هێرش کارزان —

15ی شوباتی 1999 رۆژێکە کە هێشا لە ئاستی سیاسەتی ناونەتەوەیی و ئاستی سیاسەتی نەتەوەی کورد دا بە باشی شرۆڤەو شیکاری نەکراوە. ئەو لایەنانەی کە هێشتا شاراوە ماونەتەو وەک نەهێنیەک لەناو قوڵایەکانی جیهانی سیاسەتی مێژووی مرۆڤایەتیدا خۆی دەپارێزێت. هەروەها ئەم پلانگێڕیە یەکێک لە گەورەترین پلانگێڕیەکانی سەدەی (20) م. بەراستی ئەوە چ هۆکارێکی سیاسی و ئابووری بوو کە (36) دەوڵەتی کۆکردوەوە بۆ هێرش کردنەسەر کەسێک وەک هێمای بەرخۆدانی نەتەوەێک؟ بۆ چی رێبەر ئاپۆ لەناو سنوورەکانی یەکێتی ئەوروپا رێگەی پێنەدرا، لە کاتێکدا ئەوروپا بۆ ئەو کەسایەتی و حزبە سیاسیەکانی تری کورد کراویە؟ ئایا یەکێتی ئەوروپا رێبەر ئاپۆی بە کەسێکی سیاسی یان ناسنامەیەک کە هەڵگری شوناسی مێژوویی و سیاسی جیهانی رۆژهەڵات بوو سەیر دەکرد؟ بێگومان وەڵامی بابەتیانەی ئەم پرسیارانە لە ئاستی دیاریکردنی چارەنووس دا گرنگە. ئایا بە راستی ئەمە چارەنوسێکی ئاسمانیە کە هر دەبێت رێبەرە راستەقینەکانی کورد لە ئەنجامی پلاندا دەستبەسەر و شەهێد بکرێن یان ئەم جارەیان ئەم چارەنووسە لە کەسایەتی رێبەرایەتی نەتەوەیی دا تێک شکێندرا؟

سەرەتا دەبێت لەوە دڵنیابین کە 15ی شوباتی 1999 یەکەمین هێرش بوو، بۆ سەر خۆرهەڵای ناوین،پێش هێرشکردنەسەر رژیمی بەعس لە عێراق. وەک دەزانرێت بە درێژەی 50 ساڵ رژیمی بەعس لەناوچەکە بەکارهێنرا لە دژی ئەمو ئەو، لەچوارچێوەی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا. لەسەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی(1979) کە لە ئاکامی ئەم شۆڕشەدا جوڵانەوەی مەلای شێعەی 12 ئیمامی بە چەسپاندن و سەپاندنی سیستەمی ولایەتی فەقی کودەتای سەربازیانکرد و ئێرانیان خستە دەستی خۆیان و لە ناوچەکە خۆیان وەک دوژمنی ئیسرایل و ئەمریکا پیشاندا. ئەمریکا و بریتانیاش رژیمی بەعسیان لە دژی کۆماری ئیسلامی بۆ شەڕ هاندا. هەر لەسەرەتاکانی هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی دەوڵەتی سەدام بۆ ماوەی (8) ساڵ بە پشتیوانی ئەمریکا و رۆژئاوا لە گەلًَ ئێران شەڕی کرد. لە هەمان کاتدا لە گشت ناوچەکەدا لە بەرامبەر گەشە سەندنی بیرۆکەی سۆسیالیستی، سۆپای نەهێنی گلادیو کە سەر بە ناتۆ بوو لە ناوچەکە جێگیر کرا. چونکە ئەگەری ئەوە هەبوو فکری سۆسیالیستی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دا بپۆشێت و چیدی ئەمریکا و رۆژئاوا نەتوانن چێژ لە سەرچاوە نەوتی و سیاسی و مرۆیەکانی ناوچەکە ببینن. بەڵام ئەوەش راستیەکی حاشاهەڵنەگرە کە لە ساڵەکانی1919واتە لە ساڵانی نێوان شەڕی جیهانی یەکەم – دوویەمدا ئیمپراتووری عوسمانی لە لایەن بریتانیاوە بچوککرایەوەو لە ئەنجامدا بە رێبەرایەتی فکری ماسۆنیەکان کۆماری سێکۆلار و نەتەوەگەرای کەمالیستی بنیادنرا. لەژێر خۆڵەمێشەکانی ئیمپراتووری عوسمانی دەوڵەتانی سوریا، ئێراق …هتد وەک دەوڵەتانێکی بەحیساب سەربەخۆ لە چوارچێوەی سیستەمی جیهانی دا دامزران. کە واتە ئەو دەوڵەتانەی خۆیان دایان مەزراندبوون بە پێی هەلومەرجەکانی ئەوکاەتی جیهان و ناوچەکە، بەشێک بوون لە “سیستەمی جیهانی” نەک لە دەرەوەی ئەو سیستەمە؟

