ئەندامی کۆردیناسیۆنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان پژاک ئەمیر کەریمی لە مەڕاسمی نۆهەمین ساڵوەگەڕی پارتیماندا کە لەڕێکەوتی 20/04/2013 لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد بەڕێوەچوو، وتارێکی سیاسی پێشکەش کرد کە دەقی وتارەکەی ئەمەیە.

نوێنەرانی پارت و ڕێکخراوەکان، گەلی وەڵاتپارێز سەرەتا بەخێرهاتنتان دەکەین بۆ پیرۆزبایی نۆهەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتیمان پژاک. بەر لە هەر شتێک لەم ساڵیادەدا شەهیدانمان، ئەو کەسانەی کە پێکهێنەری هەبون، تێکۆشان و هەنگاوەکانی ئەمڕۆی سەرکەوتنمانن یاد دەکەینەوە و خۆمان بەقەرزداری ئەوان دەزانین. گیانی پاکی ئەو شەهیدانە بۆتە ناسنامەی پارتیمان و هەربۆیەش ئێمە دەڵێن پژاک پارتی شەهیدانە.

دوای سەد ساڵ داگیرکاری، دوای سەد ساڵ نکۆڵی و دوای سەد ساڵ کوشتار و کۆمەڵکوژی، ئەمڕۆکە ڕژیمە داگیرکەرەکانی کوردستان یەک لەدوای یەک هەڵدەوەشێنەوە و لاواز دەبن

لە کاتێکدا نۆهەمین ساڵی پارتیمان پیرۆز دەکەین کە دۆخێکی تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئارادایە. دوای سەد ساڵ داگیرکاری، دوای سەد ساڵ نکۆڵی و دوای سەد ساڵ کوشتار و کۆمەڵکوژی، ئەمڕۆکە ڕژیمە داگیرکەرەکانی کوردستان یەک لەدوای یەک هەڵدەوەشێنەوە و لاواز دەبن. قۆناغێکی کە جیهانی ئەمڕۆ تێیدایە، ئیتر دەوڵەت-نەتەوە و داگیرکاری دەوڵەت-نەتەو قەبوڵ ناکات. دوای سەد ساڵ ئیتر ئەو دەرفەتەمان هەیە کە بتوانین جارێکی تر هەنگاو بنێنینەوە بەرەو ئازادیمان، جارێکی تر بتوانین هەبوونمان بسەلمێنین و بەرەو دامەزراندنی سیستمێکی ئازاد هەنگاو بنێین. ئەمڕۆکە لەسەدەی بیست و یەکەم داین. سەدەیەکی پڕ لە قەتڵوعام، سەدەیەی ڕەشی بیستەممان تێپەڕاند. سەدەی بیست و یەکەم دەتوانێ سەدەی گەلی کورد بێت، دەتوانێ ببێتە سەدەی ئازادی گەلی کورد. ئێمە یەکەمین هەنگاوەکانی سەدەی ئازادی دەبینین. ئەمڕۆ دەبینین کە لە باکوری کوردستان تێکۆشانێکی بەرز لە ئارادایە. لە ئەنجامی تێکۆشان و ڕێبەرایەتی ڕێبەر ئاپۆ، لە ئەنجامی گیانفیدایی گەریلا، لە ئەنجامی سەرهەڵدانی بێوچانی گەل و لە ئەنجامی بەرخوەدان و قارەمانییەتی زیندانیانی سیاسی، لەوێ هەنگاوەکانی سەرکەوتن نراونەتەوە. کێشەی کورد لە باکوری کوردستان بەرەو چارەسەری دەڕوا. هەنگاوەکانی چارەسەری کێشەی کورد بێگومان کاریگەری خۆی لەسەر هەموو کوردستان دەبێ. گەورەترین سیستمی ئینکار و نکۆڵی وەکو کۆماری تورکیا ئەمڕۆ ئیتر تێپەڕی قۆناغێکی تر دەبێ. ئیتر سیستمی نکۆڵی لەسەر گەلی کورد ناتوانێ بەرێوە بچێ. ئەگەر سیستمی دەوڵەت-نەتەو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەکەمین جار لە کۆماری تورکیادا دەستیپێکرد و دواتر دەوڵەتی شاهەنشای ئێران و حوکمەتی بەعس و ئەوانی تر هەمان مۆدێلی کۆماری تورکیایان دامەزراند، ئەمڕۆ لە کەسایەتی کۆماری تورکیادا ئەو سیستمە تێک دەچێ. لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەمڕۆ گەلی کورد خاوەن ستاتۆیەکە (پێگە). گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان خاوەن ستاتۆیەکی مێژووی دێموکراتیکە کە هەم وەک بەشێکی دیکەی خاکی کوردستان کە لە چنگ دوژمنان ڕزگاری بووە و هەم وەکو مۆدێلی بەڕێوەبردنی دێموکراتیک جێگای بایەخێکی تایبەتە و هەروەها بەهۆی گرینگی ئەم ستاتۆیە لە هاوسەنگییەکانی ناوخۆی سوریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەتوانین وەکو سەرکەوتنی سەرجەم گەلی کورد بینرخێنین. هەروەها لە باشووری کوردستان ستاتۆی گەلەکەمان خاوەن کاریگەری تایبەتە و ئەو ستاتۆیە ڕۆڵێکی گرینگی لە پێکهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە گۆڕانکارییەکاندا هەیە و پێویستە بپارێزرێت و بە پێشخستنی دێموکراسی قایمتر بکرێت.

