رۆژبین رۆژهەڵات —

کاتێک باس لە زمان دەکرێ لە راستیدا باس لە شوناسی ئەو کۆمەڵگایە دەکرێ. لەگەڵ دەرکەوتنی دەنگەکان بە مەبەستی دەڕبڕینی تێگینێک، هەستێک، یان بە مەبەستی وشیار کردنەوە، زمان دەخوڵقێ، لەگەڵ ئەوەش یەکەم هەنگاوەکانی بە کۆمەڵگایی بوونی مرۆڤ لە دەوری دایک هەڵدەهێندرێتەوە کە بەر بە کلان، کۆمین، عەشیرە گەورە دەبێتەوە. ئەوە بابەتێکی حاشا هەڵنەگرە کە بڵێین زمان دەستکەوتی دایک-ژنە، و هەر بۆیەش بە زمانی دایکی بە نێو دەکرێ. ئەو(تفڵە) منداڵە لە دایکیەوە فێری چاند(فەرهەنگ)،کولتور و نۆرمی ئەو کۆمەڵگایە دەبێت.

مرۆڤ خۆی هەبوونێکی سۆسیال وکۆمەڵایەتیە، کە ئەوەش بە رێگای زمانەوە پێکدێ، دیالۆگی نێوان مرۆڤەکان پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی لەگەڵ خۆی دەهێنێ. لە رێگای لێکۆڵینەوە لە سەر زمان و زمانناسیەوە دەتوانین هەڵسەنگاندنێکی زێهنیەت، ئەخلاق، کولتور، سیاسی ئەو کۆمەڵگایە بکەین،و تەنانەت مێژووی ئەو کۆمەڵگایە هەڵبدەینەوە و شیتەڵکاری بۆ بکرێ. چونکە مێژووی ئەو کۆمەڵگایە لە زەکای کۆمەڵگادا شاراوەیە و ئەوەش لە زماندا و دیالۆگی رۆژانەی خەڵکدا دەردەکەێ. پەندی پێشێنان،هەڵبەست و هۆرەی دایکان و سترانەکان پشت بە پشت لە گەڵ خۆی هەڵگری مێژووی ئەو گەلە بوون کە ئەمرۆ وەکوو کولتور یان نۆرمی ئەو کۆمەڵگایە خۆی دەنوێنێ.

زمان لە خۆیدا زێهین، ئەخلاق، ئیحساس-هەست، ئەندێشەی جوانناسی، بیرۆکە و مێژوو دەحاوێنێتەوە. هەر چەند زمانی ئەو کۆمەڵگایە دەوڵەمەند بێ، بەو واتایەیە کە چاند(فەرهەنگی) ئەو کۆمەڵگایە دێرین و دەوڵەمەندە. ڕێبەر ئاپۆ لە مەڕ زمان بەم شێوەیە دەدوێ:(بەدەست هێنانی زمان، بە واتای دەستکەوتنی بیرۆکەی(ئەنگیزەی) بەهێزە بۆ ژیان کردن. ئەوەش نابێ لە بەر چاو نەگرین کە زمان خۆی هەبوونێکی بگۆرە(سۆبژەکتیڤە). کات، مەکان، هەلومەرج خاوەن کاریگەریە، لە سەر زمان، کولتور و لە سەر “دارشتن و دەربڕینەکان”.

ئەگەر بە دیتنێکی نەگۆر چاو لە زمان بکرێ، لەگەڵ خۆی نژادپەرەستی، فاشیسم،و شۆڤەنیستی دەهێنێ. لەگەڵ ئەوەش زێهنیەتی دەوڵەت-نەتەو ئاوا دەبێ، کە بە دروشمی “تەک زمان، تەک نەتەو، تەک ئاڵا و تەک ئاین” خۆی نیشاندەدات، و ئەو زێهنیەتە ئینکاری نەتەوەکان، نژادەکان و ئاینزاکانی دەرەوەی خۆی دەکات. ئەو زێهنیەتەی ئاماژەمان پێ کرد داگیرکاری ،(موستەعمەرە)، کۆلۆنی کردن، وابەستە کردن بە رێگای سیاسەتی ئاسمیلاسیۆن و قڕکردنی ئەتنیکی بەداوە دەبێ. هەروەها لە بن نێوی ئینتەگراسیۆن،دەست دەهاوێتە چاند(فەرهەنگ)،زمان،و نرخە پیرۆزەکانی ئەو نەتەوەیە و بە دەرخستنی ئەو بەها نەتەوەییانە لە جەوهەری راستی خۆیان، بیرۆکەی چینی سەردەست دادەسەپێنن. بەوەش قەیرانی کۆمەڵایەتی، ئینحراف و لە رێ دەرکەوتنی ئەخلاقی کۆمەڵایەتی ، قەیرانی سیاسی و ئابوری بەدواوە دەبێ.

