ئەهوەن چیاكۆ —

بەناوبانگترین رستە بۆ ناساندنی زمان ئەوەیە کە (زمان ئامرازی پەیوەندی گرتنە). گەلۆ تەنها مەبەست پەیوەندی مرۆڤ لە گەڵ مرۆڤە؟ ئایا زمان تەنیا ئەو دەنگ و وشەیە‌ کە لە ‌قوڕگ دەردێت و دێتە سەر زار؟ بەڕای من، زمان ئەمرازی پەیوەندی ناوبەینی هەموو دیاردە گەردوونییە‌کان لە‌ گەڵ یەکدایە‌ و تەنیا بە مرۆڤەوە سنووردار نیە. هەروەها مەبەست لە زمان تەنیا، دەنگ و وشە نیە. واتە زمان دەتوانێ بێ دەنگ و وشە رۆڵ بگێڕێ. زمان زۆر گەردوونیتر و کۆنترە لە دەنگ و وشە و رێنوس. کەواتە زمان هەم دەتوانێ لە رایەڵکەی ئیلهامەوە بێ ئەوەی دەنگ و وشە هەڵبڕێ، هەمیش ئەگەر پێویست بکات هێزی ئەوەی هەیە کە دەنگ و وشە بەرهەم بێنێ و پەیوەندی ساز بکات‌. دەتوانین زمان بە دوو بەشی زمانی قاڵ (شێوازی پەیوەندی لە رێگەی دەنگ و وشە) و زمانی حاڵ، شێوازی پەیوەندی لە رێگای ئیلهامەوە دابەش بکەین.

مرۆڤ ئەگەر لە سروشت قووڵ ببێتەوە، تێدەگات کە سروشت دەخوازێ لە رێگەی زمانی حاڵەوە بەبێ دەربڕینی دەنگ و وشە لە گەڵیدا بدوێ. هەروەها هەموو پێکهاتەکانی سروشت بە زمانی حاڵ لە گەڵ یەک لە پەیوەندیدان. گەلێک جار مرۆڤ بە دیتنی دیمەنێک، یان دیاردەیەک، ئیلهام وەردەگرێ.‌ هەست دەکات بە زمانێک لە گەڵیدا دەدوێت.‌ مرۆڤ دەتوانێت ئەو یەکە وەک، زمانی حاڵ ناوزەد بکات. هەروەها، ئاگادارکردنەوەی بوونەوەرەکان لەلایەن یەکەوە بە دەربڕینی دەنگ، دەتوانێت وەک زمانی قاڵ پێناسە بکرێت.‌ گەلێک شتی رۆژانەش‌ روونی دەکەن کە ئەوە تەنیا بە مرۆڤەوە سنووردار نیە. وەک ئاگارکردنەوەی هەموو جۆرە ئاژەڵەکان بە دەربڕینی دەنگی تایبەت بەخۆیان. کەواتە،‌ هەموو ئەوانە نیشان دەدەن کە زمان پێویستی سەرەتایی ژیانە و سروشتیترین پێویستی و مافە. دەتونین بڵێین: ئەوە زمانە‌ گەردوون رادەگرێ و هاوسەنگی هەبوون دەپارێزێ و ژیان ئاوا دەکات و مرۆڤ دەکا بەمرۆڤ و بە کۆمەڵ. بۆیە‌ دەتوانین بە ئەوپەڕی وێرەکییەوە بڵێین: زمان هەبوونە،‌ زمان لەشە،‌ زمان ئاو و خاک و وڵاتە.‌ زەوت کردنی ئەو مافەش‌ گەورەترین لادانە لە سروشت. بێ‌ئەخلاقییەکە کە رێگە لەبەر هەر بێ‌ئەخلاقییەکی‌تر دەکاتەوە.