کۆماری ئیسلامی ئێران مێژووییەکی پڕ لە قەتڵوعامی هەیە. ئەمڕۆکەش سیاسەتی بیۆ-دەسەڵات بەڕێوە دەبات

گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەلێکە کە زۆرترین زەخت و زۆرترین گوشاری لەسەرە. لەبن زوڵم و زۆی ڕەشترین و دواکەوتووترین سیستمی جیهانی ئەمڕۆدا دەژی. کۆماری ئیسلامی ئێران مێژووییەکی پڕ لە قەتڵوعامی هەیە. هەڵبەت ئەو قەتڵوعامە هەمووی فیزیکی نییە. هەر لەسەرەتای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی ئێران، ئێعدام، کوشتن، چاوترسێنکردن، تێکڕوخاندن و تێکشکاندنی ئیرادەی گەلی کوردی پەیڕەو کردووە و ئەمڕۆکەش سیاسەتی بیۆ-دەسەڵات بەڕێوە دەبات. لە چوارچێوەی ئەم سیاسەتەدا گەل برسی دەهێڵێتەوە و بەوەش دەیهەوێ دەستبخاتە ناو گۆمەڵگاوە و گەل بەخۆیەوە ببەستێتەوە. ئێمە دەبینین کە ئەمڕۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان لاوانی ئەو وڵاتە بۆ ئەوەی نەبنە پیاوی سیستەم، بۆئەوەی نەبنە بەسیجی، تەنیا مەودایەکی کە بۆیان دەمێنێتەوە کاسبی سەر مەرزە، کۆڵبەرییە. بەبەهانەی پاراستنی سنور، ئەو کۆڵبەرانە کۆمەڵکوژ دەکرێن. بەڵام ئەوە پاراستنی سنور نییە، بەڵکو ئەوە کوشتارێکی کۆمەڵایەتی گەورەیە. ئەوە لە ئەساسدا کۆمەڵکوژییە.

کوشتاری سپی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە دەبرێ. بڵاوکردنەوەی مادە هۆشبەرەکان لەلایەن ڕژیمەوە، بەتایبەت لەلایەن دەزگا جاسوسییەکان، وەزارەتی ئتلاعات و سوپای پاسدارانەوە ڕێک دەخرێ و بڵاو دەکرێتەوە. لە نەتیجەی ئەم سیاسەتەدا بەهەزاران جەوانی کورد ئەمڕۆ گیرۆدەی ئەو مادە هۆشبەرانەن. هەروەها کۆماری ئیسلامی ئێران بە بڵاوکردنەوەی فەحشا و بێئەخلاقی لە کۆمەڵگادا دەیهەوێ هەموو بنەما ئەخلاقییەکانی کۆمەڵگای کورد تێکبروخێنێ. زۆر سیستماتیک لەسەر ئەو سیاسەتە کار دەکات و سەرمایەگوزاری بۆ دەکات.

