ماوەیەکە لە ناو دام و دەزگاکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و رای گشتیدا، باس لە کێشەی سەبارەت بە پەروەردە بە زمانی زگماکی بۆ نەتەوەکانی ئێران هاتۆتە ئاراوە. مافی پەروەردە بە زمانی زگماکی و گۆڕینی سیستەمی پەروەردەیی، لە کەناری زۆر مافی پێشلکراوی تر، یەکێکە لەو خاڵانەی کە نەتەوەکانی ئێران لە پێناویدا تێکۆشان بەڕێوە دەبەن. بەڵام بە ساڵانە کە لە لایەکەوە بە هۆی عەقلییەتی نەتەوەگەری و ناوەندگەرایی ناو دەسەڵات و لە لایەکی ترەوە بە بیانووی شیمانەی ئەو زۆری و زەحمەتیانەی کە لە بەردەم جێبەجێکردنی ئەم مافە دەکرێت، لە سەر پێشێلکردنی ئەم مافە پێداگری دەکرێ و بە روانگەی ئاسایشییەوە سەیری دەکرێت. بەشێکی ئەساسی لە دام و دەزگاکانی حکوومەت، هەتا ئێستاکەش بە هەمان عەقلییەت نزیکی ئەم کێشەیە دەبنەوە. لە لایەکەوە فەرهەنگستانی زمان و ئەدەبی فارسی بە توندی لە بەرامبەر ئەم باس و گفتگۆیانە دژایەتی دەکات و تەنانەت باسێکی وەها وەک گەلەکۆمەی دۆژمنانی کۆماری ئیسلامی ناوزەد دەکات؛ لە لایەکی تریشەوە کاربەدەستانی سوپای پاسداران بە ناوزەد کردنی خۆی وەک پارێزوانی زمانی فارسی، هەڕەشە لەم باس و گفتگۆیانە دەکات. دەوڵەتی رووحانی و کاربەدەستانی کە باس لە گۆڕانکاری و کرانەوەی دیمۆکراتیک دەکەن وێڕای ئەوەی کە باسەکانیان ئاستی دروشمی تێنەپەڕاندووە و کردەوەکانیان هەتا ئێستاکە گوزارە لە نزیکایەتییەکی بنەڕەتی ناکات، نەیانتوانیوە تەنانەت هیچ چەشنە گۆرانکاریەک لە عەقلیەتی دام و دەزگاکانی حکومەت دا بەدی بهێنن. بە باشی دەردەکەوێت کە هەتا ئێستاکەش بەشی هەرە زۆری دام و دەزگاکان و کاربەدەستانی حکوومەت، نەتەنیا ویستی تێگەیشتن لە کێشە ناوخۆییەکانی ئێرانیان نیە بەڵکوو، لە ئاستی مەترسیەکانی سەر ئەم وڵاتەش بە باشی تێنەگەیشتوون. بەناو کردنی مافی پەروەردە بە زمانی زگماکی و گۆڕینی سیستەمی پەروەردەیی وەک گەلەکۆمە و هەڕەشەکانی سوپای پاسداران ئەم راستیە دەسەڵمێنێت کە هێشتاش عەقڵیەتی زاڵ بەسەر دەسەڵاتدارانی ئێران، عەقڵیەتی نەتەوەگەری سەرەتایی و ملیتاریزمە کە پاشماوەی سیستەمە کۆنەپەرستەکانی سەدەکانی رابردوویە. هاوکات گوزارە لەوە دەکات کە ئەم عەقڵیەتە ملیتاریستە زاڵەیە کە ئاخاوتنی کۆتایی دەکات و ماف و ئازادییەکان، دادوەری راستەقینە و سەرەوەری دیمۆکراسی هیچ چەشنە بایەخێکی پێنادرێت و سەرجەم ئەم کردەوانە لە ژێر ناوی پاراستنی دەسەڵات لەم وڵاتەدا رەوا دەبینرێت و بەڕێوە دەچێت. خاڵی گرینگ ئەوەیە کە تەنانەت کاربەدەستانی دەوڵەتیش لە ژێر دەسەڵاتێکی وەها توانای پێک هێنانی هیچ یەک لە درووشمەکانیان نابێت.