گەلۆ، ئەو پێشکەوتنە زمانیەی کە لە نێو کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە ئارادایە، لە گەڵ دیالکتیکی مێژوو و جوگرافیا و هزر لە پەیوەندیدایە،‌ یان بەرهەمی رەوتێکی نەگۆڕ و دیاریکراوە؟ زانستی زمانەوانی و لێوردبوونەوەی مرۆڤ لەسەر مژاری زمان، وڵامی ئەوەمان پێدەداتەوە.‌ ئەو پێشکەوتنانەی کە لە بواری زمان هاتوونەتە‌ ئاراوە،‌ بەرهەمی رەنجی مرۆڤایەتییە.‌ بەپێی دیالکتیکی کات، مێژوو، جوگرافیا و هزرەوە ملیۆنان وشە و رستە و چیرۆک و ناوی مرۆڤ و شاخ وبەرد و رز و باخ و دار و تەڵان و… هتد، لە کۆمەڵێک دەنگ خۆلقاون کە ژمارەیان زۆر نیە ‌. بۆ وێنە لە زمانی کوردیدا بە هەموو زاراوەکانییەوە 40 دەنگ دەرباز ناکەن‌. ئەو بەرهەمە سەرسوڕێنەرە،‌ هەروا سەهل و ئاسان نەخوڵقاوە و بەرهەمی رەنجە! زمان بۆ خۆی هەڵقوڵاوی سروشتە. بەڵام‌ بۆ پێشکەوتن و پاشکەوتنی، رۆڵ و کاریگەری تاک و کۆمەڵگا راستییەکی حاشاهەڵنەگرە.

پەیوەندی سەرەتایی مرۆڤ،‌ تەنیا لە رێگەی دەربڕینی دەنگ، بێ‌بەکارهێنانی وشە، هەروەها لە رێگەی بەکارهێنانی زمانی ئیشارە و … هتد، بووە. مێژووی مرۆڤایەتی، نیشان دەدا،‌ ئەو دەسکەوتە،‌ تا گەیەشتووە رۆژی‌ ئەمڕۆ گەلێک زۆری و زەحمەتی چێشتووە. بێگومان لە لایەن کۆمەڵگای مرۆڤایەتییەوە پێویستی‌ بە چێشتنی ئەو سەرداوسۆڵە بینراوە.‌ چونکە زمان ئامرازی پەیوەندییە و چەندە زمان پەرەبستێنێ بەو ئاستەیش پەیوەندی پتەوتر دەبێت.‌ لە ئاکامی ئەو پەیوەندیەیشدا کۆمەڵگای ئازاد دەخۆڵقێت. لەو کۆمەڵگا ئەخلاقییەدا‌، مافەکانی تاک و کۆمەڵیش دەستەبەر دەبن. بۆیە پاراستن و پەرەپێدانی زمان بۆ هەر نەتەوەیەک، تا‌ ئاستی هەناسە هەڵکێشان پێویستە. ئەو پێویستییەش تەنیا لە لایەن هەستی نیشتمانپەروەرییەوە فەرز ناکرێت. واتە،‌ تەنیا گوتنی ئەوەی کە نەتەوەیەکم، منیش مافم هەیە وەک گەلانیتر بەزمانی خۆم قسە بکەم، هەرچەند سادەترین و ئاساییترین داواکارییە و ناوەڕۆەکێکی چڕوپڕی هەیە و کورد وتەنی، لە پشتی ئەو گوتنەدا هەزار شتی نە گوتراو حەشاردراون، بەڵام بەس نیە. زمان، گەلێک رەهەندیتری هەن کە داکۆکی کردن لێیان، وەک پێویستییەک ژیانی دەبینرێًت.‌ لەم وتارەدا لە ئاستی چوارچێوە و گونجاوی وتارەکە لە سەریان راوەستە دەکرێت. سەرەڕای ئەوە زمان بناخەی چاندی هەر نەتەوەیەکە و چاندیش گوزارەی شوناسی گەلێک دەکات و‌ هەبوونی هەر گەلێک پەیوەستە بە شوناسەوە، زمان لە گەڵ چەمکگەلێک وەک، ئازادی کەسایەتی، ئازادی تاک و کۆمەڵگا، لە پەیوەندی دایە. هەروەها رەنگدانەوەی خێرا و راستەوخۆی لەسەر کۆمەڵێک چەمکی‌تر وەک هزر، فەلسەفە، زانست، چاند، هونەر، یەکێتی، ئایدیۆلۆژی، ئەخلاق و سیاسەت، رۆح و رەوان، باوەڕی و خۆباوەڕی، رووناکبیری و قووڵبوونەوەی کۆمەڵایەتی، مرۆڤ دۆستی و سروشت دۆستی، دیموکراسی، ئازادی، بەرخۆدان، بەڕێوەبەری کۆمەڵایەتی، ئابووری، ئاسایش، کۆچبەری، خۆشگوزەرانی و …. هتد، هەیە.