کۆماری ئیسلامی لە ناوەڕۆکیدا سیستەمێکی دژ بە ژنە

یەکێک لەو خاڵانەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران هەرە زۆر پێداگیری لەسەر دەکات بۆ تێکڕوخاندنی کۆمەڵگەی ئێمە و کۆمەڵگای ئێران بەگشتی مەسەلەی ژنە. کۆماری ئیسلامی لە ناوەڕۆکیدا سیستەمێکی دژ بە ژنە. ئەگەر لە هەر کۆمەڵگایەک ژن تێیدا تێکڕوخاو و بێئیرادە کرابێ، ئەو کۆمەڵگایە ناتوانێ هێز و میکانیزمی پێویستی بۆ شۆڕشکردن هەبێ. هەربۆیە کۆماری ئیسلامی ئێران زۆر تایبەت ئەو خاڵە دەکاتە هەدەف. لە کاتێکدا کە بێئەخلاقانەترین هەڵسوکەوت لە سیاسەت و کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیدا بەدی دەکرێ، کۆمەڵکوژکردنی ژن لەژێر ناوی ئەخلاق، لەبوارەکانی دەرونی و جەستەییەوە، سیاسەتێکی تایبەتە. ئەوە پاراستنی ئەخلاق نییە، بەپێچەوانە لەناوبردنی ئەخلاقە. هەرە دوایی لە شاری مەریوان لەژێر ناوی ئەوەی کە تاوانبارێک سزا دەدەن، بە جلوبەرگی ژنانەی کوردی بەناو شارەکەدا گەڕاندیان. ئایا بۆچی دەبێ ناسنامە و جلوبەرگی ژنان بۆ سزادان و ئەتک کردن بەکار بێت؟ ئەوە هەڵقوڵاوی کامە زهنییەتە؟ ئەو هەڵسوکەوتە بێڕێزی و هێرشێکی گەورەیە لەسەر کەسایەتی ژن، کولتور و ئەخلاقی گەلەکەمان. ئەم هەڵسوکەوتە بە توندی مەحکوم دەکەین.

سەددەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ئامانجی نیزامی و کاولکردنی سروشتی کوردستان لێدەدرێن

لەسەر ژینگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سیاسەتێکی دژوار لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەڕێوە دەچێ. بەهۆی ئەنجامی سیاسەتەکانی ڕژیم، دوو دەریاچەی گەورە لە ڕۆژهەڵات ڕووبەڕووی ووشک بوونن. ئەو سیاسەتە زۆر سیستماتیک و زانستیانە بەڕێوە دەچێ. ئەحمەدی نژاد دەچێتە کوردستان و پرۆژەی چەندین سەددی گەورە دەدا. هیچ یەک لەو سەددانە بەمەبەستی ئابوری لێنادرێن. ئەو سەددانە زۆربەیان بە هەدەفی نیزامی و بۆ تێکدانی سروشتی کوردستان لێدەدرێن. ئەو سەددانە ئامرازێکی سیاسەتن. کۆماری ئیسلامی ئێران هێندێ لەو ڕووبارانەی کە دەڕژێنە باشووری کوردستانەوە ووشک کردووە. ئێمە دەزانین کە سیاسەتی دەستبەسەرداگرتنی ئاو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سیاسەتێکی باوە. ئاو بۆ وەدەستخستنی ئەنەرژی سەرچاوەیەکی زۆر گرینگە.

هۆکاری ئەساسی دامەزراندنی پارتیمان و هەبونمان، ئەو داگیرکارییەیە کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە دەچێ

