شوان مەریوان —

ئەو تێکۆشانەی بە پێشەنگایەتی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالان و لە ژێر ناوی پارتی کرێکارانی کوردستان “پەکەکە” لە کوردستان دەستی پێکرد، بە کاریگەرترین بزووتنەوەی مێژووی گەلی کوردە. ئەم بزوتنەوە نەک تەنیا لە سەر گەلی کورد بەڵکوو لە سەر گەلانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوین کاریگەری مەزنی داناوە. ئەم بزووتنەوەی هەر لە سەرەتاوە ڕووبەڕووی هەژمارێکی زۆر پیلانگێری بووتەوە. تەنانەت دامەزراندی خۆی وەکوو وڵامدانەوەیەکە بۆ پیلانگێری قەتڵکردنی یەکێک لە کایرە پێشەنگەکانی بە ناوی “حەقی قەرار”ە.

کاتێک دەوڵەتی تورک لە ساڵانی ١٩٩٠ دا هەموو ڕێگایەکی بۆ دژایەتیکردن و لەناوبردنی تەڤگەری ئازادی گەلی کورد تاقیکردەوە و سەرکەوتوو نەبوو، پەنای بۆ هێزە نێودەوڵەتییەکان و بە تایبەتی ئەمریکا و ئیسرائیل برد کە لە شەڕی دژی پارتی کرێکارانی کوردستان دا یارمەتی بدەن. ئەگەر چی لە ساڵانی ١٩٨٠کانەوە ئەمریکا بە شێوەیەکی چالاک و لە چوارچێوەی خاڵی ٥ی پەیمانی ئەتلەتیکی باکوور ناسراو بە “ناتۆ” دا یارمەتی تورکیای دەکرد، بەڵام ئەم جارە دەوڵەتی تورک داوای دەکرد کە لە بێکاریگەر کردنی ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان “عەبدوڵڵا ئۆجالان” دا یارمەتی بدەن. لەو چوارچێوەیەدا دەوڵەتی تورک لە ساڵانی ١٩٩٦ هەتا ٩٨ بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ڕێبەرایەتی تەڤگەری ئازادی گەلی عەبدوڵڵا ئۆجالانی بە ئامانج گرتبوو. کاربەدەستانی دەوڵەتی تورک بە ئاشکرا بانگەشەیان دەکرد، هەتا ئۆجالان مابێ، ئیمکانی نییە تەڤگەری ئازادی گەلی کورد لەناو بچی. چوونکە ئەو خاوەن کەسایەتییەکە بە هەموو شێوەیەک و لە هەر دەرفەتێک دا کادیر پەروەردە دەکات و پێکهاتەی ڕێکخستنی تەڤگەری بەهێز دەکات.

