بە لەبەرچاوگرتنی هەستی بە بەرپرسیارێتیمان لە بەرامبەر گەلانی ئێران و داهاتووی وڵات، لەو قۆناخە هەستیارە مێژووییەدا نوسینی ئەم نامەیە بۆ رای گشتی و ئاراستەکردنی بە کەسی ئێوە، بە گرینگ دەزانین.

ئێران بە هەموو پێشینەی مێژوویی، فرەڕەنگی بەرفراوانی کۆمەڵایەتی و نیشتەجێبوونی زۆرێک لە گەلانی کۆن لەناویدا، پێگەیەکی گەڵێک مەزنی لە کولتوری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە. ئەو گەلانی کە لە پانتایی ئێراندا دەژین، رۆڵێکی بەرچاویان لە پێگەیاند و پەرەپێدانی مرۆڤایەتی هەبووە و لە پێناو شارستانی ئێراندا پێشەنگایەتیان کردوە. بنەمای سەرەکی ئەو قۆناخانەی کە سیاست لە ئێراندا چێکەربووە و ئارامی و پێشکەوتنی لەگەڵدا بووە، راستینەیەک بەناوی پێکەوە ژیانی گەلانی ئێران و رێز لە ئیرادە و کولتووری ئەم گەلانە بووە. لەم چوارچێوەیەدا کۆمەڵێک نمونە لە مێژووی ئێراندا هەبوونی هەیە.

کۆنفیدراسیۆنی ماد- پارس وەک درەوشاوەترینی ئەم نمونانە، یەکێک لە قۆناخەکانی مێژووی ئێران پێکدێنێت. بەیەکەوە ژیانی گەلانی ئێران و یەکێتی مێژوویی ئەوان توانی ئێران وەک وڵاتێکی بەهێز لێبکات نەک دەوڵەتەکانی ناوەندی بەهێز کە بە ناکۆکینانەوە لە نێوان گەلاندا هەوڵیاندەدا دەسەڵاتداری بکەن. بە وردبوونەوە لە ناوەرۆکی ئەو قۆناخانە کە خۆشگوزەرانی (رفاه) و بەختەوەری لەکۆمەڵگادا لە ئارادا بووە، دەردەکەوێت کە سەرنجدان بە بەیەکەوە ژیانی گەلان و لەبەرچاوگرتنی بنەماکانی ئەخلاقی و سیاسی هەبوونی هەبووە. ئەو حکومەتانەی کە ئەم راستینە مێژوویی و سیاسیەیان لەبەرچاو گرتووە و پێویستیەکانیان بەجێ گەیاندوە، توانیویانە کە مەشروعیەتی پێویستی لەناو کۆمەڵگادا بۆخۆیان دەستەبەڕ بکەن. هەر مرۆڤەی کە لە لێگەڕینی راستیدا بێت دەتوانێت بە هاسانی لەمە تێبگات کە نەهێنی پێگەی مەزنی ئێران لە مێژووی هەرێمدا، نەک مەزنی مادی، سوپاسالاری و داگیرکردنی شاهانە بەڵکو بەیەکەوە ژیانی بەدڵخوازی گەلانی ئێران بووە. هەر ئەو گەلانە و بە ئیرادەبوونیان لە پێناو ئافراندنی ژیانی ئازاد و بەرزکردنەوەی کولتورەکانیان بوو کە مێژووی دەخوڵقاند. هەر کاتێک دەسەڵاتدارانی ئێران ئەم راستیەنەیان لەبەرچاو نەگرتبێت ئەو کاتە قەیران، ئاڵۆزی و هێرشی دەرەکی پانتایی ئەم وڵاتەی گرتۆتەوە. ئێران وڵاتی ئەو گەلانە و ئەو هەژمارە زۆر کولتوورەیە کە لە دژی ناوەندگەرایی دەوڵەتەکان لە ناوخۆ و هەم لە دژی هێرشی هێزەکانی دەرەکیدا دەسەڵاتدارییان پەسەند نەکردوە. هەر کام لەو هێزە ناوخۆیی و دەرەکیانە کە ئەم راستینەیان پەسەند کردبێت و سیاسەت و کردەوەکانیان لەسەر ئەم بنەمایە و تایبەتمەندی گەلان دەستنیشان کردبێت، توانیویانە سەرنجی کۆمەڵگاکان و فرەڕەنگی کولتوری ئێران بۆلای خۆیان رابکێشن. هەمەگەری کولتووری ئێران دیاردەیەکی دەرەکی یان دەستکرد نیە کە بە زەخت و یەکدەستکردن بتوانرێت ساز بدرێت، بەڵکو هەمەگەری بە بەشداری و ئامادەبوونی دڵخواز، ئازاد و یەکسانی هەموو گەلانی ئێران رەخساوە. ئەم هەمەگەریە کولتووریە لەسەر بنەمای رێز لە نرخەکانی یەکتر، ئازادی، ئاشتی و دانپێدانانی بەرامبەر شکڵی گرتووە. لەبەر ئەم هۆکارە لە سەرتاسەری مێژووی ئێران، ناتوانرێت نموونەیەک لە شەڕ و پێکدادان لە نێوان گەلاندا بدۆزرێتەوە. ئەوەی روویداوە، تەنیا هەڵگیرساندنی شەڕ لە لایەن هێز و حکومەتەکان بووە. ئەو پێکدادان و ناکۆکیەی کە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا و لەگەڵ دەرکەوتنی دیاردەی نامۆ لەگەڵ راستینەی مێژووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێران واتە دەوڵەت- نەتەوە، هاتۆتە ئاراوە. ئەم دیاردەیە، راستینەیەک بە گشتی ناکۆک و ناتەبا لەگەڵ بنەمای بەیەکەوە ژیانی گەلانە. دەرئەنجامەکەشی کۆمەڵکوژی کولتووری و جەستەیی گەلان و تراژیدیاگەلێکە کە لاوازی هەمەگەری کولتووری ئێرانی لێکەوتۆتەوە. فەرمیکردنی یەک کولتوور و دەسەڵاتدارکردنی یەک نەتەوەی تایبەت و پەراوێزکردنی ئەوانیتر نەک تەنیا بەهێزبوونی ئێرانی لێنەکەوتۆتەوە بەڵکو قەڵشتی کۆمەڵایەتی، بێمتمانەیی و نەهامەتیگەلێکی زۆری بۆ خەڵکانی ئەم وڵاتە هێناوە. بۆ نمونە دەتوانرێت ئاماژە بە رەوشی گەلی کورد لە ئێراندا بکرێت. ئەم گەلە بەردەوام پێداگری لەسەر پاراستنی ناسنامەی زاتی خۆی و پێداگری لە بەشداری راستەوخۆ لە رێوەبەری بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردوە و لە هەمان چوارچێوەدا بە تێڕوانینێکی ئەرێنیەوە تەماشای ناسنامەی ئێرانی کردوە. ئەگەر ئاوها نەبوایە گەلی کورد شانبەشانی گەلانی ئیران لە بەلوچ، ئازەری و عەرەبەوە بگرە هەتا تورکمەن و گیلەک و فارس، لە شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧دا چالاکانە بەشداریان نەدەکرد.