دەتوانین بڵێین زمان کلتوورەکان دەخۆڵقێنێ و بنەمای ئایدیۆلۆژیا بۆ واتادارکردنی‌ ژیان پێکدێنێ و سیمای هزری گەش دەکات، ئاستی وریایی بەرز دەبێت.‌ ئەوەش کۆمەڵگا بەرەو ئاقار و ئاراستەی کۆمەڵگای ئەخلاقی ــ سیاسی دەبات. لە شۆڕشی “چاخی بەردینی نوێدا” کە سەردەمی دەگەرێتەوە بۆ 12000 ساڵ بەر لە زایین، هێدی هێدی زمان دەکەوێتە گاگۆڵکان و بەرەبەرە بەژن و دیمەنی نوێ دەگرێ. دوابەدوای ئەوە دەنگەکان و وشەکان و ر‌ستەکان دەخۆڵقێن. ‌ئەوەش‌ دەبێت بە سەرەتایەک بۆ پەیوەندی و تێگەیەشتنی تاکەکان و کڵانەکان لە یەک. لە ئاکامیشدا کۆمەڵبوونێکی تۆکمە پەرە دەستێنیت.‌ دەتوانین بڵێین: زمان سەرەکیترین ئامرازی پێکهاتنی کۆمەڵگاکان بووە،‌ کە لە لایەن مرۆڤەکانەوە بۆ دابینکردنی پێویستیە سەرەتاییەکانی ژیان کە بریتی لە خۆپاراستن، بەرگ و خۆراک، جێ و مەکان، زۆرکردنی جیلی خۆیان و…هتد، بە پێویستیان زانیوە. دواتر؛ لە شۆڕشی تەلخەلەف، کە پێواژۆی دووەمی شۆرشی چاخی بەردێنی نوێ‌، سەردەمی 4000ی بەر لە ‌زایین، بە پێشکەوتنی زمان وەرچەرخانێکی سەرسووڕهێنەر لە ژیانی مرۆڤدا دێتە ئاراوە. پێشکەوتنی هزری رەوتی خۆی بەرەو پێشەوە هەڵگرت و مرۆڤ، بە کەڵک وەرگرتن لە هزر و تێگەیشتن،‌ لە بوارەکانی جووتیاری، ئاژەڵداری و … هتد، هەزاران کەرەستەی خوڵقاند و بەرهەمی زۆری وەبەر هێنا و یەکە‌ یەک ناویان لێکردن. ئەوانەش بوونە هۆی پتەوکردنی هەموو رەهەندە کۆمەڵایەتییەکانی‌تر. رێنووس هاتە ئاراوە و کلتوورەکان گەش بوونەوە و ئایدۆلۆژیا هاتە گۆڕەپان و باوەڕییەکان دروست بوون و رێز و حورمەت دەستەبەر بوو و واتا بەژیان درا و لە ناخی کۆمەڵگاوە ئیرادەی بەرخۆدان هەڵقوڵا و بێر و رامان پەرەی سەند. کەواتە، زمان هزر پێش دەخات و هزر، مرۆڤ دەگەیەنێ بە کۆمەڵ و بە کۆمەڵبوونیش ژیان هاندەدات بەرەو ئازادی. ئازادیش بەرانبەرە لەگەڵ جـوانـــی و جـوانیــش خـۆشــەویـســتی دەخـۆڵقـێنـێت. خۆشەویستییەک هاوتەریب لە گەڵ ژیانی ئازاد، کە ئەوەش کورت‌ترین رێگەی گەیەشتنە بە حەقێقەت. حەقێقەتێک کە مرۆڤ بۆ پێی گەیەشتنی، گەلێک رێبازی تاقی کردووەتەوە و سەری لە گەلێک رێگە دەرکردووە‌.