هەموو ئەو سیاسەتانەی کە کۆماری ئیسلامی بەڕێوەی دەبات و، شانبەشانی ئەو سەرکوتکارییە سیاسی و کۆمەڵکوژیییە جەستەیانەی کە لەدژی گەلەکەمان پێکی دێنێ، گەورەترین هۆکارن هەم بۆ دامەزراندنی پارتیمان و هەم بۆ ئەنجامدانی تێکۆشان. هۆکاری ئەساسی دامەزراندنی پارتیمان و هەبونمان، ئەو داگیرکارییەیە کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە دەچێ. ئەو داگیرکارییە تەنیا خۆی بە چەند پایەگای سەربازی و نزامی سنوردار نەکردووە، بەڵکوو تێکدانی کەسایەتی کورد و کۆمەڵگەی ئێمەیە. هەربۆیە شەڕی ئێمە لەدژی داگیرکەری تەنیا شەڕی چەکداری نییە، بەڵکو شەڕی ئێمە بۆ تێکدانی هەموو بوارەکانی دەسەڵاتداری و داگیرکاری ڕژیمە کە لە ناو کوردستاندا پێشی خستووە. لەو چوارچێوەیەدا تێکۆشانی ئێمە تەنها تێکۆشانی سیاسی و نیزامی نییە، بەڵکو تێکۆشانێکی کۆمەڵایەتی، فەلسەفی و فیکرییە. چونکە کۆمەڵگایەکی کە ڕووبەڕووی دیاردەی داگیرکەری کراوەتەوە لەهەموو بوارەکانی ناسنامەیی، هزری، کەسایەتی و کۆمەڵایەتییەوە ڕووبەڕووی گرفت دەبێ و لاواز دەبێ.

ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە چوار سەد ساڵە ڕووبەڕووی داگیرکاری ئیدۆلۆژیکی سیستمی سەفەویەکان کراوەتەوە

دیاردەی داگیرکەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنها مەربوت بە سەدەی بیستەم نییە، بەڵکو ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە چوار سەد ساڵە ڕووبەڕووی داگیرکاری ئیدۆلۆژیکی سیستمی سەفەویەکان کراوەتەوە و ئەمڕۆش کۆماری ئیسلامی درێژەپێدەری سیستمی سەفەویەکانە. ئەم داگیرکارییە چوار سەد ساڵە لەسەر گەلەکەمان پەیڕەو دەکرێت و ئەم پارچەیەی وڵاتەکەمان چوار سەد ساڵە مەحکومی دابڕان لە پارچەکانی دیکەی کوردستان کراوە و لەچاو هەموو بەشەکانی دیکەی کوردستان، کاریگەری داگیرکاری لەسەر قوڵترە. هەربۆیە ئاستی ئەو تێکۆشانەی کە بۆ ڕزگاری کەسایەتی و کۆمەڵگای کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەنجام دەدرێ، پێویستە بەرزتر بێت لەو تێکۆشانەی کە لە پارچەکانی تری کوردستان ئەنجام دەدرێ. هەبوونی تێکۆشانێکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێویستییەکی مێژووییە. سەدەیەکمان تێپەڕ کرد. لەو سەدەیەدا کورد خاوەن خۆڕاگیری گەورە بوو. فیداکاری و قارەمانییەتی گەورەی ئەنجام دا. بەڵام سەرەڕای ئەو هەموو فیداکارییەش، ئەنجامی پێویستمان وەدەست نەخست. پژاک هاوکات ڕەخنەدانێکی مێژوویی گەلی کوردە سەبارەت بە سەدەی بیستەم. پێویست بوو شێوازی تێکۆشانمان لەبەرچاو بگرینەوە. ئێمە لەو چوارجێوەیەدا دامەزراین، نەک ئەوەی کە، با حزبێکی تریش هەبێ. بەداخەوە تێکۆشانی سەدەی بیستەم نەیتوانی هەموو میکانزمەکانی کۆمەڵگای کورد بخاتە گەڕەوە. نەیتوانی ئەو جۆرەی کە پێویستە کۆمەڵگای کورد بەڕێکخستن بکات. نەیتوانی بەڕادەی پێویست ناسنامەکەی بەرز بکاتەوە. وەک پێشتر ئاماژەم پێکرد ئەو قۆناغە پڕی بوو لە خۆراگیری و قارەمانییەتی، بەڵام چونکە هەموو میکانزمەکانی کۆمەڵگە نەخرانە گەڕەوە، نەمانتوانی ئەنجام وەدەست بێنین.