لە رۆژی ٦ی گوڵانی ساڵی ١٩٩٦ دەوڵەتی تورک لە دژی ئەو ماڵەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالان لە شام لێی دەژیا، هێرشی بۆمبایی ئەنجام دا. ئەو تەقینەوە بێجگە لە زیانێکی مادی هیج زیانێکی دیکەی بە دواوە نەبوو. بەڵام ئەو هێرشە زەنگی مەترسی بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالان لێدەدا کە ئیدی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بە ئامانج وەرگیراوە. لە ساڵی ١٩٩٧ دا پەیمانی ستراتیژیکی سەربازی و ئەمنیەتی لە نێوان تورکیا و ئیسرائیل دا مۆر کرا کە بەشێکی ئەو پەیمانە دوژمنایەتکردنی تەڤگەری ئازادی گەلی کورد بوو. لەو چوارچێوەیەدا گووشارەکان بۆ سەر سووریا کە ئەو کاتە ماڵەوانی بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالان دەکرد، زیاتر پەرەی سەند. ڕۆژی ١٦ی سێپتامبری ساڵی ١٩٩٨”ئاتیلا ئاتەش” سەرفەرمانداری گشتی ئەو کاتەی ئەرتەشی تورکیا لە شاری “رەیحانلی” پارێزگای “حاتا”ی بە شێوەیەکی ئاشکرا هەڕەشەی لە دەوڵەتی سووریا کرد و ڕایگەیاند؛ ئەگەر سووریا ئۆجالان لە وڵاتەکەی دەرنەکات، ئەوا هێرشی سەربازی دەکەنە سەر سووریا”. ئەو هەڕەشانە لە کاتێک دا بوو کە پارتی کرێکارانی کوردستان “پەکەکە” لە ڕۆژی ١ی سێپتامبری هەمان ساڵ دا بە شێوەیەکی یەک لایەنانە بۆ سێهەمین جار لە پێناو چارەسەری سیاسی پرسی کورد دا ئاگربەستی ڕاگەیاندبوو. هەروەها بۆ زیاترکردنی گووشارەکان لە سەر سووریا لە کۆتایی هاوینی ساڵی ١٩٩٨ دا هێزەکانی دەریایی ئەمریکا و ئینگلیس بە هاوکاری تورکیا مانۆرێکی سەربازی بەرفراوانیان لە دەریایی سپی ئەنجام دا و چاودێرانی سیاسی ئەو مانۆرەیان وەکوو هەڕەشەیەکی ئاشکرا لە سووریا هەڵسەنگاند. لەو رۆژانەدا ترافیکێكی دیپلۆماسی بەرفراوان بۆ هێورکردنەوەی ئەو ئاڵۆزییەی لە نێوان تورکیا وسووریا دا هاتبووە ئاراوە، دەستی پێکرد. بەڵام دواتر ئاشکرا بوو کە بەشێکی بەرفراوانی ئەو ترافیکە دیپلۆماسییە بۆ گووشارخستنە سەر سووریا و سەرکردنی عەبدوڵڵا ئۆجالان لەو وڵاتە پێکهاتووە. لە کاتێک دا شەرێکی مەزنی هەرێمی لە بەر دەرگا بوو، ڕێبەری گەلی کورد بۆ ڕێگریکردن لەو شەڕ بڕیاری دا سووایر بەجێبهێڵی و ڕووی لە وڵاتانی ئەوروپایی کرد. بەو شێوەیە ئۆجالان ڕۆژی ٩ی ئۆکتۆبری ساڵی ١٩٩٨ سووریای بەجێهێشت و ڕووی لە وڵاتی یونان کرد. لە دوای ئەو ڕۆژە پیلانگێری نێودەوڵەتی لە دژێ گەلی کورد لە کەسایەتی ئۆجالان دا کەوتە قۆناغێکی جیاوازەوە. ڕێبواریەتی ئەوروپا لە لایەن ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالانەوە دەستی پێکرد و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەکی سیاسی بۆ پرسی کوردیش پەرەی سەندبوو. لە دوای ئەوەی دەوڵەتی یونان خاوەنداری لە بەڵێنەکانی خۆی نەکرد، ئۆجالان ناچار بوو سەرەتا بڕواتە ڕووسیا و دواتر گەیشتە شاری ڕومای پایتەختی ئیتالیا. کاتێ کوردانی نیشتەجێ لە وڵاتانی ئەوروپایی زانیان کە ئۆجالان لە وڵاتی ئیتالیایە، بەرەو شاری ڕۆما بەرێکەوتن و خۆپیشاندانی مێژووی کوردان لە ڕۆما دەستی پێکرد. سەرەڕای هەموو هەوڵدانەکانی سەرۆکوەزیری ئەو کاتەی ئیتالیا “ماسیمۆ دالیما” بۆ دۆزینەوەی رێگە چارەیەک بۆ ئەو قەیرانەی لە دوای هاتنی ئۆجالان بۆ ئەوروپا دەستی پێکردبوو، بەڵام لە ئاکامی گووشارەکانی ئەمریکا ، ئینگلیس و تورکیا ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالان ناچار بوو ڕوما بەجێبێڵی و سەرەتا بۆ ڕوسیا و دواتر بگەرێتەوە بۆ یونان. کاربەدەستانی ئەو کاتەی یونان بەڵێنیان دابوو بە ئۆجالان کە یارمەتی دەدەن بۆ ئەوەی بڕوات بۆ ئافریقای باشوور، بەڵام هەر چۆن لە سەرەتا دا بەڵێنەکانی خۆیان جێبەجێ نەکردبوو، لەو کاتەش دا وەکوو ئەو ڕۆڵەی کە پیلانگێری نێو دەوڵەتی لە دژی گەلی کورد پێیسێردرا بوو، خاوەنداریان لە ئۆجالان نەکرد و لە ئاکام دا لە ڕۆژی ١٥ی شوباتی ساڵی ١٩٩٩ دا ئەندامانی دەزگای سیخووری ئەمریکا و ئیسراییل ئۆجالانیان ڕفاند و ڕادەستی هێزەکانی دەزگای سیخوری تورک “میت” یان کرد.

لە دوای بڵاوبوونەوەی ڕفاندن و ڕادەستکردنەوەی ئۆجالان بە تورکیا، کوردان لە هەموو بەشەکانی کوردستان و سەرانسەری جیهان بە شێوەیەکی بەرفراوان چالاکی نارەزایەتییان ئەنجام دا. ئەو چالاکیانە هێندە بەرفراوان و مەزن بوون، کە وەزیری دەرەوەی ئەو کاتەی ئەمریکا” مادڵین ئۆلبرایت” لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی دا ڕایگەیاند؛ ئەوان نەیاندەزانی ئۆجالان هێندە پێگەیەکی جەماوەری بەهێزە.

