سیستەمی جیهانی لەگەل قیرانگەلێکی بەرفراوان و لە سەرووی هەمووان لەگەلڕ قیرانی پێکهاتەیی رووبەڕوو بۆتەوە. لە سەر ئەو بنەمایە لە هەوڵی دامەزراندنی پێکهاتەیەکە کە بتوانێت بەرژەوەندییەکانی دەستەبەر بکات. بآشک لە چوارچێوەی ئەم دیزاینە نوێیەدا، هەرێمێک کە هەری زۆر تێیدا تووشی کێشە بۆتەوە، رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. سیستەمی جیهانی لە دستێوەردانەکەی بە مەبەستی دامەزراندنی دیزاینی نوێی جیهان، روبەڕووی کۆسپ و تەگەرەی ئەو دەوڵەت ـ نەتەوانە بۆوە کە خۆی دامەزرێنەری بوو و دایرێشتبوو. لەم دەستێوەردانەدا، دەولەتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یا مەحکووم بە “تووش بوونی قیرانن” و یان “پەیوەست بوون بە سیستەمی جیهانی” چارەنووسیانە. پێشبینی و پیلانەکانی سیستەمی جهانی بەهۆی لە بەرچاو نەگرتنی فەرهەنگی بناخەیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تا ئێستا سەرکەوتوو نەبووە و یانیش بە تەواوی کرداری نەکراوەتەوە. بەم هۆکارە، ئەمجارەیان لێگەڕینی هاوپەیمانی تاکتیکی و کورتخایەن بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە هاتە ئاراوە. ئەم سیاسەتانەی دوایی سیستەم لە سەر بنەمای زەخت نانەوە بۆ سەر دەوڵەتەکانی هەرێم و مەجبوور کردنیان بۆ دانءسەندنێکی بە پێی ویستی بەرژەوەندییەکانی رۆژئاوا لە جیاتی دەستێوەردانی راستەوخۆی سەربازی، گۆڕانی تاکتیک بوو بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی هەیی. سیستەمی جیهانی دەیهەوێ لەم رێگایەوە، بۆ پێکهێنانی سیاسەتەکانی خۆی دەوڵەتەکانی هەرێم وەک ئامێرێک بە کار بێنێت و ناراستەوخۆ لەم گۆڕەپانەدا شەڕ بکات.

کۆماری ئیسلامی ئێرانیش نە تەنیا لە دەرەوەی بازنەی ئەم گۆڕانکارییانە نیە، بەڵکوو لە ناوەندی پیلانی دەستێوەردانی سیستەمی جیهانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دایە. لە سەر ئەو بنەمایە کۆماری ئیسلامی ئێران مەجبووری خۆڕێکخستنە لەگەلڕ هەلءمەرجی نوێی هەرێم و جیهان. نزیکایەتییەکانی دەوڵەتی رۆحانی، هەم لە گوڕەپانی سیاسەتی دەرەکی کە بە شێوازێک پێکهاتنە لەگەلڕ ویستی هێزە جیهانییەکان و هەم لە گۆڕەپانی ناوخۆییش کە باس لە کرانەوەی کەش و هەوای سیاسی دەکات، نیشاندەری ئەم راستییەیە.

لە گۆڕەپانی سیاسەتی دەرەوە، نزیکایەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران هەرچەندە لە کورتخایەن دا بتوانێت کەشێکی ئارام لەگەلڕ خۆی بێنێت بەڵام لە درێژخایەندا ئەم دەوڵەتە رووبەرووی قەیرانی بەرفراوانتر دەکاتەوە کە رزگای لەوان ئاسایی نابێت. چوونکوو لەم قۆناخەدا هەچ چەشنە پێوەندییەکی ئیستراتیژیک ناتوانێ بێتە ئاراوە. بەستنەوەی هەموو هیواکان بۆ دانیشتنەکانی ژێنێڤ و یان شیمانەی گۆرینی بەرە لە لایەن ئەم دەولەتەوە، نەتەنیا کێشەکان چارەسەر ناکات، بەڵکوو بە لەبەرچاو گرتنی ئەم راستیە کە ئەم دانیشتنانە چەشنێک لە دابەشکردنی بەرژەوەندییەکانە لە نێوان زڵهێزە ناونەتەوەییەکان و کۆماری ئیسلامیش بەشێکە لەو بەرژەوندییانەی کە دەبێ دابەش بکرێت، لە داهاتوودا دەوڵەتی ئێران توانای رزگار بوونی لە دابەش بوون لە نێوان ئەو هێزانەی نیە.

