دەگێڕێت. قه‌یرانی زۆر و جۆراوجۆر بۆته هۆکار کە پۆتانسیه‌لی خەڵکی ئێران بۆ چاره‌سه‌ری دیمۆكراتیك بکەوێتە بواری كرداری بەڵام ده‌وڵه‌تی میانڕه‌و لەگەڵ بناژۆخوازانی ڕژێم هه‌وڵدانی ڕاوەستاندنی دەدەن. بۆ گەلانی ئێران، نەتەوەی دیمۆکراتیک و خۆبەڕێوەبەری دیمۆکراتیک سەرەکی ترین پێداویستیە، دیمۆکراسی بە بنەماگرتنی کۆمەڵگا و دیمۆکراسی گەلان تەنها لە چوارچێوەی دیمۆکراسی خۆجێیی جێگای قبووڵ کردنە.
ب ـ ڕاپەڕینی خه‌ڵك؛ هەنگاوێكی كرداری بۆ دهمۆكراتیزاسیۆن: ڕاپەڕینی سه‌رانسه‌ری لە سەرماوەزی ساڵی 1396ی هەتاوی کە ئێستایش بە شێوازی مانگرتن و خۆپیشاندنیئ خەڵک و چینە جیاوازەکان، كرێكار، ژنان و جه‌وانان به‌رده‌وامه، سیاسه‌تی دیمۆكراتیك و تێكۆشانێكی گرنگه کە به‌رده‌اومی تێكۆشانی ده‌یان ساڵه‌ی خەڵکی ئێرانە و ئێستا بە شێوازێكی ڕادیکاڵ گەشەی کردووە و بەرز بۆتەوە. ئەو ڕاپەڕینەی خەڵک نیشانی داوه کە کێشەکە هه‌م زیهنیه‌تی ده‌وڵه‌ته و ههروەهی زیهنیه‌تی ئۆپۆزسیۆنیش، هەر بۆیە لە تێكۆشاندایە بۆ ژیان و ناسنامه‌ی راستەقینەی خۆی. هیچ هێزێكی ناوخۆیی و ده‌رەکی ناتوانێت ئەو ڕاپەڕینەی گه‌لان ڕاوه‌ستێنێت. ئەو ڕاپەڕینە، ڕاپەڕینێكی هاوبه‌شه بۆ گەیشتن بە زیهنیه‌تێكی هاوبه‌ش و ئازاد لە نێوان گه‌لانی كورد، فارس، به‌لوچ، ئازه‌ری، عەره‌ب و … رێخستنی مه‌ده‌نی، ژنان و جه‌وانان پێشه‌نگایەتی ئەو ڕاپەڕینه دەکەن. بۆ سه‌رخستنی ئەو ڕاپەڕینەش نابێت خەڵک، ئۆپۆزسیۆن و بزووتنەوەی ئازادیخوازی و لایەنی ناونه‌ته‌وی لەگەڵ ده‌وڵه‌تی ئینكارگهر و سەکوتکار هاوكاری بکەن، بەڵکو پێویسته لە بەرانبهریدی تێكۆشانێكی ڕادیکاڵ بەڕێوە ببەن. ههروەهی ئەگه‌ر ده‌وڵه‌ت و سیسته‌می ئێستای ئێران بۆ قبووڵ کردنی داخوازی خەڵک و گه‌لان ئاماده‌یی نیشان بدات، نابێت کە بۆ گەیشتن بە هێز و به‌رژه‌وه‌ندی ته‌نگ و بچووك هه‌وڵدانی رووخاندنی ده‌وڵه‌ت و سیسته‌م بدەن و لە ئەگهری قبووڵ نه‌کردنی داخوازیەکانیش پێویسته تێكۆشانێكی ههمهلایەنە و كرداری بەڕێوە ببەن. قه‌یران بە ئاستێكی زۆر مەترسیدار گەیشتووە و کۆمەڵگاش هۆشیار و سیاسی بۆتەوه، بۆیە دەبێت ئەو کۆمەڵگا لەگه‌ڵ رێخستنێكی خۆڕاگر كار بكات کە خاوەنی زیهنیه‌ت، تێكۆشان و بیرۆكەی ڕاست بێت. هه‌ڵبژارده‌ی گه‌ل پێویسته ڕادیکاڵ بێت، چونکو نه ڕژێمی ئێران دەتوانێت وه‌ك ڕابردوو بمێنێت و نه ئۆپۆزسیۆن. تەنها گه‌ل و گۆڕەپانی تێكۆشان دەتوانن کێشە و قه‌یرانی کۆمەڵایەتی ـ سیاسی لە ئێران چاره‌سه‌ر بکەن. ئەگه‌ر کرانەوەیەكی سیاسی بکرێت، تەنها بە دەستی كۆمەڵگی دەبێت. ڕەتکردنەوە یان قبووڵکردنی داخواز، ماف و ئازادی گه‌لان لە لایەن ڕژێمی سه‌رده‌ست ئێرانەوە گرێدراوی هه‌بوونی كرداری گه‌لان لە گۆڕەپانی تێكۆشانێیه. ئیدی نه ده‌وڵه‌ت دەتوانێت خۆی لە به‌رپرسیارێتی بدزێتەوە و نه گه‌لیش دەتوانێت ئەرکی شۆرشگێڕانەی خۆی بەجێ نەهێنێت. نه ناڕەزایەتی خەڵک بە تەنها دەتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات و نە بەڵێنە درۆیینەکانی ده‌وڵه‌ت. ده‌وڵه‌ت و ڕژێمی كۆماری ئیسلامی بۆ چاره‌سه‌ری قه‌یرانی ئابووری، جارێكی دیکەش وه‌ك ڕابردوو خۆیان بە ناوه‌ندی هەموو شتێک دەبینن، هه‌روه‌هی بۆ چاره‌سه‌ری قه‌یرانی کۆمەڵایەتی و سیاسیش ههوڵدەدەن زۆرتر لە به‌رێ کۆمەڵگا بە خۆیانەەوە گرێ بدەن کە نەتوانێت سه‌رهه‌ڵدان و ڕاپەڕین بکات. ئاشکرایە کە سه‌رهه‌ڵدانی ئەم دواییانە لە ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان ده‌مكورت نیه و بە شێوازی جۆراوجۆر به‌رده‌وام دەكات. ئەگه‌ر ڕاپەڕینی گه‌ل لە لایەنی ڕژێمەوە قبووڵیش بکرێت، پێویسته تی كاتێک کە دەگاته ئامانجەکانی خۆی به‌رده‌وام بێت. نابێت کە ڕژێم و ئۆپۆزسیۆن بە دووڕویەتی و رێكەوتن هه‌وڵی بێکاریگەر کردنی گه‌ل بدەن.
