بۆ رای گشتی:

مانگی گوڵان لە مێژووی تێکۆشانی پارتی و گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان خاوەن جێگە و پێگەیەکی تایبەتە و مانگی کارەسات و قارەمانیەتیەکانە. لەم مانگەدا لە لایەن داگیرکەران و نەیارانی گەلی کوردەوە بە مەبەستی قڕ کردن و لە ناو بردنی گەلەکەمان و تێکۆشانی ئازادیخوازی گەلەکەمان، کۆمەڵێک هاوپەیمانی نگریس و چەپەڵ هاتۆتە ئاراوە و لە ئەنجام دا، گەلەکەمان و پێشەنگانی تێکۆشانی ئازادی خوازی رووبەرووی قەتڵعام و کارەسات هاتونەتەوە. لەسەرەتای مانگی گولانی ساڵی 2008 و لە رۆژی جیهانی کرێکاران، لە ئەنجامی هاوپەیمانی نێوان دوو گەورە داگیرکەری وڵاتەکەمان واتە رژێمەکانی تورکیا و ئێران و بە هاوکاری ئیستیخباراتی دەوڵەتی ئەمریکا، ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی پارتیمان رووبەرووی هێرشێکی یەگجار بەرفراوانی فرۆکە شەڕکەرەکانی تورکیا و ناوەندە تۆپخانەییەکانی رژێمی ئێران هاتەوە و لە ئەنجام دا شەش کادیری قارەمان و پێشەنگی پارتیمان بە ناوەکانی هەڤاڵ هێرش، هەڤاڵ رامان، هەڤاڵ ئارگەش، هەڤاڵ ئارمانج، هەڤاڵ فورات و هەڤاڵ وەدات شەهید کەوتن. هاوکات لە هەمان ساڵدا لە دەرەنجامی هێرش و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی رژێمی ئێران لە ئەیاڵەتی ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، شەش گەریلای پارتیمان بە ناوەکانی هەڤاڵ نالین، هەڤاڵ باوەر، هەڤاڵ گولزار، هەڤاڵ ژیان، هەڤاڵ خانێ و هەڤاڵ گولیستان قارەمانانەی تەڤڵی کاروانی شەهیدان بوون. مانگی گوڵان شاهیدی شەهادەتی پێنج گەریلای قارەمانی پارتیمانە کە لە هەرێمی داڵاهۆ ، لە ئەنجامی کردەوەی هۆڤانەی رژێم و بەکرێگیراوەکانی، ژەهرخوارد کران. شەهیدان، هەڤاڵ شاهین، هەڤاڵ خۆشمێر، هەڤاڵ حەکیم ، هەڤاڵ زۆزان و هەڤاڵ نوپەلدا، کە لە ساڵی 2010 بۆ پەرەپێدان بە خەبات و تێکۆشان لە هەرێمی کرماشان لە تێکۆشان دا بوون، بەم شێوەیە مۆڕی قارەمانیەتی خۆیان لە تێکۆشانی ئەو هەرێمە دا. هەروەها لە هەمان ساڵ و لە هەمان مانگ دا جەلادانی رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران، چوار بەرخۆدانڤانی راستەقینەی گەلەکەمان و ئەندامانی پارتیمانیان لە بەندیخانەی ئێڤینی تاران لە سێدارەدا. مامۆستای فەرزانەی گەلەکەمان و هەڤاڵی شەهید، هەڤاڵ فەرزاد کەمانگەر، هەڤاڵی شەهید و دلسۆزی گەلەکەمان هەڤاڵ فەرهاد وەکیلی، هەڤاڵی شەهید و فیدایی گەلەکەمان و پێشەنگی تێکۆشانی ئازادی ژن، هەڤاڵ شیرین عەلەم هۆیی، شەهیدی قارەمان و گەریلای پێشەنگی پارتیمان هەڤاڵ عەلی حەیدەرییان، بە قارەمانیەتی و بەرخۆدانی بێ وێنەی خۆیان لە بەرامبەر زوڵم و ستەم و سیاسەتی تەسلیم وەرگرتنی بەندیخانە، سەربەرزانە و لە لوتکەی ئیرادەمەندی دا، بەرەو پلەی بەرزی شەهادەت چوون و بەم شێوەیە مانگی گوڵانیان رازاوەتر کرد.

وەک پارتی ژیانی ئازادی کوردستان لەسەر ناوی سەرجەم کادیران و ئەندامانی رێوەبەری پارتیمانەوە، لە ساڵرۆژی شەهادەتی قارەمانانەی شەهیدانی 9ی گوڵان و لە کەسایەتی ئەواندا سەرجەم شەهیدانی مانگی گوڵان وەبیر دەهێنینەوە و سەری رێز و نەوازیش لە بەردەم قامەتی بەرزی ئەوان دادەنوێنین. ئەم شەهیدە قارەمانانە کە هەر یەک لەوان لە گۆرەپانێک لە خەبات رۆڵی پێشەنگایەتی ئازادیخوازییان بە باشترین و شیاوترین شێوە گێڕا، لە پتەو کردنی تێکۆشان و پەرەپێدان بە خەبات لە بەرامبەر داگیرکاری و سیاسەتی قڕ کردن لە رۆژهەڵاتی کوردستان خاوەن پێگەیەکی تایبەتن. سەرەرای ئەوەی کە داگیرکەران و نەیارانی کورد یان بە هاوپەیمانی و یانیش بە هێرشی درندانە لە هەوڵی تێکشاندنی ئیرادەی بەدیهاتوو و سەردەمیانەی گەلی کورد بوون و هەر چەشنە رێبازێکی دژمرۆڤانەیان بەکار هێنا، بەڵام ئەم شەهیدە بەنرخانەی گەلەکەمان بە هەڵوێست و پیداگریان لەسەر رێبازی شۆرشگێڕی راستەقینە، ئاڵای قارەمانیەتیان لەم بەشەی وەڵات، شەکاوە هێشتەوە و کۆتاییان بە بێ ئیرادەیی و بێ دەنگی هێنا و بوون بە سیمبۆلی ئازادیخوازی و هاوکات یەکیەتی و یەکدەنگیان لە ناو ریزەکانی گەڵدا پەرە پێدا. خاوەنداریەتی شکۆمەندانەی گەلەکەمان لەم شەهیدانە لە هەفتەی قارەمانیەتی دا وڵامێکی ئەرێنی بۆ بانگی یەکدەنگی و ئازادیخوازی ئەم شەهیدانە بوو.

وەک پەژاک جارێکی تر سەرجەم ئەم شەهیدە قارەمانانە وەبیردەهێنینەوە و سوێند و پەیمانی خۆمان بۆ وەڵامدەرەوە بوون بۆ رێبازی ئەوان دووپات دەکەینە و بانگ لەسەرجەم گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و لە هەندەران دەکەین کە لە هەفتەی قارەمانیەتیدا بە مەراسیمی بەرفراوان و شکۆمەندانە ساڵرۆژی شەهادەتی سەرجەم شەهیدانی مانگی گولان بەرز رابگرن و لە پێناو یەکیەتی نەتەوەیی و پتەو کردنی تێکۆشان لەم بەشەی وڵات، پەرە بە خەبات و تێکۆشانی ئازادیخوازی بدەن.

سڵاو و رێزی شۆرشگێری
کۆردیناسیۆنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان
7ی گوڵانی 2013