ئامانجمان سازکردنی کۆمەڵگایەکی دێموکراتیکە. چونکو لەو بوارەوە لە کۆمەڵگادا کێشەمان هەیە. هەربۆیە سازکردنی کۆمەڵگایەکی دێموکراتیک، وەکو ئەنجامی سەرکەوتنی تێکۆشانی خۆمان دەبینین نەک تەنها وەدەرنانی داگیرکەر. ئازادی شتێکە دەبێ لەناو ناخی مرۆڤی کورد دا ساز بێ، دەبێ لە ناخی کۆمەڵگای کوردا ساز بێ. ئەو ئازادییە زەمینەی هەیە. مێژوویەکمان هەیە، کۆمەڵگایەکی کۆن و سروشتیمان هەیە و پێویستە ئەم کولتورە سەرلەنوێ بژیێنینەوە و سەردەمیانەی بکەین.

بەرخوەدانی هەڤاڵانمان لە زیندان کولتورێکی نوێی بەرخۆدانی لەگەڵ خۆی هێنا

بەبەرخوەدانی هەڤاڵانمان لە زینداندا ئەوەمان نیشاندا کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەدەی بیست و یەکدا قۆناغێکی نوێی دەستپێکردووە کە کولتورێکی نوێی بەرخوەدانی لەگەڵ خۆیدا هێناوە. هەڤاڵانمان لە زیندان نیشانیان دا کە ئیرادەی ئازادیخوازی گەلەکەمان و پارتیمان بەرزترە لە زهنییەتی داگیرکەری دەوڵەت-نەتەو. حەماسەی بەشکۆی قەندیل و قارەمانییەتی گەریلاکانمان سەلماندی کە سەرکەوتنی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەم کولتورە خۆڕاگیریە و بەهێزی بزوتنەوەی نوێی ئازادی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پژاک مسۆگەر دەبێ.

ناکرێ حەرەکەتێکی کوردی بین و خۆمان بە سنورەکانی دەوڵەت-نەتەوەکان سنوردار بکەین

لە سەدەی بیستەمدا داگیرکەرانی کوردستان وێڕای هەموو ناکۆکییەکانیان بەردەوام لەدژی گەلەکەمان هاوکاری یەکتریان کردووە. بۆ سەرکوتکردنی گەلەکەمان لە کێبەرکێ دابوون. لەو بوارەوە دەبوون بە مۆدێل بۆ یەکتر. زۆر جار بۆ سەرکوتکردنی گەلەکەمان سنورەکانیان بۆ یەکتر ئاوەڵە دەهێشتەوە. ئیتر سەردەمی دەوڵەت-نەتەو و ‘سنوری پیرۆز’ تێپەر بووە. داگیرکەران سنورەکانی خۆیان تێپەڕ کردووە. کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمڕۆ لە سوریا و عێراق هەبوونی هەیە. کۆماری تورکیاش هەر بەهەمان شێوە. هەربۆیەش هیچ کەس ناتوانێ ئێمە مەحکومی هیچ سنورێک بکات کە پێشتر دەوڵەت-نەتەوەکان بۆ ئێمەیان دیاری کردووە. ئیتر ئەوە بۆ جیهان سەلماوە کە ئێمە یەک نەتەوەین. ڕاستە کە ئێمە بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێکۆشان دەکەین، بەڵام لەهەمان کاتدا بزوتنەوەیەکی نەتەوەیین. چارەنوسی گەلی کورد ئەمڕۆ بە گشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیاری دەکرێت. چارەنوسی هەموو بەشەکانی کوردستان بەیەکتر بەستراوەتەوە. مادام هەموو هێزەکان و دەوڵەتەکانی ناوچە دەیانهەوێ ڕۆڵێکی بەرفراوانی هەرێمی ببینن، ئەوە مافی ئێمەشە کە سیاسەتی هەرێمیمان هەبێت و بەو پێیە تێکۆشان بکەین. لە کاتێکدا کە کۆماری ئیسلامی لە سوریادا یارمەتی مانەوەی ڕژیمی دیکتاتۆری سوریا دەکات، زۆر ئاساییە کە ئێمە بەهەموو هێزمانەوە پشتیوانی لە گەلی ڕۆژئاوای کوردستان بکەین.