ئەمە لە کاتێکدایە کە لە دوای شۆڕشی ٥٧، بنەما دیموکراتیک و گەلانی بەشداربوو لە شۆڕش، رووبەڕووی سەرکوت و پەرتەوازەکردن کرانەوە. دەبێت پرسیار بکرێت کە بە لەبەرچاوگرتنی پێشینەی مێژووی ئێران، بۆچی دەوڵەمەندی کولتووری و مێژووی گەلانی ئەو هەرێمە هەنووکە وەک مەترسی ئاسایشی تەماشا دەکرێت؟ بێگومان وەک مەترسی نیشاندانی دەوڵەمەندی و توانای فەرهەنگی و سیاسی گەلانی ئێرانە کە زۆرترین خزمەتی بەو کەسانە کردوە کە لە هەوڵی لەناوبردنی ئەم هەمەگەری کولتووری- مێژووییەی گەلانی ئێران و پارچەکردنینە. گەلان لە پێناو بەردوامیدان بە هەبوونیان، هیچ کات لە داواکاریە ئازادیخوازانە و کولتووری خۆیان چاوپۆشی ناکەن، ئەمە بەرپرسیارانی حکومەتن کە پێویستە بە سیاسەتە هەڵە و ناکۆک لەگەڵ راستینەی مێژوویی گەلانی ئێران، بەخۆیاندا بچنەوە و وەچەرخان بکەن. لە تێڕوانینی ئێمەوە، بۆ چارەسەری پرس و کێشە قووڵەکانی هەنووکەیی، تەنیا رێگە هەمان خوێندنەوەی دروستی مێژوو و گەڕانەوە بۆ بنەمای بەیەکەوە ژیانی گەلان و بیستنی دەنگی ئەوانە. لەم قۆناخە لە مێژووی ئێران، وروژاندن و پێکهێنانی پڕۆژەی ئاشتی دەوڵەت لەگەڵ گەلانی ئێران و بە فەرمی ناسینی ئیرادە و مافە رەواکانی هەموو گەلانی ئێرانە کە دەتوانێت جارێکیتر ئێران بۆ پێگەی شیاوی پێشەنگایەتی بۆ شارستانی دیموکراتیک لە ئاست هەرێم و تەنانەت جیهاندا بەرزبکاتەوە.

