مانی ئاویەر ـ

دەوڵەتی توركیا یەكێك لەدەوڵەتە داگیركار و فاشیستانەیە كە بە ساڵانە حاشا لەهەبوون و ناسنامەی گەلی كورد دەكات، تەنانەت بۆ بەدیهێنانی ئەو سیاسەتە چەپەڵەی، پێناسەی توركی كێوی (چیایی)، جیاخواز، كافر و یاخی بە سەر گەلی كورددا سەپاند. تەشەنەپێدانی ئەو زهنیەتە فاشیستەی دەوڵەت نەتەوەی توركیا، بە دەیان كۆمەڵكوژی بەدوای خۆی هێنا. دەوڵەتی فاشیستی توركیا دەیەوێت كوردستان خەڵتانی خوێن و خاپووری بكات و ناوی لەحافزەی مرۆڤایەتی دا بسڕێتەوە. بۆیە لەخەیاڵی خۆیدا كوردستان لەناو دەبات و هەست دەكات كە ئیدی كورد و كوردستان خەونێكە نایەتە دی!. ئەوەی جێگای پرسیارە داخۆ ئەوە چ زهنیەتێكە كە دەتوانێت نكۆڵی لە هەبوونی شتێك بكات كە هەیە؟ یان توانای ئەوەی هەیە كە بە نەبوون لەقەڵەمی بدات و پاكتاوی بكات؟ ئەم چەشنە زهنیەت و كردەوانە ناكۆكن لە گەڵ راستی گەردووندا، بۆیە پێداگری و سووربوون لە سەر ئەم بیرۆكەیە، گورزێكی كوشندەیە بۆ ئیمپراتۆری نوێ‌ عوسمانی ئەردۆغان كە بەرگری لەمۆدێڕنیتەی سەرمایەداری دەكات.

ئەو دۆخەی كە ئێستا بەرۆكی توركیا و باكووری كوردستانی گرتووە ئەم راستیە دەخاتەڕوو كە دەوڵەتی توركیا هاوشێوەی مێژووی رەشی خۆی پێداگری لەسەر سیاسەتی نكۆڵی و پاكتاوكاری، تواندنەوە و ئەنتەگرەكردنی گەلان بە تایبەت گەلی كورد دەدات. بەڵام ئەوەی جێگای پێزانینە و دەبێت دەوڵەتی توركیا قبووڵی بكات، گەلی كورد ئیدی نەوەك رابردوو سیاسەت دەكات، نە وەك رابردووش شەڕ دەكات و ژیان دەكات. بە پێچەوانەی ویست و خەونەكانی ئەردۆغان و ئاكەپە، گەلی كورد پێشەنگایەتی دیموكراتیزە كردنی ناوچەكەی بە ئەستۆ گرتووە. گەلی كورد ئیدی لەقۆناغێكدایە كە بۆ سەركەوتن و دەستەبەركردنی ئامانجەكانی پرسیارەكانی من كێم؟ چی دەكەم؟ چۆن ژیان بكەم؟ لەخۆی دەكات. بۆ وەرگرتنەوەی وڵامی ئەو پرسیارانەش گەلی كورد لەباكووری كوردستان خۆبەڕێوەبەری دیموكراتی راگەیاند.

واتا دەستەواژەی راستی شۆڕش و یان شەڕی شۆڕشگێڕی گەل لە باكووری كوردستان بە ڕێوە دەچێت. لەناو ئەو شۆڕشەدا كەسی تەمەن حەوت ساڵان هەتا حەفتا ساڵان بۆ دیاری كردنی چارەنووسی خۆیان چالاكانە بەشدارن. رەهەندی سەرەكی لە خۆبەرێوەبەری دیموكراتیك و شەڕی شۆڕشگێڕی گەلدا، چەمكی پارستنی رەوا و دەستكەوتەكانیەتی. پێشەنگایەتی و بەرپرسیاری ئەو ئەركە قورسەش لە سەرشانی گەنجانە. لەو پێناوەشدا بە هەزاران رۆڵەی قارەمانی گەلەكەمان بە بەخت كردنی جەستەیان شۆڕشی ئازادی یان تا رۆژی ئەمڕۆ هێناوە.