لە ئێران کوردان رووبەرووی لە نێو بردن و قڕکردنی چاندی و زمانەوانی و نەتەوەیی بوونەتەوە. ئەوەش بە رێگای سیاسەتی ئاسمیلاسیۆنی چاندی و وابەستە کردن لە بواری سیاسی، ئابوری، لە سەردەمی قاجارەکانەوە هەتا ئەمرۆ بە شێوەیەکی سیستماتیک بەرێوە دەچێ. کوردان مافی خۆ پەروەردە کردنیان بە زمانی دایکی نیە و پاراستنی چاند(فەرهەنگ)، کولتور ، ناسنامە و شوناسی لێ ستێندراوەتەوە.لە ئێراندا سیاسەتی لە نێو بردن و بێ نرخ کردنی بەهای نەتەوەیی و نژادی بۆ نەتەوەکانی دەرەوەی فارس، وەکوو کورد، بەلوچ،عەرەب و تورک بەرێوە دەچی. بەم سیاسەتە چاندی سەروە پیرۆز دەبیندرێ ،زمانی سەردەست فەرز دەکرێ، لە روانگەی ئەوانەوە کەمە نەتەوەکان بچوک و حەقیرن و داکۆکی کردن و پاراستنی زمان و چاندی هەرێمی بە ئاژاوەو و تەخریبات دادەندرێ. لە بن نێوی پاراستنی یەکێتی نەتەوەیی هەر جۆرە کۆمەڵکوژی و زوڵم و زۆری لە لایەن دەسەڵاتەوە بە رەوا دەکرێ.

مژاری زمان کە لە رۆژەڤی ئێراندایە، کۆکی خۆی لەم زێهنیەتەوە دەگرێ. لە بن نێوی پاراستنی زمانی فارسی (فرهنگستان فارسی) پانی ئێرانیسم پیشدەخەن و سیاسەتی ئاسمیلاسیۆن، قڕکردنی چاندی و لە نێو بردنی فیزیکی بەرێوە دەبەن. خۆفەرز کردن وەکوو هێزی سەروەر لە روانگەی نیژادپەرەستی و نەتەوەپەرەستی سەرەتایی نە تەنیا بە داسەپاندنی زمانەوانیەوە، بەڵکو لە رێگای پەەرەپێدانی بەکرێگیراویەتی لە بن نێوی “بەسیجی ئاکتیڤ و پاسیڤ و خوێندکاراندا”، و هەروەها بە رێگای پەرەپێدانی فەحشا و لەشفرۆشی لە بن نێوی سیغە و بە رەوا کردنی دەستدرێژی بۆ سەر منداڵان بەتایبەتی کچان لە تەمەنی ٩ ساڵیەوە لە نێو ئەم سیاسەتەدا جێ دەگرێ. پەرەپێدانی مادە هۆشبەرەکان بە مەبەستی کپ کردنی دەنگی ئازاد، وەکوو کۆمەڵکوژی سپی بەنێو دەکرێ. لە نێو بردنی هەر دەنگی نارەزایەتی بە پەت و سێدارە و سەنگسار وەڵام دەدرێتەوە.

ئەم کردەوانە بە رێگای پەروەردەیی و پرۆپاگەندەی ئامێرەکانی سەر بە دەوڵەت لە نیو کۆمەڵگادا رەوا نیشان دەدرێ و لە بن نێوی خزمەت بە هاوڵاتی و پاراستنی یەکێتی نەتەوەیی ئێرانی، و مافی هاووڵاتی(شهروندی)، لە بن نێوی دابینکردنی ئاسایشی گشتی بە کۆمەڵگادا تەزریق دەکرێ. ئەم سیاسەتەش بەتایبەت لە سەر ژنان بەرێوە دەچێ، و بە تەسلیم وەرگرتنی ژنان دەیانەوێ کۆمەڵگا بێ ئیرادەو وابەستە بکەن. هەروەها بە پەروەردە کردنی ژنان بە زێهنیەتی سەردەست دەیانەوێ کۆمەڵگا لە جەوهەری خۆی دوور بخەنەوە و بە کام ئاقەواردا دەیانەوێت پەلکێشیان بەکەن. ئەوەش بە رێگای رێکخستنەکانی “خوشکانی زێنەب، و خوشکانی زەهرا،رێکخستنەکانی بەسیجی ژنان” کە خۆیان خزاندۆتە نێو هەموو گۆشەو قولینچکێکی کۆمەڵگاوە کە مەڵبەندەکانیشیان بە تایبەتی لە ئارایشگاکان، مەکتەبی کچان، مزگەوتەکان، و ماڵانی تایبەتە.

لە سەر ئەم ئەساسە گرینگی بە وشیار بوونێکی نەتەویی هەیە لە بەرامبەر ئەم هێرشە هەمەلایانەی وا لە سەر گەلەکەمان دەکرێ و بەرێوە دەچی. بەتایبەت خۆپاراستن لە بەرامبەر ئەم شەپۆلە لەنێوبەرانەی وا نرخ و بەهای نەتەوەییمانی بە ئارمانج گرتووە، وەکوو چاند(فەرهەنگ)، زمان، کولتور، نۆرم و ئەخلاقی کۆمەڵایەتی، ئەرکی سەرەکی ژنان و گەنجانی گەلەکەمانە و کەسانی ئازادی خوازە. پاراستنی زمانی دایکی بە واتای پاراستنی ناسنامەو شوناسی نەتەوەییمانە.