زیلان ڤەژین

شەڕ و ڕوبەڕوو بوونەوەی سەربازی و سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین هیچ کاتێک لایەنێکی سەرکەوتووی نەبووە و هیچکام لە لایەنەکانی ئاڵۆزی و پێکدادان بەهرەیان لەم شەڕەنگێزیانە نەبردووە و تەنها گەلان و چین و توێژەکانی بندەست و چەوساوە لە نێوان برسیەتی، هەژاری و خوێندا ژیانیان تێکچووە. زلهێزەکانی ڕۆژئاوا و لە سەرووی هەموویانەوە ئەمریكا که جێگیرکردنی ئاشتی و هەناردەکردنی دموکراسی بۆ وڵاتانی عەرەبی و ئێرانیان کردۆتە بیانووی هاتن و مانەوەی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، بێجگه لە تێکدانی ئارامی ناوچەکە و قووڵکردنەوەی ناکۆکیەکان هیچ هەنگاوێکیان بۆ ئارامی ناوچەکە هەڵنەگرتووە و لە ئەساسدا مەبەستێکی بەو شێوازەشیان نییە. ئەم هێزانە ئیسلامی توندئاژۆ و نەتەوە پەرەستی وەک ئاموورێک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان بەکار دەهێنن و لەم ڕێگایەوە سەردەستی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین درێژ دەکەنەوە و بە سیاسەتی شەڕەنگێزی لە نێوان پێکهاتەکانی ناوچەکە سەردەستی خۆیان بەردەوام دەکەن.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا خستنە لیستی تیرۆری سوپای پاسداران لە لایەن ئەمریكا، هەڵوێستی توندی دەوڵەتی ئێران و کاردانەوەی جیاوازی لە لایەن وڵاتانی دیکە لێکەوتەوە. ڕکابەران و دژبەرانی ئێران وەک ئیسرائیل، عەرەبستان و ئیمارات پێشوازیان لەم بڕیارەی ئەمریكا کرد و دژبەرانی ئەم بڕیارەش دەرئەنجامەکانی بە باش نازانن. پێوەندیەکانی ئێران و ئەمریكا لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ساڵی ١٣٥٧ تا ئێستا ناکۆک بووە و بە قۆناخی بەرز و نزمدا تێپەڕ بووە. دوای هاتنە سەر کاری ترامپ پێوەندیەکانی ئەم دوو وڵاتە زیاتر لە ڕابردوو ئاڵۆزی بە خۆیەوە بینی و دوای سەپاندنی دووبارەی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران، خستنە لیستی تیرۆری سوپای پاسداران لە لایەن ئەمریكاوە پێوەندیەکانی ئەم دوو وڵاتەی تووشی قەیرانێکی مەترسیدار کردووە کە ئەگەری پێکدادانی سەربازی و شەڕێکی گەورەی زیاتر کردووە و وەک ڕابردوو قوربانی ئەو شەڕە گەلانی ناوچەکە دەبن. یەکێک لە ئامانجە سەرەکیەکانی ئەمریكا لەم بڕیارە و زیاتر کردنی گوشار و گەمارۆ بۆ سەر ئێران، لاواز کردنی دەوڵەتی ئێران و کەمکردنەوەی دەستێوەردانەکانی لە ناوچەکەیە. ئەمریكا کێشەی هەیە لەگەڵ بەهێزبوون و کاریگەری زیاتری ئێران لە ناوچەکە بەهۆی ئەوەی کە بەرژەوەندیەکانی ئەو وڵاتە لە ناوچەکە دەکەوێتە مەترسیەوە. سوپای پاسداران خۆی لەژێر ناوی وەک حشدالشعبی و حزب الله، زەینەبیون و فاتمیون لە وڵاتانی ئێراق، سوریا و لوبنان، پاکستان و ئەفغانستان بەڕێخستن کردووە. بەهای هەبوونی ئێران لەم وڵاتانە لە بودجەی ساڵانەی خەڵک وەردەگیرێت و یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی و تووڕەیی خەڵکی ئێران لە بەرانبەر دەوڵەت و حکومەت بووە. لە کاتێکدا که دەسەڵاتدارانی ئێران بەدوای بەهێزکردنی پێگە و دەسەڵاتی خۆیانن لە ناوچەکە، خەڵکی ناوخۆی ئێران تووشی کێشە و گرفتی زۆر بوونەتەوە و نموونەی ئەم کێشە و گرفتانە لە لافاوە ویرانکارەکەی ئەم دواییانە دەبینین که جارێکی تر کەم کاری و کەمتەرخەمی دەوڵەتی ئێرانی سەبارەت بە خەڵکی ئەو وڵاتە نیشاندا. وێرانی سەدان گوند و ژێرئاو کەوتنی زەوی کشتوکاڵ بۆتە هۆکاری زیانی گەورە بۆ خەڵکی ئەو ناوچانەی لافاو لێدراوە و کێشەی گەورەی بۆ ژیانی خەڵک ساز کردووە. لافاو هەروەها پێداویستیەکانی ژیانی رۆژانەی خەڵکی تووشی ئاستەنگ کردووە و تەنانەت دیمۆگرافیای شارەکانی گۆڕیوە و زۆربەی خەڵکی ناچاری کۆچبەری و بەجێهێشتنی ماڵەکانیان کردووە. بێجگە لە قەیرانی ئابوری و کۆمەڵایەتی، قەیرانی ژینگە و وشکەساڵیش بەرۆکی خەڵکی ناوچە جیاوازەکانی ئێرانی گرتۆتەوە. لە دەرەنجامی سیاسەتە هەڵەکانی رژێمی کۆماری ئیسلامی وەک دروست کردنی ژمارەیەکی زۆر بەنداو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆربەی لە ڕووبار و گۆلەکان وشک بوون کە ئەمەش لە داهاتوودا ژینگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕووبەڕووی مەترسی و قەیرانی گەورە دەکاتەوە. دیارە کە خەڵکی ئێران بەهای شەڕەنگێزی و دەسەڵاتخوازی بەرپرسانی ئاستی باڵای ڕژێمی ئێران دەدەن کە لە ماوەی چل ساڵ دەسەڵاتداری ولایەتی فقیه تەنها لەکاتی تەنگانە دەنگی خەڵکی بیستووە و بە بانگەوازی بۆ پاراستنی یەکگرتوویی وەڵامی داخوازەکانی خەڵکیان داوەتەوە بەڵام قەت کێشەکانی خەڵکیان چارەسەر نەکردووە و کارنامەی ئەو ڕژێمە و بەرپرسەکانی بێجگە لە تاڵان و دزی و چەوساندنەوەی گەلان هیچیکی تێدا نابینرێ.