بەڵام لە ساڵی1991دا جەمسەری سۆڤیەتە هەڵوەشایەوە. هەتا ئەو کاتە بە بەهانەی “هەڕشەی کۆمۆنیستی” بە دڵی خۆیان هێرشیان دەکردە سەر ناوچەکە.ئەم جار تێۆریای ئەمریکا (واتە بەهانەی سیاسی) ترۆریسم بوو، بۆ هیرشکردنەسەر هەرێمەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.ئەمریکا و بریتانیا هەوڵیان ئەوە بوو برایەکی تر بۆ ئیسرایل لە ناوچەکە دروست بکەن، تا وەکو هەم پێگەی خۆیان قایم تر بکەن و هەم دەوڵەتی ئیسرایل لە تەنیایی رزگار بکەن. تورکیا بەباشی وڵامدەرەوەی ئەم ئامانجە نەبوو، سەدام بە هێرشکردنەسەر کویت لە ساڵی 1991 سەرپێچی فەرمانەکانی ئەمریکا و رۆژئاوای کرد، ئۆسامە بنلادن دوای پاشەکشەی هێزەکانی سوڤیەت لە ئەفغانستان (هەتا ئەو کاتە بەکرێگیراوی ئەمریکا و سیا بوو) بوو بە دوژمنی ئەمریکا، ئێران لە ساڵی (1979) دا لە کۆنترۆڵی ئەمریکا دەرچوو بوو و سوریاش زیاتر نزیکی سیاسەتەکانی سوڤیەت بوو نەک خۆرئاوا. بۆیە پێویستی بە دیزاینکردن یان سەرەراستکردنەوەوی ناوچەکە هەستی پێدەکرا. هەروەها لە تەنیشت ئەمانەوە PKKلە دەرەوەی “بازنەی ئامانجەی سیاسی ئەمریکاو ئیسرایل” بە خێرایی لە کوردستان و ناوچەکە گەشەی دەکردو ئەمەش پرۆژەی ئەوەانی هەڵدەوەشاندەوە.چونکە ئەمریکاو بریتانیا بە نیاز بوون نیوچە دەوڵەتێک بەناوی کوردەوە دورست بکەن تا وەکو هەم دژایەتی رژیمی سەدام و سەرهەڵدان و گەشەسەندنی هەرجۆرە بزاڤی دژە ئیمپریالیستی پێ بکەن و هەم بیکەنە برا چکۆلەی ئیسرائیل. دامزرانی پەرلەمانی حکومەتی هەرێم و شەرعیەت پێدانی بە زووترین کات لە لایەن ئەمریکاوە بۆ ئەم مەبەستە بوو. بۆیە شەڕ لە دژی PKKبە سەر هێزە سیاسیەکانی ناو پەرلەمانی ئەو کاتە دا لە لایەن تورکیاوە کە ئەندامی فەرمی ناتۆ بوو سەپێندرا ئەوانیش ملکەچی ئەم فەرمانە بوون. وەک دەزانین یەکەمین بڕیاری فەرمی پەرلەمانی حکومەتی هەرێم شەڕ لە دژی PKK لە ساڵی (1991و1992) بوو. ئەوە ئاشکرا و روونە کە راپەڕینی گەلەکەمان لە باشووری کوردستان لە ساڵی (1991) حکومەتی هەرێمی بەرهەم هێنا. ئەمە دەستکەوتی گەل بوو نەک هیچ حزبێکی سیاسی. بەڵام ئەوەش دەزانین دوای راپەڕینەکە دوو حزبی سەرەکی هاتنە ئاراوەو دەسەڵاتی سیاسیان گرتە دەست. ئامانجی گەل لە دامەزراندنی پەرلەمان و حکومەت، ئازادی کوردستان بوو، نەک شەڕ لە دژی بەشەکانی تری کوردستان،بەڵام ئەمریکا و بریتانیا بۆیە شەرعیەتی سیاسی نێودەوڵەتیان دا بە یەکێتی و پارتی کە ملکەچی سیاسەتەکانی ئەوان لە ناوچەکە بن. ناتۆ هەر لە سەرەتای (1980) کانەوە بە شاراوە لە دژی PKKشەڕی کردو خستیانە ناو لیستی تیرۆرەوە. سەرە رای گشت ئەم هێرشانە کە لە ئاستی جیهانی دا دەکرایە سەر PKKلە ساڵەنی (1993) بە دواوە خەریک بوو لە نێوان دەوڵەتی تورکیاو بزاڤی ئازادیخوازی PKKدا ئاشتی دورست دەبوو.سەرۆک کۆماری ئەوکاتەی تورکیا تورگوت ئۆزاڵ ئامادە بوونی خۆی بۆ چارەسەری کێشەکە لە گەڵ (پە.ک.ک) دەر بڕی و نامەی بۆ رێبەر ئاپۆ بە رێگای حافز ئەسەد نوسی.ئەمەش خەسارێکی گەورەی دەگەیاندە بەرژەوەندی و سیاسەتی ئەمریکاو ئێسرایل لە قاڵبی سیاسەتی کوردیدا.

