لە رۆژانی رابردوودا شەپۆڵێک لە شەڕی راگەیاندنی لە لایەن هیندێک لایەنەوە لەناو تۆڕەکۆمەڵایەتی و ماڵپەڕەوە دەستی پێکردوە. ئاستی ئەم شەڕە راگەیاندنیە لە وەها ئاستێکدایە کە خزمەت بە ئاستی رۆشنبیری کۆمەڵگا ناکات و گەورەترین زیان بە یەکڕیزەیی و تەبایی ناو کۆمەڵگای کورد دەگەیێنێت.

لە هەمانکاتدا هەبوونی پێوانەی ئەخلاقی- سیاسی سەردەمیانە شەرتی سەرەکی راگەیاندنی ساڵمە و تەنها لەسەر ئەو بەستێنەیە کە راگەیاندن دەتوانێت لە خزمەتی کۆمەڵگادا بێت. راگەیاندنێک کە نەتوانێت پەنجەرەنیگایەکی هاوبەش و زیهنیەتێکی هاوبەش لەمەڕ نرخ و بەها و بەرژەوەندیە نەتەوەییەکان لە پێناو بەرزکردنەوەی ئاستی تێکۆشان لە دژی زوڵم و زۆرداری بخوڵقێنێت، خاوەن نرخ نیە و لە بەرژەوەندی داگیرکەردایە.

ئەوەیکە هەنووکە هاتۆتە ئاراوە زیاتر لە خزمەتی سیاسەتەکانی داگیرکاری کۆماری ئیسلامی ئێراندایە و راستەوخۆ و ناراستەوخۆ ئامانجەکانی داگیرکاری و پەرتەوازەیی ناو کۆمەڵگای کورد دەپێکێت.

لێرەدا داوا لە هەموو دۆستان، لایەنگران و کەسانی چالاک لە فەزای راگەیاندنی دەکەین کە خۆیان لە نیقاش و دەربڕینی ناسالم دووربگرن و بە بەشداریکردن لەم چەشنە نیقاشانە ئاستی فکری- کەسایەتی خۆیان نەهێنە ئەو ئاستەی کە لە لایەن هیندێک لایەنەوە لە ئارادایە.

بە تایبەتی لە کاتێکدا کە باس لە سازدانی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد دەکرێت، ئەرک و بەرپرسیارێتیەکانی ئێمە وەک پەژاک و دۆستان و لایەنگرانمان زۆر زیاتر لە هیندێک لایەنە.

لە کۆتاییدا داواکارین کە کۆمەڵگای کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان زۆر وشیارانە نزیکی ئەم قۆناخە ببنەوە و بە پتەوکردنی یەکڕیزەیی ناو خۆیان بەرنگاری هەموو هەوڵەکانی بنبڕکردنی ئاشتەوایی نەتەوەیی ببنەوە و لە دژی هەرچەشنە هەوڵدانێک کە زیان دەگەیێنێتە روحی تەبایی و یەکڕیزەیی، خاوەن هەڵوێست بن.

ناوەندی راگەیاندی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – PJAK
30.08.2013