Wutar

چاند لە گەڵ بە کۆمەڵگا بوونی مرۆڤدا هاتووەتە ئاراوە و مێژوویان بە قەد یەکە. چاند لە مرۆڤ دا پابەندی، بەستراوەیی و هۆگری بەرهەم دێنێت. بۆخۆی ناوەرۆکێکی زۆر پڕی هەیە و چەندین بەشەی وەک: شێوازی ژیان، زمان، هونەر، ئەدەب، رێساکانی کۆمەڵگا، ئەخلاق، ناولێکردنی شتەکان، رێوڕەسم و نەریتەکان لە ناو خۆیدا دەگرێتەوە. چاند بە ئەمانەوە واتادار دەبێت، واتە پڕ بوونی ناوەرۆکی خۆی لە ئەمانەوە وەردەگرێت. پێناسەکردنی چاند بێ ئەم خاڵانە ناتەواو دەبێت. زمان پێناسەیەکە بۆ چاند، شێوازی هەڵسووکەوت و نەریتەکانی کۆمەڵگا لە دانووستاندن تا لە ناوکردنی شتەکان لە پێکهێنانی زماندا بەکاریگەرن. بۆ وێنە باوەڕی و شێوازی گرتنە دەستی شتەکان و ئاستی گرینگی پێدانیان لە لایەنی کۆمەڵگاوە رۆڵی سەرەکی لە بەناو کردنیاندا دەبینێت.

لە راستیدا زمان پێناسەیەکە بۆ چاند، بۆ وێنە‌ لە زمانی کوردیدا بە مانگی یەکەمی بەهار دەڵێن “خاکەلێوە”. خاکەلێوە بەو واتایە دێت کە ئیدی هێدی هێدی بەفری چیا و لووتکەکان دەتۆێنەوە و لێوارەی خاک دەکەوێتە دەروە، ئەمەش ئاستی پێوەندی کۆمەڵگای کوردی لە گەڵ سروشت و ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە سروشتدا دێنە ئاراوە دەخاتە روو. هەر ئەم مانگە لە زمانی فارسیدا بە فەروەردین ناوزەد دەکرێت کە فەروەردین لە (فەڕ) و (فرووهەر)ەوە دێت کە لە باوەڕی پارسەکاندا ـ لە سەر ئایینی زەردەشتی بوونەـ ( فەڕ) بە واتای هەڵهاتنی پرشنگێکە کە ئەگەر لە دڵی هەرکەسێک بکەوێت ئەوا دەگات بە ئاسوودەیی و کامرانی و لە نێو دەورووبەرانیدا دەبێت بە باشترین و بژاردە. فرووهەر ئافرێنەری پاکییە کە هەر ساڵ لە جەژنی فەروەردین دا لە ئاسمانەوە دێتەخوارەوە بۆ لای دەسکردەکانی و فەڕیان پێدەبەخشێت. ئایینی زەردەشتی و باوەڕەی کۆمەڵگای پارس لە سەرناولێکردنەکان و زمانی فارسیدا رۆڵی گرینگی گێڕاوە، واتە ئەگەر گەلی پارس لە سەر ئایینی بووداییدا بووایتن ئەوا بێگۆمان ناوی مانگی فەروەردین، ناوێکی جودا دەبوو. واتە بە سەرەنجدان و تێڕامان لە شێوازی بە ناوکردنی شتەکاندا زۆر رەهەندی راستی ژیان و چاندی ئەو کۆمەڵگامانە بۆ روون دەبێتەوە.