چاره‌سه‌ری و گۆڕانکاری دیمۆكراتیك بێ ده‌وڵه‌ت و هێزی دهرەکیش دەبێت؛ ئەگه‌ر ڕژێمی ئێستا ڕازی نه‌بێت کە ماف، ئازادی و داخوازی گه‌لان قبووڵ بكات و ئەوانە پێك بێنێت، ئەو کاتە پێویسته گه‌لان خۆیان بۆ دهمۆكراتیزهکردنی وڵات هەنگاو بنێن. ده‌وڵه‌ت بۆ گه‌ل دیمۆكراسی ناهێنێت، بەڵکو گه‌ل بە زەحمەت و تێكۆشانی خۆی دیمۆكراسیێ بەدهست دەخات.
ج ـ كۆمیسیۆنی ده‌رخستنی ڕاستیەکان: ئەگه‌ر کێشەی ناوخۆی وڵات بە ڕێگای ئاشتیانه چاره‌سه‌ر ببن، کۆمەڵگا پێویسته ڕژێمی کۆماری ئیسلامی و لایەنەکانی ناونه‌ته‌وی ناچار بكات كۆمیسیۆنی ده‌رخستنی ڕاستیەکان ساز بکەن. سازكردن و بەڕێوه‌بردنی كۆمیسیۆن چاره‌سه‌ری قه‌یرانی سیاسی، ئابووری، دیپلۆماتیك و سه‌ربازی لە نێوان کۆمەڵگا و دەوڵەتدا، كارێكی سه‌ره‌كی کۆمەڵگا بۆ خۆیەتی. ئەو كۆمیسیۆنە بۆ چاره‌سه‌ری دیمۆكراتیكی قه‌یرانەکانی ئێستا و ڕێگا نه‌دان بە ده‌ستێوه‌ردانی سه‌ربازی ده‌رەکی پێک دێت و ناهێڵێت کە لە ئێران دۆخێكی وه‌ک سووریا بێتە ئاراوه. رۆژه‌ڤی وه‌ک به‌رجام و تیرۆریسم بە دەستی ده‌وڵه‌ت ساز کراون و کێشەی ده‌وڵه‌ته نەک کۆمەڵگا. ده‌ستێوه‌ردانی دەرەکی مه‌ترسیه‌كه لە سه‌ر تێكۆشانی خەڵک و ئێران به‌رەو دۆخێکی وەک سووریا دەبات.
د ـ رێخستنی مه‌ده‌نی-دیمۆكراتیك: لەو پرۆسەیەدا، رێخستنی مه‌ده‌نی-دیمۆكراتیك، به‌شێكن لە ئۆپۆزسیۆنی کۆمەڵگا. رێخستنی مه‌ده‌نی لەپاڵ کۆمەڵگای مه‌ده‌نی نابێت کە بەدوای بەدهستهێنانی به‌شێک بن لە ده‌وڵه‌تدا، لەبەر ئەوەی کە بۆ خۆیان ناوه‌ند و ئەساسی گۆڕانکارییەکانن و به‌شێک لە ڕژێم یان لەگه‌ڵ ڕژێم نین، بەڵکو هه‌بوونێكی سه‌ربەخۆ و کاریگەرن. کۆمەڵگای سیاسی ـ دیمۆكراتیك نه‌ک مه‌ترسی بەڵکو ده‌رفه‌ت بەدی دەهێنێت. کۆمەڵگایەك کە گرێدراوی ده‌وڵه‌ت بێت، کۆمەڵگایەكی نه‌خۆشه. یه‌كێتی گه‌لان لە گۆڕەپانی تێكۆشان، زۆر دیاركهره و خۆپیشاندان و مانگرتن، سەرەتای ئیرادەی دیمۆكراتیك و خۆبەڕێوه‌به‌ری کۆمەڵگایە لە بواری كرداریدا. تێكۆشانی کۆمەڵگای ئەمڕۆی ئێران، لێگه‌ڕینی گەیشتن بە مۆدێرنیتەی دیمۆكراتیكە لە به‌رانبه‌ر مۆدێرنیتەی سه‌رمایه‌داری ناوخۆیی و دەرەکیدا. کۆمەڵگا لە به‌رانبه‌ر ڕژێمی كۆماری ئیسلامی و سه‌رمایه‌داری جیهانی، هێزی سێهه‌مه و هیچ یه‌ك لەوانە بۆ خۆی ئەساس ناگرێت. ئەساس گرتنی هێزی ده‌ره‌كی بە واتای چاره‌نووسێكی وەک سوریا، ئێراق، ئەفغانستان و … دەبێت. تەنها یه‌ك ڕێ هه‌یه، ئەویش خۆبەڕێوهبردنی دیمۆکراتیکی گه‌لانی ئێران و كوردستانه. پۆتانسیه‌لی سه‌ره‌كی خۆپێشاندانی گه‌ل تەنها ئەوە نییه بەڵکو زۆر زیاتر و ڕادیکاڵتره و لە ڕێدایه. نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ستی، دین په‌ره‌ستی و شه‌ڕی مه‌زهه‌بی ته‌نها دەتوانێت گه‌لان و ئایینەکان بكاتە دژبەری یەکتر و لەناویان ببات. سهربەخۆیی فكری دەتوانێت کۆمەڵگا و گه‌لان لە قوربانی بوونی دووباره لە پرۆسەی وه‌ک به‌رجام، گه‌مارۆی ئابووری، به‌رنامەی مووشه‌كی و ڕكابه‌ری ئەنهرژی و هێز بپارێزێت.
