رۆژهات شەڕ —

بانگەشەی دەستەبەرکردنی مافی نەتەوەکانی ئێران یەکێک لە خاڵە سەرەکیەکان بوو بۆ هاتنە سەرکاری حەسەنی رۆحانی و ئەو بابەتە هێشتاش لە رۆژەڤدایە. دایینی مافی پەروەردە بە زمانی دایکی بۆ نەتەوەکانی ئێران و هەروەها بەشداریکردنیان لە دەسەڵاتدا، مەیلی زۆر کەسی بۆ لای دەوڵەتی رۆحانی راکێشا. ئێستا کاتی بەجێهێنانی بەڵێنەکانی دەوڵەتی رۆحانی هاتووە. گەلی کوردیش بە خەبات و تێکۆشانی بە ساڵان، هەم بە شێوازی چەکداری و هەم سیاسی، بۆ گەیشتن بە مافەکانی هەوڵی داوە و بە دروشمی زمانی ئێمە ناسنامەی ئێمەیە، ویستوویە لە هەر جۆرە گوشار و تواندنەوەیەکی فەرهەنگی خۆی بپارێزێـت. لە لایەکی دیکەوە، رووناکبیران و مامۆستایانی کورد، بۆ پاراستن و پێشخستنی زمانی کوردی، سەرەڕای هەموو زەخت و گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە نووسین و پەروەردەی زمانی کوردی دەستیان نەکێشاوەتەوە. لە کاتێکدا نوێنەری تایبەتی حەسەنی رۆحانی، بۆ کاروباری نەتەوکانی ئێران، باس لە خوێندن بە زمانی دایکی و وەدیهێنانی داخوازییە لەمێژینەکانی گەلان دەکات کە ئەو گەلانە بە ساڵان تێکۆشانیان بۆ کردووە. دیارە، دایینی مافی خوێندن بە زمانی دایکی لە نەفسی خۆیدا خاڵێکی ئەرێنییە، بەڵام ئەو پرسیارەشمان لەلا دروست دەکات کە بۆچی ئێستا ئێران گەیشتووە بەو قەناعەتە؟ ئایا مەجبوورە کە بە پێی گۆڕانکارییەکانی هەرێمەکە ئەو کارە بکات یان شتێکی دیکە لە ئارادایە؟

دەتوانم بڵێم کە ئێران لەمێژە دەرکی پێکردووە بەڵام هەتا ئێستا بە گوێرەی بەرژەوەندی ئەو نەبووە. هەروەها ئێران دەبێژی ئەوە دەرفەتێکە، دەرفەت بە چ واتایەک؟ دەرفەت دەتوانێت بەمانای تێپەڕاندنی کاتی، دەمکورتی و تاکتیکی نزیکایەتی کردن بێت. ئەو خاڵە بۆخۆی وەک بێڕێزییە. ئێمە بۆ پاراستنی ئەو فەرهەنگ و نەریتانەمان، تێکۆشانی دوور و درێژمان ئەنجام داوە و خوێنمان بۆ داوە. تەنانەت ئێستاکەش کە باس لەو ئاڵووگۆڕ دەکرێت، هیچ گارانتییەک بۆ قسەکانیان نییە. هێشتاش هەندێک لە کاربەدەستان و رووناکبیرانی فارس لەتەک ئەم خاڵە کێشەیان هەیە و ناکۆکن و لە وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانیش مشتوومڕی زۆری لەسەرە. مەبەست ئەوەیە کە هێشتا لەتەک خۆیان بابەتەکەیان یەکلا نەکردۆتەوە. لە ناوەنددا لەتەک مەسەلەکە کێشەیان هەیە و هەندێک لە ناسیونالیستەکان وەک پارچەکردنی ئێرانی بەناو دەکەن و بۆیان هەزم ناکرێ کە چۆن لە وڵاتێکدا دەبێ دوو یان چەند زمان هەبوونیان هەبێت. هەر ئێستاکەش بۆ پەروەردەی کەسایەتی به گوێرەی خۆیان و لەسەر بنەمای ناسیونالیسمی فارس ـ شیعەی دەسەڵاتگەرا، هەموو پەرگالی پەروەردەیی خۆیان سەفەربەر کردووە. بۆ وێنە لە رێگای رێکخراوەکانی وەک بەسیج. تەنانەت ناوەڕۆکی کتێبەکان کێشەسازن و مەترسی گەورە، قاڵبە زهنییەتی و ئایدۆلۆژیکەکانە کە کۆماری ئیسلامی لە ناوەڕۆکی ئەو کتێبانەدا دەرخواردی منداڵانی نەتەوەکانی دیکەی ئێران دەدات. گەلێک لە مامۆستایانی کورد لە قوتابخانەکانی کۆماری ئیسلامی بە رەفتار و هەڵسووڕانی خۆیان بەرهەڵستی ئەم سیاسەتە بوونەتەوە و بەردەوام بە شێوازی جودا توانیویانە کە سیاسەتی دوژمنان پووچەڵ بکەنەوە. مەخابن کەس لە ئێشی مناڵان ئاگادار نییە کە بە چ زەحمەتێک فێری زمانێکی بێگانە دەبن و قەت چێژ لە زمانی زگماکی نابینن.

