لە رێکەوتی 12ی شوباتی 2014 لە شاری سنە، کادرێکی پێشەنگی رێکخستنەکەمان بە ناوی رەئوف شێخی ناسراو بە دێرسیم تۆڵهەڵدان، لە دایک بووی ناوچەی تیلەکۆی سەربە شاری سەقز کە ساڵی 2009 بەشداری ریزەکانی تێکۆشانی پارتیمانی کردبوو، لە لایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە رووبەرووی هێرش هاتەوە و لە ئاکام دا هەڤاڵ دێرسیم تۆلهەڵدان گەیشت بە پلەی بەرزی شەهادەت. ئەم تیرۆرەی دەوڵەت لە حالێکدا پێک هات کە هەڤاڵ دێرسیم بۆ بەرەوپێش بردنی تێکۆشانی دیمۆکراتیانەی جەوانان لە رۆژهەڵاتی کوردستان تێکۆشانی دەکرد و هێزەکانی رژێم بە بێ لێپرسین، دەستدرێژی گوللەیان لێی کردووە.

بەر لە هەر شتێک وەک کۆمەڵانی جەوانی رۆژهەڵاتی کوردستان (KCR) ئەم هێرشە هۆڤانە و تیرۆری دەوڵەتی لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێران مەحکووم و شەرمەزار دەکەین و یادی هەڤاڵی شەهید، هەڤاڵ دێرسیم تۆڵهەڵدان بەرز رادەگرین و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی سەرجەم گەلەکەمان لەرۆژهەڵاتی کوردستان، سەرجەم جەوانانی تێکۆشەری کوردستان، بنەماڵەی شەهیدان و بەتایبەت بنەماڵەی شەهید دێرسیم دەکەین.

هەروەک دەزانرێت، سەرەرای ئەوەی کە دەوڵەتی روحانی بە بانگەشەی گۆرانکاری لەسەر ڕەوشی ناوخۆیی هاتە سەرکار بەڵام لە کاتی هاتنە سەرکاری ئەو هەتا ئێستاکە، سەرکووتکاری و داپلۆساندن و کپ کردنی دەنگی نارازیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا رووی لە زیاد بوون ناوە. رێژەی لە سێدارەدان و گرتن و ئەشکەنجە لەسەر چالاکانی سیاسی و مەدەنی و بەتایبەت تیرۆری جەوانانی کورد بەرفراوانتر بۆتەوە. بێ گومان هەڵسووکەوتێکی وەها، لە لایەن گەلانی ئێران و بەتایبەت لە لایەن جەوانان وەک هێزی دینامیک و پێشەنگی کۆمەڵگا بە هیچ شێوازێک پەسەند ناکرێت.

لە سەر ئەو بنەمایە وەک کۆمەڵانی جەوانانی رۆژهەڵاتی کوردستان جارێکی تر هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەرامبەر کۆمەڵگای کورد و بەتایبەت تیرۆری دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی لەسەر هەڤاڵ دێرسیم تۆڵهەلدان و جەوانانی تری کورد، بە تووندی شەرمەزار دەکەین و بانگ لەسەرجەم گەلەکەمان و بەتایبەت لە جەوانانی کورد دەکەین کە بە خاوەنداریەتی لە شەهید دێرسیم تۆڵهەڵدان، لە بەرامبەر تیرۆر و هێرشەکانی کۆماری ئێسلامی تێکۆشانەکانیان بەرز بکەنەوە. هاوکات وەک کۆمەڵانی جەوانانی رۆژهەڵاتی کوردستان، سوێندی پابەند بوونمان بە رێبازی شەهید دێرسیم و سەرجەم شەهیدانی تێکۆشانی ئازادی دووپات دەکەینەوە و لە سەرجەم گوند و شار و شارۆچکەکانی کوردستان، بە بەهێز کردنی یەکیەتی لە نێوان جەوانانی کوردستان، تێکۆشانمان دەگەیێنین بە لووتکە و بەم شێوازە وەڵامی هێرشکاریەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەدەینەوە.

 

سڵاو و رێزی شۆرشگێری
کۆردیناسیۆنی کومەڵانی جەوانانی رۆژهەڵاتی کوردستان — KCR
01.03.2014