– کاوە ئەوالان

 هاوکات لەگەڵ گۆڕانکاریەکانی سەدەی بیست و رەوتی بە جیهانی بوون لە ئەمڕۆدا بە هۆی پێشکەوتنی تێکنۆلۆژی و کەرەستەکانی پەیوەندی، ئیمکانی خوڵقاندنی کۆمەڵگایەکی بچووک‌کراوی جیهانی کە گرێدراوی ئینترنێتە بۆ کۆمەڵگای مرۆڤایەتی هاتۆتە ئاراوە.

پەرەسەندنی تێکنۆلۆژی نوێ لە پانتای ئەلکترۆنیکیدا، بۆتە هۆکاری ئافراندنی هەموو کەرەستە و بەرنامەیەکی ئەلکترۆنیکی و ئینترنێتی وەکوو، کامپیۆتێر، گوشی تەلەفۆن، تاپلێت، ئایپەد، ماهوارە و دەیان ئامێری پەیوەندی گرتن و ملیۆن کایەی کامپیۆتێری لە جیهاندا. بە هۆی ئەم پێشکەوتن و گۆڕانکاریانە، پێناسەی نوێ لە شێوازی پەیوەندی گرتن لە کۆمەڵگای ئینسانی رۆژانە زۆرتر خۆی زەق دەکاتەوە.

ئەم جیهانە نوێیە کە لە رێگای ئینترنێت و دروست کردنی سەدان ئامێری پەیوەندی گرتن لە ژێر ناوی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان خۆی دەنوێنێت و پێکهاتە سەرەکیەکەی ئەم جیهانە نوێیەیە لە زانیاری و پەڕگاڵی پەیوەندییەکانی ئەلکترۆنیکی هێزی خۆی وەردەگرێت، توانیوویە کە کاریگەری لە سەر پەیوەندی مرۆڤەکان لەگەڵ یەکتر و هاوتەریب کاریگەری لە سەر ئەخلاق و بە گشتی کرداری مرۆڤەکان دابنێت. کەرەستەکانی نوێی پەیوەندی گرتن و زانیاری، بۆتە هۆی خوڵقاندنی جیهانی مەجازی لە پەنای جیهانی حەقیقیدا و کاریگەری خۆی لە سەر هەموو بایەخ و بەهاکانی کۆمەڵایەتی داناوە.

هەر بۆیە لە چەند ساڵی رابردوودا باس کردن لە سەر جیهانی مەجازی و ئامێرەکانی پەیوەندی گرتن وەکوو کاریگەری ئەم جیهانە مەجازیە لە سەر کۆمەڵگا و فەرهەنگەکانیان و هاوتەریب لە سۆنگەی ئەمەوە کاریگەری دوو لایەنەی کۆمەڵگاکان لە سەر یەکتر، دەسەڵات لە سەر کۆمەڵگا و وەکوو تر…. بۆتە جێگای سەرنجی پسپۆڕانی کۆمەڵایەتی و لێکدانەوە و خەسار ناسی لە سەر ئەنجام دەدرێت.

هەڵبەت پێشکەوتنی تێکنۆلۆژی و کەرەستەکانی زانیاری و ئەلکترۆنیکی لە سەدەی بیست‌ویەکدا، بەرهەمی زانستی مرۆڤایەتیە و زانیاری لە سەر شێوازی ژیانی مرۆڤایەتی، بە واتای ووشە بە هەموو رەنگ و بۆنیەوە لە کەمترین کات و ساتدا لە رێگای جیهانی مەجازی و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاو دەبێتەوە. بۆیە نابێت بە هۆی دەستێوەردانی دەوڵەتانی سەرمایەداری و عەقڵیەتی مۆدڕنیتەی کاپیتالیستی بۆ بەرژەوەندی خۆیان، ئەم زانستە بەشێوازێکی نێگاتیڤ (نەرێنی) چاو لێبکەین. بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێ خەسار ناسی زەهنیەتی مۆدڕنیتەی کاپیتالیستی بکرێت، کە چۆن دەیهەوێت لەم رێگایەوە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بخاتە بن رەوت و کاریگەری خۆی و لە سەریان هێژمۆنی خۆی درووست بکات. بۆیە پێویستە کە سیاسەتی دەوڵەتانی سەرمایەداری رۆژئاوایی کە هەنووکە ئەم زانستەیان لە بن دەستی خۆیان راگرتووە، بۆمان روون بێتەوە، تا بتوانین ئاڵترناتیڤ بۆ رووبەڕوو بوونەوەی دیاری بکەین.

جیهانی مەجازی لە رووی زەهنییەوە وەکوو واقعیەتێکی یەک پارچە خۆی نیشان دەدات و یان، بەو شێوازە داڕێژراوە و خۆی دەنوێنێت کە لە تایبەتمەندیەکانی وەکوو بێشوێن بوون و شکاندنی سنوورەکانی زەمان، پێشەیبوونی رووت، لە مەعرفەت ناسینی گۆڕدراوی پەسامۆدێرن سەرچاوە دەگرێت. بۆیە هەموو کاتێک جیهانی مەجازی لە بەر دەستدا هەیە و ئازادی چەواشەکراو لە بورای زەهنیەتییەوە بە تایبەت سێکسوالیتە ریکلام دەکات. لە ئێستادا تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان رۆلی زۆر گرینگیان لە خوڵقاندنی ئەم فەزا مەجازیانە لە ئەستۆ گرتووە، کە لە بۆشایی ئەم واقعیەتە مەجازیانەیە خەساری رەوانی و سیاسی بەربڵاو بۆ کۆمەڵگایەک دێتە ئاراوە.

