پژاک پێشەنگی تێکۆشانی نەتەوەی دیموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. دەوڵەتی شاهەنشاهی پەهلەوی کە لە ئاکامی شۆڕشی گەلانی ئیران لەساڵی ١٩٧٩ زایینی لەناوچوو، دەرفەتێک لەمبارەیەوە هاتە ئاراوە کە گەلی کورد بگات بە مافەکانی خۆی بەڵام بەداخەوە ئەو لایەنەی ئەوکاتە پێشەنگایەتی گەلی کوردی لەسەرشان بوو نەیتوانی ئەو دەرفەتە باش بەکات بێنێت. لەسەر ئەو ئەساسە هەموو دەستهەڵاتخوازانی ئیرانی بۆ دامەزراندی دەستهەلاتی خۆیان یەکەم جار هێرشیان کردە سەر رۆژهەڵاتی کوردستان، لەبەر ئەوەی بە باوەڕی ئەوان ئەگەر کوردستانیان داگیر کردبایە هەموو شوێنەکانی ئیران بە ئاسانی دەکەوتە دەستیان. ڕەژیمی تازە پێگەیشتووی کۆماری ئیسلامی لە ماوەیەکی کورتدا دەستی گرت بەسەر شۆڕشی گەلانی ئیران دا و ئەوی بەڵاڕێدا برد. بە فەرمانی خومەینی هێرشی کردە سەر کوردستان و دەستی کرد بە قەتلوعام. هەرچەندە گەلی کورد لە مەیدانی بەرخۆدان دا فیداکارانە هاتنە پێشەوە بەڵام هێزە سیاسیەکانی ئەو کاتە لەباتی ئەوەی گەل بە ڕێکخستن بکن لەسەر دەستهەڵات کەوتنە ناکۆکی ڵەگەڵ یەکتردا.

ڕەژیمی کۆماری ئیسلامی زۆر بە باشی ئیستفادەی لەمە کرد، بە تەواوەتی بناغەی خۆی داکوتا. لەو چوارچێوەیەدا، سەڕەڕای شەری هەشت ساڵەی ئیران وئیراق، بووە هۆکاری فورسەتێکی تر بۆ گەلی کورد. لەبەرە ئەوەی ڕەژیمی کۆماری ئیسلامی گیرۆدەی شەڕێک ببو ئەگەر هێزی کوردی ئەوکاتەی کارامە ببوایە دەتوانی بیانو بە کۆماری ئیسلامی بگرێت بەلام ناکارامەیی سیاسی و ڕێبەڕانی، ئەو دەرفەتەش بۆ گەلی کورد لەدەست دەرچوو. هێزی کوردیەکان لەباتی ئەوەی یەکڕیزی خۆیان لە دژی کۆماری ئیسلامی ڕێکبخەن شەڕی براکوژیان پێشخست.

لە دووای کۆتایی هێنانی شەڕی ئیران وئیراق، کۆماری ئیسلامی هێرشی خۆی بۆ سەر رۆژهەلاتی کوردستان زیاد کرد. دەستی کرد بە تیروری سەرکردەکانی شۆرشی ئەوکاتەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەبەر ئەوە هێزی کوردیەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان کۆچبەری باشوری کوردستان بوون.

لەهەمان کات لە سەرەتای نەوەدەکان، ڕاپەرینی گەلی کورد لە باشوری کوردستان ڕوویدا. لە ئاکام دا ڕەژیمی خوێن مژی بەعس لە باشوری کوردستان ڕاو نرا و باشوری کوردستان کەوتە دەست هێزی کوردیەکان. بۆ دامەزراندنی پارڵمانی کوردستان شەرتی دەوڵەتی ئیران بۆ باشور ئەوە بوو کە ئەبێت کار بکرێت بۆ ئەوەی هێزەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان “کۆمەڵە و دیموکرات” بێکاریگەر بکرێت و دەست لە شاخ بەربدەن و لە ئاکامیش دا هەروابوو.دەست لەشاخ بەردان و ئوردووگانی نشینی دوو تراژێدیای گەورە بوو هەم لە ئاستی ناوخۆی حیزبەکان هەم لەناو کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی کوردستان. تراژێدیای ناوخۆی حیزبەکان ئەوە بوو کە لەلای کۆماری ئیسلامیەوە ئەو کادیرە نزامی و سیاسیانە کە دەیانویست تەسلیمی ئەم ڕەوشە نەبن بە هاوکاری هێزەکانی باشور دیاری کران. ئەو هیڵە کە لە ناو خودی حیزبەکان دا باوەڕیان بە خەبات و تێکۆشان لەدەست دابوو تیرور کران و لەناو بران تا جارێکی تر شۆڕش هەڵنەگیرسێتەوە.

