پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لە هەل‌ومەرجێکدا ڕووی کردە مەیدانی تێکۆشان کە هەبوونی نەتەوەیی و ناسنامەی گەلی کورد بەهەموو شێوازێک لە ژێر گوشار و مەترسی لەناوچووندا بوو. هێزێکی سیاسی کە پێشەنگایەتی فکری، بۆ بەخشینی هیواو ورەی تێکۆشان لە دژی سیستەمی داگیرکاری سەر‌گەلی کوردی کردبایە، لە رۆژهەڵاتی کوردستان نەمابوو. بەتایبەتی بە هۆی نەبوونی ڕێبازی پاراستنی ڕەوا، گەل بە هەموو نرخە پیرۆزەکانیەوە لە ژێر هێرش، بێڕێزی و قڕ کردن دابوو. لەبەر ئەوەش دەرکەوتنی پژاک لە وەها دۆخێکدا پێویستییەکی سەردەمانە بوو.

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان کە خاوەن ئەندێشەیەکی نوێیە بۆ خەبات، لە درێژەی تێکۆشانیدا بوو بە سەنگەرێکی پتەو لە رۆژهەڵاتی کوردستان و گۆڕانکاری بنەڕەتی لەهەموو بوارێکدا پێکهێنا و بوو بە هێزی ۆڵامدەرەوەی کێشەکان. سەرەڕای هەموو گوشارەکان، زیندانی کردن، ئەشکەنجەو لە سێدارەدانی کادیڕان و هەروەها هێرشی لەشکەری سوپای پاسداران، پارتیمان تێکۆشانی خۆی بەرزتر کردەوەو سەلماندی کە بە هیچ شێوازێک دەستهەڵگری خەباتی دیمۆکڕاتیک و ئازادیخۆازانە نابێت.

کۆماری ئیسلامی ئێران پێی وابوو دەتوانێ بە هێرشی لەشکەری گەلی کورد تەسلیم بگرێت و تێکۆشانی ڕەوای گەلەکەمان، کە بە پێشەنگایەتی پژاک بەڕێوەدەچێت بنبڕ بکات و کۆتایی پێ‌بهێنێ‌. بەو ئامانجە، ساڵی 2011 هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر چیاکانی قەندیل. بەڵام رۆڵەکانی گەلی کورد کە لە ڕیزی خەباتی پژاک و گریلاکانی هێزی رۆژهەڵاتی کوردستان (HRK) دا تێکۆشانیان دەکرد، بە بەرخۆدانی بێ وێنەیان حەماسەی قەندیلیان ئافراند. کە لە راستیدا سەرکەوتنێکی نەتەوەییەو بوژێنەوەی سەردەمێکی نوێیە لە خەباتی گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا.

سەرچاوەی سەرکەوتنی پژاک لە شەڕی قەندیل، باوەڕمەندی بە فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ، پشتیوانی هەمەلایەنەی گەلەکەمان لە هەر چۆار پارچەی کوردستان و خۆڕاگری گریلاکانمانە بە پێشەنگایەتی فەرماندەی قارەمان شەهید سمکۆ سەرهەڵدان.

شەهید سمکۆ بە تێگەیشتن لە چەمکی نوێی فەرماندارێتی و ناسینی لەبواری مێژوویی و واتاییدا، هەوڵیدا بۆ پیادە کردن و دامەزراندنی هێلی تازەی رێوەبەری و فەرماندارێـتیەکی کارامە و هەڵکەوتوانە و پێشکەوتوو. سات بە ساتی ژیانی شەهید سمکۆ بۆ کادیران و هەروەها گەلەکەمان وانەی سەرکەوتنە. بێ‌ گومان بناغەدانەری خەتی فەرماندارێتی نوێیە لە رۆژهەڵاتی کوردستان. بە تێپەڕاندنی عەقلییەتی کۆنی فەرماندارێتی و وەدەست خستنی ئەندێشەیەکی نوێ و تێکەل کردنی لەگەڵ رۆحی هەڤاڵێتی و لەخۆبووردویی و فیدایی بوون و هەروەها ئاوێتەکردنی لەتەک ئەخلاق و پێوانی شۆڕشگێڕی، ئاسۆیەکی تازەی لە پێش چاوی گەل و گەریلا کردەوە.