هـ ـ ژنان: ژنان کە لە سه‌رهه‌ڵدانی زستانی 1396دا خاوەن رۆلێكی گرنگ بوون، ناوه‌ندی تێكۆشانی دیمۆكراتیكی کۆمەڵگای ئێرانن. چیتر دژایەتی ژنان لە لایەنی ڕژێمەوه گەیشتۆته ئاستی ته‌قین و پێدەچێت کە ئازادی ژنان لە چاندی کۆنەپەرەستی ناوخۆیی و دەرەکی مسۆگه‌ر ببێت و بە دەستی ژنان کۆمەڵگا رزگار بکرێت. مێژووی شۆڕش لە ئێران هێزی ژنانی ڕادەخاتە به‌ر چاوان و داهاتوویه‌کی دیمۆكراتیك و ئازاد بێ ئازادی ژنان هیچ کاتێک پێک نایەت.
وـ جه‌وانان: جه‌وانان وه‌ک قوربانی سهرهكەی سیاسه‌تەکانی ڕژێمی سه‌رده‌ست، هێزێكی بنگههینن لە تێكۆشان و ڕاپەڕینی دژی قه‌یران و زوڵمی کۆماری ئیسلامی. ئیدی باوەڕ بە ساخته‌كاری هەندێك لایەنی فێڵباز ناکەن کە دەیانەوێت ڕژێمی كۆماری ئیسلامی بڕوخێنن بەڵام خاوەنی هیچ پرۆژه‌یەکی چاره‌سه‌ری بۆ داهاتووی ئێران نین. لە چاره‌سه‌ری کێشەی سیاسی، ئابووری، تەندرووستی و په‌روه‌رده و لە بەدی هێنانی وڵاتێكی دیمۆكراتیك، هێزی سه‌ره‌كی خودی کۆمەڵگایه، پێشه‌نگایەتی کۆمەڵگاش جه‌وانان دەیکەن و نابێت کە سیناریۆی ناوخۆیی و دەرەکی بۆ خۆیان ئەساس بگرن.
رێگاچاره‌ی كۆدار و پەژاک بۆ چاره‌سه‌ری
كۆمه‌ڵگای دیمۆكراتیك و ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستان (كۆدار) وه‌ک به‌شێك لە هێزی شۆڕش لە ئێران و كوردستان، بە هۆشیاری دۆخی نالەبار و زه‌حمه‌تی کۆمەڵگا، ده‌رفه‌ت و مه‌ترسییەکانی سه‌ر ئێران و كوردستان دەبینێت. كۆدار سیسته‌مێكه کە جه‌سته و پهیكهرەکەی كۆنفهدهرالیسمی دیمۆكراتیكه و ڕۆحەکەشی نه‌ته‌وی دیمۆكراتیكه. خۆبەڕێوەبەری دیمۆکراتیک و دیمۆکراسی خۆجێیی بەم سیستەمە دەرفەتی بەکرداری بوون پەیدا دەکات. كۆدار بۆ ئازادی گه‌لان، بەتایبه‌تی گه‌لانی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان تێكۆشان دەكات. کۆدار سه‌ربازێكه کە خاوەنی پرۆژه‌یه‌كی دیمۆكراتیك و ئاشتیانه‌یه. ئێمە دانپێدانانی ڕژێمی كۆماری ئیسلامی بە هه‌بوونی کێشەی گه‌لان، بەتایبه‌تی کێشەی كورد به‌س نابینین و بە شێوازێكی ڕادیکاڵ دەمانەوێت هەنگاوی كرداری لە لایەن كۆماری ئیسلامیەوه هەڵبگیرێت، لە هه‌مان کاتدا خاوەنی پره‌نسیپێكی تێكۆشانین کە لە مارژیناڵبوون بە دوورە و هیچ کرانەوەیەک لە ده‌وڵه‌تان، ڕژێمی سه‌رده‌ست و لایەنەکانی سیاسی و سه‌ربازی داواكاری ناكات. پەژاک وەک پێشەنگی بەدی هێنانی کرداری سیاسەتی دیمۆکراتیک لە سیستەمی کۆدار، بە مەبەستی ئازادی گەلانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ هەرجۆرە چارەسەری دیمۆکراتیک ئامادەیە. کۆدار و پەژاک دەیانەوێت کرانەوەی سیاسی لە لایەن دەوڵەتی ئێران ئەنجام بدرێت و کێشەی کورد و هەموو گەلانی ئێران لە چوارچێوەی پرۆژەی نەتەوەی دیمۆکراتیک و خۆبەڕێوەبەری دیمۆکراتیک چارەسەر بکرێت.
