YJRK

لە ساڵی 1857ی زایینی (966ی کۆچی هەتاوی) لە کاتێکدا کە گرووپێک لە ژنانی کرێکاری کارگەی قوماشی نیۆیۆرک، ناڕزایەتی خۆیان لە سەر کەمی مەعاش و نابەرابەری حەقدەستی نێوان ژنان و پیاوان دەربڕی، ڕووبەڕووی دژبەری و لێدان لە لایەن پۆلیسەوە بوونەوە. هاوکات و لە بەردەوامی سەرکوت کردنی چالاکی ژنان 129 کرێکاری ژن لە کارخانە دا دیل کران و لە ئاگری زیهنییەتی فاشیزمی و دیکتاتوری پیاوسالارانە دا سووتێندران. لە ساڵی 1910ی زایینی دا (1289ی کۆچی هەتاوی) بە ڕێبەرتی کلارا زێدکین و لە دووهەمین کۆنفرانسی ژنانی سوسیالیزم دا ئەم رۆژەیان بە ناوی رۆژی جیهانی ژن ناو نیا.

هەتا ئێستاش لە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا، سیستەمی دیکتاتۆر و دژە ژنی کۆماری ئیسلامی ئێران رۆژانە لە ژێر ناوی یاسا و رێسای جۆراوجۆردا ژنان سەرکوت دەکات و رووبەڕووی هەر چەشنە ئازارێکیان دەکاتەوە. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە بە درێژایی مێژوو زۆرێک لە ژنان بە خەبات و چالاکی خۆیانەوە هەردەم لە هەوڵی ئاواکردنەوەی رێخستی ژنان و درووست کردنی هاوپەیمانی لە نێوان ژناندا بوونە. زیهنییەتی دواکەوتوو و پیاو سالاری ئێران هەردەم دژبەری خۆی لە بەرامبەر ژنان دا نیشان داوە و بە شێوەیەکی بەرفراوان هەوڵی بۆ کۆیلە کردنی ژنان داوە. لە راستیدا قانوونی ئەساسی ئێران ناوەڕۆکێکی پیاو سالارانەی هەیەو هەموو مادەکانی ئەو قانوونە بە پێی قازانجی پیاوان و زیهنییەتی پیاو سالارانە دا نووسراوە و رۆژانە لایحەی نوێ بە ناوی شەرێعەت و یاساوە بۆ زیاتر کۆیلە کردنی ژنان دەردەخرێت . زیهنییەتی دەسەڵات داری پیاو سالارانە چاوی دیتنی گەورەیی و پێشکەو تنی ژنانی نییە و رۆژانە بە پەسەند کردنی لایحەگەلێکی وەک سنووردار کردنی بەشەکانی خوێندن لە زانکۆکان و شوێنی کار، لە بەرچاو نەگرتنی مافی هاوڵاتی بوونی ژنان، دەستێوەردان لە ژیانی تایبەتی ژنان و تەنانەت دابین کردنی چەندێتی منداڵی هەر ژنێک لە سەرئەساسی بەرز کردنەوەی هەژماری گەل و لەم چوارچێوەیەدا پیرۆز کردنی ماڵبات و … بووەتە هۆی ئەوەی کە ئیدی ژنان نەتوانن بڕیاردەری ژیانی خۆیان بن و جگە لە بەکاڵا بوون کارێکی دیکەیان بۆ نەماوەتەوە. بە بەسیج کردنی ژنان، دیاردەی سیغە، لەش فرۆشی، بێ بەش کردنی ژنان لە خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی، زیندانی کردن و ئەشکەنجەی بێزارکەرانە، سێدارە و دەستدرێژی جنسی لەو سیاسەتە دژە مرۆڤانەن کە بە شێوەیەکی تایبەت ژنانی لە دۆخێکی تەنگانەدا داناوە. بە جۆرێک کە جگە لە تەسلیم بوون یان هەڵهاتن چارەیەکی دیکەیان بۆ نەماوەتەوە. ئاماری خۆکوژی و خۆسووتاندن رۆژانە روو لە زیادبوون دایە و هەموو ئەمانە پێشاندەری زوڵم و زۆرێکە کە لە ئێراندا حاکیمە. هەموو ئەمانەی کە ئاماژەیان پێ کرا ترسی زیهنییەتی دەوڵەت–نەتەوەی ئێران لە بەرامبەر بەرەوپێش چوون و ئازادی ژنان دەسەلمێنێت. لەم رێگایەوە هەوڵ دەدات بە شێوە گەلێکی جۆراوجۆر هێزی ژنان لە بن کۆنترۆڵی خۆیدا دانێت و دیلی بکات. خوازیاری بەرهەمهێنانی ژنێکی کۆیلە و بێ مێشکە کە جگە لە ملکەچ کردن چارەیەکی دیکەی نەبێت.

سەرەڕای زۆڵم و گۆشاری هەیی، ژنان لە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا هیچ کات کۆڵیان نەداوە و دەبینین کە بەهێزتر لە پێش بۆ زاڵبوون بە سەر زیهنییەتی جنسییەتگەرا و دژە ژن، خەبات و چالاکی دەکەن و لە مژارە جیاوازەکانی کۆمەڵایەتی، سیاسی، کولتووری و … ئاستی بەشدار بوونی خۆیان بەرز دەکەنەوە. ژنانی کورد بە درووست کردنی ئەرتەشی ئازادی ژنان، توانیویانە لە کوردستاندا خۆیان بەرێکخستن بکەن و بگەنە قۆناخی گەشە کردن. بە بەردەوامی ئەم خەباتانە لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا، پێشکەوتنی یەکێتیی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان (YJRK) توانییان ببن بە تیشکی ئومێدی ژنانی چارەڕەش. ژنە شۆڕشگێڕانی وەک شەهید زیلان پەپوولە، شیرین عەلەم هولی، ساریا ئونور و دەیان ژنی دیکەی وەک رۆزا و کلارا زێتکین و ژنانی چالاکوانی رێگای رزگاری بێ هیچ شک و دوودلییەک گیانی خۆیان فیدا کرد و سەلماندیان کە تەنیا رێگای دەربازکردنی زیهنییەتی فاشیزمی پیاوسالارانە، بە رێکخستن بوون و یەکگرتنە. ئەم مژارەش بە بەرزکردنەوەی ئاستی تێکۆشانی ئازادیخوازانەی ژنان گەیشتووەتە قۆناخی گەشە کردن.

ئێمە وەک یەکێتی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان پێش هەر شتێک پیرۆزبایی 8ی ئادار (مارس) رۆژی جیهانی ژن ئاراستەی هەموو ژنان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکەین و داواکارین کە ژنان لە م رۆژەدا جگە لە جێژن و شای، بیکەن بە رۆژی پێشچوون و پەرەدان بە خەباتی رزگاریخوازانەی خۆیان لە بەرانبەری زیهنییەتی حاکمدا. بە تایبەت یەکگرتنی ژنان، بواری پەرەدان بە خەباتێکی دیموکراتیکانەتر لە ئێراندا سازدەکات. بۆ ئەم مەبەستەش لە ئاوا رۆژێکدا بە رێکخستن، کۆبوونەوەی جۆراوجۆر و سازکردنی جێژن، رێکخستنی خۆیان بەرفراوانتر بکەن و یەکگرتنی نێوان ژنان درووست بکەن. هاوکات بتوانن خاوەندارێتی لە خەباتی ئەو ژنانە بکەن کە مێژووی ئازادییان هەتا ئەمڕۆ گەیاندووە.

 

یەکێتیی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان — YJRK
06.03.2014