لە گۆرەپانی ناوخۆییش باس لە کرانەوەی نوێی لە لایەن دەوڵەتی رووحانی، هەتا ئێستاکە تەنیا لە ئاستی وتە دا ماوەتەوە و بە شێوەی کرداری هێچ چەشنە هەنگاوێکی راست وەبەر چاو ناکەوێت. دەوڵەتی رووحانی، لە حاڵێکدا باس لە گۆرانکاری بنەرەتی دەکات و دەوڵەتی رابردووی خۆی رەخنە دەکات کە هێشتا بۆخۆیان توانای تێپەراندنی عەقلیەت و روانگەی دەوڵەتی رابردوویان نیە. عەقلیەتێک کە توانای دەرباز کردنی تێگەیشتنی بابەتگەلێک وەک زۆرینە ـ کەمینە، ناوەند ـ پەراوێز، حاکیم ـ مەمحکوومی لە خۆی نیشان نەداوە و هێشتاش بە روانگەی شارستانی و ناشارستانی سەیری گەلان و کۆمەڵگاکانی ئێران دەکات، لە باسی چارەسەری کێشەکان بەدوورە. بەتایبەت دابەش کردنی گەلان بە شارستانی و ناشارستانی، میراتێکە لە کولتووری داگیرکەری کلاسیک، کە لە وڵاتانی رۆژئاوای چاخی ناوین بە پێی ئەم عەقلیەتە و لە ژێر ناوی بەشارستانی کردنی کۆمەڵگاکانی تر، رەوایەتییان دەبەخشی بە هەرچەشنە کردەوەیەکی دژ مرۆڤانەی خۆیان.

گومانێک نیە کە بە نیزیکایەتی تاکیتکی و بە پێی هەل ومەرجی رۆژانە، ناتوانرێ کیشە و قەیرانەکانی هەنووکەیی چ لە ئاستی ناوخۆیی و چ لە ئاستی دەرەکی چارەسەر بکرێت. ئەوەی کە کێشەکانی ئێران چارەسەر دەکات، پێش خستنی عەقلیەتێکی دیمۆکراتیانە و بناخەیی کردنی ئەوە. ئێران تەنیا بە مەرجێک دەتوانێ بەرەو سەقامگیری و یەکگرتوویی بچێت کە لەم وڵاتەدا هەر چەشنە جیاوازییەک بتوانێ بە شێوەی ئازادانە، هەبوونی خۆی بپارێزێـت. چارەسەری بنەرەتی سەرجەم کێشە سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتووری و ئابووری ئێران لە دیمۆکراسی رادیکاڵ تێپەر دەبێت و خۆبەرێوەبەری دیمۆکراتیانەی سەرجەم گەلان لە ژێر چەتری ئێرانێکی دیمۆکراتیک، فورموڵاسیۆنی سیاسی ئەم دیمۆکراتیزاسیۆنەیە کە بە هیچ شێوازیک جێی مەترسی نیە. تەنیا پێش خستنێکی نیزیکایەتێکی وەها، دەتوانرێ ئێران لە هەڵبژاردنی یەک لە رێبازەکانی “پەیوەست بوون بە سیستەمی جیهانی” و یا “تووش بوون بە قەیران” رزگار بکرێت.

 

کۆردیناسیۆنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – PJAK
26.12.2013