بەر لە هەر شتێک بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە لە سەرهەڵدانی دیمۆکراتیکی گەلەکەمان لە مەهاباد و بە گشتی رۆژهەڵاتی کوردستان بەشدار بوون یان پشتیوانیان لەم سەرهەڵدانانە کردووە سلاو دەنێرین.

لە کەس شاراوە نیە کە کردەوە جەنایەتکارەکانی رژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە مەهاباد و هەوڵدانە قێزەونەکانی ناوەندی شەڕی تایبەتی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆ ئاسایی نیشاندانی ئەم کردەوەیە، بەڵام ئەمە بە هیچ شێوەیەک کارەساتێکی سادە و لەبیرکراو نییە. هەروەها ئەم جەنایەتە بەشێکی دیکەی لە زەنجیرە کردەوەکانی ناوەندی شەڕی تایبەتی ئیتڵاعات و سپای پاسداران ئاشکرا کرد. ئەمەش سوور بوونی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەر سیاسەتی دژەکوردی جارێکی دیکە لە بەرامبەر کۆمەڵگای مرۆڤایەتی نیشان دا. ئەم سیاسەتە جەنایەتکارانە کە لە روانگەی فاشیستی کۆماری ئیسلامی ئێران کە لە بەرامبەر گەلانی ئێران سەرچاوە دەگرێت، بە سالانە کە بە شێوەیەکی سیستەماتیک گەلی کورد و گەلانی ئازادیخوازی ئێرانی کردووەتە ئامانج. دەوڵەتی ئێران بۆ هەڵاتن لەو گۆڕانکاریە بنگەیانەی کە جوگرافیای رۆژهەڵاتی ناوەراستی هەژاندووە، هەم لە سیاسەتی دەرەکی و هەر وەها سیاسەتی ناوخۆیی خۆیدا کەوتووەتە پەلقاژە. سازشکاری رۆحانی لە سیاسەتی دەرەکی ئەگەرچی بوویە مایەی دڵخۆشی دەولەتی ئۆباما و بەشێک لە باسکەکانی دەستهەڵات،.بەڵام ئەمە تەنیا بووە هۆی زۆر بوونی سیاسەتی هێژمۆنخوازانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەموو ناوچەکەدا. سیاسەتی ناوخۆیی دەوڵەتی بەناوی ئیعتدال و تەدبیر بۆ نەتەوەکانی ئێران زۆرتر لە فراوان بوونی ئیعدامەکان، ئەسید پاشی، دەسترێژی، بێ حورمەت کردن و هێرش کردنە سەر نرخە کلتووریەکانی کورد، عەرەب، بەلوچەکان و گەلانی دیکە هیچ دەستکەوتێکی دیکەی لەگەڵ خۆیدا نەهێناوە.

