ماوەیەکە لە لایەن باشگای ئەفسەرانی سەر بە سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بنەماڵەی شەهیدانمان بانگهێشت دەکرێت و لە لایەکیتریشەوە زەخت و گوشارەکانیان لە سەر بنەماڵەکان بەرفراوانتر کردۆتەوە. دیارە کە رژێمی ئێران لە بەردەوامی زەخت و گوشارەکانی، ئەمجارەیان لە ژێر ناوی ئاشتی بە بنەماڵەی شەهیدان هەوڵ دەدات کە ئێمە وەکوو بنەماڵەی شەهیدان، تەسلیم وەربگرێت. رۆڵە قارەمانەکانی ئێمە لە پێناو ئازادی و گەیشتن بە مافە رەواکانی گەلی کورد تێکۆشانیان کرد و لە رووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ سیاسەتی نکۆڵی و قڕکردندا رێگای تێکۆشانیان هەڵبژارد. وێڕای تێکۆشانی بەرفراوانی شەهیدانمان دیسانەوە رژێم لە سەر سیاسەتی ئینکار و لە ناو بردنی گەلی کورد پێداگری دەکات و هەتا ئێستاش هیچ چەشنە هەنگاوێکیان بۆ چارەسەری پرسی کورد نەناوەتەوە. ئێستا قاتلانی رۆڵە شەهیدەکانمان بە ئەوپەڕی بێشەرمییەوە داوای لە بیرکردنی ماف و ئازادییەکان و ئەو بەدیلە بەنرخانەی کە لەو پێناوەدا دراوە لە ئێمە دەکەن و دەلێن با ئاشتی پێک بێنین. کێشە لە نێوان چەند بنەماڵە و دەوڵەتدا نییە بەڵکوو کێشە، کێشەی ئازادی نەتەوەیەکی کە لە لایەن دەوڵەتەوە لە هەر چەشنە مافێک بێبەری کراوە. ئێمە وەکوو بنەماڵەی ئەو شەهیدە قارەمانانە هەتا دوایی پابەندین بە رێباز و رێچکەی شەهیدان و سەرجەم ئاوات و ئارەزوکانیانەوە و لەم پێناوەشدا خەبات و تێکۆشانمان چڕوپڕتر دەکەین. کاتێک ئاوات و ئارەزووی ئەوان بەدیهات، ئەوکاتەیە کە دەتوانین بلێین کە شیاوی شەهیدانمان بووین و ئەوکاتەیە کە ئاشتیێکی شەرافەتمەندانە پێک دێت.

 

بنەماڵەی شەهیدانی رۆژهەڵاتی کوردستان
15.12.2013