گەلی کورد بە خۆڕاگرییەکی بێ‌وێنە بەرامبەر بە گروپی تیرۆریستی داعش و پشتیوانەکانیان، بوو بە پێشەنگی دیمۆکراتیزەکردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە کاریگەرترین هێزی تێکۆشان دژی تیرۆریسم لە هەرێمەکە و جیهاندا. ستاتۆی ئێستای گەلی کورد بە شەهید بوونی هەزاران تێکۆشەر بەدەست هاتووە و بەرخۆدانی بێ وچان گەلەکەمان ، ئێمەی لە هەر کات زیاتر لە ئازادی نزیک کردوەتەوە. بەم هۆیەوە ناوەندەکانی سەرکووتی کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتایی هاتنە سەرکاری ئەم رژیمە تا ئێستاکە هەوڵیانداوە لەرێگای زیندان، ئەشکەنجە، لە سێدارەدان و سەرکووت، گەلەکەمان بترسێنن و زەخت و گووشارەکانیان زۆرتر بکەن. ئەم ئەزمونە شکستخواردووەی رژیمی ئێران لە چوارچێوەی ئینکاری مافی رەوای گەلەکەمان و گەلانی دیکەی ئێران بەردەوامە. ئەمە لە کاتێکدایە ئەو شتانەی کە لە لایەن بەرپرسانی دەوڵەتی و حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بانگەشەیان دەکرد بۆ باشتر کردنی بارودۆخی گەلانی ئێران، بە روونی جیاوازی لە نێوان ووتار و کرداریاندا دەبینین. سووربوونی کۆماری ئیسلامی لە سەر سیاسەتەکانی دژە کورد و چارەسەر نەکردنی کێشەی گەلانی ئێران، ئیتر لەلایەن گەلەکەمان و گەلانی دیکەی ئێران قبووڵ ناکردرێت و نارەزایەتی گشتی لێکەوتوەتەوە و لێیدەکەوێتەوە.

کۆماری ئیسلامی لەجیاتی پێکهێنانی سیاسەتێکی دیمۆکراتیک، سیاسەتە قەیراناویەکانی خۆی بەرامبەر بە گەلان، بەتایبەتی لە دوای رێکەوتنی ناوەکی بەردەوام دەکات و سەرکووتی هێزە دیمۆکراتیکەکانی ناوخۆیی زۆرتر و بەرفراوانتر کردوەتەوە. کۆماری ئیسلامی ئێران دەیهەوێت کە رێکەوتننامە ناوەکیەکە وەک ئامێرێک بۆ لەناو بردنی دۆزی گەلانی ئێران بە کار بهێنێت، بەڵام لە کردەوەدا دەبینین کە گەلەکەمان لە بەرامبەر ئەم سیاسەتانە راوەستاوە و رۆژ لە دوای رۆژ تێکۆشانی خۆی بەهێزتر و بەربڵاوتر دەکات. دەستکەوتەکانی گەلی کورد لە ئەنجامی تێکۆشانی ماندوو نەناسانەی هەموو ئەو تێکۆشەرانە دێت کە بێدەنگیان تێکشکاندووە و کلتووری بەرخۆدانیان بەرەوپێشەوە بردووە. بەوشێوەیەی کە ئەمڕۆ دەیبینین زیندانەکان بووە بە سەنگەری بەرخۆدانی گەلی کورد لە دژی سیاسەتی ئینکار و پاکتاوکاری کۆماری ئیسلامی ئێران و هەروەها ئەم سەنگەرانەش رۆڵی کاریگەری لە سەرکەوتنەکانی گەلی کورددا بوو.

خۆڕاگری زیندانیانی سیاسی لە ساڵانی رابردوودا، مۆری خۆی لە بزووتنەوەی نوێی ئازادیخوازی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا داوە و رۆڵێکی مێژووی لە بەدەستهێنانی سەرکەوتنەکانی گەلی کورددا هەبووە. بەرخۆدانی زیندانیان سەلماندی کە درووشمە بێ‌واتا و فریوکاریەکانی، کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بۆ دوور خستنەوەی گەلی کورد لە خواستە دیمۆکراتەکانیان باسیان لێوە دەکرد، شکستی هێناوە و تەنانەت، زیندانیانی سیاسی کە لە خراپترین هەلومەرجدا ژیان بە سەر دەبەن، لە تێکۆشان راناوەستن. پەیرەو کردنی سیاسەتی وەحشیانەی لە سێدارەدان لە بەرامبەر بەرخۆدان و خۆڕاگری شەهید سیروان نژاوی کە سیاسەتی تەسلیمبوونی کۆماری ئیسلامی تێکشکاند، نیشانەی بێ‌هێزی و بێ‌چارەی رژیمی ئێرانە. بەرخۆدانی شەهید سیروان تا کۆتایی ساتەکانی ژیانی، جارێکی تر سەلماندی کە سێدارە و سەرکووت، هیچکات ناتوانێت ئازادیخوازان لە رێگای تێکۆشان دوور بکاتەوە. تەنانەت لەناو زیندانیشدا تەنیا رێگای راست، بەدەست هێنانی ئازادی و مافی گەلی کورد و گەلانی دیکەی ناو ئێرانە.

هەر وەک چۆن بە لە سێدارەدانی فەرزادەکان و شیرینەکان نەیانتوانی تێکۆشانی ئازادیخوازانەی گەلەکەمان راوەستێنن، بە لە سێدارەدانی شەهید” سیروان”یش بە سەدان جەوانی کورد رێگای تێکۆشان دەگرنەبەر و دێنە ناو گۆڕەپانی تێکۆشانەوە.

هاودەنگی و هاودڵی گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و هەموو هێزە ئازادیخوازەکانی ناو ئێران لە نارەزایەتی بەرامبەر ئەم کردەوە وەحشیانەدا، دەبێتە هۆی ئەوەی کە بەرزتر لە جاران دەنگی ئازادیخوازانەمان بگەیەنینە گوێی هەموو جیهان. لەم چوارچێوەدا لەگەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و تەواوی هێزە دیمۆکراتیکەکانی ئێران و ناوچەکانی دیکە داوا دەکەین بۆ کۆتایی هێنان بە سیاسەتی وەحشیانەی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە بەرزتر کردنی ئاستی تێکۆشانی خۆمان، لە خوێنی شەهیدانی رێگای ئازادی خاوەندارێتی بکەین.

ئێمە وەکوو کۆمەڵگای دیمۆکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان”کۆدار” وێرای پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهید سیروان نژاوی و گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، رایدەگەیەنین کە لە خوێنی پاکی شەهید سیروان خاوەنداریتی دەکەین و لە چوارچێوەی پاراستنی رەوا لە تێکۆشانی ئەم شەهیدە دیفاع دەکەین و وڵامێکی توند بەم جنایەتەی کۆماری ئیسلامی دەدەینەوە. هەروەها سڵاو بۆ رۆحی پاکی شەهیدان دەنێرین و ویستی ئازادیخوازانە و تێکۆشانی رەوایان بەرز رادەگرین و بە تێکۆشانی خۆمان ئامانجی بەرز و ئینسانیان بەدی‌دێنین.

هەروەها لەگەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان،بەتایبەتی جەوانان داوا دەکەین کە بۆ وڵامی سیاسەتە چەپەڵەکانی کۆماری ئیسلامی بەروەو خەتی هزری و تێکۆشانی شەهید سیروان بێن و ئەرکی ئەخلاقی و ئینسانی خۆیان بە باشترین شێوە پێک بێنن.

 

شۆرای بەرێوەبەرایەرتی کۆمەڵگای دیمۆکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان – KODAR
09.08.2015