ا ـ هێڵی سووری كۆدار، کۆمەڵگایە
هه‌رجۆره پاشه‌كشێ لە سه‌ر ئازادی، دیمۆكراسی و بەرژەوەندی کۆمەڵگا وه‌ک خیانه‌ت لە شۆڕش و خۆڕاگری گەلان دەبینێت و هێزی سه‌ره‌كی خۆڕاگری بە هێزی کۆمەڵگا دەزانێت. كۆدار نه‌خشه‌ڕێگای خۆی نه‌ک ده‌وڵه‌ت، بەڵکو بۆ پێشكەش كردن بە کۆمەڵگا و گه‌لان و نیشاندانی ڕێگای راستی تێكۆشان پێشنیار دەكات. خاڵی گرینگ بۆ چاره‌سه‌ری، رێکخستنی خەڵک و کۆمەڵگا دەبینێت و لە پلەی دووهەمدا گرنگی دەدات بە پرۆژه‌ی چاره‌سه‌ری ناوخۆی کۆماری ئیسلامی یان ده‌رەوه، ئەویش ئەگه‌ر ئەو پرۆژانە ئاشتیانه بن. هه‌رجۆره پرۆژه‌یێک کە گه‌لان وه‌ك هێزی سه‌ره‌كی ئەساس نەگرێت بە هەڵە دەزانێت. کێشەکانی کۆمەڵگا وه‌ک دوازده کێشەی سەرەکی بەناو دەکات کە بریتین لە: «ده‌وڵه‌ت و دەسەڵات، سیاسه‌ت و ئەخلاق، زیهنیه‌ت، ئابووری، پیشه‌سازی، ئیكۆلۆژی و ژینگه، کێشەکانی ماڵبات، ژن، هه‌ژماری نفووس و جنسیه‌ت په‌ره‌ستی، کێشەی شارگه‌رایی، چین و بورۆكراسی، په‌روه‌رده و تەندرووستی، ملیتاریسم(ئارته‌ش سالاری) و ئاشتی و دیمۆكراسی» کە لە ئاستی ئێران، كوردستان و جیهاندا هاوبه‌شن و لە سه‌ر ئەو بنەمایە گرنگی بە پرۆژه‌ی ئاشتیانه و دیمۆكراتیكی ناوخۆیی، دەرەکی و كوردستانی دەدات. ئیسلامی چاندی لە بەرانبەر ئیسلامی دەوڵەت-نەتەوەدا لە ناو کۆمەڵگای ئێران بەردەوام نرخی تایبەتی خۆی هەبووە و ئەم نرخە لەگەڵ بنەماکانی کۆدار کە دیمۆکراسی خۆجێیی و ئازادیخوازی دەکاتە ئامانج، یەک دەگرێەوە.
ب ـ پرۆژەی نه‌ته‌وەی دیمۆكراتیكی كۆدار
تێکۆشانی نەتەوەیەک کە ئاماجی پێکهێنانی دەوڵەتە و دەوڵەتێک کە دەیەوێت نەتەوە ساز بکات، فاکتۆری سەرەکین لە شەڕە خوێناویەکانی ڕۆژگاری ئەمڕۆدا. پێناسەی ڕاستەقینەی نەتەوە ئەوەیە کە لەگەڵ زیهنیەت، هۆشیاری و باوەڕدا لە پێوەندیدا بێت. لەم دۆخەدا، نەتەوەی دیمۆکراتیک بە واتای کۆمەڵێک مرۆڤە کە لە جیهانێکی فکری هاوبەشدان. لەم نەتەوەیەدا، بابەتی وەک زمان، دین، چاند، بازاڕ، مێژوو، هەروەها سنوورە سیاسیەکان دیارکەر نین و تەنها ڕۆڵێکی سەرەتایی بۆ یەکگرتوویی دەگێڕن و لەسەر ئەم بنەمایە هاوبەشی جیهانی فکری گرنگیەکی تایبەتی هەیە. هۆشیاری سەبارەت بە “ئازادی و یەکگرتویی” بنەمای هەموو شتێکە، فکری هاوبەش پێویستی بە پەیکەرێک هەیە و لە نەتەوەی دیمۆکراتیک‌دا پەیکەری ئەم جیهانبینیە خۆبەڕێوەبەری دیمۆکراتیکە. ئەو کۆمەڵانەی کە بە ئەساگرتنی ئیرادەی ئازاد و فکری هاوبەش، خۆیان بەڕێوە دەبەن، ئۆتۆنۆمی دیمۆکراتیک‌یان بەدەست هێناوە. ئۆتۆریتەی سیاسی سیستەمی بەڕێوەبەری گەل، بەڕێوەبەری ئۆتۆنۆمی دیمۆکراتیکە و کۆدار نموونەی ئەم مۆدێلەیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بابەتی سەرەکی ئەوەیە کە نەتەوەی دیمۆکراتیک نۆ ڕەهەندی: چاندی، سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، حقووقی، دیپلۆماتیک، کۆمۆنی دیمۆکراتیک و تاک-هاووڵاتی ئازاد، ژیانی هاوبەشی ئازاد و پاراستنی جەوهەریە.
