بۆ رای گشتی

هەروەك دەزانرێت لە لایەن رژیمی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، لە رێكەوتی 14/6/2013 هەڵبژاردنی خولی یازدەهەمینی سەرۆك كۆماری بەرێوە دەچێت. وەك پارتی ژیانی ئازادی كوردستان لە رێكەوتی 5/4/2013 ـەوە هەتا ئێستا بە لێدوانی جیاجیا سەبارەت بە گرینگی ئەم خولە لە هەڵبژاردن و چۆنیەتی مامەڵە كردنی رژیم لە بەرامبەر پرسە ناوخۆیی و دەرەكیەكان، بیر و بۆچوونەكانمان بۆ رای گشتی ئاشكرا كرد. بەتایبەت لە لێدوانەكانماندا، داوامان لە پاڵێوراوانی ئەم هەڵبژاردنە و كاربەدەستانی باڵای حكوومەت كرد كە سەبارەت بە پرسی كورد و گەلان و ناسنامە جیاوازەكانی ناو ئێران هەڵوێست و پلانی خۆیان ئاشكرا بكەن تا بەم پێیە گەلی كورد شێوازی بەشدار بوونی خۆی لەم هەڵبژاردنەدا دەستنیشان بكات. بەڵام بە پێی ئەو بەدواداچوون و لێكۆڵینەوانەی پارتیمان بە باشی ئاشكرا بوو كە لەم خولەی هەڵبژاردنیشدا، وەك خولەكانی رابردووی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری، نە لە لایەن كاربەدەستانی باڵای حكوومەتەوە و نە لە لایەن پاڵێوراوانی بەشدار لە هەڵبژاردن، سەبارەت بە پرسی كورد و پرسی دیمۆكراسی لە ئێران، هیچ چەشنە پرۆژەیەك بۆ چارەسەری لە ئارادانیە و تەنانەت ئەو هەڵوێستانەی كە نیشان دەدرێن، وەڵامی ویست و داخوازییەكانی گەلان و بەتایبەت گەلی كورد ناداتەوە.

بێگومان بێ هەڵوێستی و بێ پلانی بۆ چارەسەری كێشەكان، بەواتای پێداگری لە هەڵوێست و سیاسەتەكانی رژیم سەبارەت بە گەلی كورد و گەلانی تری ئێران دێت و لە رەوشێكی وەها دا بەشداری لە هەڵبژاردندا، بەتایبەت بۆ گەلی كورد، هەڵگری هیچ چەشنە واتایەكی پۆزێتیڤ نیە. بۆیە وەك پارتی ژیانی ئازادی كوردستان بەم هۆكارانەی كە لەسەرەوە باسمان لێوە كرد، یازدەهەمین خوڵی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری بایكۆت دەكەین و بانگ لە سەرجەم گەلەكەمان دەكەین كە لەم هەڵبژاردنەدا، دەنگی خۆیان بۆ سەرۆك كۆماری داهاتووی ئێران بە كار نەهێنن.

كۆردیناسیۆنی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان PJAK
06.06.2013