وەک ئاماژەمان پێکرد، لە رێڕەوەی مێژوو، دوای بەکۆمەڵبوونی مرۆڤ بەدواوە، هۆز و تیرە و گەلان پێک هاتن و هەرکامیشیان بوون بە خاوەنی زمان و زاراوەی جیاواز کە وەک زمان و زاراوەی دایکی ناوی لێدەکرێ. هاتنی ناوی دایک لە پاڵ زماندا، بۆ خۆی پیرۆزی زمان رادەگەیەنێ. چونکە کەس ناتوانێت لە خۆشەویستی دایک حاشا بکات. بۆیە خاوەنداریکردن لە زمان ئەمەکناسییە لە بەرانبەر دایک. دایک، ئەو بۆنەوەرە پڕبەزەئییەی کە بە دلۆڤانی و سافبوونی پەڕەی دڵ و دەروونی بێگەردی خۆی، دڵ دەڕفێنێت. بێگومان لەبەر ئەو جێگە و شوێنە بەرزەی زمانە،‌ کە گەلان لە درێژەی مێژوودا پاراستنی زمانی ــ دایکی‌یان وەک، ئەرکێکی ئەخلاقی خۆیان زانیوە. گەلی کوردیش جیا لەم راستییە نیە. وەک بەرچاوە گەلی کورد ئەمڕۆ لە هەرکاتێک زۆرتر شانی لە بەر ئەو ئەرکە ئەخلاقییە شل کردووە. هەروەها لەوپەڕی لێبوردوویی و فیداکارییەوە بۆ بەرانگار بوونەوە لە بەرانبەر داگیرکارانی کوردستان،‌‌ کە ئەو مافەیان لێزەوت کردووە قۆڵی خۆڕاگری و تێکۆشانی هەڵدا‌وەتەوە. لێرەدا ئەو پرسیارانە دێتەپێش، گەلۆ پێویستییەکی بەوشێوە هەیە کە‌ گەلێک ئەوەندە داواکاری پەروەردە بە زمانی دایکی خۆی بکات؟ ئەگەر هاتوو گەلێک وەک مامۆستا هەژار دەڵێ: (بە کوردی دەژیم، بە کوردی دەمرم، بە کوردیش دەدەم وڵامی قەبرم)، بیهەوێت ژیان و مردنیشی، تەنیا و‌ تەنیا بە زمانی خۆی بێت و ئەوەندە گرنگی بە زمانی خۆی بدات، کە لەگەڵ لێپرسەوەرانی نێو قەبریش، مامۆستا وتەنی بکەوێ ململانێ و بڵێ: هەر زمانی دایکی خۆم دەوێ، چ قازانج و گرنگیەکی بۆ ئەو گەلە تێدایە؟ گەلۆ ئەو ململانێ پێویستییە یان هەوڵدانێکی بێواتایە؟‌ ئەگەر هاتوو گەلێک بە زمانی دایکی بژیت ئەو خاڵە‌ ئەرێنیانەی کە زمانپارێزان بانگەشەی بۆ دەکەن کامانەن؟ هیوادارم بتوانم لە درێژەی ئەم وتارەدا تا ئاستێک ئەو مژارە هەڵبسنگێنم و ئەو هەڵسەنگاندنە کەمیش بێت تا رادەیەک وڵامی ئەو پرسیارانە و گەلێک پرسیاری‌تری نەکراو، کە لە ئەقڵیەتی بەدواداچووندا دەورەەژێن بداتەوە.

لەو کۆمەڵگایەی کە تاکەکانی لە زمانی دایکی دانەبڕاون، تووشبوونی پرسی کەسایەتی لەو کۆمەڵگایانەی کە تاکەکانی لە زمانی دایکییان دادەبڕن، لە رێژەیەکی زۆر خوارەوەیە‌. زمان راستەوخۆ لە گەڵ هزرمەندی لە پەیوەندیدایە و ئەوە زمانە،‌ هزر دەخۆڵقێنێ. لە ئاکامی رواڵەت گرتنی هزردایە کە کلتوورەکان پەرە دەستێنن و دەبن بە سەرچاوەی ئایدیۆلۆژی. ئایدیۆلۆژیش مرۆڤەکان لە سەرشێواوی رزگار دەکات و واتا بە ژیان دەدرێت. واتە لە بواری فەلسەفییەوە مرۆڤ بێ وەڵام نیە و رێز