لە داهاتوویەکی نزیکدا کاردانەوەکانی گەمارۆ و بڕیارەکانی ئەمریكا لە بەرانبەر ئێران دەردەکەوێت، هەرچەندە پێناچێت کە ئێران لە بەرانبەر ئەم بڕیارانەی ئەمریكا بێدەنگ بمێنێت. لە سەرەتای قۆناخی یەکەمی گەمارۆ ئابوریەکانی ئەمریكا، هەڵاوسان و گران بوونی نرخی دراوە بیانیەکان و هەروەها بەرزبوونەوەی نرخی کەلوپەل و پێداویستیەکانی ژیان خەڵکی ئێرانی خستە دۆخێکی نالەباری ئابوری. لە لایەکی دیکە ناڕازی بوون و خۆپێشاندانی چین و توێژە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگا لە دژی ڕژێم و بۆ گەیشتن بە داخوازەکانیان بەردەوامە و دەوڵەت تائێستا وەڵامێکی گونجاوی نەداوەتە خەڵک و هیچ هەوڵێکی بۆ چارەسەری کێشەکانیان نەداوە.

سوپای پاسداران که خۆی وەک ” پارێزەری شۆڕش و دەستکەوتەکانی” پێناسە دەکات بازنەی کاریگەری خۆی لە هەموو وڵاتانی ناوچەکە پەرە پێداوە. ئەم ڕێکخراوە سەربازی و ئیدئۆلۆژیکەی ڕژێمی ئێران که لە هەموو بەشەکانی ئابوری، بەرهەم هێنان، گواستنەوە، سەرچاوە سروشتیەکان و کۆمپانیاکانی نەوت و گاز جێگای گرتووە و زیاتر لە نیوەی ئابوری لە ژێردەستدایە، بە هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی به بیانووی پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆڕش کاولکاری زۆری لێکەوتۆتەوە و بێجگە لە دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتان و ڕێکخستنی گروپی تیرۆریستی سەر بە خۆی لە وڵاتانی ناوچەکە، لە ناوخۆی ئێرانیش بە دروست کردنی ناوەندی زانیاری، ئەمنی و دادگای سەربەخۆ بە هەزاران کەسی بێتاوانیان ئەشکەنجە داوە و بە ناوی دژبەری لەگەڵ خودا لەناویان بردوون. سوپای پاسداران وەک دەوڵەتێکی هاوتەریب و شاراوە دەستی لە تیرۆر و کوشتاری زۆردا هەبووە و لە پاکتاوکردنی دژبەران و ڕەخنەگرانی بەناو”شۆڕشی ئیسلامی” هێزی سەرەکیە و بە هەموو شێوازێک هەوڵی کۆنترۆڵ و چاودێری لەسەر هەموو بوارەکانی ژیانی خەڵکی دەدات تا ڕێگا نەدات هیچ کەسێک لە بەرانبەر دەسەڵاتی ڕەهای وەلایەتی فقیه ڕاوەسێت و دەستکەوتەکانی شۆڕشی ئیسلامی بکەوێتە مەترسیەوە که تەنها بۆ ئەوانە و هیچ سوودێکی بۆ خەڵک نەبووە.