کۆمەڵگای ئێران یەک لە ئەو کۆمەڵگایانەیە کە چاندگەلێکی جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت کە ئەمەش یەک لەو خاڵانەیە‌ کە بە کۆمەڵگای ئێران هێزی بەخشیوه. گەلانێکی جۆراوجۆر لە جۆگرافیای ئێراندا ژیان دەکەن وەک: کورد، ئازەری، مازەنی، عەرەب، بەلووچ، تورکەمەن‌،‌ فارس و…. هەرکام لەم گەلانە خاوەن چاندی تایبەت بە خۆیانن، ئەم گەلانە بە ئەم تایبەتمەندیانەوە هەزاران ساڵ لە تەنیشتی یەکتردا لە ئاشتی و برایەتیدا ژیاون و تەنانەت کاریگەریەکی زۆریان بەهۆی هەڵسووکەوت و دانوستانەوە لە سەر یەکتری کردووە. بەداخەوە بە هۆی هەبوونی دەسەڵاتێکی ناوندگرا و پاوانخواز، جیا لە فەرهەنگ و زمانی فارس فەرهەنگەکانی دیکە کەوتوونە پەراوێز و هەوڵی لەناو بردن و سڕینەوەیان دەدرێت. لە راستیدا ئەمەش مەترسی هەرە گەورەیە. بەشێکی گەلی کوردیش لە جۆگرافیای ئێراندا ژیان دەکەن و لە ئەگەری دیمۆکراتیک بوونی ئێران، ئامادەیە لە گەڵ گەلانی دیکەدا بە هاوبەشی و برایەتی بژین و لەو پێناوەشدا هەموو هەولڕ وتوانای خۆی بخاتە گەڕ.

پێویستە وەک سەرمایە و دەوڵمەندییەک چاو لە فرەچاندی و رەنگاوڕەنگی ناو ئێران بکەین. لە راستیدا ئەم دەوڵەمەندییە هیچ کۆسپ و تەگەرەیەکی لە بەرامبەر بەرژەوەندیە گشتیەکاندا نەناوەتەوە و بەساڵانە ئەم گەلانە لەو پەڕی ئاشتی و رێزەوە پێکەوە ژیان دەکەن. ئێدی دەبێت هەموو گەلانی ئێران بەتایبەت گەلی فارس لە ئەو راستییە تێبگەن کە لە ناوبردن و سڕینەوەی هەر چاند و نەتەوەیەکی دیکە لە جۆگرافیای ئێراندا، هەبوونی گەلی فارس و چاندەکەیشی رووبەرووی لەناو چوون دەکاتەوە. ئەگەر ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی ئێران لە هەنبەری گەشەکردنی هونەر و موسیقای کوردیدا کۆسپ دەنێنەوە، ئەوا موسیقای ئەمڕۆی فارسەکان لە شێوازی جوانی نەریتی(سنتی) روو لە شێوازەکانی رۆژئاوایی وەک رەپ و جاز دەکات، گەر پێشی لە رێورەسمی بەرز ڕاگرتنی رۆژی نەورۆز دەگیرێت، ئەوا رووبەرووی ‌پەرەسەندی رێوڕەسم گەلێک وەک رۆژی واڵنتاین دەبێت، گەر ئایین وباوەڕیگەلێک وەک ئایینی یارسان قەدەخە و سەرکوت دەکرێت، ئەوا رووکردنە چاندی رۆژئاوایی لێدەکەوێتەوە کە ناوندی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییە. ئەنجامەکەشی دیاردەگەلێکی دڵتەزێن و نامۆ بە ئەخلاقیاتی کۆمەڵگایە وەکوو نێربازی و مێبازییە.

سیستەمی سەرمایەداری جیهانی بە رێگاگەڵێکی جۆرا و جۆر هەوڵ بۆ لەناو بردنی کۆمەڵگا و سەقامگیرکردنی سیستەمی خۆی ئەدات، یەک لەو رێبازانە قڕکردنی چاندیە. ئەمڕۆ لە رێگای چاندەوە هەوڵ بۆ لە ناو بردن و قڕکردنی گەلان دەدرێت کە بە داخەوە ئەم رێبازە لە لایەنی دەسەڵاتدارانی فارسەوە پەیڕەو دەکرێت. هەموو هەوڵی خۆیان بۆ سڕینەوەی گەلانی دیکە لە رێگای سڕینەوەی چاندیەوە خستووەتە گەڕ. هەر بۆیە گەلانی ئێران پێویستە ئاستی هۆشیاری خۆیان بەرز کەنەوە و پاراستنی چاند و زمانی خۆیان وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و ئینسانی چاو لێبکەن.