ئامەد شاهۆ –
تەڤگەری ئازادیخوازی گەلی كورد بەپێشەنگی پەكەكە زیاتر لە 40 ساڵە لەپێناو كێشەی بوونی كوردان دا، چ لەئاستی جیهانی و هەرێمی لەتێكۆشانی بێ‌وچان دایە. ئەو تێكۆشانەش لەمەڕ سەلماندنی بوونی كورد كراوە. داگیركەرانی كوردستان زیاتر لەدوو سەدەیە نكۆڵی لەبوونی كوردان دەكەن و دەڵێن نەتەوەیەك بەناوی كوردان بوونی نییە. بەڵام كوردان لەپێناو سەلماندنی بوونی خۆیان رووبەڕووی توندوتیژی، قڕكردن، سەركوت و چەوساندنەوە بوونەتەوە. ئەو سیاسەتەش تا بەئەمڕۆ مەترسیەكی گەورەی لەسەر بوونی تاك و كۆمەڵگای كوردەواری دروست كردووە. هیچ بوونێكی كۆمەڵایەتی بەهێندەی كوردان رووبەڕووی دۆخێكی وا نەكراون كە شەرم لەبوونی خۆیان بكەن و بەساكاری نكۆڵی كردن پەسەند بكەن و شانازی بە خزمەت كردن بۆ داگیركەران بكەن. پێناسەی داگیركەرانی كوردستان و بەتایبەت پارتی دیمۆكراتی كوردستانی ئێراق تا ئێستاش لەسەر كوردبوون، بە واتای كۆمەڵگایەكی بێ‌نرخ و بێ‌نیشتمانە، شەڕانگێزو ئاژاوەگێڕە. بێكارەو لەپێناو هەر بەرژەوەندیەكی تەسك دا بوونی خۆی بەكرێ‌ دەدات. گەلێكی خزمەتكارە كە خزمەت بە پڕۆژەی داگیركەران دەكات. حافزەی مێژوویی سڕاوەتەوە. لەكلتوور و مێژووەكەی نامۆ كراوە. بەردەوام لەپێناو مان و نەماندا تێدەكۆشێت.
كاتێك باس لەبوونی كوردان بكەین، پێویستی بە هەڵسەنگاندنی زەمان (كات) دەبێت. واتا بوون و كات لەم جۆگرافیا بەپیتە جێگای باسن. دەستكەوتە مێژوویەكانی كورد دەریدەخات كە ئەم گەلە بەردەوام لەناو نەشونمادا بوون. ئەوەش رایدەگەیەنێت كە چەندە لەكوردستان نەشونما و فۆڕم لەئارادا بێت ئەوەندە هۆشیاری نەتەوەیی لەگەشەسەندندا دەبێت. هۆشیاریش واتای بوونی جیاوازی دەگەیەنێت. بەواتای هەنگاوی پەیبردنی مرۆڤ بە بوونی خۆیەتی، بۆیە كوردان ئیدی هەست بەبوونی خۆیان دەكەن و بۆ دەستەبەر كردنی مافەڕەواكانیان لەناو تێكۆشانێكی بێ‌وچان دان. ئەو خاڵەی كە بۆ مایەپووچ كردنی بیرۆكەی دژە كورد پێویستە راوەستەی لەسەر بكەین ئەوەیە كە سێكۆچكەی بوون، نەشوونماكردن و هۆشیاری مانادار بكەین. واتا بزاڤی ئاپۆیی بە ساڵانە لەپێناو ماناداركردنی ئەم دەستەواژانە تێكۆشاوە. پەكەكە ئیدی نەتەنیا بۆ گەلی كورد تەڤگەرێكی مانادارە بەڵكوو بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی سەرچاوەی ورەو و ئازادی یە. بۆیە گەلی كورد بەبەردەوامی دروشمی پەكەكە گەلە، گەلیش لێرەیە دەڵێتەوە. واتا داگیركاری و زۆڵم و زۆری و تیرۆر لەكوێ‌ لەپێناو لەناوبردنی بوون، سەرهەڵبدات، پەكەكەش لەوێ‌ لەپێناو پاراستنی بوون و بووژانەوەو گەشەكردنی ئازادی و دیمۆكراسی بەڕەنگاری تیرۆر و فاشیزم دەبێتەوە.