گەنجان لە پرۆسەی خۆبەرێوەبەری دیموكراتیكدا رۆڵی بڕبڕەی پشت دەگێڕن. ئەمەش ئەركێكی ساكار، رۆژانە و كورت خایەن و كاتی نییە، بە پێچەوانەوە ئەركێكی قورس و ژیانی و هەتا هەتاییە.جەوانانی كورد هەنووكە لە ناخەوە هەست بەم بەرپرسیاریە دەكەن. دامەزرێنەری ئەم بیرۆكەیە رێبەر ئاپۆیە كە ئاواكردنی كەسایەتی ئازاد و كوردی ئازاد دەخوڵقێنێت. جەوانانی كورد لە سەر بنەمای رامانی ئاپۆیی بۆ پێڤاژۆی خۆبەرێوەبەری دیموكراتیك خۆیانیان ئامادە كردوە و پێشەنگایەتی ئاواكردن و پاراستنی دەستكەوتەكانیان بە ئەستۆ گرتووە. جەوانان لەم قۆناخە هەستیارەدا لە سەر سێ بنەما خۆیان بەرێكخستن كردووە. یەكەم: لەبواری بەرز كردنەوەی ئاستی چەندایەتی و چۆنیایەتی هێزی گەنجانە. ئەم هەنگاوەش بە رێگای پەروەردەوە دێتەدی. جەوانان هاوكات لە گەڵ شەڕی پاراستنی كۆڵانەكاندا بە بینینی بچووكترین دەرفەت لە بوارەكانی سەربازی، كەسایەتی، تاكتیك و لە هەموو گرینگتر زهنیەتیدا خۆیان پەروەردە كردووە. واتا هەموو گۆڕەپانەكانیان كردوەتە جێگای پەروەردە و راهێنان.

دووهەم: ئامادەكردنی سەرجەم ئەو پێداویستیانەی كە بۆ شەڕی شۆڕشگێڕی گەل و پاراستنی خۆبەڕێوەبەری دیموكراتیك پێویستە. دەتوانین تیشك بخەینەسەر چەك و تەقەمەنی، دەرمان وپێداویستی پزیشكی و ماتریاڵ و بروشوور و … هتد. جوانانی كورد ئیتر لەئاستێكدان كە پشتیان بە هێزی خۆ و كۆمەڵگاكەیان بەستووە، ئەمەش تاكە رێبازە كە سەركەوتن بۆ گەنجان مسۆگەر دەكات .

سێهەم: خۆبەرێكخستن و پێناسە كردنی خۆیان لە سەر ناوێك كە ببێت بە ناسنامەی تایبەت بە جەوانان وهێزی پارستنی گەوهەرییان. لە هەمان كاتدا ناونیشانێك بێت بۆ سەرجەم ئەو گەنجانەی كە دەیانەوێت ئازاد بژین و رۆلیان هەبێت لەم سەركەوتنانەدا. هەر بۆیە جەوانان لە سەر ناوی تەڤگەری جەوانانی شۆڕشگێر و وڵاتپارێز (YDG H ) و ژنی جوان و وڵاتپارێز و شۆڕشگێڕ (YDG K) خۆیان بە رێكخستن كرد. ئەو تەڤگەرانە كە لە ناخی كۆمەڵگاوە هەڵقوڵاون هەنووكە بوونە بەو هێزە كە چۆكیان بە دوژمن و چەتەكانی ئەردوغان و هەموو بەخێوكەرانی نەیاران داوە. شایانی باسە بە بەرفەراوان بوونی شۆڕش و گشت گیر بوونی خۆبەڕێوەبەری دیموكراتیك جەوانان رێكخستنەكانیان بەرفراوانتر و مەزنتر دەكەن. چەتەكانی AKP هەموو هەوڵێكیاندا كە ورەی جەوانان تێكبشكێنن و گەلی كورد كۆمەڵكوژ بكەن، بەڵام دەرئەنجامی بەرخۆدانی گەلی كورد و بەتایبەت جەوانان، حكومەتی فاشیستی ئەردۆغان دۆڕاندی. بەدەستپێكردنی سیاسەتە چەپەڵەكانی ئاكەپە، جەوانان خۆیان لەسەر ناوی یەكینەكانی پاراستنی سڤیل (YPS) و یەكینەكانی پاراستنی سڤیلی ژن (YPS ـ ژن) یان دامەزراند. ئەم دوو تەڤگەرە بەهێزەی گەنجان، چەتەكانی AKP و هاوپەیمانەكانی وشیار كردەوە كە وەك ئەرتەشێكی پاراستنی سەرجەم ئەركی و بەرپرسیاریەتی پاراستنی خۆبەرێوەبەریەكانی باكووری كوردستان دەگرێتە ئەستۆ و كوردستان بۆ نەیاران و دژبەرانی خۆبەرێوەبەری دیمۆكراتی كۆمەڵگا دەكاتە گۆڕستان. هەنووكەش لە گۆڕپانەكاندا رۆژ لە دوای رۆژ كۆسپەكان رادەماڵێت و بەرەو لووتكەی ئازادی هەنگاو دەنێن.

