دەستکەوتەکانی گەلی کورد و ئازادی لە بەشێک لە کوردستان بە گشتی دوژمنانی گەلەکەمانی هەراسان کردوە و لەو چوارچیوەیەدا بە هەموو شێوازێک لە پلانگێری دان بۆ تێکدانی ئەم دەستکەوتانە کە بۆتە هێمای گەلەکەمان بە گشتی.

دوژمنانی ئازادی و دەوڵەتانی دەستەڵاتدار و کۆنەپەرەست بۆ تێکشکاندنی ئیرادە و ترساندنی گەلی کورد لە هەموو شێوازەکانی دژە مرۆڤی کەڵکیان وەرگرتوە. هەروەها بۆ دژایەتی کردنی گەلەکەمان لە هەموو بەشەکانی کوردستان و لە هیچ پیلانگێریەک سڵەیان نەکردوە و بە درێژایی مێژوو هەر چەند ئەم دەوڵەتانە لە زۆر بوار دا لەگەڵ یەک ناکۆک بوون،بەڵام لە سەر مەسەلەی کورد و داوخوازیەکانی هەر دەم هاوکار و یاریدەدەری یەکتر بوون.

کۆنسێپتی بێ ئیرادە کردن و تێکشکاندنی گەلی کورد لە هەموو بوارەکانی ئابوری، کۆمەڵایەتی و سیاسی و تەنانەت بواری نیزامیش بەردەوام و سیستماتیک لە ڕۆژەڤ دا بووە و هەمیشه دەستەڵاتداران و داگیرکەرانی کوردستان بە یارمەتی کۆنەپەرەستانی ناوچەکە و لەم دواییانەش دا بە بەکار هێنانی تێرۆریستان هێرشی بەربڵاویان کردۆتە سەر دەستکەوتەکانی گەلەکەمان، ئەو هێرشانە کە لە ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان کراوەتە سەر گەلەکەمان وەک کۆنسێپتێکی پلانداڕێژراو لە لایەن دەستەڵاتداران و داگیرکەرانی کوردستان و کۆنەپەرەستانی ناوچەکە دەبینین.چونکە ئەم هێزانە تەحەمولی دیتنی خۆبەڕێوەبەی دیمۆکڕاتیک و ستاتۆی سیاسی گەلی کوردیان نیە.

هێرش کردنە سەر شارەکانی خانەقین، کەرکوک، دوزخورماتو و هاوکات هێرشی تێرۆریستیانە و داگیرکردنی شاری موسڵ، هێرشە بۆ سەر دەستکەوتەکانی گەلەکەمان و ئەم کردەوانە هەر لە چوارچێوەی ئەم کۆنسێپتەدا خۆی حەشار داوە. بە گشتی ڕەوشی ئەم دواییانە بە مەترسی دەبینین بۆ سەر کوردستان و لە سەر بنەمای پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلەکەمان، داوا لە هێزی پاراستنی ڕەوا و هەموو هێزە دێمۆکڕاتیخوازەکانی کوردستان دەکەین بە یەکگرتویی و بە ئیرادەیەکی شۆڕشگێڕانە دژی هەر جۆرە هێرشیکی دوژمنانی ئازادی ببنەوە و پاراستنی گەل و ئازادی نەتەوەکەمان بە ئەرکی خۆیان بزانن. هەروەها هێزی جەوانان کە هێزی هەرە دینامیکی کۆمەڵگای زیندووە پیویستە بە ئەرکی خۆیان ڕاپەڕن و هەڵویستی شۆڕشگێرانەی خۆی لە دژی کۆنەپەرەستی و داگیرکەری بە شێوازێکی بەرچاو لە هەموو بوارەکان دیاری بکات، مەترسی سەر باشوری کوردستان مەترسیە بۆ سەر هەمو گەلی کورد.

 

مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان — پژاک
12.06.2014