کۆدار پێکهێنانی نه‌ته‌وەی دیمۆكراتیك وەک پرۆژه‌یەک بە شێوازی خۆبەڕێوه‌به‌ری دیمۆکراتیک و دیمۆکراسی خۆجێیی پێشكەش دەكات و لە سه‌ر بنەمای شێوازی هەڵسوکەوتی ڕژێمی كۆماری ئیسلامی ئێران و کۆمەڵگای جیهانی لە به‌رانبەر ئەو پرۆژه‌یە، هه‌ڵوێستی کۆتایی خۆی دیار دەكات. مێژوو نیشانی داوە کە زوڵم و سته‌می نه‌ته‌وەیی لە سه‌ر كوردان و گه‌لانی ئێران و كرداری نادادپه‌روه‌رانە و ئەمنی چاره‌سه‌ری لەگەڵ خۆی ناهێنێت. كۆدار چاره‌سه‌ریه‌كی دیمۆكراتیك و بێ شه‌ڕی دەوێت و ڕێگا نادات کە هیچ لایەنێک بە بەڵێن و پەیمان و ڕاگەیەندراوی بێ بنه‌ما و ناڕوون لە سه‌ر کێشەی وه‌ک کێشەی كورد، ئەوانه بچووک بکاتەوە و گرنگیان پێ نەدات. پرۆژەی نه‌ته‌وەی دیمۆكراتیك بۆ ئازادی و ژیانی هاوبه‌شی گه‌لانه، نەک بۆ بەدهستهێنانی هێز، پارچه‌کردنی خاکی وڵات و سه‌پاندنی ئاڵا، دین، نه‌ته‌وه و ڕه‌گه‌زی لایەنێک لەسەر لایەنی دیکە. ئازادی ژنان ئەوەندەی ئازادی گشتی کۆمەڵگا گرنگ دەبینێت و وه‌ک شۆڕشێكی دیمۆكراتیك بەناوی دەكات. ژنان، جه‌وانان و ئەكۆلۆژی(ژینگه) وه‌ك سێ ڕه‌هه‌ندی شۆڕش دەزانێت و پرۆژه‌یەک کە ئەو سێ ڕهههندانەی تێدا نه‌بێت، وه‌ک كلاسیك، بێ بایەخ و پاشکه‌وتوو دەبینێت.
ج ـ كۆدار و هەڵوێستی بۆ تێکۆشان
ئارمانجی سەرەکی کۆدار گەیشتن بە دیمۆکراسی خۆجێیی و دیمۆکراسی لەسەر بنەمای خۆبەڕێوەبەری دیمۆکراتیکە، بەو هۆیەوە ئێران و ڕژێمی كۆماری ئیسلامیش بە شێوازی ئێستا قبووڵ ناكات. كۆدار ئاستی تێكۆشانی خۆی بەپێی داخوازی ده‌سەڵاتداران دیار ناكات. خەبات بۆ گه‌لان دەکات و ئەوان ناكاته قوربانی رێكه‌وتن یان شه‌ڕی به‌رژه‌وه‌ندی. پاراستنی ڕه‌وا و هه‌ڵوێستی دیمۆكراتیك لە ئەگهری شه‌ڕەنگێزی و نكۆڵی ڕژێمی سه‌رده‌ست، یه‌كێک لە پره‌نسیپ و بنەماکانی تێكۆشانی کۆمەڵگایه و ئەگه‌ر ده‌وڵه‌ت و كۆماری ئیسلامی بە گشتی ئاماده نه‌بن چاره‌سه‌ریه‌كی ئاشتیانه قبووڵ بکەن، کۆمەڵگا بۆخۆی پێویسته ده‌ست بە كار ببێت و سیسته‌می خۆبەڕێوه‌به‌ری دیمۆکراتیکی خۆی پێک بهێنێت و دیمۆكراسی لە وڵات پێش بخات، لە سه‌ر ئەو بنەمایە پێویسته ڕژێم بزانێت کە چاره‌سه‌ری بێ ئەویش دەتوانێت پێش بكه‌وێت. كۆدار سیسته‌مە و لە حیزب به‌رفراوانتره، پرۆژەی کۆداریش ئێرانی ـ كوردستانیه و بۆ هه‌موو گه‌لانه.
د ـ چاره‌سه‌ری كۆدار بۆ کێشەی كورد
نه ڕژێمی سه‌رده‌ستی كۆماری ئیسلامی ئێران دەتوانێت لە دۆخی ئێستا خۆی بدزێته‌وه و نه ئامه‌ریكا و بلۆكی رۆژئاوایش دەتوانن نکۆڵی لە كورد و رۆڵی گرینگی ئەو گەلە بكه‌ن و به‌رچاوی نه‌گرن. گه‌لی كورد بۆ سه‌رخستنی مۆدێڕنیتەی دیمۆكراتیك لە بەرانبه‌ر مۆدێڕنیتەی سه‌رمایه‌داری، پۆتانسیه‌لێكی مه‌زنی هەیە و كۆدار نایەوێت هیچ حیزب و رێخستنێكی مه‌ده‌نی كوردی بێبه‌ش بکات. بە پێک هێنانی یه‌كێتی نه‌ته‌وەیی كوردان و لە هه‌مان کاتدا یه‌كێتی گه‌لانی ئێران، هاوپهیمانیەکی به‌رفراوان پێشنیار دەكات. كۆدار داخوازی دیمۆكراتیكی کۆمەڵگا ئەساس دەگرێت؛ لە سه‌ر ئەو بنەمایە هیچ کاتێک پرۆژه‌ی ئەو هێزە كوردیانە قبووڵ ناکات کە کۆمەڵگا پارچه دەكەن و به‌شداری دیمۆكراتیكی گەلان ئاستەنگ دەکەن بەڵام لە هه‌مان کاتدا پشتگری پرۆژه‌ی چاره‌سه‌ری دەكات. كۆدار گۆڕانکاری بنگه‌هینی