سڵاو لە گەلی کورد و ڕۆژهەڵاتی کوردستان

هەروەها کە ئاگادارن دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی بە دانی پەیامێک بۆ تورکیە کە گوایە بانگهێشتنەکەی ئامریکا رەدبکاتەوە لە پیلانگێڕییەکی قیزەوندا لە ١٩ی گوڵانی ١٣٨٩ی هەتاوی مامۆستا فەرزاد کەمانگەر و شیرین عەلەم هولی، عەلی حەیدەریان، فەرهاد وەکێڵی و مێهدی ئیسلامیانی لەسێدارەدا،ئەو کارە نگریسەی کۆماری سێدارە دژکردەوەی لە ئاستی جیهانی درووستکرد هەربۆیە هەمووگەلانی جیهان و نەتەوەکانی دیکەش بە خۆپیشاندان و ڕێپێوان پشتگیری خۆیان بۆ مامۆستا و هاوڕێیانی دەربڕی و تووڕەیی خۆیان بۆ کۆماری سێدارە، هەر ئەوەش بوویە هۆی زۆرتر ڕەشبوونی پەروەندەی کۆماری سێدارە بۆ ڕای گشتی.

ئەو ڕۆژە کە مامۆستا فەرزاد و هاوڕێیانی لە سێدارە دران ڕۆژی مامۆستا بوو لە ئێراندا، کۆماری سێدارە بە جێگای ئەوەی کە ڕێز بگرێت لە مامۆستا فەرزاد و هاوشێوەی ئەو مامۆستایە پەتی سێدارەی کرد بە مەدالیایەک بۆ مامۆستا واتە ئەو لە سێدارەدانە هەدیەی کۆماری سێدارە بوو بۆ مامۆستا فەرزاد لە بریتی ئەو هەموو ڕەنج و تێکۆشانەی کە مامۆستا لە ماوەی نزیک ١٤ ساڵ لە ئەرکی مامۆستایەتیدا کێشایبوو.

لە ئێراندا ١٢ی گوڵان ڕۆژ و هەفتەی مامۆستایە کە هیچ پەیوەندی بە ئێمەی کوردانەوە نیە و لای ئێمە هیچ بایەخێکی ئەوتۆی نیە بەڵکوو ئێمەی کوردان ١٩ی گوڵان ساڵڕۆژی لەسێدارەدانی مامۆستا فەرزاد و هاوڕێیانی بە ڕۆژی مامۆستا ئەزانین و لای ئێمە پڕبایەخە. ئەمەیش شێوەیەکە لە بەرپەرچدانەوەی دژ بە پیلانەکانی کۆماری سێدارە. هەرچەندە پێش مامۆستا فەرزاد مامۆستایانی دیکەشمان هەبووە کە لەلایەن دەوڵەتە داگیرکەرەکانەوە لە هەرچوارپارچەی کوردستان شەهیدکراون بۆ نموونە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شەهید کاک حسەین مستەفاسوڵتانی برای کاک فواد بەڵام مامۆستا فەرزاد وەک هێمایەکە بۆ هەموو ئەو مامۆستایانە کە شەهیدکراون.

هیچ دەوڵەتێکی داگیرکەر ناتوانێت بە ترساندن و تۆقاندن و خنکاندنی لاوان و مامۆستایان، ئێمە لە پێشوەچوون بەرەو ئەستێرەکان و ئاسووی ڕوون پاشگەز بکاتەوە بۆیە ئێمە هەر بە تێکۆشان و خەباتی هەمەلایەنە سوورین لەسەر ڕێگای ئازادی و کوردایەتی هەتا سەرکەوتنی گەلی کورد هەربۆیە ڕێگای مامۆستا ڕێگای ئێمەیە و هزرو فکری مامۆستا چرای ڕیگامانە بۆیە ئێمە هیچ کاتێ لەو ڕێگایە دەستهەڵناگرین.

 

بژی شەهیدان
بژی مامۆستایان
بژی گەلی کورد
پیرۆزە ١٩ی گوڵان

 

یەکێتی مامۆستایانی شاری مەریوان
کۆمەڵەی جوانانی ڕۆژهەڵات — KCR