بە درێژایی چەند دەهەی دوایی، بە شێوەیەکی دوور لە ئینساف و تەنها بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی بەرتەسک و نابەرپرسیارانە سەبارەت بە راستینەی گەلانی ئێران و بەتایبەتی گەلی کورد کە یەکێک لە کۆنترین پێشەنگانی کولتووری ئاریایی لەسەر ئەم خاکەیە، نزیکایەتی ئینکار و ئەمنیەتی دەستەبەڕ کراوە. لە شەرت و مەرجی بەم شێوەدا کە هەڵهێنانەوەی هەنگاوگەلێک لە پێناوی چارەسەری پرسی گەلان گەلێک دژوار بوو، وەک پەژاک بە هەموو هێز و توانای خۆمان کۆمەڵێک پڕۆژە و بیرۆکەی دیموکراتیک لە پێناو چارەسەری پرسی کورد و گەلانیتری ئێرانمان پێشکەش کرد. لەم چوارچێوەیەدا، بەردوام داوامان کردوە کە کاربەدەستانی سیستەم بە بەرپرسیاریەوە لەبەرامبەر رەوشی هەنووکەیی ناوخۆ و دەرەکی هەڵسوکەوت بکەن. ئەم هەنگاوە بەرپرسیارانەمان وەک رێبازێکی دیموکراتیک لە پێناو تێپەڕاندنی ئەو مەترسیانە پێشکەشکردوە کە روبەرووی وڵات و گەلان دەبنەوە. لە بەرامبەر ئەم نزیکایەتی چارەسەریخوازانەدا و هاوتەریب لەگەڵ ناخی مێژوویی گەلانی ئێران، وەڵامێک کە لە لایەن سیستەم و لە ژێر بەرپرسیارێتی ئێوە دراوەتەوە، تێڕوانینی ئەمنیەتی، زەخت، هەڵاواردن و قەدەخە و پێداگری لەسەر ئینکارگەرایی بووە.

بۆ گەلی کورد کە بەردی بناخەی کولتوور و مێژووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی ئێرانە، (داواکاری ئازادی کولتووری، شوناس، ئەتنیکی و بەشداری یەکسانی سیاسی و دیموکراتیک لە پەنای گەلانیتری ئێران لە پێناو دەستنیشانکردنی چارەی هاوبەشی خۆیی) مژارێکی حاشا هەڵنەگر و بنەمای گشت تێکۆشانەکانی ئەم گەلەیە. لەبەر ئەوەیکە ئەم داواکاریانە، کۆڵەکەگەلی پاراستنی هەبوونی گەلی کورد و بنیاندنانی ژیانی ئازاد و شەرافەتمەندانەیە. بە درێژایی زیاتر لە سێ دەهەی رابردوو، هیچ یەک لە سەلیقە و نزیکایەتیەکانی سیاسی هەیی لە بەدەنەی سیستەم نەیانتوانیوە لە راستینەی ئەم داواکاریانە تێبگەن و بیانکەنە بنەمای بەرنامەی کاری خۆیان. هەنووکە کە ئێوە بەو سیاسەتەی کە لە پەیوەندی لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری و مژارە قەیراناویەکانیتری وڵات، دەستەبەڕتان کردوە، وەک دەوترێت سیستەمتان یەکدەستکردوە و خۆتان کردوە بە موخاتەب و بەرپرسیاری روبەڕووبونەوە لەگەڵ ئەم پرسانە، بەو پێیە چ بەرنامەیەکتان بۆ وەڵامدانەوەی ئەم داواکاریانە هەیە؟ لە کاتێکدا کە داواکاریە رەواکانی گەلان و بەتایبەت گەلی کورد لە داڕشتنی سیاسەت و بەرنامەکانی حکومەتی هیچ جێگەیەکی بۆ تەرخان نەکراوە و تەنانەت رووبەڕووی سەرکووت بۆتەوە. داواکاری بەشداری لە (خۆڕاگری و دلێری سیاسی) کە ئێوە داواتان کردوە چەندە رێئالیستە؟ پێویستە کە ئێوە وەک موخاتەبی ئەم پرسانە و بە لەبەرچاوگرتنی گرینگی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری خولی یانزدەهەمین، بەرنامە و هەڵوێستی خۆتان لە پەیوەندی لەگەڵ داواکاری گەلان ئاشکرا بکەن و ئەو ئەرک و بەرپرسیارێتیەی کە راستینەی مێژوویی و هەنووکەیی ئێران و گەلان لەسەر شانی لایەنەکانی ئەم پرسە دادەنێن، پێکی بێنن. ئێمە وەک پەژاک لە بنەماگرتنی هێڵی بەیەکەوە ژیانی گەلان لە هەرێم و لە پێناو بەرەوپێشبردنی دیموکراتیزەکردن لە ئێران و وەدیهێنانی مافی گەلی کورد و گەلانیتری هەتاکوو ئێستاکە, تێکۆشان و خەباتی بەرفراوانمان بەڕێوەبردوە، نرخی مەعنەوی زۆرمان داوە و لە ئەوپەڕی باوەڕبەخۆبوونەوە لەسەر چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد پێداگری دەکەین.