ئەو تراژێدیەش کە لەناو دڵی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان قەوما ئاوا بوو. گەلی کورد بەهایەکی گەورەی بۆ ئازادی دابوو. هەزاران ڕۆلەی قارەمانی لە سەنگەرەکانی پێشمەرگایەتی دا شەهید کرابوو و هەزارانی تریش کەوتبوونە زیندانەکان و لە ژێر ئەشکەنجە و سێدارە نەگەیشت بەو هەدەفەی کە قوربانی بۆدابوو.

ئەمە کاریگەری نەرێنی گەورەی لەسەر سایکۆلۆژی تاک و کۆمەڵگای کوردی دانا. هەروەها مەیدان چۆڵ کرا بۆ کۆماری ئیسلامی تا سیاسەتی بەکرێگاوی لەناو کۆمەڵگا دا پێشبخات. لە ئاکامی چۆڵ بوونی مەیدانی تێکۆشان، کۆماری ئیسلامی سیاسەتی گیرۆدەکردن و بێ کاریگەر کردنی چینی جوانان کە کۆڵەکەی سەرەکی شۆڕشن پەرە پێدا. تا ئەو شوێنە کە پارێزگارئ ئەو کاتەی سنە “محمەد رەزا رەحیمی” کە بە ڕەچەڵەک کوردە بە ڕەژیمی کۆماری ئیسلامی گوتبوو چێتان لەوە زۆرتر دەوێت “ئەوەتا کلاشێنکۆفم لە دەست گەنجان گرت و بافورم پێدان”. سیاسەتی جێ هێشتنی مەیدانی تیکۆشان لەلایەن حیزبە کلاسیکەکانەوە باڵی کەم هیوایی بەسەر کۆمەڵگای ڕۆژەڵاتی کوردستان دا کێشابوو.

لە لایەکی ترەوە کۆماری ئیسلامی لەناوەڕاستی دەهەی نەوەدی زایینی دا سەرمەست ببو بەوەی کە ئیتر لە ئیران دا بۆ هەمیشە پرسی کورد کۆتایی هاتووە و ئیتر ئەم کێشەیە جارێکی تر بەرۆکی ناگرێتەوە. بەڵام حەقیقەت شتێکی تر بوو، لەوانەیە داگیرکەر بتوانێت ئاشبەتان بە شۆڕشی کوردی بکات یان حیزبێکی کوردی لەناو ببات بەڵام هێچکات ناتوانێت هیوای و خواستی ئازادی لەناو گەل دا بکوژێت. هەر لەو کاتە دا کۆماری ئیسلامی ئیدیعای ئەوەی دەکرد کە لاوی کوردی بە تەواوەتی بێکاریگەر کردووە و هیوای سەرکوتنی لەناو گەلی کورد دا کوشتووە.

زۆرێک لە گەنجان و جوانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شارەکانەوە بگرە هەتا دێهاتەکان لە زانستگاکانەوە بگرە هەتا فەرمانگەکان بە دووای ڕێگا و ڕێبازی تازە دەگەران بۆ بەردەوامی تێکۆشان دژی داگیرکاری کۆماری ئیسلامی. لە لایەکی ترەوە تەڤگەری ئازادی ئاپۆیی لەناوەراستی دەیەی حەفتای زایینیەوە بە پێشەنگایەتی ڕێبەر ئاپۆ دەستی بە تێکۆشانی نەتەوەیی و دیموکراتی خۆی کردبوو. حەرەکەتی ئاپۆیی لەزۆر شت دا جیاوازی هەبوو لەگەڵ هێلی کلاسیک بە تایبەتی لەم دووخاڵە دا.

