بێ گومان ئەم قۆناخەی کە ئەمڕۆ گەلی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان تێیدا تێپەر دەبێت، قۆناخێکی هەستیار و مێژوویە. هەنوکە گەلی کورد بە ئیرادەی خۆی توانیویەتی لە هاوکێشەکان و هاوسەنگییە سیاسیەکان خاوەن قورسایی بێت. دەستکەوتی گەلەکەمان لە باشووری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان، ئەمرۆکە گەلی کوردی گەیاندوەتە ئاستێکی دیکە. هەر بۆیە ئەم دەستکەوتانە، هوشیاری نەتەوەیی لەناو گەلی کورد بەهێزتر کردووە و کاریگەری راستەوخۆی لە سەر هەموو بەشەکانی کوردستان و دەرەوەی وڵاتیش دروست کردووە. هێزە داگیرکەرەکان و ئەو دەوڵەتانەی کە چارەسەری کێشەی گەلی کورد و گەیەشتن بە مافی رەوای نەتەوەکەمان، بە شکستی خۆیان دەزانن، بەهەموو شێوەیەک هەوڵی لەناو بردنی ئەم دەستکەوتانە دەدەن.

ئەمرۆ ئەو تیرۆریزمەی لە لەژێر ناوی ئیسلام وەک دەوڵەتی عێراق و بیلادی شام (داعش) کە لەلایەن ئەو دەوڵەتانە پالپشتی دەکرێت، بەهەموو شێوەیەک لە هەوڵداندان کە نەهێڵن کورد ببێتە خاوەن ستاتۆی سیاسی و خۆبەرێوەبەری خۆی.

ئەم هێرشانەی کە لەرۆژئاوای کوردستان و باشووری کوردستان لە شارەکانی وەکوو مووسڵ، خانەقین، کەرکووک و دووزخورماتوو پێکدێت، کە لە ئەنجامدا بەداخەوە بەدەیان کەس شەهید و بریندار بوون. هەروەها دەس بەسەرداگرتی بەشێک لە شاری مووسڵ لە راستیدا هێرشە بۆ سەر دەستکەوتی هەموو گەلەکەمان و هەنگاوێکی دیکەیە بۆ سەرلەنوێ داگیر کردنەوەی خاکی کوردستان. ئێمە وەک کۆمەڵگای دیمۆکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (KODAR) ئەو هێرشانە بۆ سەرگەلەکەمان مەحکوم و شەرمەزار دەکەین. ئەو هێزە تیرۆریستانە ئاگادار دەکەینەوە کە بەم کردەوانە ناتوانن ئیرادەی گەلی کورد جارێکی دیکە تێکبشکێنن و کورد بێ ستاتۆ بهێڵنەوە.

ئێمە وەکوو KODAR بەهەموو شێوەیەک پشتگیری خۆمان بۆ گەلەکەمان لە باشووری کوردستان رادەگەیەنین و دڵنیایان دەکەینەوە کە ئەمرۆ گەریلاکانی کۆمەڵگای دیمۆکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان پارێزوانانی نرخ و دەستکەوتەکانی گەلەکەیانن لە هەموو بەشەکانی کوردستان. لەو پێناوەشدا ئامادەگی خۆمان رادەگەیێنین کە لە پاڵ هێزە نیشتمانیەکانی گەلەکەمان لە باشووری کوردستان ئامادەین بۆ هەر چەشنە فیداکارییەک لە پێناو پاراستنی کورد و کوردستاندا.

لە کۆتاییدا سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆمان ئاراستەی گەلەکەمان لەباشوری کوردستان، یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بنەمالەی ئەم شەهیدانە دەکەین کە لەم کردەوە تیرۆریستیانە ژیانیان لەدەست دا.

 

کۆنسەی بەرێوەبەرایەتی کۆمەڵگای دیمۆکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان — KODAR
10.06.2014