PKKهەر لە سەرتاوە رزگار بوون لە داگیرکارێک و چوونە ژێر باڵی داگیرکارێکی تری بە توندی رەد دەکردوە. پێناسەی ئازادی و سەربەخۆی و دادپەروەریی سیاسی لای PKK جیاواز بوو لەو حزبەکانی تر. PKKئەوەی بە ئازادی نەدەزانی کە خۆی لە داگیرکاری تورکیاو ئێران و سوریاو ئێراق رزگار بکاو ئەمریکاو بریتانیا بکاتە حکومڕانی کوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش ئامادە بێت شەڕبکات.تەنانەت پێش تورکیاو ئیران و ئێراق و سوریا بریتانیاو ئەمریکا (واتە وڵاتانی خۆرئاوا)ی بە بەرپرسی سەرەکی لە داگیرکاری، ژینوساید و ئەنفال و ماڵوێرانی کوردستان دەزانێ.چونکە ئەوە وڵاتانی خۆرئاوایی بوون چەکی کیمیایان دا بە سەدام بۆ ژینۆسایدی هەڵەبجە، تورکیا بە چەکی ئەڵمانیاو ناتۆ (5000) گوندی لە باکووری کوردستان ئاگر تێبەردا. سنورەکانی نێوان باکوور و باشوور، باشوور و خۆرئاوای کوردستان لە لایەن بریتانیاو فرانسەو ئەمریکاو دورستکرا بوون. خودی تورکیاو ئێراق و سووریاو ئێرانیش پیاوی ئەو هیزانە بوون.

بۆیە لە کەسایەتی رێبەر ئاپۆدا (لە کۆتایەکانی 1998) دا کێشەی کورد وەک تۆپێکی ئاگرین لە ئاسمانی سووریاوە بۆ ئەسینا، ئیتالیاو گشت ئەوروپا باڵی گرتەوە. جێگیر بوونی رێبەر ئاپۆ لەناو خاکی ئەورووپا بە شێوەیەکی فەرمی، ئەورووپای دەخستە ناو ئاڵۆزیەکی گەورەوە. چونکە سەرچاوەی کێشەکە ئەورووپا بوو، نەک تورکیا. یان دەبوو رێبەر ئاپۆ وەک نوێنەری سیاسی کورد و دەوڵەتی تورکیا لە دادگایەکی بێ لایەن دا دادگایی بکرێن(کە لەم حاڵەتەدا سیاسەتەکانی خۆیان ئاشکرا دە بوو کە لە پیمانی لوزان- سایکس پیکۆ…هتد دا دیاریان کرد بوو) یان دە بوو بە شێوەێکی نا فەرمی هێرشی تیرۆریستی بکەنە سەر رێبەرایەتی و یان دە بوو بە شێوەیک رێبەر ئاپۆ رادەستی تورکیا بکەنەوە تاوەکو خۆیان توشی کێشە و ئاڵۆزی نەبن.

