گزینگ رێبین

بەرخۆدانی چەند ساڵی ئاخری گەلی کورد، بە تایبەتیش بەرخۆدانی شکۆمەندی ئەو ساڵ ئەو سەدەیەی کرد بە سەدەی کوردان. هێرشەکانی داگیرکەران و دوژمنانی گەلەکەمان چەندە زۆر بوون خۆڕاگریش لە بەرامبەری دا ئەوەندە زیاد بوو. ئەوە خۆڕاگریەکە کە جیهان تا ئێستا بە خۆیەوە نەیبینیبوو. “ستالین‌گراد” رووبەرووی دوژمنێکی وەحشی وەک “داعش” نەببۆوە کە نێوی کەوتە مێژووەوە. ئێستا هەر شوێنێکی کوردستان بە پێشەنگایەتی کۆبانێ، شەنگال، کەرکوک و رۆژئاوا بۆتە ستالین‌گڕادێک.

ئەو خۆراگریەی کە شەڕڤانانی ئازادیخوازی کوردستان بە پێشەنگایەتی ی.پ.ژ.، ی.پ.گ.، ی.ژ.ئا-ستار، ه.پ.گ.، ه.پ.ژ.، ی.ر.ک.، ی.ب.ش. و هێزی پێشمەرگە دەینوێنن گەلی چوار بەشی کوردستان و هەندەرانی بەرەو هەڵوێست دانان راکێشا. لە رۆژهەڵاتی کوردستان و شارە گەورەکانی ئێران‌یش بە گڕوتینێکی گەورە و بەشکۆوە راپەڕینی جەماوەری گەییشتە لوتکە. لە کاتی راپەرینەکان دا رژێمی کۆماری ئیسلامی بۆ ئەوەیکە هەڵوێستەکان روو لەو نەکەن نەیوێرا کەسێک دەستبەسەر بکا. بەڵام دوای کۆتایی پێهاتنی سەرهەڵدانەکان دەستی بە هێرشی میلیتاریزە کردن کرد. لە لایەکەوە یەک بە یەک رێکخەران و بەشداربووانی چالاکیەکان دەستبەسەر دەکات. لە لایەکی دیکەوە بە مەبەستی سڕینەوەی ناسنامەی ئازادیخوازی تێکۆشەرانی نێو بەندیخانەکان وشەی “گیراوانی سیاسی” بۆ “گیراوانی ئەمنیەتی” دەگۆڕێ و ئەو گیراوانە تێکەڵاوی گیراوانی کوژەر و مادەی هۆشبدەر و فاسد دەکات. لە لایەکەی‌تریشەوە بە تایبەتی لە رێگای دەزگا راگەیاندنیە هەرێمیەکان هێرش دەکاتە سەر فەرهەنگی دێرینی گەلەکەمان. هاوکات لە گەڵ ئەوانە “لە سێدارە‌دان” و “ئەشکەنجە”ی وەک نەریتی موتڵەقی دەوڵەت هەمیشە بەردەوام کردووە. تەنیا لە رۆژێک دا ١٨ گیراو لە سێدارە دران! هەم فەساد، مەوادی هۆشبەر و کوشتن لە لوتکە دا پێش دەخا تا کۆمەڵگا لە ریشە دەربێنێ، هەمیش بکەرەکانی لە سێدارە دەدا.

کەسێکی کە باسی دین یانخود مەزهەبێکی جیا لەوەیکە دەوڵەت پەسندی دەکا بکا بە دوژمنایەتی لە گەڵ دینی خودا تاوانبار دەکرێ. کەسێکی کە هەوڵێک بدا بۆ پاراستن و پێشخستنی فەرهەنگەکەی قەدەغەی خەباتی فەرهەنگی و جۆرها سزای دیکەی بە سەر دا دەسەپێندرێ. کەسێکی کە باسی مافی رەوای گەل و کۆمەڵگای بکا بە تۆهمەتی دژایەتی لە گەڵ خودا جیا لە وەحشیانەترین ئەشکەنجەکان، بە مەرگ مەحکوم دەکرێت. دەوڵەتی ئێران بەو کردەوانە ترس و نیگەرانی خۆی لە وشیار بوونەوەی نەتەوەکانی ئێران لە دوای سەرکەوتنە یەک لە دوای یەکەکانی شەڕڤانانی ئازادی لە رۆژئاوا و باشور دا، زۆر بە جوانی دەربڕی. ئەو هێرشانەی کە بۆ میلیتاریزەکردن و ترساندنی کۆمەڵگا بەڕێوەی دەبا بەیانگەری ئەو ترس و نیگەرانیەیە. چونکە هەر وەک سەرجەم گەلانی دنیا گەلانی ئێرانیش بە کورد و غەیرە کوردەوە هاودەنگی خۆیان لە گەڵ شەنگال و کۆبانێ دەربڕی. ئەو روون بوونەوەیە ترسی لە دڵی دەوڵەتی ئێران دا دروست کرد؛ ترس لەوەیکە کۆنتڕۆڵی کۆمەڵگا لە دەستی دەربچێ. بەو هۆیەوە شەپۆلێکی نوێی پەلامارەکانی خستە نێو بەرنامەکانیەوە کە ئازار، گوشار، ئەشکەنجە و سێدارە لە بەندیخانەکان یەکێک لە هەدەفەکانی ئەو بەرنامەیەن.