ئەگەر هەر تاکێک بیهەوێ لە سەر هەر رووداوێک، یان شتێکی خوازیاری هەستی خۆی زانیاری وەربگرێت، یاخوود لەگەڵ کەسێکی دیکە لە شوێنێکی دیکە لە پەیوەندیدا بێت، بە کەڵک وەرگرتن لە جیهانی مەجازی و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لە کەمترین کاتدا، لێکۆڵینەوە، یان زانیاری، یانیش پەیوەندی خۆی دروست دەکات. بابەتی پەیوەندی گرتن لە رێگای تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لە ئەمڕۆدا بۆتە بەشێک لە ژیانی زۆربەی خەڵکانی جیهان و هەم کاریگەری ئەرێنی، هەمیش نەرێنی لە سەر گشتی ژیان و بەتایبەت لە سەر ئەخلاق و کرداری مرۆڤەکان لە جیهاندا بە پێی فەرهەنگ و نەریتەکانی ئەو کۆمەڵگایە بە تایبەت لە سەر جەوانان دادەنێت.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەو کۆمپانیانەی کە ئامێرەکانی پەیوەندی گرتن لە ژێر ناوی تۆڕی کۆمەڵایەتی دروست دەکەن، راستەوخۆ گرێدراوی ناوەندەکانی سیخۆڕی دەوڵەتەکانی خۆیانن و لە لایەن ناوەندەکانی سیخۆڕیەوە چاودێری و چرکە بە چرکە کۆنترۆل دەکرێن. دەتوانین بڵێین جیهانی مەجازی و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بوونەتە بە یەکێک لە کارامەترین ئامێرەکانی سیخۆڕی کردن بۆ دەوڵەتەکان و لەم رێگایەوە دەوڵەتانی مۆدڕنیتەی سەرمایەداری لە دژی چاندنی گەلان و سیخۆڕی کردن لە سەر یەکتر بە کاری دەهێنن.

دەتوانین ئاماژە بە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بکەین، کە لە لایەن کەسێکی یەهوودی ئامریکایی بەناوی «مارک زاکربێرگ» لە ساڵی ٢٠٠٤ دروست کراوە و هەواداری سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئیسرائیلە و «شیمۆن پرێز» سەرۆک وەزیرانی دەوڵەتی ئیسرائیل لە دیدارێک لەگەڵ «مارک زاکربێرگ» هێنابوویە زمان، کە فەیسبووک یەکێک لەو باشترین کەرەستانەیە کە بۆ گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی بە شێوازی ئیسرائیل بەکاردێت. بە پێی لێکۆڵێنەوەکان فەیسبووک تایبەتمەندی سیخۆڕی هەیە و لەو پەیوەندیەدا «کریستۆف سارتنیسکی» جێگیری ناوەندی سیخۆڕی سیای ئامریکا لە سەر کارکەردی سیخۆڕی فەیسبووک گوتبووی، کە فەیسبووک خەیاڵێک بوو، کە بە حەقیقەت گەیشت.

«جولییەن ئاسانژ»یش بەڕێوەبەری ماڵپەڕی ویکیلیکس ئاماژەی کردبوو، کە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بۆ ناوەندی سیخۆڕی سیا و ئەرتەشی ئامریکا زانیاری لە هەموو جیهان کۆ دەکات و هەنووکە یەک میلیارد کەس لە هەموو جیهاندا کەڵک لە فەیسبووک وەردەگرن، کە ناڕاستەوخۆ زانیاری لە هەموو روویەکەوە دەدەنە ناوەندی سیخۆڕی سیای ئامریکا و بۆ بەدەستخستنی زانیاری یەکێک لە گرینگترین ناوەندەکانی ئەو رێکخراوە سیخۆڕیەیە.

جودا لە بابەتی سیخۆڕی کردنی وڵاتانی رۆژئاوایی لە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، زەهنیەتی پەڕگاڵی مۆدڕنیتەی کاپیتالیستی جیهانی مەجازی و ئامێرەکانی پەیوەندی گرتن، وەکوو یەکێک لە دەسکەوتەکانی هەرە بە نرخی سەرمایەداری بۆ مرۆڤایەتی پێناسە دەکەن. کە رۆژانە لە رێگای دەزگاکانی چاپەمەنی و راگەیاندن، کۆمپانیاکانی دروست کردنی گوشی پێشکەوتوو، تاپلێت، ئایپەد و دەیان کەرستەی دیکە، دەیانهەوێت کە مرۆڤەکان لەگەڵ جیهانی مەجازیەوە گرێبدەنە یەکەوە و لەو رێگایەوە بە دوور کردنەوەی مرۆڤ لە جیهانی سروشتی و حەقیقی، ریکلامی چەواشەکاری بۆ بەدەستخستنی سوود و سەرمایەی زۆرتر لە رێگای فرۆشتنی کەرستەی پەیوەندیەکان و ئامێرەکانی کۆمەڵایەتی بۆ خۆیان پێش بخەن.

لە رێگای تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان پەڕگاڵی مۆدرنیتەی کاپیتالیستی زەهنیەتی سێکسوالیتە بۆ کاریگەری دانان لە سەر زەهنیەتی جەوانان کە ئێستا زۆر کەڵک لەو تۆڕانە وەردەگرن، بەڕێوە دەبەن و دەیانهەوێت کە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە کەسایەتی جەوانان بەرامبەر هەر جۆره زەختێکی دەرەکی بێ کاریگەر بکەن و سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆنی نوێ لەم رێگایەوە بەڕێوە ببەن.

بۆیە پێویستە بە شێوازێکی وردتر لە سەر هەموو خەسارەکانی جیهانی مەجازی و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کە لە سەر پێوەرەکانی ژیانی مرۆڤایەتی وەکوو کەسایەتی، ئەخلاق، کردار و بە گشتی کاریگەری نەرێنی ئەم زانستە لە سەر کۆمەڵگا شرۆڤە و هەڵسەنگاندن لە سەر بکەین.