ئەو جەنایەتەی کە لە دژی فەریناز خوسرەوانی و ئەو سەرکوتە وەحشیانەی سەرهەڵدانەکانی مەهاباد و شارەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان، یەکەم تاقیکردنەوەیەکی جدیە کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە دوای رێکەوتنی هەستەیی ئەنجامی دا، تا بزانێت کە تا چ ئاستێک دەستی رژیمی ئاوەڵا کردووە بۆ قۆناخێکی نوێ لە سەرکوت و قەتڵوعام. پیلانگێڕی ئیدارەی ئیتڵاعات و بەکرێگیراوە راگەیاندنی-مەدەنیەکانیان بۆ پێچەوانە نیشاندانی هۆکاری ئەم سەرهەڵدانانە، شەپۆلی گرتن و دەستبەسەر کردنی بەرفراوان لە هەموو شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان،هەروەها هێرشی بەردەوام لە سەر گەلی عەرەب، بەلوچ و هەڵسوکەوتی پۆلیسی لە دژی مامۆستایان و کرێکارانی نارازی کە ماوەیەکی زۆرە بە مانگرتنەکانیان قەیرانی ناوخۆیی رژیمی بە دەستهەڵاتداران سەلماند، نیشاندەری دوژمنایەتی راستەوخۆی رژیمە بەرامبەر گەلانی ناو ئێرانە. دیارە کۆماری ئیسلامی ئێران لە گەرماوگەرمی دیزاینی نوێی رۆژهەڵاتی ناوەراست و شۆرشی گەلان لە جیاتی ئەوەی کە سیاسەتی دیمۆکراتیک و چارەسەری بۆ کێشە ناوخۆیەکانی بگرێتەبەر، هەموو هەوڵی خۆی بە ڕێکارە شەڕخوازانە و ملیتاریزەکردن خستوەتە گەڕ. هەنووکەش هەموو دامودەزگاکانی دەوڵەتی روحانی وەک ناوەندێکی ئاسایشی لێهاتووە تا پێش لە گۆڕانکاری دیمۆکراتیک لە ئێران بگرێت. دەوڵەت تەنانەت کارکردی ئاسایی خۆی لەدەست داوە و بووە بە ماشێنی جێبەجێ کردنی حوکمی ئیعدام و سەرکوتی بەردەوام کە لەلایەن سپا و ناوەندی ئیتعلاعات بۆی دەستنیشان کراوە. هێژمۆنخوازی سیستەمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە قسە و کردەوەکانی کابینەی دەوڵەتی روحانی خۆ دەنوێنێت. هێژمۆنخوازی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئێراق، سوریە، یەمەن، بەحرێن و لوبنان و سیاسەتی سەرکوتی وەحشیانەی گەلانی ئێران لە ناوخۆ، نیشاندەری ئەوەیە کە دەوڵەتی ئێران سەرەکیترین مەترسیە بۆ هەموو گەلانی ئێران و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. کۆماری ئیسلامی ئێران ئێستا لە رێزبەندی یەکەمی بەرەی دژە دیمۆکراسی، دژە ئازادی، دژە ژن و دژە ناسنامەیی جێی گرتووە.

لە بەرامبەر سیاسەتی سەرکووتی وەحشیانەی رژیم دژی گەلانی ناو ئێران، خۆڕاگری هاوکاتی ئەم گەلانە نیشاندەری ئەمەیە کە بەرخۆدان و تێکۆشانی دیمۆکراتیکی لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامی ئێران لە حالەتی پارچەکراو دەرچووە و لە ئاستێکی بەرفراواندا دەتوانرێت هەموو ئێران بگرێتەوە. هاوکات بوونی نارەزایەتیەکانی کوردستان، بەلوچستان، ئەحواز لەم قۆناخەدا و هاوجەهەتی نارەزایەتیەکان لە گەڵ چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا لە مامۆستاوە بگەرە تا کرێکاران، رەنگدانەوەی گشتگیر بوونی یەکپارچەیی تێکۆشانی دیمۆکراتیکە لە سەرتاسەری ئێراندا. لەم روانگەوە پەشۆکاوی رژیمی ئێران، بەتایبەت دەزگا ئەمنی و ئیتلاعاتیەکان بەڕوونی دەبینرێت.

وەکوو کۆدار رایدەگەیەنین کە دەوڵەتی روحانی دەبێت تێبگات کە قۆناخی نوێی سەرهەڵدان و تێکۆشانی هاوکاتی نەتەوەکانی ئێران هەڵگری پەیام و وشیارکردنەوەی راستەوخۆی کۆمەڵگایە بۆ رژیم. لەم وشیارکردنەوەدا بە شێوەیەکی روون و ئاشکرا ویست و داخوازیە رەواکانی گەل باسی لێوەکراوە. ئەگەر دەوڵەتی ئێران ئەم پەیام و داخوازیە دیمۆکراتیانە وەکوو پێشتر رەچاو نەکات، ئێران دەبێتە ناوەندی نائارامی. گۆڕانکاریەکانی چەند سالی رابردوو نیشانی داوە کە ئەو قەیرانانەی کە دەوڵەت- نەتەوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و بە تایبەت ئێران تووشی بوون، بەو جۆرە نییە کە بە رێکاری بەرێوەبەری قەیراناوی و شێوازی رابردوو بتوانێت تێپەری بکات. هەڵوێستی بە شکۆی گەلی کورد لە بەرامبەر ئەم پیلانە لە پێشدا دارێژراوی چەتەکانی دامودەزگای ئیتڵاعات، کە لە کەسایەتی فەریناز هەموو گەلی کردە ئامانج، هەڵوێستێکی سیاسیەوە و رەدکردنەوەی کۆماری ئیسلامیە. هەروەها نیشانیدا کە گەلی کورد تا گەیشتن بە پێگەیەکی سیاسەتی دیمۆکراتیک کە بە پشت بەستن بەو پێگەیە بتوانێت نرخ و ئیرادەی لە بەرامبەر هەر چەشنە هێرش و دەسترێژیەک بپارێزێت، تێکۆشانی خۆی بێ وچان درێژەی پێ دەدات.