ئەوەی لەكوردستان دا هاوتەریبی داگیركەران دژ بە ئەم بیرۆكەیە وەستاوەو بەشداری پلانی لەناوبردنی بوونی كوردان، یان هەمان سیستەمی خۆبەڕێوەبەری دیمۆكراتی گەلان چ لەكوردستان و لەناوچەكەدا دەبێتەوە، پارتی دیمۆكراتی كوردستانە. چۆنكە پارتی لەژێر كۆنتڕۆڵی گلادیۆدایەو لە شەستەكان بەدواوە بە یارمەتی گلادیۆی تورك چەكدار كراوە. بۆیە لەسەردەمی مەلا مستەفای بارزانی یەوە تا ئێستاكە بە شێوەیەكی چالاك لەسەرجەم بەشەكانی كوردستان دژایەتی بوونی ئیرادەی ئازادی كوردی كردووەو دەیكات. بە شێوەیەكی نالۆژیكیانە نكۆڵی لەبوون، نەشوونماو هۆشیاری گەلی كورد و تەڤگەرە ئازادیخوازەكەی دەكات. بۆیە چەندێك پارتی دژایەتی لەبوون، فۆڕم و نەشوونمای پەكەكە بكات، ئەوەندە ناهۆشیاری سیاسی و دواكەوتوویی و بەكرێگیراوی ئەو پارتە دەخاتەڕوو. چۆنكە ناهۆشیاری، بە واتای لەناو بردن و قەبووڵا نەكردنی جیاوازیەكان و رەنگەكانە. بە پێ‌ ئەوەش پارتی لەمێژوو تا بەئەمڕۆ هەوڵی لەناوبردنی پەكەكەو دەستكەوتەكانی داوە. نموونەكانی ئەوەش لەپاكتاوكردن و بێ‌كاریگەر كردنی زۆربەی پارتە كوردستانیەكان رۆڵی سەرەكی گێڕاوە. لەتیرۆركردنی سیاسەتمەتدار و رۆژنامەنووسان لەكوردستان ركۆردی شكاندووە. لەهێنانی هێزی داگیركەر بۆ دامركاندنی هێزە كوردیەكان و بەخێوكردنیان لەپێش هەموو لایەكەوەن. بۆ لەناوبردنی سیستەمی خۆبەڕێوەبەری دیمۆكراتی لەرۆژئاوا و باكووری كوردستان چ ئەركێكی لەلایەن داگیركەرانەوە پێ‌سپێردراوە، بە شانازییەوە ئەنجامی داوە. تایبەت مەسعوود بارزانی داوای وازهێنانی هەڵمەتی 15ی ئاگۆست لەرێبەر ئاپۆ كردووە، بەڵام رێبەر ئاپۆ بەپێچەوانەی ئەو داخوازیەی بارزانی كار دەكات. بارزانی لەتۆڵەی ئەوەشدا بۆ ئەوەی پەكەكە و تەڤگەرەكانی ئاپۆیی بكەونە ناو لیستی تیرۆرەوە چییان لەدەست هاتبێت كردوویانە. تەنانەت بۆ رفاندنی رێبەر ئاپۆ و بەدیلگرتنی لەناو هێزە كوردیەكاندا رۆڵی سەرەكی گێڕاوە. بۆ فرۆشتنی بست بستی خاكی كوردستان و ئاڵای كوردستان و داهاتی ماددی و مەعنەوەی ئەم خاكە ساتێك رانەوەستاوە. لەماوەی شەوێكدا شەنگاڵایان پێشكەشی داعش كرد و ئێزیدیەكانیان رووبەڕووی كۆمەڵكوژی كردوەتەوە. هەرە دواییش سفرەی سووریان بۆ هاتنی سوپای داگیركاری توركیا بۆ هەرێمی باشووری كوردستان راخست. بەهۆی سیاسەتی تاكڕەویانەیانەوە پەڕڵەمانی هەرێم و حكومەت یان پەكخست. كۆی ئەم كردەوانە لەپێناو لەناو بردنی بوونی ئیرادەی ئازادیخوازی پەكەكە ئەنجام دەدات. چۆن بە بوونی پەكەكە، دەسەڵاتی پارتی لەناو دەچێت. واتا ئازادی و دیمۆكراسی گەشە دەكات و دیكتاتۆری و گەندەڵی و خیانەت بن بڕ دەكرێت. بۆ ئەم مەبەستەش پارتی هاوشانی توركیا نكۆڵی لەبوونێك دەكەن كە گەلێكی لەمردن رزگار كرد و بووە هیوای ژیانێكی نوێ‌ بۆ مرۆڤایەتی.