دەوێت نەک ڕیستۆراسیۆن(گۆڕانکاری بە ڕەواڵهت)، میانهڕەوی، ڕیفۆرماسیۆن و بناژۆخوازی. سیاسه‌تی كۆدار بە ده‌رباسبوونی کات كۆنە و بێکاریگەر نابێت، پێشبینیەکانی ئێمه ڕاست ده‌ركه‌وتوون و هه‌ڵوێستەکانی كۆدار بەجێ و بە بەرچاوگرتنی داهاتوو بوون. یه‌كێتی نه‌ته‌وەیی كوردان و یه‌كێتی گه‌لانی ئێران بۆ چاره‌سه‌ری کێشەی مێژوویی، هه‌ردوو لە ڕوانگه‌ی كۆدارەوه یه‌ك پرۆژه، یەک فه‌لسه‌فه و زیهنیه‌تی هه‌وبه‌شیان دەوێت. كۆدار لە ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان تەنها خۆی ئەساس ناگرێت و ڕێگا نادات کە لایەنەکانی دیکەش تەنها خۆیان ئەساس بگرن. ئەساسی به‌شداری دیمۆكراتیكی كۆدار بۆ هێزی كوردی و هێزی ئێرانیه. كۆدار رۆڵ و گرنگی رێخستنی مه‌ده‌نی كەمتر لە حیزبە سیاسیەکان نابینێت و دەیەوێت لە یه‌كێتی نه‌ته‌وەیی دیمۆكراتیك و پرۆسەی چاره‌سه‌ری کێشەکان به‌شداری بکەن و ئەوان وه‌ک به‌شێك لە ئۆپۆزسیۆن دەبینێت، نەک ده‌روه‌ی ئۆپۆزسیۆن یان لایەنی ده‌وڵه‌ت. رێخستنی مه‌ده‌نی وه‌ک بنگه‌ی كۆنفهدهراسیۆن دەزانێت و کۆمەڵگای مه‌ده‌نی لە به‌رانبه‌ر رێکخراوەی ده‌وڵه‌تی دێنێته هه‌ژمار.
بە باوه‌ڕی كۆدار، هێزی پاراستنی ڕه‌وا، هێزێكه لە خزمه‌تی پرۆژەی دیمۆكراتیزاسیۆن لە ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان و هێزێكی شه‌ڕخواز نیه، تەنها بۆ پاراستن و خزمه‌تی گه‌ل كار دەكات و نه‌ك وه‌ک مەترسیهك بەڵکو وه‌ک به‌شێك لە ده‌رفه‌تەکانی کۆمەڵگایه.
ه ـ ڕه‌هه‌ندی كرداری نه‌خشه‌ڕێگای دیمۆكراتیكی كۆدار
كۆدار بۆ هەڵگرتنی هەنگاوی كرداری و کرانەوهی سیاسی بۆ چاره‌سه‌ری کێشەی كورد و کێشەکانی ئێران، بە شێوازێكی ڕوون و ئاشکرا و ڕادیکاڵ ڕه‌هه‌ندی زۆر گرینگ باس دەكات کە بێ ئەوانە هیچ یه‌ك لە کۆمەڵگا، ڕژێمی ئێران و کۆمەڵگای ناونه‌ته‌وی ناتوانن کێشەکان چاره‌سه‌ر بکەن. لە بهرئەوەی کە تاكه ڕێگای ڕاست «کێشەی دیمۆكراسی و دیمۆكراتیزهکردنی ئێران، یاسای بنهڕەتی و دیمۆكراتیزهکردنی نه‌ته‌وه و گەیشتن بە نه‌ته‌وەی دیمۆكراتیك»دەبینێت. کۆدار ئامادەبوونی خۆی ڕادەگەیەنێت بۆ چارەسەری ئاشتیانەی کێشەکان لە چوارچێوەی دەوڵەتێک کە دیمۆکراسی قبووڵ بکات و مۆدێلی کۆداریش چوارچێوەی سیاسی-چاندی ئێران دەپارێزت. مسۆگه‌ری دیمۆكراتیزاسیۆن بە هەڵێنانی هەنگاوی كرداری و ئەو ره‌هه‌ندانه دەبینێت کە بریتین لە:
1ـ ڕه‌هه‌ندی حقوقی: بۆ ڕه‌هه‌ندی حقوقی پێویسته یاسای بنەڕەتی ببێته یاسایەکی دیمۆكراتیك و مافی گه‌لان، باوه‌ڕەکان، ژنان و ڕه‌نگەکانی دیکەی ناو کۆمەڵگا بگرێته ناو خۆی و بیانپارێزێت. هه‌روەها مافی تاكه‌كه‌سی و كۆمینال لە کۆمەڵگا پێویسته به‌رچاو بگیرێن و دەبێت مافی تاكه كه‌سی و كۆلهكتیو لە یاسای بنهڕەتی دیمۆكراتیكدا بە شێوازێكی ڕوون پێناسه بكرێن.
2ـ ڕه‌هه‌ندی وڵاتی ـ ناوچه‌یی: وڵاتی هاوبه‌ش و یه‌كێتی ئەو وڵاتە پێویسته بە شێوازێك پێناسه بکرێت کە هه‌موو گه‌ل و نه‌ته‌وه‌کان لە خۆ بگرێت و تاكی ئازاد، هاووڵاتی دیمۆكراتیكی ئەو وڵاتە بن. هه‌روەها ئەو وڵاتە ههوبهشە، جێگای ژیانی کۆمەڵگای ئەكۆلۆژیك و دیمۆكراتیكه و هه‌موو تایبه‌تمه‌ندیەکان پێویسته بتوانن ئازادانه تێیدا سیاسه‌ت بکەن و لە بەڕێوه‌بەری ئەو وڵاتەدا به‌شدار بن.
