سێ ساڵ بە سەر لە سێدارەدانی شەهید حوسەین خزری بە ناسناوی هێمن ئورمیەدا تێپەڕ بوو. هەڤال هێمن هێمایەک لە خۆڕاگری و کادرێکی پێشەنگی بزاڤی ئازادیخوازی گەلی کورد بوو کە لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا، وەفادار بە دروشمەکەی خۆی کە دەیگوت “ئێمە لاوانی کورد، ئامادەین لە سێدارە بدرێین بەڵام هیچ کاتێک سەرشۆڕی و کۆیلەبوون پەسەند ناکەین” مایەوە و بەڵێنی هەتاهەتایی بەست. لە ماوەی یازدە ساڵ ژیانی شۆڕشگێڕیدا تەنیا بۆ ساتێکیش بە بێ بیری ژیانی ئازاد راینەدەبوارد و هەموو هەوڵ و تێکۆشانی ئەوە بوو کە بە لەخۆبردوویی و فیداکارییەکی بێ‌وێنە خەونەکانی گەلەکەی بۆ گەیەشتن بە ئازادی بە دی بێنێت. هەڤال هێمن ئەو ئەرکەی زۆر بە سەربەرزانە و سەرکەوتووانە پێکهێنا و لە ناخی دوژمندا واتە لە زیندان کە شوێنی تەسلیم گرتنی ئیرادەی ئازادیخوازانە، زیندانی کرد بە گۆڕەپانی تێکۆشانی ئازادیخوازی. بایەخ و نرخی گەیەشتن بە ئازادی لە لای هەڤال هێمن ئەوەندە بەرز بوو کە بە ماوەی زۆرتر لە دە ساڵ بە هەموو توانایەوە بەشداری خەباتی رێکخستنی گەلەکەمانی کرد.

هەڤال فەسیح یاسەمەنی، ئەویش یەکێک لەو کادرە بە بیر و باوەڕانە بوو کە لە زیندانەکانی داگیرکەری کوردستاندا لە هەمان رێکەوت بەڵام یەک ساڵ بەر لە هەڤال هێمن لە سێدارە درا. لە راستیدا هەڤال فەسیح بە ورە و باوەڕێکی بەرزەوە لە خەباتی بە رێکخستن کردنی لاوان و بەرز کردنەوەی ئاستی زانیاری لە سیاسەتەکانی دوژمن و پووچەڵکردنەوەی ئەوان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، رۆڵێکی کاریگەری هەبوو. هەر بەم هۆیەوە ترسێکی گەوەرەی خستە ناو دڵی دوژمندا.

ئێمە وەکوو پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)، لە ساڵیادی شەهادەتی ئەو هەر دوو هەڤاڵە پایەبەرزەمان، سەرەتا سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی سەرجەم گەلەکەمان و بنەماڵە سەربەرزەکانیان دەکەین و رادەگەینین کە درێژەپێدەری ئەو رێبازە دەبین کە هەڤاڵ هێمن و هەڤاڵ فەسیح بە کەسایەتی خۆیان بۆ گەلی کورد دیارییان کرد.

 

کۆردیناسیۆنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – PJAK
06.01.2014