كاتێك باس لەبازنەی شەڕی تایبەتی داگیركەران دەكەین، ئەو بازنەیە بۆ سنوورداركردن و لەناوبردنی بوونێك پلان دادەڕێژێت. ئەمڕۆ لەباكووری كوردستان بوونێك كۆمەڵكوژ دەكرێت، بارزانیش بەشدارە لەو پلانە چەپەڵەدا. بە دڕندانەترین كەرەستەی جەنگی پەلاماری سەر منداڵا، ژنان و هاوڵاتیان دەدرێت. ئەوەش بۆ ئەوە دەكرێت كە نەڵێن من كوردم. دەبێت نكۆڵی لەبوونی خۆیان بكەن. بەڵام گەلی كورد، هۆشیار بووەتەوە. بۆ ئەوەش بەرخۆدان لەدژی فاشیزمی دەوڵەتی توركیا دەكات. بارزانی ئامادە نییە كۆمەڵكوژیەكانی ئاكەپەو ئەردۆغان شەرمەزار بكات. بەڵام كردەوەیەكی رەوای پەكەكە و گەلی كورد دەخاتە خانەی تیرۆرەوە. بارزانی و پارتەكەی پیرۆزبایی لەسەركەوتنی ئەردۆغان لەهەڵبژاردنەكان دا دەكەن و بەشداری كۆنگرەكەشی دەبن. بەڵام پیرۆزبایی لەسیستەمی خۆبەڕێوەبەری گەلی كورد ناكەن و بەشداری سەرهەڵدانەكانی گەل نابن. ئەو هەڵوێستانەی پارتی و بارزانی بووە هۆكاری ئەوەی كە ئەمڕۆ توركیا بوێرانە كوردان كۆمەڵكوژ دەكات. لەكاتێكدا كورد هاواری خۆبەڕێوەبەری دەكات و ئاكەپەش بە تۆپ و تانك وەڵامی ئەو هاوارە دەداتەوە. نێچیرڤان بارزانی خۆی دەگەیەنێتە توركیا و دیدار لەگەڵا ئەردۆغان و داوود ئۆغلۆ ئەنجام دەدات. بارزانی بە فرۆشتنی ئیرادەیان بوونی بێ‌كەڵكیان بۆ توركیا دەخەنەڕوو. بەڵام گەلی كورد لەباكوور بە خۆڕاگری و راپەڕین باس لەبوونی ئازادی خۆی دەكات. ئەوەش لەكاتێكدایە هێزەكانی سوریای دیمۆكراتیك لەسوریا سات لەدوای سات لەپێشڕەویدان و لەباكووریش خۆبەڕێوەبەریەكان جێگیرتر دەبن. بارزانی لەنەشوونماكردنی كوردان بەو شێوەیە دڵەڕاوكێی هەیە. بۆیە لەناكاو خۆی دەگەیەنێتە توركیا و بەشداری خۆی لەپلانێكی تری مەترسیدار رادەگەیەنێت.
سەرەڕای هێرشەكانی فاشیزمی توركیا و بەشداری بارزانی لەو پلانانەدا، ئیدی ناتوانن نكۆڵی لەبوونێك بكەن كە ئاڵاهەڵگری ئازادی و دیمۆكراسی لەناوچەكەو جیهاندا دەكات. گەلی كورد تا دەڕوات نەشونما دەكات و فۆڕمی كۆمەڵگای ئازاد و دیمۆكراتیك بونیاد دەنێت. بۆیە ئیدی خیانەت و دیكتاتۆری دەكەونە ناو زبڵدانی مێژوووە.