یەکەم” لەسەر ئەساسی نەتەوەیی بوون و کوردستانی بوون، بنەما و تێکۆشانی خۆی دانابوو نەک بۆ پارچەیەک یان هەرێمێک”. دووەم: “هێوا نەبەستن بە هێزە دەرەکیەکان و باوەڕی هەروەها پێشتی بە پتانسیلی ناو کۆمەڵگای کوردی بەستبوو”.

باوەڕی بەوە هەبوو کە گەورەترین هێز لە دژی داگیرکاری هەر لەناو دڵی خودی کۆمەڵگا دایە، بە شەرتێک هێزی پێشەنگ باش بتوانێت بە ڕیکخستنی بکات. ئەم دوو هێزە واتە لێگەڕینی رۆژهەڵاتی کوردستانی بە تایبەت چینی جوانان و ئامانجی نەتەوەیی ڕێبەر ئاپۆی لەناوەڕاستی دەیەی نەوەدەکانەوە بەیەک گەیشتن. هێوای تازەیان بەخشی بەکۆمەڵگای رۆژهەڵاتی کوردستان تا زیاتر ئەو دوو هێزە یەکتر بگرێت.بەرهەمەکانی ڕێبەر ئاپۆ بە زاراوەکانی جیاواز کرایەوە لەگەڵ ئەوەش کاناڵی مێد تی ڤی کاریگەری گەورەی هەبوو لەسەر ئەو ڕەوتە.

گەلەکۆمەی نێودەڵەتی ١٩٩٩ی زایینی بەرامبەر گەلی کورد و ڕێبەرایەتی کاردانەوەی گەورەی لێبووە. گەلەکەمان کە لە رۆژهەڵاتی کوردستان پێشتر شاهیدی گەلەکۆمە بووە لەبەرامبەر ڕێبەرەکانی قین و توڕەبوونی خۆیان لەداگیرکاری پێشان دا. بۆ شەرمەزار کردنی گەلەکۆمەی ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ هەر لە ماکۆوە هەتا ئیلام دەستیان کرد بە خۆپێشاندان و نارەزایەتی خۆیان دەڕبڕی. ئەمە بۆ داگیرکەری کۆماری ئیسلامی تەحەمول نەکرا هەر بۆیە هێرشی کردە سەرهەڵدانەکان. لە سێی ڕەشەمە هێرشەکە گەیشت لووتکە و کۆماری ئیسلامی دەستی بە قەتلوعام کرد لە شاری سنە دا زیاتر لە سی هاوڵاتی لەشارەکانی تر وەک مەریوان و ورمێ شەهید بوون. لە دووای ئەم ڕووداوە زۆرێک لە جوانانی رۆژهەڵاتی کوردستان پەیوەست بوون بە تەڤگەری ئاپۆچیەوە.

بەشێک لەم جوانانە پەیوەستی ریزەکانی گەریلا بوون و بەشێکی تر لەناو شار و دێهاتەکان دا دەستیان بە بڵاو کردنەوەی شۆڕشی تازەی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد. ئەو جوانانە لەسەر بنەمای پرستێکتیڤی ڕیبەر ئاپۆ پەیوەست بوون بە تەڤگەری ئاپۆچیەوە. بۆ خاوەنداریەتی کردن لە خوێنی شەهیدانی سێ ڕەشەمە و سەرهەڵدانەکانی گەلی کورد و هەروەها بۆ بەرێکخستن کردنی گەلی کورد لە بەرامبەر داگیرکەری کۆماری ئیسلامی بە پشت بستن بە فەلسەفەیەکی تازە، ڕێکخستنێکان لەژێر ناوی “تەڤگەری یەکێتی دیموکراتیک” دامەزراند. ئەم تەڤگەرە زیاتر بە شێوازی نەهێنی کاری دەکرد و ئامانجی پێشخستنی کۆمەڵگای مەدەنی و ئامادەکردنی زەمینەی شۆڕش لە رۆژهەڵاتی کوردستان دابوو. ئەم تەڤگەرە لە ساڵی ٢٠٠٠ هەتا ٢٠٠٣ بەم شێوەیە کاری کرد. لە دووای دا لە لایەن بزووتنەوەی دموکراتیک دا پێشبینی هاتنە سەرکاری هێلێکی موحافیزەکار لە ئیران دا کرا کە ئەم پێشبینیە لە دووایدا ڕاست دەرچوو.