مەترسی جیهانی مەجازی لە سەر پێوەرەکانی ئەخلاقی بنەماڵە و کۆمەڵگا

سڵامەتی بنەماڵە لە زانستی کۆمەڵناسیندا جێگا و گرینگیەکی تایبەتی هەیە و یەکێک لە گەورەترین کێشە کۆمەلایەتێەکانی ئەوڕۆ، لاوازبوونی پێوەرەکانی ئەخلاقی بنەماڵەیە. ئەخلاقی راستین و پەروەردەی درووستی بنەماڵە کاریگەری لە سەر منداڵان و جەوانان دادەنێت و دەتوانێت کۆمەڵگا بەرەو پێشکەوتن هان بدات، بە پێچەوانەش دەتوانێ بنەماڵە و کۆمەڵگا تووشی قەیرانی ئەخلاقی بکات. بۆیە لە زانستی کۆمەڵناسی زەخت لە سەر هەلومەرجی دەرونی و رووحی منداڵان و جەوانان دەکرێت، کە ئەگەر بنەماڵە نەتوانێت ئارامشی رووحی و دەرونی لە رێگای سۆز، هەست و خۆشەویستی لە ناو پەیوەندیەکانی خۆیدا بۆ جەوانان بخوڵقێنێت، جەوانان پەنا بۆ سەر جیهانی مەجازی و ئامێرەکانی دەبەن و ئەو جیهانە مەجازیە لە درێژخایەندا پێوەر و ئەخلاقی درووست کراوی خۆی، یان هەمان زەهنییەت بە واتای ئەخلاق، کردار و وتاری مۆدڕنیتەی سەرمایەداری وڵاتانی رۆژئاوایی، لە مێشکی جەوانان دەخوڵقێنێ و دەبێتە هۆکاری رووبەڕوو بوونەوەی جەوانان لەگەڵ ئەخلاقی راستین و پەروەردەی درووستی بنەماڵە و ناکۆکی لە نێوان جەوانان و بنەماڵەکان سەر هەڵدەدات.

پێشکەوتنی رۆژانەی تێکنۆلۆژی، جیهانی مەجازی و سەدان ئامێری پەیوەندی گرتن، کاریگەری لە سەر تاک و بنەماڵە دادەنێت و لە نێو کۆمەڵگاش هەمان ئەو کێشە و گرفتانە بێ گۆمان رەنگدانەوەی دەبێت. کەڵک وەرگرتنی بێپێوان لە جیهانی مەجازی لە ریگای گوشی پێشکەوتوو، تاپلێت، ئایپەد و هەتد… و دەیان کێشەی کۆمەڵایەتی وەکوو، چوونە سەرەی تەمەنی ژیانی هاوبەش، لە یەک جیابوونەوە، بێ باوەڕی بە یەکتر، هەڵاتن لەماڵ، لەش فرۆشی، هەروەها کەم بوونەوەی ئاستی هەست و رووح لە پەیوەندی تاک لەگەڵ بنەماڵە، مرۆڤەکان لەگەڵ یەکتر و هاوتەریب بنەماڵە لەگەڵ کۆمەڵگا لێدەکەوێتەوە کە لە ئاکامدا ئەم خەسارانە یەخەی جەوانان و بنەماڵەکان دەگرێت و کۆمەڵگاش تووشی نەخۆشی شێرپەنجەی پەڕگاڵی مۆدێڕنیتەی کاپیتالیستی دەکات.

بۆیە بەکارهێنەرانی جیهانی مەجازی و ئەو تاکانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کەڵک وەردەگرن، سەرەتا لە بواری زەهنییەوە تووشی نەخۆشی کەرەستە پەرەستی (شئ‌پرستی) دەبن و دەبێ کاتی زۆر بۆ کەڵک وەرگرتن لە جێهانی مەجازی و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان تەرخان بکەن. ئەمە دەبێتە هۆکاری ئەوەی کاتی پەیوەندی تاکەکانی بنەماڵە لەگەڵ یەکتردا کەم بێتەوە و هەروەها جیهانی مەجازی و ئامێرەکانی قەیرانی جۆراوجۆر لە نێو بنەماڵەدا درووست دەکەن. ئەو لاپەڕانەی کە لە لایەن ئەندامانی بنەماڵەوە بە کار دەهێنرێن، دەبنە هۆی ئەوەیکە بتوانن زانیاری یەکتر چاو لێبکەن و ئەمەش دەرەوەی ئەوەیکە جێگای مەترسیە، بۆ ناوەندەکانی لێکۆڵێنەوەی دەوڵەتی رێکارێکی سیخۆڕییە و کاردانەوەی ئەوەی لێدەکەوێت کە جەوانان لە پەیوەندی خۆیان لەگەڵ بنەماڵە تووشی خەمۆکی، تەنیایی و بێ تەفاوەتی دەبن و بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم دۆخە، جیهانی مەجازی بە باشترین شوێن بۆ پەیدا کردنی هاودەم و خەم‌خۆرێک دەزانن.

بەتایبەت لە بەستێنە سەرەکیەکانی هەلقووڵانی کێشەکانی جیهانی مەجازی، لە نێو بنەماڵەکان کە لە ژێر کاریگەری بەرهەمە رسانەییەکاندا خوڵقێندراون، بۆتە هۆکاری بەرز بوونەوەی ئاستی چاوەروانی مادی لە نێو ژیانی جەوانان و بنەماڵەکان و ژیان لە رەوت، یان ریتمی سروشتی خۆی هەڵدەگرێتەوە.