دوو ئامانجی سەرەکی و سراتیژیک لە پشت پلانگێڕیەکەوە بوو. یەکەم: خۆ دزینەوە لە کێشەی کورد و دوور کردنەوەی لە دادگای ماڤی مرۆڤی ئەوروپا بوو. بۆیە بە هیچ شێوەیەک نەدەبوو رێبەر ئاپۆ” ماڤی پەنابەری سیاسی” لەناو خاکی ئەوروپا وەربگرێت،چونکە ئەو کاتە ئەوروپاو تورکیا دەبوونە دوژمنی یەکتری و زۆرێک لە بەرژەوەندیەکانی ئەوان تێک دەچوو. دوویەم: ئەگەر لەناو خاکی ئەوروپا هێرشکی چەکداری بکرایە سەر رێبەرایەتی نەتەوەیی کورد جگە لە گەورەر بوونی کێشەکە هیچ سودێکی بۆ ئەوروپا نەبوو، وەک دەزانرێتPKKخاوەن هێزێکی گەورەی جەماوەرە لە ئەورووپا، مەترسی ئەمنی بۆ دوورست دەکردن و هەروەها شەرعیەتی یاسایی و سیاسی ئەوروپای دەخستە ژێر پرسیارەوە. بۆیە رادەستکردنی رێبەراێەتی نەتەوەیی کورد بە تورکیا بە باشترین شێوە (بە پێ حیسابەکانی خۆیان) خزمەتی ئەمریکاو بریتانیا و ئیسرایلی دەکرد. چونکە ئەوکاتە یاسای سێدارە لە دەستوری تورکیا هێشتا مابوو و ئەگەری هەرە سەرەکە ئەوە بوو دوای دادگایی کردنی رێبەرایەتی نەتەوەیی کورد سزای سێدارە بەسەریدا بسەپێنرێت و شەڕی کورد-تورک، وەک شەڕی فەلەستین و ئیسرایل بە درێژای سەد ساڵ دەرفەتی کەڵک وەرگرتن بۆ ئەمریکاو ئیسرائیل دروست بکات. هەروەها وا پلان کرا بوو بە گشتی PKKپاکتاو بکرێت و رێگە لە پێش سیاسەتی بەکرێگیراوی لە ئاستی هەرچوارپارچەی کوردستان بکرێتەوەو ،ئەو کوڕەی بڕیار بوو بکرێتە برا چکۆلەی ئیسرائیل، بکرێتە برا گەورە لە کوردستان.

ئەم پلانگێڕییە یەکەمین هێرشی سەر خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بوو. وەک زۆرێک کە هێشا بە عەقڵیەتی تەسکی بنەماڵەیی و حزبی و تاکەکەسی بیردەکەنەوە هێرش لە سەر کەسێک نەبوو. بە فەرمی (36) دەوڵەت بەشداریان لەو پلانگێڕیەدا کرد. لەو هێرش دا خستن و گۆڕینی دەسەڵاتی سیاسی سەر ئێراق، سووریا، ئێران لیبیاو میسر و…هتد پلان کرا بوو. رادەستکردنەوەی رێبەرایەتی نەتیەوەیی کورد بە تورکیا بۆ ئەم ئامانجە ئاراستە کرا بوو.