لە ژیان دەگرێت. ئەوەش دەرگای نهێلیسم و ژیان بێواتا دیتن دەگرێ. هەروەها کەسایەتی لە دیاردەی بێ‌باوەڕی رزگار دەبێت و دەبێتە خاوەنی هێزی گەوهەری. ئیدی لە بەرانبەر رووداوەکان نە بەساوێلکەیی بەڵکوو بە تێڕوانینێکی قووڵەوە دیاردەکان هەڵدەسەنگێنێ. هەستی بەرپرسیارەتی لە بەرانبەر کۆمەڵگا پتەوتر دەبێت و دەبێتە خاوەنی رۆح و رەوانێکی خۆڕاگر و وەکوو پارێزوانێکی نیشتمان رۆڵ دەگێڕێ. لێکدانەوەکانی ئەقڵانین و دەبێت بە پێشەنگی پەرەپێدانی زانست، لە سەر بنەمای کۆمەڵگایەکی ئەخلاقی ــ سیاسی. هەم لە گەڵ نەریتە دواکەوتوەکانی کۆمەڵگای باو، شەڕ دەکات، هەم بێ ئەوەی نەریتە ئەخلاقییەکان بخاتە مەترسییەوە کۆمەڵگا بەرەو ئاراستەیەکی نوێ و پێشکەوتوانە دەبات. چەندە بە خۆی باوەڕە ئەوەندەش رێز لە بەرانبەر دەگرێت. رخنەدان و رخنەى بونیادنەر بە بنەما وەردگرێت و بیرتەسکی و بەرژەوەندی‌تەسک، لەلایەن ئەو کەسایەتییەوە نەتەنیا پەیرەو ناکرێت، بەڵکوو وەک، لەمپەری بە کۆمەڵگابوون دووری لێدەکرێت. بێگومان کۆمەڵگایەک پێکهاتوو لەو ‌کەسایەتییانە،‌ نزیکە لە بنەما ئەخلاقییەکان و پێوەرەکانی دیموکراسی دەستەبەر دەبن و ئاسایش سەقامگیر دەبێت. لە بەرانبەر هێرشە ئایدیۆلۆژی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت لەشکەریەکانەوە بە تۆکمە‌کردنی پاراستنی‌گەوهەری، دەتوانێت بە باشترین شێوە خۆی بپارێزێ. ئەو کۆمەڵگایە‌ی کە زمانی ــ دایکی رووبەڕووی زەخت نەکراوەتەوە و لە رێگەی‌ تواندنەوەی زمان تووشی توواندنەوەی کەسایەتی و بآئیرادەیی و پارچە بوون نەبووە، لە هەندێ تایبەتمەندی دزێو وەک، دووڕوویی، درۆ، لەخۆبایی‌بوون، توندئاژۆیی، بآباوەڕی، نەتـــەوەپــەرەستی فاشیســـتیــــــانە، جنسیــەت‌پارێزی، دژەسروشتی و …هتد، دوور دەکەوێتەوە و ئیمکانی رێکخستنی دیموکڕاتیکی کۆمەڵگا، زۆرتر دەرەخسێ‌. دەبێت هەندێ کەس، بڵێن: ئەو تایبەتمەندیانە چ پەیوەندیەکیان لە گەڵ زمان هەیە و ئەوە تەنیا وەک، دروشمێک لێکبدرێتەوە. بەڵام، کاتێک دەوترێ زمانی دایکی بناخەی شوناسی نەتەوەکانە، دەردەکەوێ کە پەیوەندییەکی پتەویش لە لەگەڵ زمان و ئەو پرسە کەسایەتییانەی ئاماژەیان پێکراوە و بگرە گەلێک پرسی‌ تر لە ئارادایە و گرێدانییان پێکەوە بێ‌بنەما نیە. لەراستیدا ئەوەش دەبێت بە هۆی ئەوە کە لایەنی پاوانخواز لە بەردەم زمانی دایکی گەلان کۆسپ بنێتە‌وە. چونکە هەرچەند ئەو خسڵەتانە لە کۆمەڵگادا خۆ بنوێنن، بەو رادەیەش شیرازەی یەکێتی کۆمەڵگا دەشێوێ و کۆمەڵگا پارچە، پارچە دەبێت و ئەوەش بۆ خۆی رێگەی قۆرخ‌کردن هەموارتر دەکات.

