ئازاد چلچەمە –

مژاری بەرچاو لە ئێستاكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئاستی بەرزی ناشەفافییەتی سیاسی و پراكتیكییە لەناوبەینی لایەنەكانی جیاوازدا. داوێنگیربوونی سیاسەتی هەرێم بە رەوشێكی وەها، دەبێ‌ كە دەرئەنجامی هەبوونی هێزی پاڕالێلی حاكمییەت لەناو هەركام لە وڵاتەكان و هێزەكانی هەرێمی و تەنانەت دەرەكیشدا بێ‌. دەبێ‌ وەك نەبوونی یەكدەستی لە سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەكیدا بەناوی بكەین یانیش دوو هەڵوێستی سەبارەت بە یەك بابەتی سیاسی لە كاتێكی دیاریكراودا. بە واتایەكی دیكە هاوئاهەنگی و هاوهەڵویـَستی كە لە سیاسەتی دەرەوە و ناۆخۆییدا، بۆ هەڵێنانەوەی هەنگاوی كرداری و پراكتیكی كارامە و بەهرەدار پێویستییەكە و بەرژەوەندی لایەنەكان لە یك جەمسەردا كۆدەكاتەوە، لە لاوازترین حاڵەتی خۆیدایە. ئەم دیمەنە لە سیاسەتی زۆربەی وڵاتەكاندا دەبیندرێ‌. بۆیەش زۆربەی جاران، لە یەك كاتدا، دوو هەڵوێست یا دوو سیاسەتی دژ بە یەك، لە یەك هێز بەچاو دەكەوێ‌. ئایا ئەوە نیشان لە دوو رەهەندی بوونی موزاكرەكانە لە هەرێمەكەدا، واتە لایەنی شاراوە و لایەنی ئاشكرای ئەوان یان سیاسەتێكی سەپێنراو بۆ بەردەوامی ئاریشە و ئاڵۆزی لە ناوەندەكانی قەیرانی ئافرێنراو لە لایەن هێزەكانی دەركییەوەیە؟

ئەمەی كە باس كرا بە هەبوونی دوو جۆرە دیالۆگ، دوو ئەدەبیات، نەرم و هێدی بوون یان دەمارگرژی لە یەك كات‌وسات و هەڵوێست وەرگرتندا بە تەواوی ئاشكرا و روون دەبێ‌. ئەم ئاكارە سیاسییە لە پێوەندی نێوان هێزەكانی هەرێمی لەگەڵ رۆژئاوا و هەروەها ناوبەینی هێزەكانی هەرێمی بۆ خۆ، ئەنجام دەدرێ‌. لەوانەیە كە كۆمەڵێك فاكتەری سیاسی لەمەوبەدوا لە ئاستی كاریگەریدانان داكەون، لە ئاكامیشدا شایەدی پاڵاوتنی ناوخۆیی لەناو هێزەكاندا ببین. بەتایبەت ئەگەر جەمسەری پێكهاتوو لە چەند بەرە وەك كوالیسیون هەبێ‌، ئیمكانی پچڕان و لەیەكترازان حاڵەتی بەرچاو دەبێ‌. بەڕێوەچوونی ئەو رەوتە دەتوانین لە توركیا و ناوبەینی پارتی داد و گەشەپێدان و فەتحوڵاییەكان ببینین. هەر ئەم خاڵە لە ئێراندا بە رەشكردنی سیاسەتی پێشوو، دروست كردنی رۆژەڤی ناپوختە و هەنگاونان بەرەو پێش و بەرەودوا و تاقیكردنەوەی و گۆڕینی زووبەزووی ئامێرەكانی سیاسی خۆی نیشاندەدا.

