سوپای داگیركەری توركیا بەئامانجی داگیركردنی ئێراق و هەرێمی باشووری كوردستان و پاراستن و بەهێزكردنی چەتەكانی داعش لەم دۆخە هەستیارەدا هێزێكی داگیركاری رەوانەی ناوچەكە كردووە، ئەوەش بەواتای پێشێل كردنی یاسا نێونەتەوەییەكان و سەروەری خاكی كوردستان و پارچەكردنی ئیرادەی ئازادیخوازی گەلانی ناوچەكەیە. توركیا بەو دەستێوەردانە دەیەوێت پارێزگای نەینەوا و چەند ناوچەیەكی تر داگیر بكات و خەونی جێبەجێ‌كردنی میساقی میللی بێنێتەدی. بۆ بەدیهێنانی ئەو پلانە چەپەڵەش، بە هاوكاری چەتەكانی داعش ئامادەكاری هێرشی نامرۆڤانە بۆ سەر ئیرادەی ئازادی شەنگاڵا و رۆژئاوای كوردستان دەكات. رەوانەكردنی هێزەكانی توركیا بۆ نێوان شەنگال و موسڵا و دەستپێكردنی هێرشەكانی داعش و بەرەی نۆسرە و ئەحرارۆلشام بۆ سەر عەفرین ئەم بابەتە بە باشی دەسەلمێنێت. دەوڵەتی توركیا بەدروست كردنی دووبەرەكی و قووڵاكردنەوەی ناكۆكی و بارگرژی نێوان سوننە و شێعەكان، كورد، عەرەب و توركمانەكان دەیەوێت دەسەڵاتداری تاكڕەویانەی عوسمانی گەرایی نوێ‌ بە سەر ناوچەكەدا بسەپێنێت.

ئێمە ئەو دەستێوەردانەی توركیا بە واتای دەستدرێژی و داگیركاری ئازادی گەلانی ئێراق و هەرێمی باشووری كوردستان لەقەڵەم دەدەین. مسۆگەرە توركیا بەنیازە لەژێر ناوی شەڕی دژ بەداعش دەستێوەردانی كوردستان بكات، ئامانجی سەرەكی ئەو پلانە چەپەڵەی توركیاش لاواز كردنی پێگەی سیاسی گەلی كورد و لاوازكردنی دەستكەوتەكانی بزاڤی ئازادیخوازی گەلی كورد، بە تایبەت لە رۆژئاوای كوردستان و شەنگاڵە. بێ‌دەنگ بوونی بارزانی و پارتەكەی و هاوكات بەخێرهاتن كردنی ئەم هێزە لەلایەن مەسعوود بارزانییەوە، ئەو راستیە ئاشكرا دەكات كە پارتی دیموكراتی كوردستانی ئێراق بەشێكە لەم پیلانە. لەكاتێكدا كە بارزانی و پارتەكەی تەحەمولی سازبوونی هێزێكی خۆجەیی وەك یەكینەكانی بەرخۆدانی شەنگاڵا ناكات، ئەمە چۆن روودەدات كە بارزانی رێگاخۆشكەرە بۆ هاتنی هێزێكی داگیركەری كوردستان دەكات كە لەوڵاتەكەی خۆی كۆمەڵكوژی سەركوردان بەڕێوە دەبات. ئەوەش جارێكی تر ئەم راستیە دەخاتەڕوو كە داگیركاری كوردستان، هەرگیز بە بێ‌ هاوكاری لایەنی ناوخۆیی پێكنەهاتووە و ئەوەش دووپات بوونەوەی ئەو مێژووە دەسەلمێنێت.

ئەو هەوڵدانەی كە بە پێشەنگایەتی توركیا لەكوردستان دا لەئارادیە زۆر مەترسیدارەو توركیا بەنیازە هاوشێوەی ئەو كۆمەڵكوژیانەی كە ئێستا لەباكووری كوردستان پەیڕەوی دەكات، لەباشووری كوردستانیش دووپاتی بكاتەوە. بەو پێیە وەك پەژاك ئەو هەوڵدانەی دەوڵەتی توركیا بەهەوڵدانێكی مەترسیدار بۆ سەر گەلی كورد دەبینین و لەسەر ئەو بنەمایە بانگی هۆشیاری نەتەوەیی دەكەین. هاوكات رەخنە لەپارتەكانی تری دەسەڵاتی هەرێمی باشووری كوردستان دەكەین كە سەرەڕای ئەوەی لەحكومەت دا زۆرینەن، بۆچی لەئێستادا رێگا بە پارتێكی لاواز دەدەن كە هێزێكی داگیركەر بێنێتە كوردستان. لەسەر ئەو بنەمایە چاوەڕوان دەكرێت كە بەشێوەی كرداری بەڕەنگاری ئەم داگیركاریەی دەوڵەتی توركیا ببنەوە. لەو باوەڕەداین لەئەگەری دەربڕینی هەڵوێستی كرداری دەتوانن پشتگیری هەموو بەشەكانی كوردستان وەربگرن. هاوكات بانگەوازی لە سەرجەم پارت و لایەنە سیاسیەكانی بەشەكانی تری كوردستان و سەرجەم گەلەكەشمان دەكەین كە بە تێكڕایی لەبەرامبەر داگیركاری دەوڵەتی توركیا بە یەكدەنگی و یەك هەڵوێستی، بەڕەنگاری داگیركاریەكانی توركیا لەباشوور، باكوور و رۆژئاوای كوردستان ببنەوە.

مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (PJAK)

10/12/2015