3ـ ڕه‌هه‌ندی کۆمەڵایەتی: کۆمەڵگا خاوەن پێداویستی ژیانی و گرینگی وه‌ک «په‌روه‌رده، تەندرووستی، وه‌رزش، چاند و حقوق»ه. بۆ ئەو پێداویستیانە کۆمەڵگا و ده‌وڵه‌ت دەكه‌ونە ناو پێوه‌ندی و ڕكابه‌رێتی و دیاره کە ده‌وڵه‌ت بە شێوازی ئێستا ناتوانێت ئەركی خۆی پێك بێنێت. گه‌لی كورد بە گه‌شه‌پێدانی زمانی كوردی، لە چوارچێوه‌ی نه‌ته‌وەی دیمۆكراتیك ڕێکخراوەی په‌روه‌رده و چاندی خۆی به‌رفراوان دەكات. گه‌لانی ئێران و بە تایبه‌ت كورد به‌شێكی گرنگ لە یه‌كپارچه‌بوونی چاندی ئێران و كوردستانن کە بێ ئەوان هیچ کێشەیەک چاره‌سه‌ر نابێت و به‌و هۆکارە پێویسته بۆ چاره‌سه‌ری بە بنەمابگیرێن.
4ـ ڕه‌هه‌ندی ئازادی ژن: لە ئێران‌دا لە حقوق، سیاسه‌ت، ئابووری و بەڕێوهبهریدا لە دژی ژنان زه‌خت و زوڵم هه‌یه و هۆکاری ئەویش زیهنیه‌تی پیاوسالاری کۆمەڵایەتی و هەروەها ده‌وڵه‌تە. بێ ئازادی ژنان، دیمۆكراسی ناتوانێت پێش بكه‌وێت. ماف و ئازادی ژنان وەک ئازادی ڕێخستن، ئازادی ڕادەربڕێن و داخوازەکانیان پێویسته لە یاسادا به‌رچاو بگیرێن و مسۆگه‌ر ببن. بابەتی سەرەکی ئەوەیە کە بێ چاره‌سه‌ری کێشەی ژنان، باس کردنی چاره‌سه‌ری بێ واتایه و بە هیچ ئەنجامێک ناگات.
5ـ ڕه‌هه‌ندی ئەمنیه‌تی: ئەو ڕه‌هه‌ندە، پرۆسەی چاره‌سه‌ری، دیارکردنی یاسا و پێویستیەکانی ئەو پرۆسەیە دەخاتە ژێر کاریگەری خۆیەوە. كورد بە مه‌ترسی لەناوچوون ڕووبەڕوو ماوەتەوە و لە ئازادی بێبه‌ش کراوه. لە ئەمنیه‌تی کۆمەڵگاییدا بەتایبه‌تی بۆ كوردان گه‌ره‌نتی یاسایی پێویسته بەڵام تەنها ئەوە وەڵامدەرەوە نیه. لە ئەگهری پرۆسەی چاره‌سه‌ری کێشەی كورد، دەبێت ڕێکخراوە و هێزی ئەمنی و سه‌ربازی ئێران بە شێوازێكی بنەڕەتی گۆڕانکاریان بەسەردا بێت و لە هه‌مان کاتدا هێزی پاراستنی ڕه‌وا بۆ پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵگا، وڵات و دیمۆكراتیزاسیۆن لە ئێران و كوردستان ده‌رفه‌تێكه بۆ ژیانی هاوبه‌ش و ئاشتیانه و ئەم هێزە نابێت وەک مه‌ترسی بۆ هیچ لایەنێک ببینرێت.
6ـ ڕه‌هه‌ندی ئابووری: كۆدار بە ڕێبازی كۆمۆنی ئابووری، لە به‌رانبه‌ر تاڵانی سیسته‌ماتیك پاراستنی کۆمەڵگا و ژینگه دەكات. بڵاوکردنی چاندی كاری هاوبه‌ش بۆ پێكهێنانی پێداویستیەکان وه‌ک ئابووری ڕاستەقینە دەبینێت و گرنگی دەدات بە پێوهندیەکی ئابووری کە لەباتی به‌رژه‌وه‌ندی ته‌نگ و کورت خایەن، پێویستی کۆمەڵگا ئەساس بگرێت. پێویست دەبینێت کە دارایی و سەرچاوەكانی وڵات لە هه‌موو به‌ش و ناوچه‌کان و لەناو هه‌موو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بە شێوازێكی هاوسان و دادپەروەرانە دابەش بکرێت.
7ـ ڕه‌هه‌ندی ئەكۆلۆژیك: پیشەسازی، سه‌رمایه‌په‌ره‌ستی و تاڵان‌کردنی سەرچاوەكانی سروشت بە شێوازی جۆراوجۆری وەک سازکردنی به‌نداو و خراپ کردنی ژینگه و ئەكۆسیستهم بۆته هۆکاری کێشەی ژینگه‌یی وه‌ک قه‌یرانی ئاو، بۆیە پێویستی بە هه‌وڵدانی دیمۆكراتیك و هاوكاری کۆمەڵایەتی ـ ده‌وڵه‌تی لە سه‌ر بنەمای ئەخلاقی هەیه. پارادیگمای كۆدار دیمۆكراتیك و ئەكۆلۆژیكه و دەیەوێت لەو ڕهههندەدا گۆڕانکاری بنەڕەتی پێک بهێنێت.
