ئەهوەن چیاكۆ ـ ئەندامی مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پەژاك)

سروشت، ژینگە، مرۆڤ و كۆمەڵگا لە ڕێڕەوی ژیان و هەبووندا چەمكگەلێكی تێكچڕژاو وتەواوكەری یەكن. ئەگەر لە سۆنگەی كۆمەڵناسی ئازادییەوە سەیری ژینگەپارێزی بكەین تێدەگەین كە ژینگە‌پارێزی جومگەی سەرەكی كۆمەڵگای دیموكراتیك و ئازادە. ژینگە پارێزی لەسەر تەندروست بوونی هەموو گۆڕەپانەكانی ژیانی كۆمەڵگا وەك كولتوری، ئابوری، كۆمەڵایەتی، پاراستنی تا بگاتە كەرتەكانی تەندروستی، پەروەردەیی، كاریگەری هەیە. هەروەها پێچەوانەكەشی راستە، هەربۆیە پێویستە ژینگە پارێزی یەكێك لەپرنسیبیەكانی كۆمەڵگایەكی دیموكراتیك بێت. پێویستە ئەوە باش بزانین كە هێرشی هێزەكانی دژە كۆمەڵگا لەكاتی دروستبوونی یەكەمین دەسەڵاتی پاوانخواز واتە هێرشكردنی دەوڵەت شارەكانی سەردەمی سومەر تا بگاتە ئەو هەموو تێكدانەی ئەندوستریالیزمی سیستەمی مۆدێڕنیتەی ـ كاپیتالیسم لەسەر سروشت و ژینگە هاوتەریب لەگەڵ قازانجی سەرمایە بۆ مەبەستی لاوازكردنی كۆمەڵگا بووە لە راستای چەسپاندنی دەسەڵاتی خۆیان. هێزە پاوانخوازەكان باش دەزانن چەندە ژینگە تێك بدەن ئەوەندەش زەمینەی ئۆبژەكردنی كۆمەڵگا دەڕەخسێت. كەواتە پێویستە چەندە دەسەڵاتخوازان هەوڵی تێكدانی سروشت دەدەن بەوڕادەیەش كۆمەڵگای دیموكراتیك بۆ پاراستنی ژینگە هەوڵ بدات.

كولتوری هەركۆمەڵگایەك لە وەهلەی یەكەمدا بەرهەمی بارودۆخی ژینگەیی ئەو كۆمەڵگایەیە و هەموو بەرهەمە كولتوریەكانی ئەو كۆمەڵگایە بریتین لە كولتوری مادی و مەعنەوی لەژێر كاریگەری بارودۆخی ژینگەیی ئەو كۆمەڵگایە رواڵەت دەگرن. وەكووتر كۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە سەرەتاوە تا ئیستا هەموو پێداویستیەكانی خۆی لە سروشت وەرگرتووە و وەردەگرێت. كەواتە تێكدانی ژینگە لەبواری ئابووریشدا كاریگەری نەرێنی لەسەر كۆمەڵگا دادەنێت. پرۆژەكانی دەوڵەت بەتایبەت پرۆژەی بەنداودروستكردن بە پێچەوانەی ئەوەی كە بانگەشە دەكرێت، نەتانیا بەمەبەستی دابینكردنی ئابووری كۆمەڵگا نییە، بەڵكوو هاوتەریب لەگەڵ تێكدانی ژینگە كاریگەری هەیە لەسەر تێكدانی ئابووری كومیناڵ و سروشتی كۆمەڵگا.

بۆ وێنە دروستكردنی بەنداوی داریان بە پێی لێكۆڵنەوەكان ئەوەندەی زیان دەگەیەنێت بە ژینگە، كولتور، ئابووری و… هەرێمەكە بە هیچ وەجهێك ئەو بەهرە ناگەیەنێت. بەپێی لێكۆڵینەوەیەك تەنیا زیانەكانی ژێرئاوكەوتنی كانی بڵ، ئەمانەن: كانی بڵ بە مێژوویەكی ٦٠ ملیون ساڵە بە پومپاژی ٢٠٠٠ لیتر ئاوی سازگارا لە چركەدا لەبەین دەچێت. كە دەتوانێت ئاوی خواردنی ١٢ ملیۆن كەس بە بێئەوەی پێویستی بە هیچ پاڵاوتنێك بێت دابین بكات. لەروی بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا توانای دابینكردنی كارەبای ١٢ كاتژمێری پارێزگای هەڵەبجە یان شارێكی وەك سنەی هەیە. ئەگەر دەبە ئاوێك بە ١٠٠ تمەن بێت داهاتی ساڵانەی ١ میلیارد و ٣٠٠ ملیون تمەن دەبێت.   زیاتر لە ٣٥٠ جۆری گیانلەبەر و ٢٠٠ جۆری گیای تایبەت لە كەنارەكانی كانی بڵ یان رێڕەوی روباری سیروان نقوم دەبن. ئەگەر سەردانی گەشتیاری بۆ ئەشكەوتی سروشتی كانی بڵ بلیتەكەی ١٠٠٠ تمەن بێت ئەوا بە داهاتەكەی دەتوانرێت بودجەی تەواوی خوێندن و خوێندنگاكانی هەرێمی هەورامانی پێدابین بكرێت. ئەوە تەنیا زیانەكانی شاردنەوەی كانی بڵە ئیدی زیانەكانی تری ئەو بەنداوە و بەنداوەكانیتر با بووەەستێ.