هەروەها لە پێڤاژۆی نێوان ٩ی ئۆکتۆبەر ساڵی ١٩٩٨ هەتا ١٥ شوبات ساڵی ١٩٩٩ واتا لە رۆژی دەرکەوتنی ئۆجالان لە سووریا هەتا ڕادەستکردنەوەی بە تورکیا، دەیان مرۆڤی کورد لە چالاکییەکانی “ئێوە ناتوانن خۆری ئێمە تاریک بکەن” ئاگریان لە جەستەیان بەردا و گیانیان بەختکرد. بەو شێوەیە کوردان بوون بە بازنەیەک لە ئاگر لە دەروی ڕێبەرایەتی خۆیان. ئەو چالاکیانە هەتا ئەو کاتە بەردەوام بوو کە ئۆجالان لە زیندانی ئیمرالییەوە پەیامێکی بۆ گەلی کورد نارد و داوای لێکردن کۆتایی بە چالاکی خۆسووتاندن بێنن.

لە پێڤاژۆی ئیمرالی دا، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالان بە پێچەوانەی هەموو چاوەڕوانییەکان بۆ پووچەڵکردنەوەی پیلانگێری نێودەوڵەتی هەڵوێستێکی شکۆداری نیشان دا و پاراستنێکی مێژووی گەلی کوردی لە کەسایەتی خۆی دا ئەنجام دا. ئۆجالان لە هەردوو بەرگی پارێزنامەی” لە دەوڵەتی راهیبی سومەرەوە بەرەو شارستانی دیموکراتیک” هەموو لایەنە شاراوەکانی پیلانگێری، ئەو هێزانەی تێدا بەشدار بوون و ئامانجی ئەو پیلانگێرییەی ڕوون و ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند؛ بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەو پیلانگێرییەی کە ئامانجی درووستکردنی شەڕێکی بێ کۆتایی لە نێوان گەلی کورد و تورک دایە، دەبێ هەوڵدانی دیموکراتیک کردنی کۆماری تورکیا وچارەسەری پرسی کورد بە ڕێبازی ئاشتیانە و دیموکراتیک پەرەی پێبدەرێ. لەو پێناوەدا چەندین جار لە سەر پێشنیاری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالان، تەڤگەری ئازادی کوردستان ئاگربەستی یەکلایەنانەی ڕاگەیاند و لە دوای نوسینی پارێزنامەکانی “پاراستنی گەلێک” و “مانیفستۆی شارستانی دیموکراتیک لە ٥ بەرگ” دا، ئۆجالان لە ساڵی ٢٠١٠ دا نەخشە ڕێێ چارەسەری پرسی کوردی ئامادە کرد و هەرە دوایی بە دەسپێکردنی پێڤاژۆی چارەسەری پرسی کورد لە ساڵی ٢٠١٣ دا وەکوو یەکێک لە ١٠٠ کەسایەتی بەکاریگەری جیهانی لە لایەن گۆڤاری “تایم”ەوە هەڵبژێردرا.

لە بەرانبەر ئەو پیلانە نێودەوڵەتییەی کە لە کەسایەتی ئۆجالان دا لە دژی گەلی کوردستان لە کۆتایی سەدەی بیستەم دا پێکهات، هەم ئۆجالان، هەم تەڤگەری ئازادی گەلی کورد و هەم تێکرای گەلی کورد بەرخۆدانێکی مەزنیان ئەنجام دا.

ڕوون و ئاشکرایە کە ئامانجی ئەو پیلانگێری نێودەڵەتی ١٥ی شوبات لەناوبردنی ئیرادەی ئازادی گەلی کوردبوو، لە سایەی ئەو بەرخۆدان و تێکۆشانەی گەلی کورد دا، نەک ئەو ئامانجە پێکنەهات، بەڵکوو ئێستا ڕێبەری گەلی کورد، تەڤگەری ئازادی و گەلی کورد لە هەموو کاتێک بەهێزترن و چارەسەری پرسی کوردیان کردووە بە ڕاستییەک کە بێ ئەوە نابێ. لەو چوارچێوەیەدا لە کاتێک دا لە ١٦ هەمین ساڵرۆژی پیلانگێری نێودەوڵەتی ١٥ی شوبات نزیک دەبینەوە، کوردان بە شێوەیەکی ڕاشکانەوە ڕایانگەیاندووە کە بە هیچ شتێک بێجگە لە ئازادی ڕێبەرەکەیان و چارەسەری پرسەکەیان بە ڕێبازی دیموکراتیک، ڕازی نابن.