ئازاد چلچەمە  –

گفتوگۆ و موزاکیرە دەکرێ وەک کاراکتێری پێواژۆی ئێستاکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەناو بکرێ. مەبەست ئەوەیە کە حاڵەتی بەرچاو بۆ چارەسەری کێشەکانە و لایەنەکانی سیاسی و دەرگیر لە ناو ئاڵۆزییەکاندا زیاتر روو لە موزاکیرە و گفتوگۆ دەکەن. ئەم حاڵەتە لە هەموو وڵاتەکانی هەرێمەکە رووی لە زیاد بوونە. لە ئێران و تورکیە و ئەفغانستان و … بەدی دەکرێ. چارەسەر نەبوونی قەیرانەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێشتنەوەی دۆخی قەیراناوی لە هەموو هەرێمەکان نیشان لە بێچارەمانەوەی هێزەکانی هەژمۆنی جیهانییە. ئەو هێزانەش گەیشتوون بەو قەناعەتەی کە ناکرێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هیچ هەبوون، رێکخراو و پێکهاتەیەک وەلا بخرێ و ساکار چاوی لێبکرێ. بەڵام وەدیهێنانی سیستەمێکی موناسب لە لاین رۆژئاواوە بۆ هەموو ئەو پێکهاتانەی هەرێمەکە تا لەناویدا دابین بکرێن، وەخت و کاتێکی زۆری پێویستە. هێزەکانی هەژمۆنی جیهانی لەو قەناعەتە دان کە وەلانانی هەر کام لە پێکهاتەکانی هەرێمەکە تەنیا دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات و ئیمکانی سەرلەنوێ بونیادنانەوە و داڕشتنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەدرەنگی دەخات. بێگومان هەر لەناو بردنێکیش لەتەک خۆیدا خۆڕاگرییەک دەهێنێ. بە لەبەرچاو گرتنی راستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ریشەدار بوونی پێکهاتەکان، هەتا ئێستا هەوڵدان بۆ لەناو بردنیان بۆ هێزەکانی هەژمۆنیای جیهانی سەرف و مەسرەفێکی لە رادەبەدەری لەگەڵ خۆیدا هێناوە. سیستەمی هەژمۆنی جیهانی کە تاکتیکی کاتییەکەی بریتیە لە موزاکیرە و گفتوگۆ، هەوڵدانێتی تا بە درێژ کردنەوەی ماوەی قەیرانەکان و زیاتر کردنی ناوەندەکانی ئاریشە، بەستێنێک بۆ پرووکاندنی تاقەتی لایەنەکان دروست بکات و هێز و تونایان بە فیڕۆ بەرێ. لەم ناوەدا پەرگالی جیهانی وەک چاوەدێرێک لە بەربەرەکانی نێوان جەبهەکان دەڕوانی و دەرفەتەکانی گفتوگۆ و موزاکیرە دەنرخێنی. ئەگەر بە جوانی لە حاڵەتەکانی موزاکیر و دانوستاندن بڕوانین، بە ئاشکرایی دەتوانین ئەم راستیە ببینین کە لە زۆربەی کاتەکاندا، لایەنەکانی موزاکیرە ئەوان دیاری دەکەن و هاندان و پاڵپشتی لە لایەن ئەوانە دەکرێ. زۆربەی هێزەکانی هەرێمی هەوڵدانیان ئەوەیە کە بتوانن لەو ململانێیەی کە خودی سیستەمی جیهانی دروستی کردووە سەربکەون و وەک هێزێکی سەرەکی کە دەبێ پەرگالی جیهانی لەتەک ئەوەدا موزاکیرە بکا، خۆیان نیشان بدەن.

کەمتر هێزێک دەبینری کە توانیبێـی لە سەر بنەمای هێزی جەوهەری خۆی و بە پشت بەستن بە کۆمەڵگاکەیەوە دانیشێتە سەر مێزی موزاکیرە. چون خودی نەفسی موزاکیرە بۆ کێشانە سەر خەتی لایەنەکانە و لەم هەڵومەرجەی ئێستادا تاکتیکێکی کارامەیە بۆ هێزەکانی جیهانی. گرینگی سەربەخۆیی لە موزاکیرەدا یەکجار گرینکە، هەر ئەو مژارەی کە هێزەکانی جیهانی لەگەڵیدا ناکۆکن. واتە ئەوان ناخوازن پێکهاتەیەک بێ ئەوەی کە لەناو بەرەیەک یان جەبهەیەکدا جێگای گرتبێ، لەتەکیا دانیشن. لێرەدا دەبێ ئاماژە بکەین بەوەی کە پێکهاتەکان و هێزەکانی هەرێمی بۆ ئەوەی کە لە لایەن رۆژئاواوە موخاتەب وەرگیرێن، روویان لە سیاسەتی لەناوبردن و لە مەیدان وەدرەنانی یەکتر کردووە. کام هێز بتوانی ئەوانی تر لە گۆڕەپانی سیاسی وەدەربنێ وەک موخاتەب وەردەگیرێ. ئەمەش بەتەواوی لە خزمەتی هێزەکانی دەرکی و داگیرکران دایە. بەڵام خافڵن لەوەی کە سیاسەتی لەناو بردن و وەلانان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا قەت سەرنەکەوتووە. تەنیا شێواز و سیستەم بۆ هەرێمەکە بەیەکەوە ژیانی گەلانە. سیاسەتی ئەنتێگراسیون و پەیوەستکردن لەو قۆناغەدا، بە شێوازی موزاکیرە و گفتوگۆ ئەنجام دەدرێ. لە سەردەمی موزاکیرەدا، پیلانگێڕی و گەمە سیاسییەکان دەگەنە ئاستێکی بڵند و مەترسیدار دەبن. لەناو کام گەمەی سیاسی و موزاکیرەدا کام لایەن دەبێتە قوربانی و فیدا دەکرێ نادیارە. لەم حاڵەتەدا ناشەفافییەتی سیاسی دەگاتە لووتکە و خوێندنەوەی دەستی لایەنەکان زەحمەت دەبێ. ئەگەر کە ئەمڕۆ لە هەرێمەکەدا شایەدی ترافیکێکی دیپڵۆماسی و هاتوچۆی کاردار و کاربەدەستەکانی وڵاتەکانین، نیشان لە گۆڕانی دەمکورتی بەرژەوەندی لایەنەکانە. ئەوە لە موزاکیرەی وڵاتانی رۆژئاوایی لەتەک ئێراندا بەرچاو بوو. سیاسەتی پراگماتیستی تەنانەت وڵاتی وەک ئێران دەباتە قۆناغی گۆڕینی ئایدۆلۆژی. هەتا لە پەنای ئەو دەرفەتانەی کە پێکهاتوون هێرشی زیاتر بکاتە سەر گەلانی ئێران. هەروەک باسمان کرد، وەک موخاتەب وەرگیران بۆ وڵاتان و هیزەکانی هەرێمی وەک وەدیهاتنی دەرفەتێک چاولێدەکرێ بۆ هێرش بردنە سەر هیزەکانی ئۆپۆزیسیون یا ئەو لایەنانەی کە ناکۆکی دێرینەیان لەتەکیانا هەیە. ئەو شەپۆڵی ئیعدامانەی ماوەی رابردوو لە ئێراندا بەشێکی سەرچاوەگرتوو لەو بابەتەیە.

