لە سەرەتای مانگی گۆڵانەوە هەتا ئێستا جموجۆڵە سەربازییەکانی هێزەکانی سوپای پاسداران لە سەرجەم هەرێمەکانی رۆژهەڵاتی کۆردستان، لە بەرانبەر هێزەکانی گەریلا لە ئاستێکی بەرفراواندا رووی لە زیادبوون کردووە.

لە رێکەوتی 1 ی گۆڵان دا لە هەرێمی سۆما، هێزەکانی سوپای پاسداران بە بەشداری بەشێکی زۆر لە بەکرێگیراوانی هەرێم، ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان لە بەرامبەر هێزەکانی گەریلا دەست پێ دەکەن. لە رێکەوتی 03.05.2014 لە نێوان هێزەکانی سوپای پاسداران و هێزەکانی گەریلا، شەڕ و پێکدانانی بەرفراوان دەست پێ دەکات و لە ئەنجامی ئەم پێکدانانە کە زیاتر لە پێنج کاتژمێری خایاندووە، زیاتر لە 15 پاسدار و بەکرێگیراوی سوپای پاسداران دەکوژرێن و ژمارەیەکی زۆریش بریندار دەبن کە یەک لە کوژراوان فەرماندەیەکی پایە بەرزی سوپا بووە. هێزەکانی کۆماری ئیسلامی دوای ئەم پێکدانانە، هەرێمەکە بە خەستی توپباران دەکەن کە لە ئاکام دا سێ گەریلای هێزەکانمان قارەمانانە شەهید دەبن.

ناسنامەی هەڤاڵانمان کە لەم پێکدادانەدا شەهید بوون بەم شێوازەیە:

1. هەڤاڵ ئیبراهیم عیزەتی بە ناسناوی رۆژهات سمکۆ لە دایک بووی ساڵی 1986 شاری مەریوان کە لە ساڵی 2010 بەشداری رێزەکانی گەریلا بووە.
2. هەڤاڵ رووحۆڵڵا زەرابی بە ناسناوی سمکۆ سەرهڵدان لە دایک بووی ساڵی 1993 شاری خۆی کە لە ساڵی 2013 بەشداری رێزەکانی گەریلا بووە.
3. هەڤاڵ ماشاڵا تانریوێردی بە ناسناوی چیا مووش لە دایک بووی ساڵی 1983 ی شاری مووشی باکووری کوردستان کە لە ساڵی 2003 بەشداری رێزەکانی گەریلا بووە.

هاوکات هێزەکانی سوپای پاسداران لە هەرێمەکانی شاهۆ و کۆساڵان ئۆپەراسیۆنی سەربازی بەرفراوانیان دەست پێ کردووە. جمو جۆڵەکانی هێزە بەکرێگراوەکان و هێزەکانی کۆنترا شان بە شانی هێزەکانی سۆپای پاسداران لە هەرێمەکانی جوانرۆش روویان لە زیاد بوون کردووە.

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی — HRK
19.05.2014