درووست بوونی ئاڵوگۆر لە رۆلە کۆمەڵایەتیەکاندا

یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندیەکانی نەرێنی جیهانی مەجازی و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ئەوەیە کە هیچ بەربەستێک بۆ بەکارهێنەری نیە، کە نەتوانێت لە ژێر ناوێکی دیکە هەبوون و رەوایەت بداتە خۆی و تەنانەت ئەم تایبەتمەندیە نەرێنیەی جیهانی مەجازی بۆتە هۆکاری ئەوەیکە کە مرۆڤەکان لە پەیوەندی خۆیان لەگەڵ یەکتر لە سەر تۆڕەکان، بە تایبەت چینی جەوان (کچ و کوڕ) بۆ ئەوەیکە هەر کامیان ئەویتر بۆ لای خۆی رابکێشێت، بە پرۆپاگەندەی چەواشەکاری لە سەر کەسایەتی حەقیقی خۆی لە سەر جیهانی مەجازی کەسایەتیەکی درووست کراو، یان ناحەقیقی، دوور لە حەقیقەتی کەسایەتی راستی خۆی ئەخوڵقێنێت. کاتێکیش لە جیهانی حەقیقی بە واتای لە ناو کۆمەڵگا دیدار لەگەڵ یەکتر ئەنجام دەدەن، بۆ هەر کام لەم دوو رەگەزەکە روون دەبێتەوە کە چۆن مامڵەیان لەگەڵ یەکتردا کردووە و لێرەدا بۆ هەر کام لەم دوو رەگەزە، زەهنییەتی سکسوالیتەی جنسیەتی بە واتای کەڵک وەرگرتن لە یەکتر لەو چوارچێوەیەدا زۆرتر خۆی دەنوێنێت، هەتا پەیوەندیەکی ئەخلاقی و ئینسانی بە واتای خۆشەویستیەکی راستەقینە لەگەڵ یەکتردا.

ئەم بابەتە لە زەمینێکی بەرفراواندا لە سەر جیهانی مەجازی و پاشانیش رەنگدانەوەی لە ناو کۆمەڵگا دەبێتە هۆکاری لە ناو چوونی متمانەکردنی جەوانان بە یەکتر و دواتر کاریگەری دانان لە سەر ئەخلاقی راستینی ئەو کۆمەڵگایە و لە ناو چوونی کرداری ئینسانی، مرۆڤەکانی کۆمەڵگا لەگەڵ یەکتر. بۆیە شاراوە بوونی شووناسی مرۆڤەکان و نادیاربوونیان لەسەر تۆرە کۆمەڵایەتیەکان دەبێتە هۆکاری درووست بوونی شووناسی تازە و تاکەکان رۆلی نوێ لە سەر فەزای مەجازی دەگێرن، کە لە هەبوون و حەقیقەتی جەوهەری خۆیان دورە و تەنانەت لە درێژخایەندا دەبێتە کەسایەتیەکی شاراوە لە مێشکی بەکارهێنەری ئەو تاکە کە خۆی لە ژێر ناوێکی دیکە شاردۆتەوە و ئەم کەسە شاراوە تووشی نەخۆشی دووکەسایەتی دەبێت.

خەساری گیرۆدەبوونی مرۆڤەکان بە جیهانی مەجازی و ئامێرەکانی

ئەو تاکەی کە رۆژێک ناتوانێت بێ ئینترنێت ژیان بکات و رۆژانە چەندین جار لە نێو فەزای جیهانی مەجازی هەڵدەسووڕێتەوە، تووشی گیرۆدەبوون بە جیهانی مەجازی و ئامێرەکانی دەبێتەوە. دەتوانین ئاماژە بە چەند خاڵی گیرۆدەبوون بە ئینتێرنێت و کاریگەریەکانی لە سەر کەسایەتی مرۆڤەکان بکەین. کە لە لایەن مۆدڕنیتەی سەرمایەداریەوە، بە زانابوون و ئامانجدار ئەم سیاسەتە بەڕێوە دەچێت.

خەمۆکی، ترس و دڵەڕاوکێ، گۆشەگیری، تێکدانی چالاکیەکانی رۆژانەی گرێدراوی ژیان، دست لێبەردانی کاروباری بژێوی ژیانی، دوور کەوتنەوە لە جەوهەری سروشتی و لەناوچوونی پەیوەندی درووستی کۆمەڵایەتی، بە تایبەت لاوازبوونی سۆز و خۆشەویستی لە ناوەندی بنەماڵە، خۆشاردنەوەی مرۆڤەکان لە ژێر ناوی جیاوازدا لە سەر جیهانی مەجازی کە ئەم رەوتە بۆ جەوانان دژایەتی و پارادۆکسێکە لەگەڵ حەقیقەت و تایبەتمەندیەکانی کەسایەتی جەوانان، کە ئەم سیاسەتانە لە لایەن هەمان زەهنیەتی مۆدڕنیتەی سەرمایەداری بە شێوازێکی سیستماتیک و ئامانجدار بەڕێوە دەچێت و دەبێتە هۆکاری ئەوەیکە جەوانان لە شوناسی جەوانی و ناسنامەی نەتەوەییان دوور بکەون و ئەو کاریگەری نێگاتیڤانەی کە لە سەر جیهانی مەجازی و ئامێرەکانی پەیوەندی گرتن گرتوویانە، لە دژی نرخ و بەهاکانی ئەخلاقی ئەو کۆمەڵگایە کە تەیدا ژیان دەکەن، بە شێوازی هەستپێنەکراو بەکاری بهێنن.

بۆیە هەر تۆڕێکی کۆمەڵایەتی  کە لە لایەن دەوڵەتانی رۆژئاوایی درووست کراوە، فەرهەنگی پەیوەندی گرتنی تایبەتی خۆی هەیە و بەو واتایە دێت کە ئەخلاق، کردار، شێوازی ژیان و ووتاری تایبەتی ئەو دەوڵەتە رۆژئاوایەیە، یان هەمان عەقڵیەتی مۆدڕنیتەی سەرمایەداری ریکلام دەکات. بەکارهێنەر بە ئەندامبوون لەو تۆڕە کۆمەڵایەتیانە تێکەڵاوی شێوازێک لە فەرهەنگی پەیوەندی گرتنی زەهنییەتی ئەو پەڕگاڵە سەرمایەداریە دەبێت و تا رادەیێک رەنگدانەوەی لە بواری چەمکی تایبەت، ئەخلاق، رەفتار، کردار، تیپی کەسایەتی و تەنانەت شێوازی قسەکردن لە خۆدەگرێت و بێ گۆمان هەر کام لەو تۆڕانە شووناسی تایبەتی خۆیان دەناسێنن.