وەکوو کۆدار هەر لە سەرەتایی دامزراندمانەوە، رێگەچارەی دیمۆکراتیکی دۆزی گەلی کورد و هەموو گەڵانی ئێرانمان خستەبەر باس. راستیەکە ئەمەیە کە لەم قۆناخەدا گۆڕانکاریەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دۆزی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران رەنگدانەوەیەکی وەهای لە فەزای سیاسی- کۆمەڵایەتی، کلتووری و ئابووری ئێراندا دروست کردووە کە هەوڵدانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ نەدیتن و هەڵاتن لەم گۆڕانکاریانە تەنیا خۆفریودانە. جارێکی دیکە رایدەگەیەنین کە تەنیا رێگە چارە بۆ قەیرانی قوولی سیاسی وڵاتی فرە نەتەوەی ئێران رێکاری نەتەوەی دیمۆکراتیکە. لەم رێکارەدا هەموو جیاوازیە ناسنامەییەکانی کۆمەڵگا لە هەر نەتەوە و کلتوورێک بێت بە روانگەیەکی کراوە چاوی لێدەکرێت و پەسند دەکرێت. هەروەها لە چوارچێوەی مۆدێلێکی دیمۆکراتیکی خۆجەیی و گشتگیر هیز و توانای خۆ بەڕێوەبەرایەتیان هەیە. دەوڵەتی ئێران تا ئێستاکە بە هەڵسوکەوتی هێرشکارانە و بە دوور لە هەموو پرنسیبە ئەخلاقیەکان، لە بەرانبەر گەلانی ئێران و پێکهاتنی رێکارە دیمۆکراتیکەکان راوەستاوە. لەم ڕووەوە ئاشکرایە کە سیاسەتی سەرکوت، دەسترێژی، ئینکار و هێرشکارانەی لە شێوەی داعش ئیتر کاتی بەسەرچووەو دارێژەرانی ئەم سیاسەتانە لە بەرامبەر تێکۆشانی دیمۆکراتیکی گەلان و پارستنی رەوا کە یەکێک لە بنەما حاشاهەڵنەگرەکانی هەر دیمۆکراسیەکە خۆڕاناگرن. ئێمە وەکوو کۆدار بە هەستیاری تەواوە سیاسەت و کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی تەعقیب دەکەین و لە ئەگەری پێداگری دەوڵەتی ئێران بۆ سەرکوتکاری و پێداگری لەسەر چارەسەر نەکردنی دۆزی کورد لە تێکۆشانی خۆمان تا دامەزراندنی یەک لایەنانەی سیستەمی خۆبەرێەربەری دیمۆکراتیک لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام دەکەین.

لە کۆتایدا هەڵوێستی گەلانی کورد و عەرەب و بەلوچ و گەلانی دیکەی ئێران کە لەم قۆناخە مێژوویدا دەنگی دیمۆکراسیخوازی و ناسنامەخوازی خۆیان لە سەرتاسەری ئێران بەرز کردوتەوە و بە خوێنی خۆیان بۆ ئازادی و کەرامەتیان بەدیلیان داوە،پیرۆز دەکەین. وەکوو کۆدار بە پشتبەستن بە میراتی هەموو شەهیدانی رێگای ئازادی گەلانی ئێران تێکۆشانی خۆمان بەردەوام دەکەین.

 

شورای رێوەبەری کۆمەڵگای دیمۆکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان ─ KODAR
14.05.2015