وەکوو لە سەرەتای وتارەکەدا ئاماژەی پێکرا، زمان لە پێشکەوتنی هزردا رۆڵی سەرەکی هەیە، بێگومان بۆ گەلێک، هیچ زمانێکی دەرەکی، ناتوانێت وەک، زمان و زاراوەی دایکی ئەو رۆڵە بگێڕێت. واتە کاتێک زمانی دایکی لە رایەڵگەی ژیان و پەروەردەدا بێ‌بەربەست بێت، وزەی شرۆڤە و لێکدانەوەی راست تۆکمەتر دەبێت. تەنانەت لە بواری دەرونناسیشەوە سەڵمێندراوە کە ئەو تاکانەی بە زمانی دایکی مەزن دەبن، دەرفەتی فێربوونی زمانەکانیتریان زۆرترە. لە راستیدا ئێمە ئەمڕۆ لە ناو تەڤگەری ئازادیدا بە روونی شایەتی ئەو ئەزموونەین و رووبەڕووی گەلێک نموونەی بەرچاو‌ دەبێنەو. وەک دەزانین ئەمڕۆژە جەرگەی گەریلا بۆتە گۆڕەپانی هەموو شۆڕشگێڕان لە نەتەوە جیاوازەکانەوە. بە دەیان نموونە هەیە کە گەریلا غەیرە کوردەکان کە بە زمانی خۆیان گەورە بوونە لە ماوەیەکی کورتدا فێری کوردی دەبن. لەحاڵێکدا زۆرێک لەو هەڤاڵانەی کە لە مترۆپۆلەکانی تورکیە بە هۆی قەدەخەی زمانی دایکی، بە تورکی پەروەردە کراون و کوردی نازانن، بۆ فێربوونی زمانی کوردی کە زمانی دایکییانە زۆرتر رووبەڕووی تەنگ و چەڵەمە دەبنەوە. وێڕای ئەوەش زمانی دایکی لە بواری راهێنان و پێشکەوتن و قووڵبوونەوەدا خاوەن کاریگەرییەکی زۆرترە و چەمکی رووناکبیری بەرەو ئاراستەیەکی ئینسانی و نیشتمانی دەبات. ئەوانەش هەموویان دەبن بە هێزی بەڕوەبەرییەکی سالم و بآوێنەی کۆمەڵگا. بەڕێوەبەری کۆمەڵایەتی پتەو دەبێت و ئیدی کۆمەڵگا بۆ خۆی رێگەچارەی کێشەکان دەدۆزێتەوە و چیدی دەستڕاوەستانی دەسەڵات نامێنێ. لە ئاکامیشدا دەسەڵات سنووردار دەبێت و رێگەی پاوانخوازی و توندوتێژی تەسکتر دەبێتەوە. بناخەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی کۆمەڵگا، وەکوو سروشتیترین شێوازی بەڕێوەبەری کۆمەڵگا ئاوا دەبێت.‌ ئەوەش بۆخۆی شێوازی هەرە دیموکڕاتیکە و هاوتەریبە لە گەڵ ئازادی تاک و کۆمەڵگادا و پێوەر و پڕەنسیبی کۆمەڵگایەکی ئەخلاقی ــ رامیاری تێدا بەرجەستە دەبن‌. کۆمەڵگایەکی بەو شێوە نەتەنیا دەبێت بە هێزی چارەسەری کێشە ناخویەکان بەڵکوو دەتوانێت لە سەر بنەمای رێزگرتنێکی بەرانبەر بە تێکچڕژاوی لە گەڵ کۆمەڵگاکانی دەرەوە،‌ بەتایبەت کۆمەڵگا جیرانەکان لە پەیوەندیدا بێت.