بێ گومان مافی پەروەردە بە زمانی زگماکی وێڕای ئەوەی کە مافێکی بنەڕەتی هەر یەک لە نەتەوەکانی ناو ئێرانە، بەڵام تەنیا مافی پێشێلکراوی نەتەوەکانیش نییە و کۆمەڵێک کێشەی تری وەک ناوەند گەرایی و نەبوونی ئازادی بیر و را و کردەوەی دیمۆکراتیک، رێز نەگرتن لە ئیرادەی سیاسی گەلانی ئێران و هتد لە ئارادایە کە تەنانەت هێشتا نەکەوتۆتە ژێر باس و گفتوگۆ.

وەک پارتی ژیانی ئازادی کوردستان وێڕای شەرمەزار کردنی هەڵوێستی فەرهەنگیستانی زمان و ئەدەبی فارسی و هەڕەشەکانی سوپای پاسداران، رادەگەیێنن کە هەڕەشەی هەرە ئەساسی لە بەردەم ئێران و گەلەکۆمەی راستەقینە بۆ سەر ئێران، دژایەتی لەگەڵ گۆڕانکاری و چارەسەری بنەڕەتی کێشەکانی ناوخۆی ئێران و بەتایبەت کێشەی گەلانی ئێرانە. لەسەر ئەو بنەمایە رادەگەیێنین کە هەتا وەدیهاتنی سەرجەم مافەکانی گەلی کورد و گەلانی تری ئێران تێکۆشان بەرفراوانتر و پتەوتر دەبێتەوە.

هەڕەشەکان و دژایەتییەکانی حکوومەتی ئێران، تەنیا بەم مژارەوە سنووردار نەماوەتەوە و هەوڵدانەکانی رژێم بۆ لە ناو بردنی ژینگەی کوردستانیش هەر دەچێت بەرفراوان تر دەبێت. ویشک بوونی گۆڵی ورمێ، سووتاندنی دارستانەکانی مەریوان و برین و سووتاندنی دارستانەکانی کرماشان و ئیلام و هاوکات مەترسی ویشک بوونی گۆڵی زرێبار و بەدەیان کردەوەی تری لەم چەشنە، ئەم راستیە بە باشی نیشان دەدات کە لە ناو بردنی ژینگەی کوردستان سیاسەتێکی پیلان بۆ داڕێژراوی حکوومەتە. تەنانەت رژێم بەوەوە نەوەستاوە و لەم قۆناخەی دوایی دا ئەوانەی کە لە ژینگەی کوردستان خاوەندارێتی دەکەن و لە هەوڵی پاراستنی ژینگەدان، دەزگیر دەکات و هەر دەچێت زەختەکان لەسەر ئەم چالاکانە بەرفراوانتر دەبێـتەوە. بێ گومان نیزیکایەتێکی لەم چەشنە بە هیچ شێوەیەک پەسەند ناکرێت و پێویستە بە زووترین کات چالاکانی ژینگەپاریزی سەربەست بکرێن و سەرجەم هەوڵدانەکانی رژێم بۆ زیان گەیاندن بە ژینگەی کوردستان کۆتایی پێ بێت.

لەسەر ئەو بنەمایە وەک PJAK بە هەستیارییەوە بە دواداچوونی ئەم بابەتە دەکەین و بانگ لە سەرجەم گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین کە لە بەرامبەر ئەم سیاسەت و هەوڵدانانە خاوەن هەڵوێست بن و بەتایبەت بانگ لە گەلی ئازەری لە پارێزگای ئورمیە دەکەین کە شان بەشانی گەلی کورد بۆ پاراستنی گۆڵی ورمێ تێکۆشان بکەن.

 

سڵاو و رێزی شۆڕشگێڕی
کۆردیناسیۆنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان — PJAK
02.02.2014