گرینگترین خەسارەکانی گیرۆدەبوون بە جیهانی مەجازی

دەتوانین ئاماژە بە خەساری فکری و رامانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بکەین، کە کاتێک مرۆڤ کەڵک لە جیهانی مەجازی و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان وەردەگرێت بە تێپەڕبوونی کات، گیرۆدەبوونی رەوانی و فکری بە ئەو ئامێرانە کە مرۆڤ بۆ خۆی خوڵقاندویە، دێتە ئاراوە. کە خەساری وەکوو دابڕانی مرۆڤەکان لە پەیوەندیە سروشتیەکانیان لە کۆمەڵگا لەگەڵ یەکتر و هاوتەریب خەساری جەستەییش وەکوو تووڕە بوون، لە خۆڕازی بوون، قەڵەوبوون، دوورەپەرێزبوون، بێخەوی، ماندووبوون و چاوئێشە و دەیان نەخۆشیتری جەستەیشی لێدەکەوێتەوە. ئەمە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆکاری دابڕانی فکر و هەست لە مرۆڤدا و ئەو کەسانەی کە بێ سنوور کەڵک لە ئینتێرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان وەردەگرن، سەرەتا لە نێوان بنەماڵەکانیان هەموو ئەم خەسار و کێشانە رەنگدانەوەی دەبێت و پاشانیش بە هەمان رادە لە کۆمەڵگا پەرەدەستێنێت.

دروستبوونی تاک و گرووپی سیاسی لە سەر جیهانی مەجازی

یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندیەکانی جیهانی مەجازی و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، درووستبوونی تاک و گروپە سیاسیە چەواشەکراوەکانە، کە لەلایەن مۆدڕنیتەی کاپیتالیستیەوە لە سەر جیهانی مەجازی هەبوون، یان رەوایەتی بێسنووریان پێدەدرێت. بۆ نموونە لە ئێستادا بە هەزاران پەیج لە ژێر ناوی شرۆڤەی سیاسەت، ئازادی و تێکۆشان لە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان وەکوو فەیسبووک، وایبێر، تێلگرام و هەتد… درووست کراوە، کە رۆژانە بە هەزاران کەس بەشداری بڕێک قسە و باسی پەراوێزەیی دەبن. کە سەر و بنێکی دیاری نیە و لە ئاکامدا ماندوو بوونێکی ناحەقیقی بە واتای رەنجنەدان لە تێکۆشانی ئازادی بۆ ئەو کەسانە کە لە سەر تۆڕەکان باس لە سەر ئازادی، سیاسەت و تێکۆشان دەکەن، دەمێنێت و کات و ساتیش بە بەتاڵ تێدەپەڕێنن.

ئەگەر وردتر شرۆڤەی ئەم بابەتە بکەین لە راستیدا ئەو تاکانە، یان گرووپەکان کە لە سەر جیهانی مەجازی باس و شرۆڤە لە سەر سیاسەت، ئازادی و تێکۆشان دەکەن، هێز و توانای خۆیان لەو رێگایە بە فیڕۆ دەدەن. کە نە کاریگەری ئەرێنی لەسەر سیاسەت، ئازادی و تێکۆشانی راستین و نە کاریگەری نەرێنیشی لەسەر پەڕگاڵی سەرمایەداری و سیستەمە داگیرکارەکان هەیە. چونکە ئەم جیهانە مەجازیە و تۆڕەکانی لە لایەن هەمان عەقڵیەتەوە خوڵقێندەراون و شێوازی داڕشتن و ئەو تایبەتمەندیانەی جیهانی مەجازی کە مێشکی بەکارهێنەر بۆ رەوایەتدان بە خۆی لە سەر جیهانی مەجازی کەڵکی لێوەردەگرێت، لە بواری زەهنیەوە ناڕاستەوخۆ ئیجازە بە کارهێنەرەکە نادات کە لە دژی راوەستێنێت و تەنانەت بەکارهێنەرەکە لە دەرونی خۆیدا پێی خۆش نیە، کە ئەو تایبەتمەندیانە کە خۆشی کاتی لەسەر جیهانی مەجازی بۆ رەوانی درووست دەکات، رەد بکاتەوە. چون رەدکردنەوەی جیهانی مەجازی بە کەڵک وەرگرتن لە خودی ئامێرەکانی جیهانی مەجازی، رەدکردنەوەی کەسایەتی ناحەقیقیی خودی بەکارهێنەرەکەیە و لێرەدا بۆمان روون دەبێتەوە، کە زەهنییەتی پەڕگاڵی سەرمایەداری لە چوارچێوەی جیهانی مەجازی و ئامێرەکانی، کەرەستەیەک ناخوڵقێنێت کە تاک، یان گرووپەکانی سیاسی چەواشەکراو لە سەر جیهانی مەجازی بتوانن، لە دژی هەمان پەڕگاڵ بەکاری بهێنن.

هاوتەریب هەمان زەهنیەتی مۆدڕنیتەی کاپیتالیستی ئەو هەست و رووحە رادیکاڵەی جەوانان لە رێگای تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان رێفۆرمیزە و لە خزمەتی زەهنیەتی خۆی لە درێژخایەندا لیبرالیزەی دەکات و دەبێتە هۆکاری ئەوەیکە کەسایەتی دووڕووی سیاسی بخوڵقێنێت. ئەو تاکە کە بۆتە کەسایەتیەکی دووڕووی سیاسی لە مێشکی خۆیدا و لە ناو دۆستانی جیهانی مەجازی پێی تەڵقین دەکرێ و خۆیشی باوەڕی پێی دەکات، کە تێکۆشەرێکی رێگای ئازادیە. ئەو تاکە، یان هەمان کەسایەتیە دووڕووە سیاسیە لە مێشکی خۆیشی وەها بیر دەکاتەوە کە کۆمەڵگاش ئەو وەکوو شۆڕشگێڕێکی رێگای ئازادی دەبینێت، بەڵام لە راستیدا ئەمە زۆرتر ماخولیایەکی زەهنییەتی پەڕگاڵی مۆدڕنیتەی کاپیتالیستییە، کە ئامانج لەم سیاسەتە، ئاڵوگۆر یان پێناسەی نوێ لە چەمکی ئەخلاق و کرداری شۆڕشگێڕبوونی حەقیقییە.

