ئێمە وەک کۆمەلگای دیمۆکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار) تەقینەوەی دوژمنکارانەی ئەو بۆمبە کە لە نێو کۆبوونەوەی فێدراسیۆنی ئەنجومەنەکانی جەوانانی سۆسیالیست کە کەوتبوونە ژێر کاریگەری لە تێکۆشانی ئازادیخوازانەی شۆڕشی ڕۆژاوا. بە مەبەستی بەشداری کردن لە پرۆژەی سەر لەنوێ ئاوەدان کردنەوەی کۆبانی لە شاری پرسوس لە دەوری یەک کۆببوونەوە. بوو بو هۆی شەهید بوونی زیاتر لە ٥٠ کەس و بریندار بوونی زیاتر لە ١٠٠ کەس لە جەوانانی ئازادیخوازی تورکیە، بە توندی شەرمەزار دەکەین و سەرەخۆشی خۆمان بۆ هەموو گەلانی ئازادیخواز و بە تایبەت هێزە دیمۆکراتیکەکانی تورکیە ڕادەگەیێنین و هیوای ساڕێژ بوونەوەی هەرچی زووتر بۆ برینی بریندارەکان دەکەین. هەڵکەوتنی ئەو تەقینەوە هۆڤانەیە لەگەڵ سێهەمین ساڵوەگەڕی شۆڕشی ڕۆژاوا و پێشڕەوی یەکینەکانی پاراستنی گەل و سەرکەوتنەکانیان، هەروەها لە لایێکیتر زیاد کردنی گۆشەگیری بۆ سەر ڕێبەر ئاپۆ لە لایەن حکوومەتی ئەردۆغان پیشاندەری پلانێکی لە پێشدا داڕێژراو لە لایەن حکوومەتی ئەردۆغان و داعشەو بۆ ئەو کردەوە هۆڤانەیە بوو.

تێکۆشانی ئازادیخوازانەی بزاڤی ئاپۆیی لە بەرانبەر هێزەکانی دیکتاتۆر و خوێنمژی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرکەوتنەکانی بەرچاوی ئەو بزاڤە کە ڕۆڵی پێشەنگایەتی هێزەکانی دیمۆکراتیک و ئازادیخوازی ناوچەکە و جیهان دەگێڕێت. هێزە فاشیست و دەوڵەت- نەتەوەگەراکانی بە جۆرێک تووشی ترس و دڵەڕاوکێ کردووە کە بۆ دەرباز بوون لەو قەیران و کائۆسە دەست دەدەن بە ئەنجام دانی هەر چەشنە کردەوەیێکی هۆڤانە و لە هیچ جۆرە خوێن ڕشتن و کۆمکوژیێک سڵ ناکەن. سیاسەتە فاشیستی و هێژمۆنگەراکەی ئەردۆغان و ئاکەپە کە فەشەل بوونی سیاسی ئەوانی بەدوای خۆیدا هێناوە بۆتە هۆی ئەوە کە داعش-تەنیا هاوپەیمانی ستراتێژیکی ئەو سیستەمە هێژمۆنگەرایە- لە لایێکیترەوە سەرکەوتنەکانی بەرچاوی بزاڤی ئازادیخوازی لە بەرامبەر داعش و پێشڕەوییان بەرەو ناوەندی ئەساسی داعش-شاری ڕەقا-، بێگومان ئەردۆغانی تووشی ترسی جیددی کردووە ،ئاکەپە و سیستەمی سیخوڕی و ئەمنیەتی ئەو، بۆ پاراستنی داعش وەک تەنیا هاوپەیمانی ستراتێژیک لە هیچ کردەوەیەکی دێوەزمانە خۆیان ناپارێزن.

کۆدار بانگەوازی دەنێرێت بۆ هەموو هێزەکانی دیمۆکراتیک و ئازادیخوازی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەتا بە مەبەستی پاراستنی دەسکەوتەکانی شۆڕشی ڕۆژاوا بە هەڵوێستی شۆڕشگێڕانە ئەو کردەوە دژە ئینسانیە شەرمەزار بکەن. بە تایبەت داوا لە جەوانانی شۆرشگێر و وڵاتپارێزی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات بۆ بەدیهێنانی ئازادی و دیمۆکراسی، بەشداری ڕیزەکانی ئازادیخوازی گەریلا بن.

بێگومان شۆڕشگێڕترین سەنگەر لە بەرانبەر هێزە داگیرکەرەکانی کوردستان و دوژمنانی ئازادی، پەیوەست بوون و بەشداری کردن لە شۆڕشی گەلی کوردستانە. جارێکیتر کۆدار سەرەخۆشی و هاودەردی خۆی ڕادەگەیێنێت و درێژەپێدانی ڕێگەی ئازادیخوازی گیانبەختکردوانی ئەو کردەوە تێرۆریستیە بە ئەرکی شۆڕشگێڕانەی خۆی دەزانێت.

 

شۆرای مودیریەتی کۆمەڵگای دیمۆکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان – کۆدار
20.07.2015