نەورۆز بەرخۆدانە و ژیانەوەی سروشت. لە گەڵ ژیانەوەی سروشت بە ڕوحێکی شۆڕشگێڕانەوە بەرەو پێشوازی نەورۆز دەڕۆین و بە بەردەوام کردنی رێبازی هەموو تێکۆشەرانی رێگای ئازادی لە بەرامبەر دیکتاتۆران و داگیرکەران، خاوەنداریەتی لە نەورۆزی ئەمساڵ دەکەین.

رۆژهەڵاتی ناوین لە قۆناخێکی زۆر هەستیار دا تێدەپەڕێت، گەلی کوردیش وەک گەلی هەرە دێرینی ئەم ناوچەیە روبەڕوی هێرشی دڕندانە تێرۆری ناونەتەوەیی بوتەوە. لە بەرامبەر ئەم هێرشەدا قارەمانتی و خۆراگریێکی بێ وێنەی نواندووە، لە ئەم پێناوەشدا گەلەک قوربانی و فەداکاری هاتۆتە ئاراوە، بەڵام لە هەمان کاتیش دا دەستکەوتێکی وەکوو رۆژئاوای خۆڵقاندووە و توانیویەتی دەستکەوتی باشوری کوردستان بپارێزرێت.

ساڵی ڕابوردوو بە هێرشی هۆڤانەی داعش و بە پلانێ جیاوازی هێژمۆنگەرایان بە ئاشکرا بۆمان دەردەکەوێت، گەلی ئێمە قۆناخێکی هەستیاری سیاسی تێپەر دەکات و مەترسی لە سەر کوردستان بەردەوامە، گەلی ئێمە کەوتۆتە ناو پڕۆسەیەکی ئاڵوگۆڕی و چارەنوس ساز، ڕەوتی پێشکەوتنی خەبات و تێپەڕاندنی ئەم قۆناخە دەگەڕێتەوە سەر ئامادەکاری و هوشیاری سیاسی گەلەکەمان و هاوکات شێوازی هەڵبژاردنی سیاسەتی کارامە لە لایەن حیزبە سیاسیەکانی کوردستان لە بەرامبەر هەمو داگیرکەران و بەرژەوەندخوازان دەبێ روون بێت و بزانرێت کە ئیرادەی گەل بە ئەساس گرتن گارانتی سەرکەوتن. هاوکات ڕۆڵی تاکی کورد لەم قۆناخە مێژوییەدا دەتوانێت بە هەڵبژاردنی سیاسەتی ژیرانە پێش لە هەمو نەهامەتیەکان و دوپات بونەوەی پەیمانەکانی قەسری شیرین و لۆزان و سایکس-پیکۆ بگرێت.

نەورۆزی ئەمساڵ مان هیوا و ئومیدی سەرکەوتنمان بۆ بە دیاری دێنێت و گەلەگەمان ئامادەی هەر چەشنە فیداکاریەکە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆڕش، گەلی ئێمە لە کوردستان و بە تایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێویستە زیاتر لە هەر کات لە بەرامبەر سیاسەتەکانی رژیم و پیلانەکانی خۆ بە ڕێکخستن بکات و ئیرادەی پۆڵایینی خۆی بە هەمو دۆست و دوژمنانی ئازادی بسەلمێنێت. ژیانێکی بە ڕومەت و ئازاد، تێکۆشانێکی نەپساوە و ماندونەناسانە و بە ڕوحێکی شۆڕشگێڕانەوە بەرەو سەرکەوتنێکی مەزن لە هەموو کوردستان هەنگاو هەڵگرین.

دەستکەوتەکانی گەلەکەمان لە بەشەکانی تری کوردستان ئەو ڕاستیەمان بۆ ئاشکرا دەکات کە بە یەکڕیزی و خۆبەڕێکخستن کردن، گەل دەتوانێت هەموپیلانگێڕی دەستهەڵاتداران پوچەڵ بکاتەوە و هاوکات بە رۆحی بەرخۆدانی کۆبانی و پێشەنگایەتی ژن لەم قۆناخە هەستیارە مێژووییەدا چارەنووسی گەلی کورد و گەلانی بن‌دەست دیار بکەین.

گەلی ئێمەش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شیاوی ژیانێکی بە ڕومەت و ئازادە و پێویستە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەم ئازادیە بە تێکۆشان و بە هێزی جەماوەری پێک بهێنین و نەورۆزی ئەوساڵمان وەک نەورۆزی سەرهەڵدان و سەرکەوتن دەستنیشان بکەین. ئێمە وەک پارتی ژیانی ئازادی کوردستان بە رۆحی نەورۆز و ژیانەوە تێکۆشانی خۆمان درێژە پێ دەدەین و لە سەر ئەم ئەساسە نەورۆز لە سەر جەم گەلانی ئازادیخواز بە تایبەت گەلی کورد پیرۆز دەکەین.

 

مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان ─ PJAK
20.03.2015