سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئێران هەردەم لە ڕاستای بێ ئیرادە کردن و تێکشکاندنی ورەی گەل بووە و دەستی هێزە سەرکوتکەرەکانی ئاوالا کردووە بۆ ئەنجامدانی هەر چەشنە هێرشێکی دڕندانە بۆ سەر گەل و لەم ڕاستایەدا هەمو سنورەکانی ئەخلاقی و ئینسانی و حقوقی بەزێندراوە.

دەستگا ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕوداوی دەستدرێژی لە سەر فەریناز خوسرەوانی تاوانباری سەرەکین و بە سیاسەتی قڕ کردن، بێ ئیرادە کردن و داپلۆساندنی کۆمەڵگا دەیانەوێت فەساد و بێ‌ئەخلاقی و هەمو پێوانەکانی نائینسانی ڕەوایی پێبدەن.

لە کەسایەتی فەریناز دا هێرش و دەستدرێژی کراوەتە سەر کەرامەت و هەمو نرخەکانی ئینسانی گەلەکەمان. هۆشیاری گەلەکەمان بۆ خاوەنداریەتی لە فەریناز و دژکردەوەی گەل لە هەمبەر ئەم ڕوداوە قێزەونە بەرز و پیرۆز دەنرخێنین و ئەم خۆپێشاندانە نیشانەی زیندویی و بە ئیرادە بوون و هەڵویست وەرگرتنی گەلەکەمانە لە بەرامبەر سیستەمی فەساد و بی ئەخلاقی دەستەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران.

ڕژیمی ئێران بە پەرەپێدانی لە ناو بردنی کۆمەڵگا بە رێگای فەساد، سیاسەتی توواندنەوە، و لە ناو بردنی پێوانەکانی کۆمەڵگا، بەردەوام گەلەکەمانی کردۆتە ئامانج. گەلی کورد بە ڕوحێکی شۆرشگێرانە لە هەر کات و سات دا خاوەن هەڵویست بووە و دژکردەوەی ئەنجام داوە. لە ڕوداوەکانی شوانە سەید قادری و لە سێدارەدانی هەڤاڵانی ئێمە لە ١٩ گوڵان، ناڕەزایەتیە سەراسەری و پشتیوانی هەموو شارەکانی کوردستان و هاودەنگیان، نیشانەی ئیرادەیەکی شۆڕشگێڕانەیە کە حاکمانی کۆماری ئیسلامی ئێران هەتاکو ئەمڕۆکە نەیان توانیوە لە گەلی ئێمەی بستێنن. هاوکات بوونی ڕوداوی دەستدرێژی سەر فەریناز لە گە ڕوداوی ١٩ی گوڵان بە ڕێکەوت نیە و بە شێوازێک بە سیستەم کار کردنی حکومەت بۆ ترۆریزە کردنی کۆمەڵگای کوردستان دەسەلمێنێت.

دژکردەوە و ڕێئاکسێۆنی شۆڕشگێڕانەی خەلکی مهاباد لەم ڕوداوە هەڵویستێکی پیرۆزە و پێویستە هەمو شۆڕشگێڕ و ئازادیخواز و ئینسانێکی بە شەرەف لە هەموو شارەکان و بەشەکانی تری کوردستان و بە تایبەت کوردانی نیشتەجێی دەرەوەی وڵات، پشتیوانی خۆیان بە کردەوە لە خۆپێشاندانی خەلکی مهاباد نیشان بدەن و هەموو کوردستان خاوەنداریەتی لە سەرهەڵدانی خەلکی مهاباد بکەن و ئیزن بە دەستگاکانی فەساد و دەستەڵات نەدەن چیتر لە کوردستان بەردەوامی بە سیاسەتە دژە مرۆڤانە و وحشیانەی خۆیان بدەن. بەردەوامی و پەرەسەندنی ناڕەزایەتیەکان نیشانەی زیندوویی و ئازادیخوازی گەلەکەمانە.

ئێمە وەک کۆمەڵگای دێمۆکڕاتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار) پشتیوانی خۆمان لە هەڵویستی بوێری خەلکی مهاباد دەردەبڕین و داوا لە هەموو شارەکان و هەموو خەلکی ئازادیخواز دەکەین لە بەرامبەر ئەم ڕوداوە دا هەڵویست بگرن. هاوکات ئێران وشیار دەکەینەوە کە لە بەرامبەر کردەوەی ناشایست لە بەرامبەر گەلەکەمان بێ وڵام نامێنینەوە. هەروەها ڕایدەگەیەنین کە سیاسەتی توندوتیژی بەرامبەر بە گەلەکەمان کایەکردنە با ئاگر.

لە کۆتایی دا سەرەخۆشی خۆمان بۆ بنەماڵەی فەریناز و هەموو خەلکی مهاباد ڕادەگەیەنین و با گەلەکەمان بزانێت خوێنی فەرینازەکان بە فیڕۆدا ناچێت.

کۆمەڵگای دێمۆکڕاتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ─ KODAR
08.05.2015