لەگەڵ پەرەسەندنی گوشارەکان و بنبەستی سیاسی و ئابوری ئێران لە ناوخۆ و دەرەوە، سیاسەتەکانی ئێران لە بەرانبەر چالاکانی سیاسی و مەدەنی بەردەوام سەرکوتگەرانه بووە و ئەمە یەکێک لە نیشانەکانی کۆمەڵگایەکی بندەست و چەوساوەیە که ڕێگای ڕەخنەگرتن و ڕادەربڕینی پێ نادرێت و کۆمەڵگای مەدەنی ڕووبەڕووی گوشارێکی توند دەبێتەوە. ڕژێمی ئێران لە سەرەتای هاتنەسەرکاری خۆی هیچ کاتێک ڕێگای بە ڕادەربڕێنی ڕەخنەگران نەداوە و بۆ هەر ناڕازی و ڕەخنەگرێکی دەسەڵات، سزای توندی سەپاندووە. بێجگە لە گوشاری ئابوری و سیاسی، ئێران ساڵانێکە به هۆی پێشێل کردنی مافی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی مرۆڤەکان و سزای وەک سێدارە بەردەوام لە سەرووی وڵاتانی پێشێل کەری مافی مرۆڤ بووە و ئەمەش یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی ئێرانە کە ڕووبەڕووی ڕەخنەی ناوخۆیی و دەرەکی بۆتەوە. ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەردەکەوێت کە ماوەی دیکتاتۆری لە ئێران بەرەو کۆتاییە و ئیدی خەڵکی ئێران لە نادادپەروەری، هەژاری، بێکاری و کێشە کۆمەڵایەتیەکان بێزار بوون. بەکارهێنانی زۆر و توندوتیژی لەسەر کۆمەڵگا تەنها لە پێناو ترساندن و بێدەنگ کردنی خەڵک لە بەرانبەر ستەمی دەسەڵاتە و پێویستە خەڵک ئەم بێدەنگیە بشکێنن و لە پێناو گەیشتن بە مافەکانیان تێکۆشان زیاتر بکەن. لەبەر ئەوەی لە هەموو ناکۆکی و ململانێی نێوان ئێران و زلهێزانی ناوچەکە و جیهان، خەڵک دەکەونە ژێر کاریگەری نەرێنی ئەم تێکهەڵچوونە. گەمارۆی ئابوری کاریگەری خراپی لەسەر دۆخی کۆمەڵایەتی و دەرونناسی کۆمەڵگا داناوە و بەرزبوونەوەی توندوتیژی و ڕێژەی خۆکوشتنی گەنجان و بەتایبەت ژنان مەترسیەکی گەورەیە بۆ سەر کۆمەڵگا. بەو هۆیەوە بێدەنگی و چاوەڕوانی لە بەرانبەر ڕووداوەکان تەنها دەبێتە هۆکاری بەردەوامی دەسەڵاتی دیکتاتۆر چەوسانەوەی گەلان و پێویستە هەڵوێستەکان لە دژی سیاسەتەکانی ڕژێم بەردەوام بێت و پەرەی پێ بدرێت.

ڕوانگەی پژاک که ستراتژی هێڵی سێهەمی کردۆتە بنەمای تێکۆشانی خۆی ئەمەیە کە دەوڵەتی ئێران تا کاتێک که لە پێناو دیموکراتیزاسیۆن و گۆڕانکاری بنەمایی هەنگاو نەنێت هەر ڕۆژ هەنگاوێک زیاتر بەرەو هەڵدێر دەچێت و ئەگەر گوشار و هەڕەشەی دەرەکیش نەبێت خەڵک و کۆمەڵگا ئیدی بەردەوامی ئەم دۆخە و ئاستەنگیەکانی ڕژێم قبووڵ ناکەن. ناڕەزایەتی ناوخۆیی لە ڕێگای دیپلۆماتیک و پێشکەوتنی سیاسەتی دەرەوە چارەسەر نابێت، بۆیە قووڵایی کێشەکان لە ئێران گەیشتۆتە ئاستی قەیران و لە ئەگەری بەردەوامی سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئێران، ئاستی کاردانەوەکانی خەڵک بەرزتر دەبێتەوە. شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی که ئێران دیموکراتیک بکات و بۆ هەموو گەلانی ئێران وەک کورد، بەلوچ، عەرەب، لوڕ و هەموو دین و مەزهەبە جیاوازەکان ببێتە جێگای ئەمنیەت، ئازادی و یەکسانی پێویستی بە ڕێخستن کردنی بەردەوام و یەکیەتی و هاودەنگی لە بەرانبەر زۆرداری و ستەم هەیە و بەم شێوازە دەکرێت داهاتوویەکی ڕوون بۆ ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دابین بکرێت.