بەرهەم هێنانی ئەو وزەیەی كە دەكرێت بە بەهانەی دروستكردنی بەنداو دەتوانرێت لە رێبازەكانی كەڵك وەرگرتن لە باو خۆر و شێوازیتر كە زیان بە ژینگە ناگەیەنێت دابین بكرێت، بێگومان پرۆژەی بەنداو دروستكردن ئارمانجیتری لەپشتە، وەك ئارمانجی عەسكەری بۆ مراندنی ئیمكانەكانی خۆپاراستنی كۆمەڵگا، بۆ وێنە بە بەنداوی داریان و بڵبەر رێگەی هاتووچووی هێزە شۆڕشگەرەكان لە كۆساڵانەوە بۆ شاهۆ و لە هەورامانەوە بۆ شاخی شاهۆ ئاستەنگ دەكرێت. كەواتە مەبەستی ئابووری و خزمەتگوزاری تەنیا بەهانەن. لە لایەكیترەوە تێكدانی جەو، لەناوبردنی بەشێك لە بەهای كولتوری و كۆمەڵایەتی كۆمەڵگا، تێكدانی دیموگرافی و …، زیانگەلێكیترن.

لەلایەكیترەوە پاراستنی ژینگە كاریگەری هەیە لەسەر تەندروستی رۆحی و جەستەیی تاك و كۆمەڵگا، هەڵمژینی هەوایەكی خاوێن لە ژینگەیەكی خاوێن دا مومكێنە. تاك و كۆمەڵگایەكی تەندروستیش لەئەنجامی رۆح و جەستەیەكی سالم دێنە ئاراوە، كەس ناتوانێت لەوە حاشا بكات كە ئەو هەموو نەخۆشیە بیۆلۆژیانە بەتایبەت هەموو چەشنەكانی شێرپەنجە پەیوندییان نیە لەگەڵ ئەو تێكدانەی كە لەسەر ژینگە پەیرەو دەكرێت. شاری گەورە و ترافیك و كارخانە زەبەلاحەكان و ئەو هەموو بەرهەمهێنانە بێڕەویە كە نە بەمەبەستی دابینكردنی پێداویستیەكانی كۆمەڵگا، بەڵكوو بەمەبەستی زیادكردنی قازانجی سەرمایەدار بەرهەم دێت، ژینگە تێكدەدات و رۆح و رەوانی كۆمەڵگا تووشی ناتەندروستی دەكات. برەودان بە خواردنە هورمونیەكان و مەسرەفكردنی بێڕەویەی گۆشت دیاردەیەكیترە كە تەندروستی كۆمەڵگا تووشی مەترسی گەورە دەكاتەوە.

بێگومان كۆمەڵگایەكی دیموكراتیك پێویستە لە بەرانبەر ئەو تێكدانە گەورەی سروشت خاوەن پلانی توكمە بێت، پێویستە ئیرادەی پێشگیری لە تێكدانی ژینگە لەبەرانبەر هێزە قازانجخوازەكان نیشان بدرێت. كۆمەڵگایەكی دیموكراتیك پێویستە لە بەرانبەر ئەو پرۆژانەی كە دەتوانن ژینگە تێك بدەن، مەترسیبن بۆسەر كولتور، ناسنامە و دیموگرافی و …، خاوەن هوشیاری بێت.

كۆمەڵگایەكی دیموكراتیك و ئازاد لە بەرانبەر ئەندوستریالیزم كە لە زانست و تكنولۆژی دەكاتە كەرەسەی تێكدانی ژینگە خاوەن پلانە و بە جێگەی ئەوە هەوڵدەدات پەیوەندیەكی ئكۆ سیستەم ئاوابكات، بە جێگای تێكدانی دارستان پرۆژەی شینكایی ژینگە پەرەپێدەدات. تاكەكانی لەسەر بنەمای پەیوەندی سەمبیۆتیكی سروشت، مرۆڤ، كۆمەڵگا پەروەردە دەكات. بە جێگەی ئەوەی لە پێناوی قازانج ژینگە تێكبدات، هەوڵدەدات بە برەودانی چاندن هەم پێداویستیەكانی خۆی دابین بكات هەم ژینگە بگەشێنێتەوە، گەشە دەدات بە ژیانی زەراعەت و ئاواكردنەوەی گوند و كۆنترۆڵكردنی شارەكان. كەواتە تێكۆشینی ژینگە پارێزی دەبێت بەردەوام بێت بۆ گەیشتن بە كۆمەڵگایەكی ئازاد، تەندروست و دیموكراتیك.