سەرکە‌وتن‌ و دەسکە‌وتنەکانی ئەمڕۆی گە‌لی کورد لە هەموو بە‌شەکانی کوردستان لە دەرەنجامی خەبات و تێکوشانی شەهیدانی رێگەی ئازادی هاتوەتە ئاراوە. بێ گومان ئامانجی شەهیدان بە‌دەسهێنانی وڵاتێکی ئازاد و ژیانێکی بە‌ڕوومەت بوو. لە سەر ئەو بنەمایەش ئەرکی ئەخلاقی و ویژدانی هەر مرۆڤێکی ئازادی خوازە کە بۆ بەردەوامی رێگای ئەو قارەمانانەی کە ژیانی خۆیان فیدا کرد، بێ هەڵوێست‌ نەمێنێت و تا گەیشتن بە ئازادی کۆڵ نەدەرانە لەهەر کوێ دەبێت با ببێت، تێبکۆشێت. بەو بۆنەیەشەوە سەرەڕای بەبیرهێنانەوەی هەموو شەهیدان بە تایبەت شەهیدانی مانگی 2ی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە ساڵ و شوێنی جیاوازدا گەیشتونەتە پلەی بەرزی شەهادەت، بانگ لە هەموو گەلی کورد بەتایبەت بنەماڵەی شەهیدانی رۆژهەڵات دەکەین کە وەکوو رابڕدوو خاوەنداریەتی لە ئامانج ‌و تێکوشانی شەهیدان بکەن.

لەم دوایانەدا باس لە هێندێک هەوڵدانی بونیادی شەهیدی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ زەخت خستنە سەر بنەماڵە شەهیدە قارەمانەکان دەکرێت. بۆنیادی شەهید بەوپەڕی بێ شەرمییەوە دەێهەوێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەت لە شاری قارەمانپەروەری سەردەشت بە دانی هێندێک بەڵێنی مالی، بنەماڵەی شەهیدانی رێگای ئازادی گەلی کورد بۆ ئەندامبوونی ئەم کۆمیتەیە دەعوەت بکات. بەڵام بنەماڵەی شەهیدان بە هەڵوێستی خۆیان ئەمجارەش وەکوو هەمیشە خاوەندارێتی لە رێگای رۆڵە قارەمانانەکانی خۆیان گرتە بەر و پابەندبوونی خۆیان بە رێگەی خوڕاگری رۆڵە شەهیدەکانیان دژ بە سیاسەتە نکۆڵیکارانەی جمهوری ئیسلامی نیشان دا. لەم رووداوەشدا تەنیا شتێک بۆ کۆماری ئیسلامی ماوەتەوە شەرمەزاریە. ئەم چەشنە سیاسەتە قیزەونانەی کۆماری ئێسلامی بۆ شکاندنی هێڵی خۆڕاگری و تێکۆشانی کۆمەڵگای کورد، نە تەنیا وەکوو جارانی دیکە ئەنجامی نەگرتووە بەڵکوو هەوڵدانی بنەماڵەکانی شەهیدان و هەموو گەلی کوردی بەرزتر و چڕوپڕتر کردۆتەوە. ئێمەش وەکوو کۆمیتەی شەهیدانی پەژاک ئەم هەوڵدانانەی رژیمی کۆماری ئیسلامی شەرمەزار دەکەین و پەیمان و سۆزی بەرز کردنەوەی رێگای شەهیدانی کوردستان و سەرجەم شەهیدانی رێگای ئازادی نوێ دەکەینەوە و و سڵاو و ڕێزی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی هەموو شەهیدانی رێگای ئازادی دەکەین و بانگیان لێی دەکەین کە وڵامی شیاوی شەهیدان بدەنەوە قاتلان و بکوژانی رۆڵە قارەمانەکانیان.

 

سڵاو وو ڕێزی شۆڕش گێڕی
کۆمیتەی شەهیدانی پەژاک
13.02.2014