ئێران نەک تەنیا بەرەو هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری دەچێت بەڵکو بەرەو هەڵبژاردنێکی ستراتێژیک و چارەنووسساز دەڕوات. بەرپرسیارێتی شێوەی هەڵسوکەوتێک کە گەلان لەم قۆناخە و لە پەیوەندی لەگەڵ پرسەکانیان نیشانی بدەن، لە ئەستۆی ئێوەیە. بەردەوامی سیاسەتەکانی رابردوو نەتەنیا گۆشەگیری ئێران لە ئاستی دەرەکی لەگەڵ خۆیدا دێنێت، بەڵکو دەبێتە هۆی گۆشەگیری حکومەت لە ناو گەلانی ئێرانیشدا. روونەکردن و دەستەبەڕنەکردنی هەڵوێستی ئاشکرا و چارەساز، دەبێتە هۆی ئەوەیکە تێکۆشانی گەلانی ئێران بەردەوام بێت و ئەمەش ئەوان بەرەو هەڵبژاردنیتر راکێش دەکات. تەماشاکردنێک لەو گۆڕانکایانەی کە لە هەریم لە چواردەوری پرسی کورد دێنە ئاراوە، نیشان دەدەن کە لە ئەنجامی تێکۆشانی بەرزی گەلی کورد، سیاسەتی دژەکورد شکستی هێناوە. تەنیا دەوڵەتێک کە هەنووکە لەسەر چارەسەرنەکردنی پرسی کورد پێداگری دەکات، سیستەمی دەسەڵاتدار لە ئێرانە. لە کاتێکدا سەدەی بیست و یەکەم ئیتر نزیکایەتی سەرکوتکەر لە دژی گەلان پەسەند ناکات. سیاسەتی ئینکارکردنی کۆماری ئیسلامی لە پەیوەندی لەگەڵ کورداندا، تەنیا قووڵبوونەوەی پرسەکانی هەیی لێدەکەوێتەوە. بە لەبەرچاوگرتنی راستیەکانی مێژوویی و کولتووری ئێران، چاوەڕوان دەکرا کە ئێران بە گوێرەی وڵاتانیتر لە پرسی کورد و کرانەوەی دیموکراتیکدا دەستپێشخەر بووبا. بە سەرنجدان بە هەستیاری زۆرلە رەوشی هەنووکەیی ئێران، بە پێویستی دەزانین کە هەڵوێستی ئاشکرای خۆتان لە پەیوەندی لەگەڵ پرسی کورد رابگەیێنن. هەڵوێست و هەنگاوە کردەوەییەکانی ئێوە لەم قۆناخە هەستیارە مێژووییەدا، نیشان دەدات کە سیستەمی کۆماری ئیسلامی کام رێگە هەڵدەبژێرێت.

 

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – PJAK
31.05.2013