لەماوەی رابردوودا، بەشێک لە گفتوگۆیەکان لەتەک تەڤگەڕی ئاپۆیی بەڕێوەچوو. هەڵبەت جیاوازی ئەم گفتوگۆیە کە هێشتا تێپەڕی موزاکیرە نەبووە لەتەک دانوستاندنەکانی دیکەی هەرێمەکە زۆرە. هەرچەند، هەوڵدانێکی بەرفراوان کرا تا بزووتنەوەی ئاپۆیی لە مەیدانی سیاسی دەربخەن، بەڵام هێزێکی پشت بەستوو بە گەل بەهیچ شێوازێک ناتوانرێ کە لە مەیدان وەدەربنرێ. ئەوەش سەرچاوەگرتوو لە خەتی ئایدۆلۆژیک و هێڵی دیاری بەرژەوەندی نەتەوەییە کە تەڤگەڕمان بە گشتی پەیڕەوی لێدەکات. هێزی سەلماندنی موخاتب بوون و هێنانە سەر مێزی گفتوگۆ، هێزی جەوهەری تەڤگەرە و بە پاڵپشتی گەلی کورد پێکهاتووە. لە بنەڕەتدا، راوەستانی پێواژۆی دانوستاندنەکان لە باکووری کوردستانیش بەهۆی هەڵبژاردنی تاکتیکێکی هەڵە لە لایەن رژیمی تورکیاوەیە. ئەو وڵاتە بە شێوازێکی ئیستراتژیک چاو لە مەسەلەکە ناکا. لەو بڕوایەدام کە لە قۆناغی ناسکی باکووری کوردستاندا رێبەر ئاپۆ بە دەستپیشخەری لە دوو مژار دا فەشەلی بە سیاسەتەکانی کۆماری تورکیا هێناوە. یەکەمیان بە دروست کردنی پارتی (HDP) بۆ هەموو تورکیا و زیندوو کردنەوەی تەڤگەری چەپ لەو وڵاتەدا، باڵادەستی خۆی لە سیاسەتی هەرێمەکەدا نیشان دا و ئامادەیی تەڤگەری بۆ دیمۆکراتیزاسیونی تورکیا خستەڕوو. هەڵبەت بەم سیاسەتە دوڕوویی سیاسەتی ئەردۆغانیشی نیشاندا. دووهەمیشیان بە پێشنیاری سازدانی کۆنفرانسی ئیسلامی دیمۆکراتیک لە ئامەد پێشبڕی سیاسەتەکانی پارتی داد و گەشەپێدانی داوەتەوە. بەڕێوەبردن و ئیدارەی بزووتنەوەی چەپ لە تورکیا و خستنەگەڕی ئیسلامی دیمۆکراتیک، پارتی داد و گەشەپێدان دەخاتە دۆخێکی قەیراناوی. پارتی ناوبراو هەستی بە مەترسی کردووە و تەواوی هەوڵدانی ئەوەیە کە بتوانی لە ئاستی تورکیا و هەرێمەکەدا رواییەکی تازە بە خۆی ببەخشێ. سەرلێشێواوی لە سیاسەتی ئەردۆغان و پەلەکردن بەرچاوە. لە هەوڵدانی هەری دواییدا بینیمان کە دەستەوداوێنی بارزانی و کەسانی رەچەونکردووی پێشوو بووە. هەڵبەت ئەمەش بە رووداوێکی ساکار نابینین و بانگهێشتی وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بۆ کۆبوونەوەی “ناتۆ” تورکیە بۆ خۆی ئەندامێتی وەک خاڵێکی سەرنجراکێش چاو لێدەکەین. بەم پرسیارە کۆتایی بەو وتارە دەهێنم، ئایا ئیمکانی ئەوە هەیە کە پەیمانی ناتۆ تەشەنەی کوردستان بکات؟