بە بۆنەی ساڵرۆژی 25ی مژدار(نوامبر)، سەرەتا تێكۆشانی خوشكانی میرابال خەڵكی ئەیالەتی دۆمینیكەن لە ساڵی 1960دا بەرامبەر بە دیكتاتۆری كۆماری دۆمینیكەن وەبیر دێنینەوە. هەروەها تێكۆشانی ئازادیخوازی لە مێژینەی ژنان هەتا ئەمڕۆ، بەرانبەر بە عەقلییەتی رەگەزپەرست و پیاوسالارانە كە لە هەموو جیهاندا بەڕێوەچووە و دەچێت، سڵاو دەكەین. لە هەر چوار بەشی وڵاتمان، بەتایبەت رۆژئاوای كوردستان ژنان لە ناو گەرما‌وگەرمی شۆڕشدان و تێكۆشانێكی بێ وچان بۆ گەیشتن بە ژیانێكی ئازاد بەڕێوەدەبەن. ژنانی ئازادیخواز كە بۆ وەدەست خستنی مافی رەوا و ژیانێكی ئازاد شەهید بوون، هەموو دایكانی ئاشتی، دایكی شەهیدان و بنەماڵەی بەڕێزیان سڵاو دەكەین.

بە ساڵانە كە تێكۆشانی ئازادی ژنان بەڕێوەدەچێت، ئەمڕۆكەش لە ئاستی زۆر بەرزدا ئەم هەوڵدان و تێكۆشانە بەردەوامە. لە هەر چوار بەشی كوردستانیشدا بە پێشەنگایەتی بزاڤی ئازادیخوازی ژنان و رێوەبەری رێبەر ئاپۆ ئەم خەباتە ئاستێكی بەرزی پەیدا كردووە. ژنان، سەرەڕای زەخت و قڕكردنی هەمە لایەنە قەت كۆڵیان نەداوە و قۆناغ بە قۆناغ تێكۆشانیان بەگۆڕتر كردووە و نەیانهێشتووە لە گوڕ و تین بكەوێت. لە راستیدا شەهیدانی ئەم تێكۆشانەن كە ئەمڕو و دوێنێی خەبات بە یەكەوە گرێ دەدەن. مسۆگەر دەوڵەتانی دەسەڵاتدار قەت ئەو پێشكەوتنانەیان قەبووڵ نەكردووە و لە گەڵ بەرز بوونەوەی ئاستی تێكۆشانی ژنان، بە شێوازگەلی جیاواز هەوڵیان بۆ سڕینەوەی زهنییەتی ئازادی ئەوان و بە گشتی كۆمەڵگا داوە. ئەمڕۆ لە ئێران و لە رۆژهەڵاتی كوردستانیش ئەم چەشنە سیاسەتی دژە ژنە رووی لە زیادبوونە. لە قۆناغی 35 ساڵەی حكوومەتی كۆماری ئیسلامی و گۆڕانی دەوڵەتەكان، نە تەنیا لە دۆخی ژناندا ئاڵ‌وگۆڕێك درووست نەبوو، بە پێچەوانە دۆخی ژنانی خرابتر و مەترسیدارتر كرد. لە ئەنجامی ئەم سیاسەتانەدا لە ناوخۆی ئێران، رەوشی نالەباری كۆمەڵایەتی و كەسایەتی قووڵ بۆتەوە.

توند و تیژی سیاسی، ئابووری، كۆمەڵایەتی و جەستەیی بە ئامانجی تواندنەوە و چەوساندنەوە لە تەشەنەدایە و دەرفەت بە هەبوونی ژنان نادات و هەوڵ دەدات كە بە تەواوی، مێژوو و فەلسەفەی ژیانێكی ئازاد لە مێشكی ژنان بسڕێتەوە. هاتنە سەركاری دەوڵەتی حەسەن رۆحانی، وەكوو قۆناخەكانی پێشوو نە تەنیا هیچ كاریگەرییەكی لە سەر ئەم دۆخە نەبوو، بەڵكوو گرتن، لەسێدارەدان و ئەشكەنجەی جەوانان و ژنانی كورد، فارس، عەرەب، ئازەری، بەلووچ رووی لە زیادبوونە. دۆخی كەسانی وەك زەینەب جەلالیان، مهدویە گوڵڕو، بەهارە هیدایەت و بە دەیان ژنی دیكە كە تەنانەت بارودۆخی تەندرووستیان باش نییە، نموونەی بەرچاوی سیاسەتی دژە ژنی كۆماری ئیسلامی ئێرانن. موداخیلەی ژیانی ئاسایی ژنان لە رێگای جیاوازەوە تەنانەت جل‌وبەرگی ئەوان و هەروەها بەكارهێنانی ژنان بۆ كاری سیخوڕی و بەكرێگیراوی لە ژێر ناوی بەسیجی خواهران و … نموونەی سەرەڕۆیی عەقلییەتی باوك سالاریە كە رۆژانە لە سەر ژنان بەرێوە دەچێت. ئەم بابەتانە نیشان دەدات كە سیاسەتی دژە ژن كە لە خزمەتی بەرژەوەندییەكانی پیاوسالارانەدایە هیچ جیاوازی نێوان ژنانی ئێرانی دانانێت و هەموویانی كردووەتە ئامانج هێرشەكانی. ئامانجی دەوڵەت تەنیا چەوساندنەوە و قڕكردنی رامانی ئازادە، بە تایبەت ئەگەر ئەمە رامانی ژنێكی ئازادیخواز بێت. كە واتا ئێمەش وەكوو ژن لە كام نەتەوە بین یا بە كام زمان قسە بكەین و پەیڕەوی چ ئایینێك بین، خاوەن یك كێشەی هاوبەشین كە دەبێت تێكۆشانی بۆ بكەین، ئەویش تێكۆشان لە پێناو ئازادیە. بۆیە بەر لە هەر شتێك پێویست بە یەكدڵی و هاوفكری هەیە. هاوكات بۆ تێكشاندنی بەربەستەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر بە تێكۆشانی ژنان، هەوڵدانی ئایدیۆلۆژیكی، مێژوویی و فەلسەفی بۆ ژنانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بە گشتی پێویستە. ئاشنا بوون لەتەك مێژووی تێكۆشانی ژن و ناسینی هەبوونی گەوهەری ژن، بۆ رێوەبردنی خەبات ئازادی ژنان وەك بنچینەیەكە.

ئێمەش وەكوو یەكێتی ژنانی رۆژهەڵاتی كوردستان وێڕای بەرز راگرتنی یادی ئەو رۆژە، لە هەموو ژنانی كورد و چالاكانی بواری ژنان داوا دەكەین كە رۆژی 25ی نوامبر بكەن بە رۆژی خۆڕاگری لە بەرامبەری هەر چەشنە سیاسەتی قڕ كردن و لەناو بردنی ژنان. هەروەها پێویستە نە تەنیا 25ی نوامبر، بەڵكوو هەموو رۆژێك وەك رۆژی خۆڕاگری ژنان و تێكۆشانی ئازادیخوازی بێت. لەم پێناوەشدا پێكهێنانی رێكخستنی هاوبەش بۆ هەموو ژنان پێویستییەكە. تەنیا یەك گرتوویی لە بن سێبەری رامانێكی ئازادە كە دەتوانێ داهاتوویەكی ئازاد بۆ ژنان مسۆگەر بكات.

 

یەكێتی ژنانی رۆژهەڵاتی كوردستان – YJRK
20.11.2013