بە دڵنیاییەوە دەکرێ بێژین کە شەهید سمکۆ توانی بە شێوازێکی هونەری تێکۆشان، جەنگاوەری و فەرماندارێتی بەڕێوەبەرێت. دەست ئاواڵەیی لە بواری نیزامی لە لایەکەوە و پێداگری و سوور بوون لەسەر پێوان، پرەنسیپ، ئامانج و نرخەکان لە لایەکی دیکەوە، شەهید سمکۆی کردووە بە نموونەیەکی بەرز بۆ خەتی خۆڕاگری لە کوردستاندا. جێگای ئاماژەیە کە زیاترین تێکۆشانی بۆ ئەوە بوو تا بەهرەمەندی خۆی لە بواری نیزامی و ئەخلاقی شۆڕشگێڕی بکاتە ماڵی گشتی و لەو رێبازەوە بتوانێ ئاستی خوڕێوەبەری و فەرماندەبوون بەرز بکاتەوە و لەیەکدەستی و یەک رهەندی دەریبخات. لەبەر ئەوەش نە تەنێ فەرماندار بەڵکوو وەک مامۆستایەکی پەروەردەیە کە هەموو ساتەکانی ژیانی بە پەروەردە کردنی هەڤاڵانی بۆ تێگەیشتن و قووڵبوونەوە لە ژیانێکی ئازاد تەرخان کرد. موڕاڵ و مەعنەویاتی دەبەخشی بە هەر کەسێک. ئەو تایبەتمندیانە ئەوی کردە پێشەنگی خوڵقاندنی حەماسەی قەندیل. فەرماندەی هێژا شەهید سمکۆ تا کاتی شەهادەتی لە ڕێکەوتی 04/09/2011 تۆانی شانبەشانی هەڤاڵانی (ساریا، عەگید سنە، زەردەشت، بەرفین، شاهان، ئەویندار، عەگید مەهاباد، سەردار، سەبری، بۆتان گۆیی، رووبار، بۆتان، رۆژهات، رێباز، تێکۆشەر، هەڵگورد، گیڤارا، سەرخۆبوون، سەرهەڵدان، فاروق، ئەرداڵ و عەگید) پارێزگاری لە گەلەکەمان و ئەو نرخ و دەستکەوتانە بکات کە بە تێکۆشانی پژاک وەدیهاتووە.

رەهەندێکی دیکەی حەماسەی قەندیل، خۆڕاگری و قارەمانێتی هەڤاڵانی ژنە. پێداگری لەسەر رەوتی مێژوویی بەرخۆدانی ژن لە حەماسەی قەندیلدا، خەتی تێکۆشانی راستەقینەی رامانی ژنی ئازادی بە داگیرکەران سەلماند. وە ئەستۆ گرتنی ئەرکی پاراستنی دڵی کوردستان، قەندیلی سەربەرز نیشان لە ئامادەیی و ئیرادەی سەربەخۆی ژنە. شەهیدان بەرفین، ساریا و ئەویندار لە ئەنجامی ئەم خۆڕاگرییەدا بوونەتە رەمزی سەرکەوتن و پێشەنگایەتی ژیانی ئازاد.

ئێمە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان پژاک، لە ساڵوەگەڕی شەهید بوونی فەرمانداری مەزن (سمکۆ سەرهەڵدان) جارێکیتر بەڵێن و سۆزی خۆمان لە پێناو بەرز راگرتنی حەماسەی قەندیل و درێژەپێدان بە رێبازی پیرۆزی شەهیدانی ئەو حەماسەیە و هەموو شەهیدانی رێگای ئازادی کوردستان، دووپات دەکەینەوە و هەتا وەدیهاتنی هەموو خەیاڵ و ئاواتەکانیان فیداکارانە تێکۆشانمان بەردەوام دەکەین.

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – PJAK
03.09.2013