بۆ رای گشتی

سەرەتا وەک پارتی ژیانی ئازادی كوردستان پەژاک، بە بۆنەی شەهید بوونی چالاکی سیاسی كورد شێركۆ مەعارفی كە رۆژی رابردوو وێڕای خۆڕاگری قارەمانانە لە زیندانی رژیمی كۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری سەقز لە سێدارەدرا، سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی مەعارفی و سەرجەم گەلی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەكەین. هەروەها ئەم كردەوە دژە مرۆڤانەیەی كۆماری ئیسلامی ئێران مەحكووم و شەرمەزار دەكەین.

هەروەک لە لێدوانەكانی پێشوودا ئاماژەمان پێكردبوو، ئەم شەپۆلی هێرشانە كە لە لایەن كۆماری ئێسلامی ئێران و دەوڵەتی نوێوە دەستی پێكردووە، دژ بە هەموو گەلانی ئێران و بەتایبەت گەلی كوردە. واتە ئەم هێراشانە تەنها لە دژی پارت و رێكخراوێكی سیاسی نیە و هەموو پارت و رێكخراوەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەبێ‌ لە بەرامبەری ئەم هێرشانە هەستیار و خاوەن هەڵوێست بن. هەروەها داوا لە گەلەكەمان لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەكەین كە وەك هەمیشە خاوەندارێتی لە نرخە پیرۆزەكانی بكات. لە كۆتاییدا سەرجەم شەهیدانی خەباتی ئازادیخوازی كوردستان وەبیردێنینەوە و بەڵێنی خۆمان بۆ درێژەپێدانی رێگایان دووبارە دەكەینەوە.

كوردیناسیۆنی پارتی ژیان ئازادی كوردستان – PJAK
05.11.2013