دەولەتی ئەحمەدی نژاد بە کارێکتری موحافیزەکارانە و میلیتاریەوە هاتە سەرکار و بە توندی هێرشی کردە سەر هەموو چالاکیەمەدەنی و دیموکارتیەکانی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆڵی وەکوو کودەتای ١٢ی سپتامبری تورکیە وا بوو کە بە ئامانجی ڕووبەروو بۆۆنەوەی شۆڕشی ئەوکاتەی باکوری کوردستان ڕوویدا.

لە ئاکامی ئەو پێشبینیە، ئەو بڕیارە درا کە ئیتر تیکۆشانی شاراوە و مەدەنی وڵامدەر نین لە ئاست هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی داگیرکەر. زەروریەتی ڕیکخستنێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئیدئولۆژی و پاراستنی رەوای فەرز کرد. هەر لەو چوارچێوەیە دا لە ڕۆژی ٠٤/٠٤/٢٠٠٤ لە ئاکامی کۆنگرەیەک دا “پارتی ژیانی ئازادی کوردستان” پژاک دامەزرا و لەسەربنەمای ئەوهەدەفانە و ئەو کار و خەباتەی کە زیاتر لە دە ساڵ دەستی پێکردبوو هاتە مەیدانی تێکۆشان. جیاوازی پژاک ئەوەیە لە ئاکامی گۆڕانکاری لە حکومەتی ئیران دا دانەمەزراوە بەڵکوو لەحاڵەتێک دا دامەزراوە کە کۆماری ئیسلامی خۆی لەوپەڕی بەهێزی دا نیشان دەدا و ئیدیعای ئەوەی دەکرد کە پرسی کوردی کۆتایی هاتووە. هەروەها دامەزرادنی پژاک تەنیا دامەزرادنی پارتیەک نیە واتە مەبەستی ئەوە نیە. چەندە پارتی تریش هەبن پژاک پێویستیەکی میژوویی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و فکری بوو. پژاک رەخنە دانێک بوو لە بەرامبەر لاوازیەکانی هێڵی کلاسیک کە قاڕەمانیەتی و فیداکاری گەلەکەمانیان نەگەیاند بە شوێنی خۆی.

لەسەر ئەو ئەساسە دەتوانین بلیێن هێلی کلاسیک چەندە پارچەگەرایی پێش دەخات پژاک هەوڵ ئەدات پەیوەندی نەتەوەیی رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ پارچەکانی تر بەرز بکاتەوە. هێلی کلاسیک چەندە هەرێم گەرایەتی پێش بخات پژاک هەوڵ دەدات پڵان و بەرنامە دابرێژێت بۆ هەموو ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و خاوەنداریەتی بکات لەهەموو هەرێم و زاراوە و کولتوری هەرێمی و باوەڕیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و لەسەر پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک کار بکات. چەندە هیڵی کلاسیک پێوانەکانی پیاوسالاری لەناوخویدا و کۆمەڵگا دا پێش بخات پژاک ئەوەندە هەول دەدات بۆ بەرزکردنەوەی ئیرادەی ژن لەناو مەیدانی شۆڕشی کۆمەڵگا دا. چەندە هێڵی کلاسیک بە بیرۆکەی پیرسالاری پتانسیلی جوانان ڕێگڕ بکات پژاک هەوڵ دەدات جوانی کورد بە ئیرادە و ڕێکخستن بکات. هەروەها پژاک جوابێک بوو بۆخەیاڵ پڵاوی داگیرکاری کۆماری ئیسلامی کە باوەڕی نەدەکرد جارێکی تر ڕووبەرووی مەسەلەی کورد بێتەوە. باوەڕی نەدەکرد جارێکی تر بکەوێتە بەر زەربەی پارتیزانانی کورد، باوەڕی نەدەکرد جارێکی تر هیوای گەل بە شۆڕش و سەرکەوتن چڕۆ بکات. بەڵام لە ماوەیەکی کورت دا بەرخۆدانی پژاک شاخ و شار و دێهات و زیندانی گرتەوە.