دەوڵەتانی بەشدار لەم پلانگێڕیەکەدا حساباتیان سەری نەگرت. چونکە ئاراستەی پێشکەوتنەکان گۆڕانی بنەڕەتیان بەسەردا هات و بە گرتنی رێبەرایەتی نەتەوەیی کورد، گشت کوردستان و ئەوروپا بوو بە گۆڕەپانی شەڕ و راپەڕین . بە سەدان لاوی کورد لە پێش سەفارەتخانەی ئەو وڵاتانە ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەردا. رۆژهەڵات ،باکوور و باشوور و خۆرئاوای کوردستان لە دژی پلانگێڕی سەریان هەڵدا. کورد و کوردستان لە هەرچوار لاوە بوون بە یەک دەنگ و یەک جەستەو یەک رۆح. خاوەنداری گەرمی کۆمەڵگای کوردی لە رێبەرایەتی نەتەوەیی حساباتی سیاسی پلانگێران و بەکرێگیراوانی کوردی تێک دا. گەلی کورد لە باشووری کوردستان وەک رۆژی یەکەمی راپەڕینەکەی ساڵی(1991) داکەوتنە مەیدانەکان و بەکرێگراوانیان رسواکرد. ماکۆ، ئورومیە،مەهاباد،پیرانشار،سەقز،سنە هەتا کرماشان و ئیلام وتاران گەلی کورد هەستان وناڕەزایەتی خۆیان بە شێوازێکی بەرفراوان پیشان دا. ئەستامبوول و ئەنکەرەو گشت تورکیا بوون بە میدانی مەحشەر. بێگومان ئەمە راپەڕینێکی نەتەوەیی بوو لەسەر ئاستی هەرچوار پارچەی کوردستان، هەتا ئەو کاتە لە بواری زەمەن و ناوەڕَۆکەوە هاوکات بۆ یەک ئامانجی سیاسی لە مێژووی هاوچەرخی کوردستادا ” راپەڕینی ” بەم شێوازە ئەنجام نەدرا بوو. ئیتر رێبەرئاپۆ کەسێک نەبوو ، شوناسی سیاسی نەتەوەیەک بوو.ئەمە وای کرد نەک هەر تورکیا بەڵکو زل هێزەکان و پلانگێڕان سڵ بکەنەوە لە لافاوی راپەرین. هەتا ئەو کاتە لە هیچ شوێن و کاتێک دا بە سەدان کەس ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەر نەدا بوو، بۆ هیچ کەسێک و حزب و سیاسەتێک. ئەو ئاگرە، ئاگری دۆزی نەتەوەیەک بوو کە ناهەقی و ستەمی لێدەکرا، بۆیە بە زووترین کات سزای سێدارە لە ترسی گەلی کورد و هێزی گەریلا بۆ زیندانی هەتاهەتایی لە هەموارکردنێکی دەستوری تورکیا دا گۆڕا.