پرسیار ئەوەیە کە ئەگەر خوێندن بە زمانی دایکی پێک بێت، ناوەڕۆکی ئەو کتێبانە چی بەسەر دێت؟ یان باس لە فەرهەنگ و مێژووی کوردستانیش دەکرێت؟ لە وەڵامدا دەبێ بێژم کە ئەگەر خوێندن بە زمانی دایکی تەنیا بۆ ئەو مەبەستەیە کە بتوانن فکر و زێهنییەتی نالەباری خۆیان بە زمانی گەلان و بە شێوازێکی کاریگەرتر بەجی بکەن هیچ قازانجێکی بۆ گەل نییە و بگرە زۆریش مەترسیدارە. واتە ئەو پێکهاتەیەی کە دووچاری، نەگبەتی سیخوڕی، شکانی کەسایەتی، بێ شوناسی، گەندەڵی، مادەی سڕکەر و بێ ئەخلاقی بووەتەوە، بەتەواوی لە هەست و نەست بەتاڵی کەنەوە. لە لایەکی دیکەوە، ئەگەر هەمووی خاڵەکان راست بێت، ئایا بەرنامە و پلانی ئەو کارە هەیە؟ چەندە پێشبینی بۆ داموودەزگا و بوودجەی ئەو کارانە کراوە؟

بابەتێکی دیکە کە دەوڵەتی رۆحانی دەیهەوێ لەو رێگایەوە پێکی بهێنێت، ئەوەیە کە بە پێشخستنی بابەت و باسی لەو شێوەیە واتە ئابووری و زمانی دایکی، سەرنجی گەلانی ئێران بۆ لای خۆی راکێشێ و خواست و داخوازی گەلان دابەزێنێتە ئاستێکی خوارەوە و بەو شێوەیە بتوانێ تا رادەیەک چالاکی ئۆپۆزیسیۆنە رادیکاڵەکان کەمڕەنگ بکاتەوە و بێ کارگەریان بکات. هەڵبەت ئەو هەوڵە تازە نییە و لە ساڵانی سەرۆک کۆماری خاتەمی دا تێکۆشانی هاوشێوە هەبوو. لەو رەوشەی کە ئێران ئێستا تێیدایە، پێکهێنانی راستەقینەی پەروەردە بە زمانی دایکی زەحمەتە. ئەگەر ئێران دیمۆکراتیزاسیۆنێکی راستەقینە لە ژێر ناسنامەیەکی گشتیدا بەرەو پێش بەرێت، سەرکەوتوو دەبێت. ناکرێت کە هەم باس لە کرانەوە بکرێت و هەم زەخت و گوشار و سێدارە هەبێت. دەبێت کە سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ناڕوون بێت، بەڵام گەلی کورد بە روونی سیاسەتی هەڵاواردن و نامرۆڤانە دەبینێت و نابێتە دەرفەت بۆ مانەوەی هیچ دەسەڵاتێکی زۆردار و نادیمۆکراتیک.

یەکەمین هەنگاو بۆ دێمۆکراتیزە کردنی ئێران، دووری گرتن لە سانترالیسم و ناوەندگەراییە و تا حکوومەتێک ناوەندگەرا بێت ناتوانێت باس لە کرانەوەی دیمۆکراتیک و مافی گەلان، ژنان و جوانان بکات. کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی تا دان بەم کێشەیە دانەنێن، ناتوانن رەنگە جیاوازەکانی کۆمەڵگا قەبووڵ بکەن. دیمۆکراسییەکی مایەندە، پێویستی بە هەنگاو هەڵگرتنی نەترسانە و بوێرانە لەم رەهەندەدا هەیە.