شەڕی تایبەت لەژی پژاک بەڕێوە دەبرێ

لە کاتێکدا کە سەدەیەک تێکۆشانی گەلەکەمان قوربانی هاوکاری نێوان دوو دەوڵەتی ئێران و تورکیا بووە، بەتایبەت لەساڵی 2006 بەدواوە هەردوو دەوڵەتی ئێران و تورکیا سیستەمێکی شەڕی تایبەتیان لەدژی پارتیمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دامەزراند کە هەموو ڕەهەندەکانی سەربازی، ڕاگەیاندن، سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتی لەخۆ دەگرت. بێجگە لەوەی کە بەسەدان هاوڵاتی کورد، بەدەیان کادر و ئەندامی پارتیمان و بەتایبەت چەندین ئەندامی بەڕێوەبەرایەتی پارتیمان لەو قۆناغەدا شەهید بوون، شەڕێکی گەورەی ڕاگەیاندنی و دەرونی بۆ ڕەشکردنی سیمای تێکۆشانی ئازادیخوازیمان بەبەرفراوانی بەڕێوەچوو. شەڕی قەندیل خۆی بەشێک لە هاوکاری نێوان ئەو دوو دەوڵەتە بۆ لەناوبەردنی بزوتنەوەکەمان بوو. ئێستا کە تێکۆشانی ئازادی گەلەکەمان لە باکوری کوردستان مۆدێلی داگیرکەری کۆماری تورکیا کە بەردەوام لە هەوڵدان لەدژی ئازادیخوازی گەلەکەمان لەهەموو بەشەکانی کوردستان بووە تێکدەروخێنێت، ئێمە تێکۆشانی گەلەکەمان لە باکوری کوردستان لەدژی ئەم مۆدێلە بە تێکۆشانی خۆمان دەزانین. هەمان هەڵوێستمان سەبارەت بە دەستکەوتی گەلەکەمان لە باشووری کوردستان و پاراستنی ئەو دەستکەوتە و بەهێزترکردن و دێموکراتیزەبونەکەی دەردەبڕین. بەو ڕوانگە و بەو هێزەوە ئامادەیی خۆمان بۆ بەشداری بەهێز لە میسیۆنگێڕان و ڕۆڵبینینی گەلی کورد بۆ ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی دێموکراتیک ڕادەگەیەنین.

سیاسەتمان لە ئاستی ئێران و هەڵبژاردنەکانی داهاتوو

لە ئاستی ئێراندا سیاسەتمان لەسەر ئەساسی گۆڕانکاری دێموکراتیکە. لەوە دواوە ئەگەر شۆڕش و گۆڕانکارییەک ڕوو بدات، هێزێکی دێموکراتیکی ڕاستەقینە هەبێ، لە کورستان وەدی دێت. ئێمە باش دەزانین کە گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئێراندا دەگەنە ئەنجام. دواین مەنزڵگای گۆڕانکارییەکان ئێران دەبێ. لەبەرامبەر ئەو گۆڕانکاریانە و ئەو قۆناغەی کە گەلی کورد دەستیپێکردووە، واتا قۆناغی ئاشتی و چارەسەری دێموکراتیک، قۆناغی ڕۆڵ بینین، قۆناغی گۆڕانکاری سازکردن لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و قۆناغی تێپەڕکردنی دەوڵەت-نەتەودا، کۆماری ئیسلامی دوو ڕێگای لەبەردەم دایە. یا ئەوەتا گۆڕانکاری قەبوڵ دەکات و بۆ ئەوە هەنگاو دەنێتەوە، یان مەحکومی تێکچوونە.