ئەو رژێمەی کە ئیدی لە جیاتی “کۆماری ئیسلامی” بە “کۆماری سێدارە و ئەشکەنجە” نێوی دەرکردووە بە سەدان جار ئەوەی دیتووە کە کەسێکی کە بڕوای بە رزگاری و ئازادی هەبێ لە مەرگ و سێدارە ناترسێ و سێدارە لە بەرامبەر ورەی بەرزی شۆڕشگێڕان و تێکۆشەرانی رێگای ئازادی تێکشکاوە و ئەوە بە خوێنی پاکی شەهیدانی سێدارە سەلمێندراوە. بەو هۆیەوە دەیهەوێ ئیعتیباری گیراوانی سیاسی لە نێو بەرێ. بۆ ئەو مەبەستە، لەو ماوەیەی رابردوو دا لە بەندیخانەی ئورمیە ٢٩ گیراوی سیاسیی لە گەڵ گیراوانی تاوانی کوشتن، مادەی هۆشبەر و فەسادی ئەخلاق تێکەڵ کردووە.

دژ بەو کردەوە بێ‌ئەخلاقانەیە کە بە واتای نکۆڵی ناسنامەی سیاسی و شکاندنی ئیرادەی ئازادیخوازیە ئەوە ١٧ رۆژە ئەو گیراوانە لە چالاکی مانگرتن لە خواردن دان. بەدەنیان زەڕڕە بە زەڕڕە دەتوێتەوە. تاقانە چەکیان بۆ شەڕ کردن لە گەڵ دوژمن، ئیرادەی نەهەژیان و جەستەیانە. لە هەموو چالاکیەکانیان دژ بە داسەپاندنەکانی رژێم، ئەو تاقانە چەکەیان بە کار دێنن. ئەو تێکۆشەرە بەندکراوانە هەر هەموویان بە ساڵانە نەخۆشی گرانیان هەیە و هەتا ئێستا دەوڵەت هیچ هەوڵێکی بۆ دەرمان کردنیان تەنانەت بە ئیمکاناتی ئەوانیش، نەداوە. لەو هەل و مەرجە نالەبارەی تەندروستی دا ١٧ رۆژە مانیان گرتووە لە خواردن و سوورن لە سەر ئەوەیکە هەتا بە داخوازە رەواکانیان کە یەکێک لەوانە “جودا کردنەوەیان لە گیراوانی‌تر”ە نەگەن دەست لەو چالاکیە هەڵنەگرن. ئەو گیراوە سیاسیانە رۆشنبیران و تێکۆشەرانی ئازادی گەل و وڵاتەکەیانن. بەر لە دیل‌بوونیان بۆ ئازادی گەل لە تێکۆشان دا بوون و ئێستاش کە لە کونجی بەندیخانە تاریکەکان دا لە ژێر دژوارترین ئەشکەنجە و گوشار دا دەژین، هەر لە تێکۆشان دان. رژێمی ئێران هەوڵ دەدا زیندانەکان بکاتە گۆڕەپانی سەرکوت کردن و سڕینەوەی ناسنامەی ئازاد. لە بەرامبەر دا گیراوانی سیاسی‌ش بە چەکی ورە و جەستەیان و بە سووربوون و پێداگری لە سەر ئازادی، کونجی بەندیخانەکانیان کردۆتە مەیدانی خۆڕاگری و نەسرەوتن. ئەو “بەرخۆدان ژیانە”یەی کە مەزلوم دۆغان، سەکینە جانسز، کەماڵ پیر و خەیری دورموش بەدەنی خۆیانیان پێ کرد بە ئاڵایەکی هەمیشە شەکاوە، دوێنێ لە زیندانی ئێوین دا بە دەستی شیرین، فەرزاد، فەرهاد، عەلی و مەهدی و ئەوڕۆش لە زیندانی ئورمیە دا لە دەستی ٢٩ ئازادیخواز دا بۆتە دروشمی تێکۆشان و ئاڵای گەییشتن بە ئازادی.

خۆراگری گیراوانی سیاسی ئەرکێکی گەورە بە هەموو کۆمەڵگا دەسپێرێ. چونکە ئەوانەی کە لە دەرێن هەل‌ومەرجیان جیاوازە و دەتوانن بە هەموو شێوەیەک تێکۆشان و پشتیوانیان لێ بکەن تاکو بە داخوازە رەواکانیان و ئازادیان بگەن. سبەینێ لە ئێران رۆژی دانیشجویە. خوێندەوارانی ئێرانی کە رۆشنبیران و پێشەنگانی کۆمەڵگاکەیانن خاوەن ئەزمونێکی گەورە و بەنرخی تێکۆشان ئی وەک کوی دانیشگا، نارەزایەتی لە بەرامبەر قەتڵە زنجیرەییەکان و راپەڕینەکانی ساڵانی ١٣٨٤ و ٨٨ن. بۆ خاوەندارێتی لەو میراتە گەورەیەیان پێویستە لە رۆژی دانشجوو دا هەڵمەتی خاوەندارێتی لە داخوازەکانی گیراوانی سیاسی ئورمیە دەست پێبکەن. ئەوە ئەرکێکی ئەخلاقی، مێژوویی، مرۆیی و رۆشنبیریە کە سەرجەم لاوانی کۆمەڵگاکەمان بۆ پێکهێنانی پێویستە سەفەربەر و بەسیج ببن. رۆژی دانیشجو کاتێک کە بە تێکۆشانی ئازادی بڕازێندرێتەوە دەبێتە رۆژی تایبەت و هەموو تێکۆشانەکانیش ئەو کات دەبن بە جێژنی پیرۆزبایی رۆژەکە.