Xendeq Nêwan Rojava û Başûr

لە ماوەی دوایی دا ئاستی هێرش و گوشارەکان بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، رووی لە زیاد بوون ناوە و لە لایەن نەیاران و دوژمنانی گەلەکەمان ویستی لەناو بردنی دەسکەوتی رۆژئاوا هەیە. هەروەک دەزانرێت، رژێمی داگیرکەری تورکیا لە رۆژانی دوایی دا بە کۆبوونەوەیەکی نەهێنی کە وتەکان و پیلانەکانیان لە راگەیاندنەکاندا ئاشکرابوو، لە هەوڵی گەلەکۆمە و پیلانگێری لە دژی گەلەکەمان لە رۆژئاوای کوردستانە و لەم کۆبوونەوەدا زۆر بە ئاشکرا، چۆنیەتی بەرێوە چوونی ئەم گەلەکۆمەیان باس کردووە. هاوتەریبی ئەم کۆبوونەوەیە، چەتەکانی سەر بە داعیش بە مەبەستی داگیرکاری، دەستیان بە هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر هەرێمی کۆبانی کرد. دوابەدوای ئەم هێرشانە و لە چوارچێوەی هەمان پیلاندا پارتی دیمۆکراتی کوردستانی عێراق بە سەرۆکایەتی بارزانی، فەرمانی هەڵکەندنی خەندەقی دوژمنایەتیان لە سنوورەکانی رۆژئاوا داوە و هەنووکە ئەم پیلانە پراکتیزە دەکرێت.
روون و ئاشکرایە کە ئەم هێرش و پیلانگێریانە بۆسەر رۆژئاوای کوردستان بە هیچ شێوازێک پەسەند ناکرێت. بەتایبەت کردەوەکانی پارتی دیمۆکراتی کوردستانی عێراق لە بەرامبەر گەلەکەمان لە رۆژئاوای کوردستان، مژارێکە کە پێویستی بە هەڵویستی جیدی هەیە. هەڵکەندنی خەندەق کە دوژمنایەتیەکی ئاشکرا لە بەرامبەر گەلی کوردە لە سنوورەکانی نێوان رۆژئاوا و باشوور، کردەوەیەکە کە بە هەمان شێواز لە قۆناخی رابردوو لە لایەن دەوڵەتی تورکیا لە سنووری نێوان باکوور و رۆژئاوای کوردستان بەرێوە چوو. ئەم رەوشە لە حالێکدایە کە هەر لەسەرتای شۆرشی رۆژئاوای کوردستانەوە هەتا ئێستا، پارتی دیمۆکراتی کوردستانی عێراق، هاوتەریب و هاوئاهەنگ لە گەڵ سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی داعیش و جەبهەتولنەسرە هەڵسووکەوتی کردووە.
لەو باوەرەداین کە ئەو سیاسەتەی کە بە ناوی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەکرێت، تەنیا سیاسەتی پارتی دیمۆکراتە و پێویستە ئەم پارتە بە زووترین کات دەست لەم کردەوانەوانەوە و بەتایبەت هەڵکەندنی خەندەقی دوژمنایەی بەربدات.
وەک پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، پەژاک بانگ لەسەرجەم گەلەکەمان لە هەموو بەشەکانی کوردستان، سەرجەم لایەنە کوردستانیەکان و بەتایبەت گەل و لایەنە سیاسییەکان لە باشووری کوردستان دەکەین کە لە بەرامبەر ئەم پیلانگێڕیە هەستیارانە هەڵسووکەوت بکەن و خاوەن هەڵوێست بن.

 

کۆردیناسیۆنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان — PJAK
08.04.2014