بەرهەمەکانی زمانی دایکی تەنیا بە ئەمانەوە سنووردار نابێت و زمان لە سەر مژارگەلێک وەک، هونەر، وێژە،‌ ئابووری و تەندوروستی رەنگدانەوەی بەرچاوی هەیە. زمان و هونەر دوو لایەنی لەیەک دانەبراو کە بێ یەکێکیان هەبوونی ئەویتریان مومکێن نیە. کاتێک زمان بەرەو تارمایی بچێت، ئەوە لایەنانەی هونەریش کە ئەرکیان هوشیارکردنەوە و واتادان و ورە دان بە کۆمەڵگایە، بێکاریگەر دەبن. شانۆ، فیلم و چیرۆک، شعر، پەخشان و…هتد، وەک لایەنێکی سەرەکی هونەر کە سەرەکیترین ئامێریان زمانە، واتای ژیان قووڵتر دەکەنەوە و نرخی ژیانێکی بەواتا دەکەن. مرۆڤ دەکەنە خاوەن رۆحێکی نەرم و نیان و هەستی مرۆڤ‌دۆستی، سروشت‌دۆستی، نیشتمان‌پەرەری و… هتد، دەگەیەنن بە لوتکە. مرۆڤ دەگات بە ئاستی ئەو مرۆڤبوونە‌ی کە لە ناخەوە، بێ‌ دووڕوویی و بە دڵێکی ئاواڵەوە، راست و رووناک بهزرێ، راست بڵێ و راست رەفتار بکات. لە هەمانکاتدا رووداوە تاڵ و شیرینەکانی ژیان بۆ کۆمەڵگا دەگێڕنەوە و کۆمەڵگا لە مێژووی خۆی ئاگادار دەکات.‌ هەروەها هەواڵی دواهاتەکان رادەگەیەنن و کۆمەڵگا بە خۆیدا دێنەوە تا لە بەرانبەر مەترسییەکان خاوەن تەدبیری خۆپاراستن، وەک رەواترین شێوەی پاراستن بێت. هەروەها موسیقا وەک خۆراکی رۆح لە گەڵ ژیانکردنی زماندا، دەژیێ و دەبێ بە مەڵهەمی رۆح و رەوان.‌ سەڵامەتی رۆح و رەوانیش، تەندروستی جەستەیی مسۆگەر دەکات. وێڕای ئەوەش سەبارەت بە پەیوەندی تەندروستی و زمان، دەبێ بڵێین: زۆرن ئەو هاو‌ڵاتیانەی کە بە هۆی ئەوە نەیانتوانیوە لە بواری زمان و دەستەواژەی پزشکیەوە لە پزشکی خۆیان تێبگەن، بە هۆی بەکارهێنانی دەرمانی هەڵەوە نەخۆشییەکەیان قووڵتر بوونەتەوە. بێگومان ئەگەر زمانی دایکی بکەوێتە هەموو بازنە کۆمەڵایەتییەکان، ئەوە دەکەوێتە ناو بازنەی پزشکیشەوە و ئیدی بەجێگەی دەستەواژەی نامۆی دەرەکی، بە بەکارهێنانی دەستەواژەی خۆماڵی، لە ناوی نەخوەشییەکان و دەرمانەکانەوە‌ بگرە، تا بگاتە ئاکام و ئامێرە ‌لابراتۆارییەکان، دەرفەتی تێگەیشتنی پزشک و نەخۆ‌ش لەیەک زۆرتر دەبێت. هەروەها چارەسەری خێراتر دەبێت.‌ بێ‌دوودڵی ئاکامەکەیشی بە تەندروستی کۆمەڵگا پەیوەندیدار و گەلێک هەڕەشە لە سەر تەندوروستی تاک و کۆمەڵگا دادەنێت. هەروەها ئەو بەڕێوەبەرییە دیموکراتیکەی کە پێشتر ئاماژەی پێکرا و زمان وەکوو بناخەی دامەزراندنی پێناسە کرا، بە هەندێ دیاردەی دزێو، وەک ئیدز و مادەی هۆشبەر و ئەو نەخۆشییە بیۆلۆژییانەی کە لە ئاکامی کێشە کۆمەڵایەتییەکان وەک، بەرهەمی مودڕنیتەی ــ کاپیتالیزم، سەریان هەڵداوە ئیزن نادات، لەناو کۆمەڵگادا بەرجەستە ببن و تەندروستی کۆمەڵگا بخەنە مەترسییە‌وە.