هاوکات لە رۆژی ئەمڕۆماندا زانستی کۆمەڵناسی لیبرالیزمی وڵاتانی رۆژئاوایی بە چەمک و زەهنیەتی خۆیان سەرقاڵی چەواشەکردنی هەموو چەمکەکانی ژیانی ئازادن و دەیانهەوێت ناکۆکی فکری و فەلسەفی لە چەمکی شۆڕشگێڕبوونی حەقیقی بۆ گەلانی بندەست و بەتایبەت بۆ جەوانان درووست بکەن و لەم رێگایە بیسەلمێنن، کە شۆڕشگێڕ بوون بەم شێوازە تام و مەزەی زۆرتر هەیە و ئامانجی سەرەکی ئەم بابەتە کاریگەریدانان لە سەر کەسایەتی حەقیقی مرۆڤە شۆڕشگێڕەکانە کە لە درێژخایەندا لە جەوهەر و راستی کرداری شۆڕشگێڕبوون دووریان بکەنەوە.

کۆسپ درووستبوون لە رەوتی بڵاو بوونەوەی زانیاری

یەکێکی دیکە لەو خەسارانەی کە لەلایەن پەڕگاڵی مۆدڕنیتەی کاپیتالیستی تووشی چەواشەکاری دەبێت و بە تایبەت کاری لەسەر دەکرێت، لە رێگای جیهانی مەجازی و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بە شێوازی سیستماتیک و ئامانجدار ئەم سیاسەتە بەڕێوە دەچێت، دروست کردنی کۆسپ لە رەوتی بڵاوبوونەوەی زانیاری و راستیەکانەی جیهانی مرۆڤایەتییە.

ئەو ناوەندانەی کە خۆیان وەکوو سەرچاوەی هەواڵ و زانیاری پێناسە دەکەن و زانیاری لە هەموو روویەکەوە بڵاو دەکەن و دەیانهەوێت بیکەن بە رۆژەڤی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەڵکی لێوەربگرن و لە هەمان کاتدا ئەو کەسانە لەو ناوەندانە کە ئاماژەمان پێکرد کار دەکەن، کەسایەتی شاراوەن و کەسایەتی حەقیقی خۆیان بۆ ئەوەیکە لەلایەن خەڵکەوە نەناسرێن، دەشارنەوە. بۆیە ئەو کەسانە زۆربەیان گرێدراوی لایەنێکی سیاسی دەسەڵاتدار، یان دەوڵەتە داگیرکەرەکانن و بە ئامانجی سیاسی بۆ بەرژەوندی خۆیان وەها سیاسەتێک لە رووی کۆسپ درووستکردن لە رەوتی زانیاری بەرێوە دەبن.

هەروەها کە ئاماژەمان پێکرد دەوڵەتە سەرمایەدارەکان و سیستەمە داگیرکەرەکان لە رێگای جیهانی مەجازی و بە رەواکردنی هەر چەشنە ماڵپەڕ، وێبلاگ و تۆڕەێکی کۆمەڵایەتی باوەڕ پێنەکراو، و بێ ئەوەیکە هیچ بەربەستێکیان بۆ دابنێن، بە بڵاوکردنەوەی هەواڵ، زانیاری و بابەت لە سەر جیهانی مەجازی ئامێرەکانی سەر لێشێواوی بۆ گەلان بەتایبەت بۆ گەلانی رۆژهەڵاتی ناوین لەم هەلومەرجەی سیاسی و نەتەوەیی ئەمڕۆدا درووست بکەن. لەم نێوانەدا لە رێگای ئەو میدیایانەی کە وەکوو میدیای زەرد بەواتای درووستکراو بۆ چەواشەکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی پێناسە دەکرێن، دەیانهەوێت راستی و حەقیقەتەکان چەواشە بکەن و زەهنییەتی خەڵک تووشی سەر لێشێواوی و هاوکاتیش رەنگوبۆنی ماڵپەڕە باوەڕ پێکراوەکان کە هەواڵ و زانیاری دروست بڵاو دەکەنەوە، لە لای خەڵک کەم رەنگ و بێ بایەخ بکەن. بۆیە هەندێ میدیا بۆ ئەوەیکە خۆیان لە جیهانی میدیایی و راگەیاندنی ڕەوا بکەن و سیاسەتی ئەو لایەنانەی کە گرێدەراوین بەڕێوە ببەن، کەڵک لەم شێوازە وەردەگرن.

بۆ نموونە لە رۆژی ئەمڕۆدا لە ریگای ئینترنێت و دەیان تێکنۆلۆژی وەکوو تاپلێت و گوشی تەلەفۆنی پێشکەوتوو کە راستەوخۆ دەکرێ، ئامێرەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی لە سەریان دابمەزرێت و لە هەموو شوێنێکیش بە وێنە و دیمەن گرتن لە بابەتێک و یان بەرۆژەڤ کردنی هەواڵێک دوور لە راستی و ئامانجدار لە رێگای دەستنیشان کردنی کەسی تایبەت بە واتای رۆژنامەوانی ساختە و زانیاری درۆ، و دوور لە راستیەکان بڵاو دەکنەوە و لە میدیا زەردەکان وەها باس و شرۆڤە لە سەر هەستیاری و گرینگی ئەو بابەتە ساختەیە کە هیچ بنەمایەکی نیە دەکەن و وەکوو راستیەکی حاشا هەڵنەگر بۆ بینەر دەیخوڵقێنن و دەیانهەوێت تەڵقینی بکنە سەر مێشکی خەڵک و بەو شێوازە متمانە بۆ خۆیان وەکوو ناوەندی راگەیاندنی راستیەکان نیشان بدەن و هەبوون و پێویستی خۆیان بۆ کۆمەڵگا رەوایەت پێبدەن.

