کۆمیتەی پژاک لە شاری تورکوی وڵاتی فینلەندا بە مەراسیمێک ٦٨مین ساڵوەگەڕی ٢ی ڕێبەندان رۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لەمەهاباد و راگەیاندنی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای کوردستانی بە شکۆوە بەرز و پیرۆز ڕاگرت.

مەراسیمەکە بە بەشداری کوردانی هەرچوارپارچەی کوردستان بەرێوەچوو. سەرەتا لە لایەن بەڕێوەبەری مەراسیمەکەوە ساڵوەگەڕی دامەزراندنی کۆماری کوردستانی پیرۆز کرا و ئاماژەی بە ڕاگەیاندنی خۆڕێوەبەریی دیموکراتیی کانتۆنی جزیرەی ڕۆژئاوای کوردستان کرد کە هاودەم لەگەڵ ساڵڤەگەڕی دامەزراندنی کۆماری کوردستان؛ لە ڕۆژئاوای وڵات کانتۆنی جزیرەی خۆڕێوەبەریی کورد و نەتەوەکانی دی پێکهات، ئاماژەی بەوە دا کە ئەمە دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ نەتەوەکەمان لە چواربەشی کوردستان. پاشان ماوەی خولەکێک ڕاوەستان؛ ڕێز لە شەهیدانی کوردستان گیرا، و لەگەڵی دا بە پێشکەشکردنی سروودی نیشتمانیی “ئەی ڕقیب!” درێژە بە ڕێزگرتن لە گیانی شەهیدان درا کە ئامادەبووان سروودەکەیان دەگووتەوە. پاشان ئەهوەن چیاکۆ ئەندامی بەڕێوەبەری پارتی ژیانی ئازادی کوردستان پەژاک، وتارێکی پێشکەش کرد: ئەهوەن چیاکۆ ئاماژەی بە هەلومەرجی هاتنەکایەی کۆماری کوردستان کرد، و ڕەخنەی ئەوەی کرد کە: “تا ئێستا خوێندنەوەیەکی زانستیانە بۆ کۆماری کوردستان نەکراوە، ئەو ژیلەمۆیەی کە کۆماری کوردستانی درووستکرد، کۆمەڵەی ژێکاف بوو، کۆمەڵەی ژێکاف کە ڕێکخراوێکی خۆڕسکی کوردی بوو، خۆڕسک بە ئەو واتایەی کە بەبێ دەستی دەرەکی لەناوخۆی کوردان خۆیان دا هەڵقوڵا بوو، و کاتێک کە کۆمەڵەی ژێکاف نەما و لەبلی ئەو حیزبی دیموکرات درووستکرا، ئیدی ئەو بزووتنەوە خۆڕسکە نەما، لەبەرئەوەی حیزبی دیموکرات پشتی بە سۆڤێت بەستبوو.”

ئەهوەن ئاماژەی کرد لەسەرەتاوە و تا کاتێک پێشەوا لەژیاندا بوو، هەرچەند کۆمەڵەی ژێکاف ناوەکەی گۆڕا بۆ حزبی دیموکرات دیسان لەناوەڕۆکدا پێوەرەکانی کۆمەڵەی ژێکاف پەیرەو دەکران و گۆڕانەکە زۆرتر ناو بوو تا ناوەڕۆک، بەڵام دواتر ئەو حزبەی کەبەناوی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دامەزرا هەم لە ناوەکەدا گۆڕانکاری بەسەر حزبی دیموکراتی کوردستانی سەردەمی کۆماری کوردستان هێنا، هەم لەناوەڕۆکدا. ئەهوەن لەبەشێکی تری قسەکانی دا ئاماژەی بە بەرزی رۆحی نەتەوەیی و گرنگیی هاوکاری و پشتیوانی کوردانی پارچەکانی تری کوردستان بە کۆماری کوردستان کرد، و گووتی: “کاتێک کوردی پارچەکانی‌تر هاتن بۆ نێو کۆمار، لە ڕۆژهەڵات کەسێک پێیانی نەگوت ئێوە لەبەرئەوەی لە پارچەکانی‌تری کوردستانەوە هاتوون، هاوکاری ئێوەمان ناوێ، هەستی نەتەوایەتی کەوتبووە پێش هەستی ناوچەگەرییەوە.”