لە ئێران هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری لە ئارادایە. سیاسەتمان بایکۆتکردنێکی کلاسیک نابێ. زیاتر لەوەی کە چ کەسێک یان چ لایەنێک دێتە سەر دەسەڵات، بۆ ئێمە گرینگ ئەوەیە کە دەوڵەتی ئێران چ ستراتیژییەک لەبەرامبەر کێشەی دێموکراسی، کێشەی ئێران و بەتایبەتی پرسی کورد دوای هەڵبژاردن دەگرێتە بەر و چ هەنگاوێک لەو پێناوەدا دەنێتەوە. ئایا دیسان ڕێبازەکانی سەرکوتکاری کلاسیک بەسەر دەکاتەوە یان گۆڕانکاری پێکدێنێت. ئێمە وەک پژاک بۆ هەردوو بوار ئامادەین. هەم بۆ شەڕ و هەم بۆ ئاشتی ئامادەین. ئێمە خوازیاری گۆڕانکاری دێموکراتیکین، بەڵام دێموکراسی بە ناسینی ناسنامە و ئیرادە پێک دێت. بەڵام ئەگەر هەر هێزێک بیهەوێ ئیرادەی گەلەکەمان تێکبشکێنێ، ئەو کات ڕووبەڕووی بەرخۆدانی ئێمە دەبێتەوە. لەو بوارەوە ستراتیژی پاراستنی ڕەوامان هەیە و شەڕی قەندیلیش ئەوەی بۆ هەموو لایەک سەلماند.

لە ماکۆ تاکو لۆرستان گەریلامان بەجێ کردووە

نابێ کۆماری ئیسلامی ئێران حسابی هەڵە لەسەر ئێمە بکات. ئێمە ئەوە ڕادەگەیەنین کە لە ماکۆ تا لۆرستان گەریلامان هەیە. ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئێران بیهەوێ شەڕێک بەسەر پژاک داسەپێنێ، ئەوە بەواتای نەوعێک لە خۆکوژی دێت بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران. ئەگەر ئەو کارە بکات، جارێکی تر تەجروبەی قەندیل زۆر قورستر بۆی دوپات دەبێتەوە.

سیاسەتمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر ئەو بنچینەیە کە هێز و ئیرادەی گەلی کورد یەکبخەین و گەلی کورد بە ناسنامە و هێزی خۆی بەشدارییەکی دێموکراتیانەی لە هەموو بوارەکانی ژیاندا هەبێت. ئەوەش ڕێبازی خۆی هەیە. بەشداربوونی دێموکراتیک ئەوە نییە کە ئێمە چاوەڕوانی ئەوە بین کە هەندێ هێز و لایەنی ئێرانی قبوڵمان بکەن یان نەکەن، یان ئەوەی کە چاوەڕوانی ئەوەمان هەبێت کە لەسەر ئەو خوانەی کە بەناوی گۆڕانکاری لەداهاتووی ئێراندا بۆ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی پانکراوەتەوە شتێکمان دەستکەوێت.

گەورەترین تێکۆشانی دێموکراسی لەناو خۆی ئێراندا گەلی ئێمە بەڕێوەی دەبات. گەورەترین زوڵم ڕوبەڕووی ئێمە دەبێتەوە، زۆرترین ئێعدامە سیاسییەکان لەسەر گەلی کورد پەیڕەو دەکرێت. هەربۆیە گەلی کورد شوێن و پێگەی تایبەتی خۆی هەیە. هیچ هێزێک بەقەدەر گەلی کورد هێزی خۆبەرێکخستنکردنی نییە لەناو ئێراندا. ئێمە ئامادەی دیالۆگ و پەیوەندی لەگەڵ هەر هێزێکین بۆ گۆڕانکاری دێموکراتیک و چارەسەری کێشەکان لە ئێراندا، بەڵام هیچ شەرتێکی نادێموکراتیک قەبوڵ ناکەین. ناچینە ژێر هیچ چەترێکی نادێموکراتیک کە ئیرادە و ناسنامەی گەلەکەمان قەبوڵ نەکات. نەدیتنی ئیرادەی بزوتنەوەمان و نەبوونی هەڵوێست و زهنییەتێکی دێموکراتیک لەبەرامبەر ناسنامە و مافی گەلەکەمان بۆتە هۆی سەرنەکەوتنی هەموو هەوڵەکانی ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوە. لەو چوارچێوەیەدا ئەو هەوڵانەی کە لە زینجیرە کۆنفڕانسەکانی کە لەژێر ناوی دێموکراسی بۆ ئێران لە وڵاتانی ئەوروپا بەستران، هەموویان مەحکوم بە شکست بوون و ئیفلاسیان کرد.