ئەم شێوازە سەر لێشێواندنە کە لە رێگای جیهانی مەجازی و ئامێرەکانی لە چوارچێوەی راگەیاندن بەڕیوە دەچێت، یەکێک لە تایبەتمەندیە سەرەکییەکانی سیاسەتی پەڕگاڵی سەرمایەداری و دەوڵەتە داگیرکەرەکانە و لە دژی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوین تایبەت کاری لە سەر دەکرێت. کە دەتوانین وەکوو شێوازێک لە شەڕی نەرم دژ بە چاندی گەلانی بندەست بە ناوی بکەین.

لایەنێکی دیکەی ئەم بابەتە ئەوەیە کە لە رێگای ماڵپەڕ، وێبلاگ و تۆڕە باوەڕ پێنەکراوەکان کە لە سەر جیهانی مەجازی لە لایەن کەسایەتی، یان ناوەندی شاراوەی دەوڵەتی و سیستەمە داگیرکارەکان دەخوڵقێن و بەو شێوازە کە ئاماژەمان پێکرد لە میدیاکاندا کەڵکی لێوەردەگرن، دەبنە هۆکاری ئەوەیکە ململەکانی میدیایی لە نێوان میدیا زەردەکانی چەواشەکراو و میدیا باوەڕ پێکراوەکانی گەلانی بندەست بێتە ئاراوە و لەم حاڵەتەدا کە گەلانی بندەست بە هۆی بەرفراوان نەبوونی هێزی میدیایی و ئابوری پتەو و قایم بۆ دابین کردنی پێداویستیەکانی جیهانێکی میدیایی بەهێز، تا رادەیەک نەتوانن هەموو حەقیقەت، یان ئەو زوڵمانەی لێیان دەکرێت، بە شێوازی راگەیاندنی میدیایی لە زەمینێکی بەرفراواندا بۆ رای گشتی جیهان بڵاو بکنەوە. کە لەم نێوانەدا هەمان زەهنییەتی سەرمایەداری و دەوڵەتە داگیرکەرەکان هەموو پرنسیپەکانی رۆژنامەوانی و راگەیاندنی بە پێی بەرژەوەندی خۆیان بۆ شەڕی بەم شێوازە پێناسە دەکنەوە.

لاوازکردن و درووست بوونی زەمینێک بۆ هێرشی فەرهەنگی

بە گشتی جیهانی مەجازی و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بە هۆی بەرهەمی جۆراوجۆر ئەو هێزەیان بۆ خوڵقاوە کە زەمینێک بۆ هێرشی فەرهەنگی لە دژی چاندی گەلان بە شێوازی هەست پێنەکراو، یان ئاسیمیلاسیۆن بخوڵقێنن، چونکە زانستی تێکنۆلۆژی و جیهانی مەجازی لە دەستی وڵاتانی رۆژئاواییە و رۆژانە بە سیاسەت و پێناسەی لیبرالی کە لە سەر کۆمەڵگای پەرەی پێدەدەن، دەیانهەوێت لە رووی زەهنیەوە ئەو زەمینە بۆ نەتەوە و گەلانی رۆژهەڵاتی ناوین ئاوا بکەن، کە بێ پێوان و بێ پرسیار کەڵک لە جیهانی مەجازی و تۆڕەکانی جۆراوجۆری کۆمەڵایەتی وەربگرن. بۆیە ئیمکانێکی باش بۆ کاریگەری درووست کردن لە سەر فەرهەنگ و شارستانێتی گەلان دەخاتە خزمەتی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری و دەوڵەتە داگیرکەرەکان.

هەمان عەقڵیەت بە پڕۆپاگەندە لە سەر جیهانی مەجازی و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و راگەیاندنەکان زەمینێک بۆ چەواشەکاری لەم رێگایەوە بۆ کاریگەری دانان لە سەر زەهنیەتی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوین ئاوا دەکەن و بە گشتی چاند و شێوازی ژیانی وڵاتانی رۆژئاوایی وەکوو شێوازێکی پڕ بایەخ و مێژووی بە واتای لانکەی شارستانی نیشان دەدەن و لە بەرامبەریدا چاند و شێوازی ژیانی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوین کە بنەڕەتی ژیانی مرۆڤایەتیان خوڵقاندووە، وەکوو دواکەوتوو، بێبەریبوون لە فەرهەنگ و ئەرزشەکان، دوور لە بەهاکانی مرۆڤایەتی لە سەر جیهانی مەجازی پێشان دەدەن.

کە دەتوانین وەکوو یەکێک لە هەزاران نموونە ئاماژە بە درووست کردنی سەدان فیلمی مێژوویی دوور لە راستی وەڵاتانی رۆژئاوایی بکەین، کە پێش لە بڵاو بوونەوەیان لە رێگای جیهانی مەجازی و ئامێرەکانی، پرۆپاگەندەی بۆ دەکەن. جۆدا لە بابەتی بە دەستخستنی سوود و سەرمایە لە سەر جیهانی فیلم بۆ پەڕگاڵی سەرمایەداری، لە رێگای میدیاکان و ئامێرەکانی جیهانی مەجازی بۆردمانی زەهنییەتی بە واتای ریکلام کردن پێش دەخەن و لە زۆربەی شێواز و ناوەڕۆکی ئەم فیلمانە دوو هێزی رەش و سپی، یان خێر و شەڕ هەیە.