زیاتر لە گفت‌وگۆی دیپڵۆماتیك لەتەك دەرەوە، ئەمجارەیان حاڵەتی زاڵ، گەرم بوونی دیاردەی ململانێی ناوخۆییە لە هەرێمدا. وەك بڵێی ئامادەكاری بۆ قۆناغێكی قەیراناویتر دەكرێ‌. نابێ‌ كە مەسەلەی مامەلەكان لەسەر وزە لەبەرچاو نەگیرێ‌. لەمەو پێوە وزە رۆڵی زیاتر دەگێرێ‌ لە خەباتی سیاسی لایەنەكاندا. هەرچەند كە لە سیاسەتی دەرەوە و لەتەك هێزەكانی هەژمۆنی جیهانی باس لە سیاسەتی “فیفتی فیفتی” دەكرێ‌، لەهەمانكاتدا لەناو خۆدا یەك جۆرەی سیاسەت پەیڕەو دەكرێ‌، ئەویش بنخستن و لەگرێژەنە بردنە، واتە “بردنەوە ــ دۆڕاندنە”.

دەتوانین لە ئێستاكەی ئێراندا سەبارەت بە مەسەلەی ئوستاندارەكان، مافی هاووڵاتی، مافی مرۆڤ و مافی ژن ئەو جۆرە هەڵسوكەوتە ببینین. هەمدیسان لە توركیادا ترسی لەدەستچوونی دەسكەوتەكانی دەرەكی، سێبەری بەسەر دەسكەوتەكانی ناخۆیی پارتی داد و گەشەپێداندا كێشاوە. لە باشووری كوردستانیشدا سەرەڕای ئاكامی دیاری هەڵبژاردنەكان، مەسەلەی گەورە ناسەقامگیری دەوڵەت و كابینە و پشك هەڵخستنە بۆ ئەم كورسی و ئەو كورسی. لە راستیدا بەر لە هەر شتێك، لەبەر ئەوەی پێوانەكان نادیارن، پێوانەی تەوافوقی(؟!) سازدەكرێن. ئەگەریش دەوڵەت و حكومەت پێك بێ‌، ناسەقامگیر دەمێنێتەوە. ناسەقامگیریش لە بەرژەوەندی دەسەڵاتی رەهای هەیی دایە. دەسەڵاتی رەها بازاری شێواوی سیاسی دەهەوێ‌ و دەخوازی بازاری سیاسەتەكە هەر بە شێواوی بمێنێتەوە. ئەوەش بەتەواوی زەرەری بۆ لایەنەكانی بە وتەی خۆیان ئۆپۆزیسیون هەیە.

لەمەوبەدوا رەوشی رێكخستنی لایەنەكانە كە دیاركەردەبێ‌. لە سووریادا بە هەڵاتنی سەرۆكی ئارتەشی ئازاد كەوتە ناو هێڵێكی تازەوە. لەهەمانكاتدا، بەرەی شانگهای سیاسەتی خۆی توند‌وتۆڵ دەكاتەوە و لە كەسایەتی دەوڵەتی رووسیادا باس لە سیاسەتی بە پرەنسیپ لە سووریادا دەكات. وادیارە لە داهاتوودا هەمان پرۆژەی دابەشكردنی سووریا بە هەرێمەكانی فێدڕاڵ بكەوێتە باس و گفت‌وگۆ كە داخوازی ئێران و رووسیا و چینە. هەڵبەت یەكگرتنەوەی هەردوو مەجلیسی رۆژئاوای كوردستان و یەكخستنی داواكارییەكانیان بۆ بەشداری لە كۆبوونەوەی “ژنوی دوودا” دەرئەنجامی باشی هەیە و دەتوانی كۆمەڵێك پیلان پووچەڵ بكاتەوە. بەتایبەت كە لایەنی وا هەن كە كۆبوونەوەی “ژنوی دوو” دەكەنە مژاری توجارەت لەتەك رۆژئاوا. بۆ وێنە ئێران دەیهەوی كە وەك ئامێری زەخت لەسەر گرووپی پێنجی كۆی یەك بەكاری بهێنێ. هەروەها وڵاتانی كەنداویش لە ژنوی دوو وەك گۆڕەپانێكی ململانی و زۆرانگرتن لەتەك ئێران چاوی لێدەكەن. هەرلەبەر ئەوش دەبێ‌ بە چاوی كراوەتر سەیری ئەم پێواژۆیە بكەین و چاوەڕێی كەوتنە كایەی هێزی سیاسی نوێش بین.