سەرەتا سڵاو و رێزی خۆمان پێشکەش بە بەرخۆدانی مانگرتوانی زیندانی ئورمیە (ورمێ) دەکەین. هەروەک دەزانرێ مانگرتنی زیندانیانی سیاسی زیندانی ورمێ بیست و هەشت رۆژی لەداوای خۆی هێشت. بەڵام هەتا ئێستاکەش کۆماری ئیسلامی ئێران بە فشار خستنە سەر زیندانیان و هەرەشە و گورەشە لێکردنیان، لەسەر سیاسەتی هەڵخەڵەتاندن و جێ بە جێ نەکردنی داواکاری ئەو مانگرتووانە، پێداگری دەکات. ئەمەش دەبێتە هۆکارێک کە باری تەندروستی ئەو مانگرتوانە رۆژ لە دوای رۆژ خراپتر بێت و تەنانەت ژیانیان زیاتر بکەوێتە مەترسییەوە. بۆیە پێویستە کە کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەجێ داواکاریەکانی ئەو مانگرتوانە جێ بە جێ بکات و بە سیاسەتەکانیان لە بەرامبەر زیندانیانی سیاسیدا بچیتەوە.

هەروەها ئەو چالاکیانەی کە بۆ پشتگیری لە بەرخۆدانی زیندانیانی ورمێ کە لە پارچەکانی دیکەی کوردستان و دەرەوەی وڵات بەرێوە چوون، سڵاو دەکەین و بەرز دەینرخێنین. بەڵام بە لەبەرچاو گرتنی رەوشی تەندروستی ئەو مانگرتوانە کە رۆژ بە رۆژ مەترسیدارتر دەبێت، پێویستە کە پەرە بە چالاکیەکانیان بدەن و بەرفراوانتری بکەنەوە.

هەروەها لێرەشدا بێ دەنگی رێکخراوەکانی مەدەنی و مافەکانی مرۆڤ رەخنە دەکەین و لە هەمانکاتدا هیوادارین کە رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و مرۆیی لەئاستی ئەو بەرخۆدانانە بێتە دەنگ و پالپشتی خۆیان بۆ ئەم مانگرتوانە رابگەیەنن و فشار بخەنە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ جێ بە جێ کردنی داواکاریەکانیان.
لە کۆتاییشدا بانگ لە هەموو لایەنە سیاسی و مەدەنیەکانی هەموو بەشەکانی کوردستان دەکەین کە ئەوانیش بێ دەنگ نەمێنن و بە هەموو شێوەیەک پشتگیری و پالپشتی داواکاری ئەم مانگرتوانە بکەن.

 

هاوسەرۆکایەتی کۆمەڵگای دیمۆکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان — KODAR
18.12.2014