هاوکات ئەگەر زمانی دایکی نەتەوەیەک، بکەوێتە ناو هەموو بازنە کۆمەڵایەتییەکان، سەرچاوەی ئابووری دەخۆڵقێ و زمان دەتوانیت ببێت بە وزەی سەرەکی ژێربەنای ئابووری گەلان. زمانێکیش، چەندە بکەوێتە نێو دەستگا راگەیاندنی و پزشکی و میکانیکی و بە گشتی تەکنۆلۆژیا،‌ ناو هاوڵاتیانیشدا پێشەی تکنۆکراتیک پێشدەکەون و دەتوانێت لە ڕێگەی تکنۆلۆژییاوە بە شەرتێک، ئەخلاقی ــ دیموکراتیکی کۆمەڵگا نەکەوێتە بەر هەڕەشەوە پێشەسازی پێشبکەوێت و کار و کسمی هاوەڵتییان دابین ببێت. هەروەها زمانێک کە بکەوێته ناو بازنەی پەروەردە، دەتوانێت ئابووری گەلێک لە هاوڵاتییان وەک، پرسنلی پەروەردە،‌ بۆ وێنە مامۆستا و بەرێوەبەری ناوەندەکانی پەروەردە و ئامادەکارانی بەرهەمی پەروەردە،‌ دابین بکات. هاوکات، زمانێک کە بکەوێتە ناو گۆڕەپانی رۆژنامەوانی لەو رایەڵەوە سەدان پێشە درووست دەبن کە ئەوانیش بە شێوازێک پێویستی ئابووری توێژێک لە کۆمەڵگا وەک، توێژی رۆژنامەوان دابین دەکەن. کۆنکرێت دەتوانین بڵین ئەگەر زمانی نەتەوەیەک، لە گۆڕەپانی ژیاندا رووبەڕووی قەدەخەی شوێنیستیانە نەبێتەوە،‌ هەم دەتوانێت پێویستی ئابووری گەلێک توێژیتری ناو کۆمەڵگا، وەک نووسەران، وێژەوانان، هونیاران، موزیسیەنان، پێشکەشکاران، دەنگبێژان و هونەرمەندانیتر چارەسەر بکات، هەم ئەو کۆمەڵگا دەبێت بە خاوەنی گەنجینەیەک لە بەرهەمی وێژەیی و کلتووری وەک، هونراوە، رۆمان، فیلم، موسیقا، شانۆ، چیرۆک و… هتد. ئەو خاڵە گرینگەش دەبێت بە هاندەرێک بۆ ئەوەی لایەنە‌ رۆحی و چاندی و ئایدیۆلۆژی و هزرییەکانی کۆمەڵگا گەشتر ببن و هیوای ژیان رێژەکەی بەرزتر ببێتەوە. کەواتە پاراستنی زمانی دایکی، ناتوانێت تەنیا وەک‌ داواکارییەکی نەتەوەپەرەستانە لێکبدرێتەوە و پانتایی زمانی دایکی، زۆر بەربڵاوتر لەو قسانەیە. لەڕاستیدا زمان هاندەر و هەوڵدەری تاک و کۆمەڵگایە بۆ گەیشتن بە‌ بەها مەعنەوی و مادییەکانی خۆی. وێڕای ئەوەش بە مەرجێک، پرەنسیب و پێوەرەکانی کۆمەڵگای ئەخلاقی ــ سیاسی‌ پاماڵ نەکرێن و لەتمە بە چاندی ئەخلاقی کۆمەڵگا نەدرێت، زمان نە تەنیا لە بواری شوناسدا، دەتوانێت ببێت بە هەوێنی تاک و کۆمەڵگای ئازاد، بگرە دەتوانێت ببێت بە کانگای پێشەسازی و پێداویستییە مادییەکانی کۆمەڵگا جێبەجێ بکات. کۆمەڵگا لەسەر پێی خۆی رابوەستێنێ و موحتاجی لایەنی دەرەکی نەکات. ئەوەش بۆ خۆی چەمکی پاراستنی گەوهەری کۆمەڵگا پتەوتر دەکاتەوە و لە بەرانبەر هەموو هێرەشەکان، خۆی دەپارێزێت. خۆشی و شادی و خوشگوزەرانی تێکڕا هەموو کۆمەڵگا دەگرێتەوە و ئیدی دیاردەی کۆچبەری بەلاوە دەنرێت و وڵاتپارێزی و نیشتمانپەروەری دەگاتە لووتکە و پێوەرە‌کانی نەتەوەی دیموکڕاتیک، پتەوتر دەبن.‌ کاتێک کۆمەڵگایەک گەیەشتە ئەو ئاستە،‌ ئیدی پێکهاتەکانی نێو بازنەی نەتەوەیی، بە ئەوپەڕی رێزەوە لە بەرانبەری زمان و زاراوە و کلتووری ئەتنیکی یەکتر، پێکەوە دەژین. هاوکات، نەتەوەی دیموکراتیک، لە گەڵ نەتەوە جیرانەکانیش لەوپەڕی ئاشتی و تەبایی دەژین. کەواتە،‌ خاوەنداری لە زمانی دایکی، ‌خاوەنداری لە ژیانی ئازادە.