کۆماری ئیسلامی لە ئاکامی کار و خەباتی پژاک دا جارێکی تر ڕووبەڕووی داخوازیەکانی کورد بووە و بە گرتن و لەسێدارەدانی ئەندامانی پژاک کین و بێچارەیی خۆی ئاشکرا کرد. بەڵام پژاک بە بەرزکردنەوەی بەرخۆدان و تێکۆشان سووربوون لەسەر بەردەوامی خەبات دژی داگیرکەران دەکرد. لە کەسایەتی فەرزادەکان و هێمنەکان و باهۆزەکان و شیرینەکان، سیاسەتی زیندانی مایەپوچ کرد. لە کەسایەتی عاکیف و زیلان و سمکۆ دا سیاسەتی بێ ئیرادە کردن و چاوترساندنی گەلی کوردی پوچ کرد.

ئیمڕۆ گەریلای کوردستان لە ماکۆوە تا ئیلام، قەندیل تا شاهۆ، ئاگری تا داڵاهۆ سەنگەری بەرخۆدانی بەستووە و هەروەها لەناو ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دەرەوەی وڵات تێکۆشانی ڕۆژ بە رۆژ بەهێز تر دەبێت. هەروەها لە ئاکامی کار و خەباتی ١٠ساڵی پژاک دا نەتەنیا خەیاڵی خاوی کۆماری ئیسلامی کە سەرخۆش ببو کە ئیتر لە رۆژهەڵاتی کوردستان دا رووبەرووی پرسی کورد نابێتەوە ئەم خەیاڵی بەتاڵ دەرچوو و هیوای سەرکەوتن گەڕایەوە ناو گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

ئیمرۆ ئیتر گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان خاوەنی سیستەمە و “کۆمەڵگای دیموکرات و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان” کۆدار کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٤ خۆی ڕاگەیاند. کۆدار بەرهەمی دەساڵەی خەباتی پارتی ژیانی ئازادی کوردستانە هەڵبەت ئەوە بە واتەی کەم کردنەوەی ئەرکی گرینگی پژاک نیە بەڵکوو پژاک لەمەولا وەکوو پارتیەکی سیاسی و ئیدئولۆژیک ئەرکی پێشەنگایەتی و پێشخستنی کۆداری دەکەوێتە سەرشان. پژاک هەر لە سەرەتاوە ئامانجی پێشخستنی سیستەمی کونفدرالیزمی بووە کۆداریش سیستەمی کۆنفدرالیزمی دیموکراتیکی گەلی کوردە لەرۆژهەڵاتی کوردستان. کە وایە لە ١٠ساڵی دەستپێکی تێکۆشانی دا بە شێوەیەکی گەورە لە ئامانجەکانی تێگەیشتووە و ڕاگەیاندنی کۆداریش بەڵگەی ئەو ڕاستیەن. کە واتە بە دامەزراندنی سیستەمی کۆدار نەتەنیا ئەرک و گرینگی پژاک کەم نەبۆتەوە بەڵکوو زیاتر بووە ئەبێت لەمەودوا پژاک بە خەباتی سیاسی، دیپلۆماسی، پەروەردەیی خۆی پرسی کورد بەروە چارەسەری ببات. دۆست ۆ هاوپەیمانی بۆ کورد درووست بکات و ئاستی ئەخلاقی، سیاسی و رۆشەن بیری کۆمەڵگای کورد بەرز بکاتەوە و کادر و کارکتری ئەخلاقی سیاسی و دیموکراتیک بۆ پێشخستنی سیستەمی کۆدار درووست بکات.

لە کۆتایی دا دەتوانین بلێین پژاک تێکەلاویەکە لە ئاستی قاڕەمانیەتی و وڵاتپارێزی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ فکر و ڕامانی ڕێبەر ئاپۆ کە وەکوو هیوایەکی نوێ وخۆرەتاوێکی گەرمابەخشی سەرچیا سەرکەشەکانی زاگرۆسە. بەردەوام نووری گەرمایی خۆی بخاتە سەر دەشتە سەرسەوزەکانی زاگرۆسەوە.

 

ئەهوەن چیاکۆ