یەکیەتی ڕیزەکانی گەل بۆ ئێمە ئەساسە، ئەو ئەحزاب و کەسانەی کە کولتورێکی رەقابەتی سالمی سیاسیان نییە دەرگامان بەڕوویاندا داخراوە

ئێمە بنەمای تێکۆشانمان کۆمەڵگایەکی زیندوو، سیاسی و دێموکراتیکە. داڕشتنی هزری یەکیەتی نەتەوەیی و پێناسەکردنی بەرژەوەندییەکانی باڵای گەلەکەمان لە ناو ئەو کۆمەڵگایە بۆ ئێمە خاڵی هەرە گرینگە. ناتوانین یەکیەتی کۆمەڵگا تەنیا بە یەکیەتی حزبەکانەوە پێناسە بکەین. کۆمەڵگای ئێمە پڕیەتی لە ڕەنگ و ناسنامە و ئاینزای جیاواز. حزبە کوردییەکان کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لەسەر ئەو کۆمەڵگایە فرە ڕەنگییە نییە. تەنانەت زۆر بەشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە کە لە قۆناغی ڕابردوودا تێکۆشانی حزبەکانی نەگەیشتۆتێ، بۆ نمونە هەرێمەکانی کرماشان، ئیلام و لۆڕستان و هەروەها زۆربەی هەرێمی کرمانج نشین. بۆ یەکەمین جار پارتیمان تێکۆشانی نەتەوەیی گەیاندۆتە ئەم هەرێمانە. ئێمە دەمانهەوێ هەموو ئەم ڕەنگانە لەچوارچێوەی کۆمەڵگای دێموکراتیکدا یەکبخەین. ئەوە بۆ ئێمە خاڵێکی سەرەکییە. لەهەمان کاتدا ئەوە بەو واتایە نییە کە هەوڵدانمان بۆ یەکیەتی و دیالۆگ لەگەڵ حزبە کوردییەکان نییە و بەگرینگی نابینین، بەڵکو قۆناغی دیالۆگ و داڕشتنی پەیوەندی دێموکراتیکی نێوان پارتییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانمان دەستپێکردووە. هەوڵ دەدەین لاوازیی و کەموکوڕی نەبوونی دیالۆگ و هەڵسوکەوتی دێموکراتیک لەنێوان پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەهێڵین. لەسەر ئەو بنەمایەش دەگەڵ زۆربەی پارت و لایەنەکان پەیوەندی و دیالۆگمان هەیە. بەڵام ئێمە دەرگامان بەڕووی ئەو ئەحزاب یان ئەو کەسانەی کە کولتورێکی رەقابەتی سالمی سیاسیان نییە و بە ئوسلوبی داگیرکەران لەگەڵ ئێمە هەڵسوکەت دەکەن و لەشەڕی تایبەتی دژبە پارتیمان بەشدارن و لەم قۆناغە گرینگە مێژوویەدا بەدوای وەدەستهێنانی ڕانتی سیاسی و مادییەوەن، بەتەواوی داخراوە. نە گەلی کورد و نە پارتیمان ئەو کەس و لایەنانە قەبوڵ ناکات و تا ئەو کاتەی کە سیاسەت و تێڕوانینەکانیان سەرەڕاست نەکەنەوە، ئامادەی هیچ جۆرە پەیوەندییەک لەگەڵیاندا نین.

ئێمە هەموو ئەو خاڵانە واتا هەوڵدان بۆ گۆڕانکاری دێموکراتیک و بەشداری دێموکراتیانە و ئاشتی و برایەتی گەلان لەناو ئێران و یەکڕیزی کۆمەڵگاکەمان لە چوارچێوەی کۆمەڵگای دێموکراتیک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەروەها ڕۆڵبینین لە تێکۆشانی دێموکراسی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەچوارچێوەی تێکۆشانی گشتی نەتەوەیی کورد لە چوارچێوەی کۆنفدرالیزمی دێموکراتیکدا فۆرمولە دەکەین.

لەم قۆناغەدا بە فەلسەفەی ئازادی ڕێبەرمان و بە پێشەنگایەتی شەهیدانمان، بە قارەمانیەتی و بەرخوەدانی هەڤاڵانمان تێکۆشانی ئازادی و دێموکراسی بەرزتر دەکەینەوە و ئامانجەکانمان پێک دێنین.