8ـ ڕه‌هه‌ندی دیپلۆماتیك: كۆدار گونجاوترین نموونەی چاره‌سه‌ریه‌كی دیمۆكراتیكی لە ئاستی ئێران‌دا پێشكه‌ش كردووه. بێ به‌رچاوگرتنی جیاوازی ئەتنیكی و نه‌ته‌وی کێشەکانی ئێران چاره‌سه‌ر نابن. ده‌مێكی زۆر درێژه کە دهسەڵاتداری ئێران بە چاوێکی ئەمنی و پارچه‌كه‌ر لە كورد و كوردستان دەڕوانێت، ئەو ڕوانگه‌یه‌كی هەڵەیه و به پێچەوانەی ئەوە سیسته‌می كۆدار کە بێ گۆڕانکاری سنوورەکان و بێ ئەساس گرتنی هێزی سەربازی و شه‌ڕ، بۆ چاره‌سه‌ری هه‌وڵدانی پێک هێنانی کۆمەڵگایه‌ك دەكات کە هه‌موو گه‌لانی كورد، به‌لوچ، عەره‌ب، تورك(ئازه‌ربایجانی)، فارس و … لە ناو خۆیدا قبووڵ بکات. ئەو مۆدێلەی چاره‌سه‌ری كۆدار نه لە دژی ده‌وڵه‌تان، بەڵکو بۆ كۆنفهدهرالیسمی دیمۆكراتیك و یه‌كێتی کۆمەڵگای مه‌ده‌نیه و لە ئەو باوهڕەدایه کە هه‌وڵدانی دیپلۆماتیكی دهوڵهتەکان بە تەنها ناتوانێت چاره‌سه‌ری پێش بخات.
ئەنجام
بۆ چاره‌سه‌ری کێشەکانی کۆمەڵگا پێویسته بەڕێوه‌به‌ری کۆمەڵایەتی بە شێوازێك بێت کە دهسەڵاتخوازی و خۆبەڕێوه‌به‌ری دیمۆكراتیك بە چاوێک سەیر نەکات. بەڕێوه‌به‌ری دیمۆكراتیك و هێزی ههژمۆنیك دو پارادیگمای بەڕێوه‌بردنی جیاوازن. بەڕێوه‌به‌ری دهسەڵاتخواز بە ڕێگای بڵاوکردنی فه‌ردپه‌ره‌ستی هه‌وڵ دەدات کۆمەڵگا پارچه بكات و قه‌یرانەکان قووڵتر دەكات. پارادیگمای نه‌ته‌وەی دیمۆكراتیكی كۆدار یەکسانی لە سه‌ر ئەساسی به‌رچاوگرتنی ڕه‌نگە جیاوازەکان و ئازادی کۆمەڵگا دەكاته ئامانجی تێكۆشانی خۆیی. هه‌ر هاووڵاتی و ئەندامێكی نه‌ته‌وەی دیمۆكراتیك خاوەن سێ ئەرك و مسیۆنه:1ـ ئەركی ڕووناكبیری. 2ـ ئەركی ئەخلاقی. 3ـ ئەركی سیاسی. كۆدار بە سوودوه‌رگرتن لە ئەو سێ ئەركانە، دوازده کێشەی کۆمەڵگا چاره‌سه‌ر دەكات. ده‌رەوه‌ی ئەوانەش، گۆڕانکاری یاسای بنەڕه‌تی ئێران بە یاسایه‌كی دیمۆكراتیك، زۆر گرنگ و ژیانی دەبینێت. پێویسته یاسای بنەڕەتی بە شێوازێكی ئاشکرا ئێران وه‌ک وڵاتی هاوبه‌شی هه‌موو گه‌لان، جنسیه‌ت، باوه‌ڕمەندی و ناسنامه‌ی جیاواز پێناسه بكات و گه‌ره‌نتی پراکتیكیش پێشكەش بكات. به‌رده‌وامی دۆخی ئێستا نابێت. هەنگاوی کرداری بۆ پشتگری گه‌لانی ئێران و مافەکانیان، ڕه‌وا و پارێزراوه. تەنها بە ئەساس گرتن و قبووڵ کردنی داخوازی کۆمەڵگا ، چاره‌سه‌ری پێش دەكهوێت.
کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شێوازێک لە پێک هاتنی نەتەوەیە بە پێشەنگایەتی چینە جیاوازەکانی گەلان و بەتایبەتی ڕووناکبیران. کێشەی کۆدار لەگەڵ دەوڵەت-نەتەوەی سەردەست، کێشەی”یاسایی بوون و دانپێدانانی فەرمی”ە. هەرچەند گرنگی بە تێکۆشان و کاری یاسایی و ڕێکخستنی دیمۆکراتیک دەدات، بەڵام ڕێگا پێنەدانی ئەم ڕەوتە لە لایەن دەوڵەت-نەتەوەی ئێرانەوە دەبێتە هۆکاری هاتنە ئارای شێوازێک لە ئۆتۆریتە و بەڕێوەبەری دوولایەنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئاڵۆزی و پێکدادانی لێ دەکەوێتەوە. ئەگەر ئەم داخوازیە دیمۆکراتیانەی کە لەم پرۆژەیەدا هاتوون و هەروەها داخوازی وەک ڕێگا پێدرانی یاسایی و ناسینی کۆدار بە فەرمی، لە لایەن دەوڵەتی ئێرانەوە وەڵامی ئەرێنی پێ نەدرێت و بە پێچەوانەوە بەردەوامی بە “نکۆڵی، لەناوبردن و شێوازی نامرۆڤانە” بدرێت، بە دڵنیاییەوە کۆداریش بۆ پەرەپێدانی یەک لایەنەی ئۆتۆریتە و بەڕێوەبەری خۆی لە هیچ جۆرە تێکۆشانێک واز ناهێنێت.

كۆمه‌ڵگای دیمۆكراتیك و ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستان(كۆدار)-پارتی ژیانی ئازادی کوردستان(پژاک)
21 -4-1397(12-07-2018)