کە هێزە سپی و خێر، کە هەمان گەلان و دەوڵەتەکانی رۆژئاوایین و هێزە رەش و شەڕەکەش گەلانی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوینن. لەو جۆرە فیلمانە رۆڵی هێزە رەش و شەڕەکە، کە رەوایەت لە فەرهەنگ و ژیانی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوین دەکات، شتێک جۆدا لە هێرش و هۆڤایەتی کردن لە دژی چاند و شارستانی گەلان کە رەوایەت لە هێزە سپی، یان هێزی خێرەکە کە هەمان گەلان و دەوڵەتانی سەرمایەداری رۆژئاوایین، شتێکی دیکە نیە.

لە روانگەی مۆدڕنیتەی کاپیتالیستییەوە جۆدا لەوەیکە گەلانی رۆژهەڵاتی ناوین هیچ خزمەتێکیان بە زانستی مرۆڤایەتی و چاندی گەلان نەکردووە، بەڵکوو دەبێ بۆ ئەوەیکە فێری زانست، ژیانی شارستانی و فەرهەنگی ببن، دەبێ زانستی کۆمەڵگاناسی سیاسی پەڕگاڵی سەرمایەداری وڵاتانی رۆژئاوایی لە هەموو بوارێکەوە سەرچاوە بگرن و دەست لە فەرهەنگ و کلتووری خۆیان بەربدەن و شێوازی ژیان و چاندی وڵاتانی رۆژئاوایی بە بنەمای فەرهەنگی و سیاسی خۆیان وەر بگرن.

بۆیە یەکێکیتر لەو خەسارانەی جیهانی مەجازی و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان درووست کردنی زەمینێکە بۆ هێرشی فەرهەنگی مۆدڕنیتەی کاپیتالیستی دژ بە فەرهەنگی نەتەوە بندەستەکانەی رۆژهەڵاتی ناوین و لە رێگای دەوڵەتەکانیان سیاسەتی بەم شێوە نەرمونیان بۆ لاواز کردنی ناسنامە، فەرهەنگ و هەبوونی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوین بەڕێوەدەبەن. هاوکات لەو فیلمانەی وڵاتانی رۆژئاوایی کە لە ناو ماڵپەڕەکانی تایبەتی دابەزاندن و چاو لێکردنی فیلم لە سەر جیهانی مەجازی بە ئاسانی دەست دەکەوێت، هەموو کاتێک ئەو هێزە رەش و شەڕەکە کە رەوایەت و نوێنەرایەتی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوین دەکات، لە فیلمەکە بندەکەوێت و بەم شێوەیە شکەستی زەهنیەتی بۆ گەلانی رۆژهەڵاتی ناوین لە بەرامبەر بە چاند و ژیانی وڵاتانی سەرمایەداری تەڵقین دەکرێتەوە.

خەساری کەڵک وەرگرتنی لە رادەبەدەر لە کایەی ئینتێرنێتی

یەکێکی دیکە لەو بابەتانەی کە ئێستا لە هەموو جیهاندا بۆتە جێگای مەترسی، درووست بوونی ملیۆن کایەی کامپیوتێرییە کە راستەوخۆ بە کەڵک وەرگرتن لە ئینتێرنێت دەکرێ، بۆ بەکارهێنەرانی ئاسان کاری و لە سەر گوشی تەلەفۆنی پێشکەوتوو، و کەرەستەکانی دیکەی پەیوەندی گرتن دابمەزرێت. بابەتی کایەی کامپیوتێری یەکێکی دیکە لەو بابەتانەیە کە پسپۆڕانی کۆمەڵناسی کۆمەڵایەتی و تەنانەت پزیشکیش لێکۆلێنەوە و خەسارناسی بەفراوانیان لە سەری ئەنجام داوە و وشیاری گرینگیان لە سەر ئەم دیاردەیە راگەیاندووە.

بابەتی کایەی ئینتێرنێتی لە رۆژی ئەمڕۆماندا بە هۆی گرێدانی مرۆڤەکان بە خۆیەوە بۆتە یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی کۆمەڵایەتی و وەکوو دیاردەیەکی چاوەڕوان نەکراو یەخەی منداڵان و جەوانانی گرتووە و لە سۆنگەی ئەمەوە شێوازی بیرکردنەوەی منداڵان و جەوانان لە سەر بنەماڵە و کۆمەڵگا، ئاڵوگۆر بەخۆیەوە دەبینێت. بۆیە کایەی ئینتێرنێتی و کامپیوتێری کاریگەری راستەوخۆی لە سەر گیرۆدەبوونی مرۆڤەکان بە تایبەت منداڵان و جەوانان بە جیهانی مەجازیەوە هەیە. ئەو تاکەی کە سەرقاڵی کایەی ئینتێرنێتییە خۆی لە جێگای رۆڵی سەرەکی مرۆڤە مەجازیەکە لە دیمەنێکی سێ لایە، یان (سێ بۆعدی) دەبینێت. کاتێکیش کە سەرقاڵی کایەی ئینتێرنێتییە ناتوانێت جیاوازی لە نێوان کەسایەتی حەقیقی خۆی و کەسایەتیەکی درووستکراوی ناحەقیقی روون بکاتەوە. تەنانەت مۆدێڕنیتەی کاپیتالیستی کەسایەتی مرۆڤەکان لە رێگای کایەی ئینترنێتی و کامپیوتێری کە ناوەڕۆکی زۆربەیان شەڕ و کوشتنە، تووشی شەڕئەنگێزی و نەخۆشی رەوانی دەکات.

هاوتەریب بەشێکی دیکە لەو مرۆڤانەی کە گیرۆدەی کایەی کامپیوتێری دەبن، لە رێگای قومارکردن و بێ ئەخلاقی کردن، رۆژانە بە سەدان ملیارد پارە راستەوخۆ،

یان ناڕاستەوخۆ لە ئاشی پەڕگاڵی مۆدڕنیتەی کاپیتالیستی دەکەن و ئەم بابەتە لە میدیاکانی وڵاتانی رۆژئاوایی راشکاوانە رەنگدانەوەی هەیە.

ئەم بابەتە لە گۆڤاری ئالترناتیف ژمارەی ٥٤ی بلاو کراوەتەوە.