ئاریۆ به‌رزه‌ن

دە كاتژمێر بوو كە كۆتمان بەردەوام نەعرەتەی بوو. هەموو جەستەی ئاگر بوو، بەڵام هەستی بە سووتان نەدەكرد. سوپا و بەكرێگیراوانی دەستە دەستە نوقم لەناو زەلكاوی غەنیمەت و فەتحدا.

ئەوەی كە لەناو كڵپەی ئاگر و بارانی ئاسن و قوڕقوشمی رووتدا مەچەكی هەڤاڵانی لەیەك توندتر دەكرد، خۆشەویستی خاك و نیشتمان و پابەند بوون بە رێبازی شەهیدان و رۆحێك بوو كە لە جەستەی هەموو هەڤاڵاندا وەك تەوژمی تین ئەگەڕا. ئەویش رۆحی بەرزی هەڤاڵێتیە.

سەنگەر و چیا و هەڤاڵ و چەك هەموویان رەنگی یەك وشەن، شان لە شان و پشت لە چیا و چەك لە ئەستۆ نابێتەوە و برین، برین هەتوان دەكا. كارامەترین چەكی دوژمن ناتوانێ بۆ ساتێك لەیەكیان جیا بكاتەوە.

بە یەكەوە هەوا و تۆز هەڵدەمژن، بەیەكەوە نان و ئاونگی ناوچاون ئەكەن بە پێخۆر، بەیەكەوە سەنگەر بە سەنگەر بەرد بە بەرد دایدەنێن. هەرچی هێرش توندتر، مەودای نێوانیان كەمتر, فەرمانداری ئەم بەرخۆدانە شەهید سمكۆیە.

یەكێك لە وەرزی بەرخۆدان، پاراوتر لە هاژەی چەم، رەنگێك لە روخساری هەرچوار پارچە و بەژنێك بڵند وەكوو هیوا. پەیكەرەیەك لە ورە. هەناسەی بانە و هاوشانی ئاربابا. نازانی ئاربابا چەندە پێی بەرزە دەماخ بوو. ئاخر ئەو لە ئاوێنەی چاوەكانی فەرمانداردا خۆی دووپات دەكردەوە و شانازی بەوە دەكرد كە فەرماندار توانیوێتی مەودای ئەو و قەندیل پڕكاتەوە.

 

چۆن لە ماكۆ تاكوو شاهۆ وا شلێرە سەرنەوین
چاو بە فرمێسك و دەروون هەش، دڵ خەمین
خەم تەوژمێتی، چەمەرچۆپی ئەگێڕن دار و گوڵ
چۆن چیا رەشپۆش و تەمبارە رەوەز ئەگری بە كوڵ
سەر كەساس، ئۆخەی لە ناخمانا ونە، دڵَ بێ‌قەرار
پڕ بە دڵ هاوار ئەكەم هاوار ئەكەم كوا شەنگەسوار
نیشتمان بوو تاكە زێدت سەنگەرت جێژوانگە بوو
بۆ چەكت بێ‌دەنگ و ماتە، كاتی رامووسان نەبوو
كورژن ئەكا ئەسپی چیا، زینی رنووی بەفری سپی
چاوەڕێی شوڕەسوارە باژوێ، تەم بتارێنێ‌ و كپی
ترپە ترپی یادی تۆ لەنگیزە بارانی ئەوین
رۆح و گیان پاراو ئەكا هەتوانە بۆ دەرد و برین
دوا برینت بە بزەی سوور گڕ لە ئاسۆ بەردەدا
تاكوو كاروانی نەبەزمان قەت لە ڕێگە لانەدا
گەرچی سمكۆ ئێستە سیمات باوەشێن ناكا شنە
رۆحی بەرزت هەردەمێ پێشەنگی هەڵمەت بردنە