(15) ساڵ بەسەر پیلانگێڕی نێودەوڵەتیدا تێپەڕی و کەوتینە (16)هەمین ساڵی ئەم رووداوە.PKKهیچ لاواز نەبوو،تەنانەت لە رووی سیاسی، جەماوەری و گەشەی فکریەوە زۆر لە پێش ساڵانی (90)کان پێشکەوتوو ترە. بیرۆکەی ئازادیخوازی PKKنەک هەر لە کوردستان بەڵکو لەسەر ئاستی جیهان خۆی سەلمەماند. وەک بەرهەمی بەرچاو پڕۆسەی چارەسەری کێشەۆ کورد لە باکووری کوردستان بە زەختی رێبەرایەتی وPKKتورکیای ناچاری “چاوپێکەتنی راستەوخۆ” لە گەڵ ئیمراڵی کرد. تورکیا لە سەرەتا دا حاشای لە نەتەوەیی کورد دەکرد دانی بە بوونی نەتەوەی کورد لە تورکیا نەدەنا، دواجار بە زەختی تێکۆشان وتی کورد هەیە بەڵام PKKحزبێکی ترۆریستیە. لە کەسایەتی رێبەرایەتی و (پە.ک.ک) دا گەلی کوردی بە تیرۆریست ناوزەد دەکرا. بەڵام هێزی رێکخستنی (پە.ک.ک) تورکیای ناچاری ئێمراڵی کرد. ئەوە بوو کە لە نەورۆزی (2013) لە ئەنجامی چاوپێکەوتنەکانی ئێمراڵی ئاگربەستی دوولایەنە راگەێنراو هەتا ئەم کاتەش چاوپێکەوتنەکان بەردەوامە. هەروەها شۆڕشی خۆرئاوای کوردستان وەک بەشێک لە تێکۆشانی نەتەوەیی رێبەر ئاپۆ و PKKمۆدیلی کوردی ئازادی گیاندە لوتکەی گەشەسەندنی سیاسەتی کوردی. رۆژ بە رۆژ لە ناوچەکە بە پێشەنگی رێبەر ئاپۆ و(پە.ک.ک) کورد دەبێتە خاوەن ناسنامەیەکی سیاسی ئازادو بەتایەبەتی کاریگەریەکانی لە سەر دەوڵەتانی ناوچەکەو رۆژهەڵاتی کوردستان بە ئاشکرا دەبینرێت.هەرچەند راپەڕینی گەلان لە وڵاتانی عەرەبی وەک سەرەتای گۆڕانکاری بۆ ناوچەکە بیری لێ دەکرایەوە بەڵام، ئەم راپەڕینانە نەیانتوانی خۆیان لە دەستێوەردانی هێزە دەرەکیەکان بپارێزن و هێڵی سەربەخۆی هزری-سیاسی بەرجەستە بەکەنەوە و نەبنە ئامرازی سیاسی بۆ زڵەهێزەکان. بەڵام بە پێشەنگایەتیPKKنەک هەر روخست و بۆشایی بۆ هێزی دەرەکی نەهێشتەوە لە هەمانکاتدا سودی لە ناکۆکی ناوخۆیی-دەرەکی دەوڵەتی تورکیا بینی و بە باشترین شێوە سیاسەت و قۆرسایی فاکتەری کوردی گەشە پێدا. PKKبە سیاسەتی ژیرانە سەڵماندی کە دەکرێت دەوڵەت نەبێت و لە ئاستی دوو دەوەڵەتدا کاریگەری بکەیتە سەر ناوچەکە. PKKجگە لە “مۆدیلی کوردی” وابەستە بە ئیسرائیل- ئەمریکا، “مۆدیلی کوردی ئازادی” بنیادنا. لە دوو سەدەی رابردوودا تەنیا بەرگیریکرد و تێکۆشان بەناوی کوردەوە بۆ شەرعی بوونی حزبێکی کوردی بەس بوو، بەڵام دووای ئەزمونی حکومڕانی حکومەتی هەرێم، نەتەوەی کورد تێگەیشتن کە تەنیا حکومەتی کورد بۆ ئازادی و یەکسانی بەش ناکاتو زۆر شتی تر بۆ ئەم مەبەستەپێویستە.

لە کاتێکدا هەندێک لە سەرکردە بە حیساب کوردەکان لە کۆشکەکانی تورکیا و ئێران و ئەمریکا دەرناکەون، هەندێک لە کوردەکانیش لە زیندانەکاندا لە تورکیا،ئێران و سووریا شەهید دەکەون و لە سێدارە دەدرێن. ئەمە هەم ناکۆکیە و هەم جیاوازی لە نێوان هێڵی کوردی بەکرێگراو و کوردی ئازادا. لەم کاتە بە دوواوە ، تەنیا جلی کوردی پۆشین و بە زمانی کوردی قسەکردن بۆ پاراستنی کەرامەت و شەرەفی نەتەوەیی بەس نییە.PKK وەڵامی چۆن کوردبوونێکی لە باکوور، خۆرئاواو زیندانەکان و شاخەکان و دڵی تاکی کور دا دایەوە. ئەمە پوچەڵکردنەوەی سیاسەت و ئامانجەکانی پلانگێڕی بوو.

شان بە شانی ئەو بەشەکانی تری کوردستان خۆرهەڵای وڵاتیش پێشکەوتنی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە. شاخەکانی کوردستان وەک لانکی شۆڕشی مۆدڕن باوشی لە هەموکاتێک زیاتر بۆ کچان و کۆڕانی خۆرهەڵاتی کوردستان لە پێناو دیاریکردنی ماڤی چارە نوس دا کراوەیە.

لەگەڵ شەرمەزارکردن و رسواکردنی، بکەرانی ئەم کردەوە دژە-مروییە، ئازادی و سڕینەوەی داگیرکاری لە سەرجەم کوردستان بە گەشە پێدان و پەرەپێدانی تێکۆشان مسۆگەر دەکەین. چارەنووس ئەم جار مەحاڵە بەلای کەسێکی بێگانەدا بشکێتەوە ،چونکە ئیتر کورد فێری دیاریکردنی چارەنووس بە دەستی خۆ بووە،تەنانەت ئەگەر لە زیندانیشدا بێت.