هەروەها وتیشی: “بەڵام بەداخەوە کە پاش ڕووخانی کۆماری کوردستان حیزبایەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا هێڵی ڕێکەوتننامەی لــۆزانی قبووڵ کرد بەوەی کە حیزبایەتییان لە سنووری پارچەی ڕۆژهەڵات دا قەتیس کرد و لە هێڵی پێشەوا قازیش لایان دا.” ئەهوەن چیاکۆ ئاماژەی بەوەش دا کە “ئێمە وەک پارتی ژیانی ئازادی کوردستان هەموو گەلی کورد بە خاوەنی کۆماری کوردستان دەزانین و پێشەوا قازی لەلای ئێمە سەنگ و بایەخی ڕێبەری هەیە”. ئەو بەرپرسەی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان لە ئەورووپا لە کۆتایی وتارەکەی دا تیشکی خستە سەر دەستکەوتەکانی ئەمڕۆی نەتەوەی کورد لە بەشەجیاوازەکانی کوردستان: “لە باکووری کوردستان لەسایەی کۆڵنەدانی بەردەوامی نەتەوەکەمان لە ئاستەجیاوازەکانی کۆڕی خەبات دا بووە هۆی ئەوەی کە دەوڵەتی تورک بەچۆکدا بێنێ و ناچاری گفتوگۆی بکات، لە ڕۆژئاوای وڵاتمان نەتەوەکەمان گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە بەهێز و بازووی ڕۆڵەکانی ئەزموونی خۆڕێوەبەریی دیموکراتی بچەسپێنێ کە هەموو کوردی خۆشحاڵ کردووە، ئەزموونی باشووری کوردستان، وێڕای ئەوەی ئێمە ڕەخنەمان لێی هەیە و کەموکورتی زۆر هەیە بەتایبەت لە بواری مافەکانی مرۆڤ و کۆمەڵایەتی، بەڵام هەر جێگەی خۆشحاڵی ئێمەیە و شانازیی پێوە دەکەین، لەڕۆژهەڵاتی کوردستانیش گەلی کورد جارێکیتر هیوا و ورەی بەسەرکەوتن بەرز بووەتەوە و لەسایەی هەڤاڵانی شەهیدمان جارێکیتر پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بووەتە رۆژەڤ.”

لەدرێژەی مەراسیمەکە دا: سینەڤیزیۆنێکی ڕێبەر ئاپۆ پێشکەشکرا کە سەبارەت بە کۆماری کوردستان لێدوانی دابوو. هەروەها وتاری نوێنەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بەڕێز جەعفەر کەریمی خوێندرایەوە کە تیشکی خستە سەر ئەو هەلومەرجە مێژووییانەی کە بەسەر کوردان دا چەندبارەبوونەتەوە، لەنێویان دا ئاماژەی بە “سمکۆی شکاک، شێخ سەعیدی پیران و سەید ڕەزا و هتد” کرد کە لە کاتی گفتووگۆکردنی داگیرکەران لەگەڵیان دا ڕووبەڕووی مەرگ کراونەتەوە، و ڕەخنەی ئەوەی گرت کە “داخێکی مەزنە کە مێژووی کوردان، کورد خۆیان نەیاننووسیوەتەوە و داگیرکەران و گەڕیدەکان نووسیویانەتەوە، ئەویش لەبەرژەوەندی خۆیان.”

لەبەردەوامی مەراسیمەکەدا، بە بۆنەی ساڵوەگەڕی کۆماری کوردستان وتاری یەکیەتی لاوانی خوێندکاری کوردستان لە فینلاند (KNOLS) خوێندرایەوە.

چالاکییەکانی مەراسیمە کە بە ئەم شێوەیە بەردەوامی هەبوو: هەڵبەستوانان ڕەئوف گوڵبەدەن، عەبدولعەزیز نهێلی، مامۆستا نزار (لەکۆمەڵەی کلتووریی کوردی لە تورکوو) هەڵبەستی نەتەوایەتی و بەجۆشوخرۆشیان پێشکەش کرد. تاریق یوسفی، هەڵبەستی “خۆر چی‌یە؟”ی هەڵبەستوان پەیکار عوسمانی خوێندەوە کە بۆ ڕێبەر ئاپۆ نووسرابوو. هەر لە بەردەوامیی مەراسیمەکە دا هونەرمەندان ڕەشید فەیزنەژاد، دلارا هەورامی و ڕزگار هەورامی لەگەڵ گرووپی مۆسیقاژەن بە گۆرانی و سروودی نیشتمانی مەراسیمەکەیان ڕازاندەوە. لە کۆتایی مەراسیمەکە دا؛هونەرمەند رۆنی خەلێکا بە گۆرانی مەراسیمەکەی ڕازاندەوە و ئامادەبوانی خستە سەما و هەڵپەڕکێی کوردەواری. شایانی ئاماژەپێدانە کە ساڵۆنی مەراسیمەکە بە ئاڵای سەردەمی کۆماری کوردستان، ئاڵای کۆما جڤاکێن کوردستان و ئاڵای پارتی ژیانی ئازادی کوردستان و ئاڵای سەوز و سوور و زەرد، هەروەها بە وێنەی پێشەوا قازی و رێبەر ئاپۆ ڕازابۆوە.

20140125 salvegeri komari kurdistan