دەستپێكردنی شۆڕشی رزگاری گەلان و خۆبەرێوەبەری لە رۆژئاوا و باكووری كورستان كاریگەرێكی زۆری لە سەر جەوانانی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان داناوە. دەتوانین بڵێن بە شێوازێكی جەماوەری و گشتگیر   شۆڕشی رۆژئاوا لە سەر هەموو بەشەكانی كوردستان بە تایبەت رۆژهەڵات كاریگەری ئەرێنی هەبوو و سنوورە دەستكردەكانی بێ واتا كرد. خاوەندارێتی لە شۆڕشی رۆژئاوا بە تایبەت كۆبانێ و شەنگال و هەروەها باشووری كوردستان و بەشداری لە شەڕی دژ بە چەتەكانی داعش لەلایەن جەوانانی رۆژهەڵات و ئێرانەوە سەلمێنەری ئەم راستییە. هاوكات لە گەڵ ئەمەشدا رژێمی داگیركەری ئێران سیاسەتەكانی خۆی لە بەرامبەر جەوانان لە رۆژهەڵات و ئێران گۆڕی. رژێم ترسی تێ بەر بوو كە هەستی نەتەوەیی لە ناو جەواناندا پەرە بستێنێت. بۆیە لە كۆتایەكانی ساڵی 2013 بەدواوە تا ئێستاش كاربەدەستانی رژێم هەوڵدەدەن جەوانانی كورد لە هەستی نەتەویی دوور بخەنەوەو رێگری لە رێكخستن بوون و كاروچالاكی جەوانان دەگرێت. لەهەوڵدایە رێكخستنی جەوانان و تێكۆشانی دیمۆكراتیانەیان بە ئاقارێكی چەواشەكارانەدا رابكێشێت و كۆسپ و تەگەرە لەبەردەم یەك هەڵوێستی و یەكگوتاری نێوان جەوانانی كورددا دروست دەكات.

جەوانانی رۆژهەڵاتی كوردستان هەر چەند درێغیان لەخاوەندارێتی و پاراستنی دەستكەوتەكانی خۆبەرێوەبەری دیموكراتیك نەكردووە، بەڵام لە بەر ئەوەی گشتگیر نەكراوە و رێكخستنێكی پتەو بە هێزی نییە، بە تێرو تەسەلی وەڵامدەری قۆناخەكە نەبوونە.سەرەڕای ئەوەش توانیویانە سیاسەتە چەپەڵەكانی رژێمی كۆماری ئیسلامی لەسەر گەنجان مایەپووچ بكەنەوە. بۆیە لەكاتی ئێستادا پێویستە جەوانانی رۆژهەڵاتی كوردستان پێداچوونە بە هەڵوێست و رێبازی كارو چالاكیەكانیاندا بكەنەوەو و رەوشی ئێستای خۆیان پەسەند نەكەن. چۆن جەوانانی باكوور لە چەند قۆناغدا خۆیان بە رێكخستن و بە هێز كردوە و كەوتوونەتە ناو جەرگەی خەبات و شەڕەوە، پێویستە هاوكات لە رۆژهەڵاتیش گەنجان بە خۆپەروەردە كردن لە سەر بنەمای رامانی ئاپۆیی و چەمكی وڵاتپارێزی راستەقینە و سەردەمیانە، بە پشت بەستن بە هێزی گەوهەری خۆیان یەكڕیزی نێوانیان پتەوتر بكەن و دۆخی مێژوویی باكووری كوردستان تاوتوێ بكەن. گرنگتر لەهەر شتێك پێویستە بە گوێرەی هەستیاری ئەو دۆخە خۆیان ئامادە بكەن كە خۆبەرێوەبەری دیموكراتیكیش بۆ رۆژهەڵات و گەلانی ئێرانیش پیویستیەكی ژیانییە. پیویستە جەوانانی كورد لەرۆژهەڵاتی كوردستان لە بەرانبەری شۆڕشی باكوور خۆیان بەرپرسیار ببینن و گەلی كورد و بەتایبەت جەوانانی باكووری كوردستان بە تەنیا نەهێڵن و وەك رابردووی درەوشاوەیان، جارێكی تر سنوورە دەستكردەكانی داگیركەران ببەزێنن. بۆ گەورەكردنی YPS و YPS ی ژن پێویستە هەموو هێزیان بخەنە گەڕ و بە پەلە بەشداری بەرخۆدانی باكوور ببن. لە كۆتایی دا دەتوانم بڵێم جەوانانی رۆژهەڵاتیش پێویستە وەڵامی پرسیارەكانی ئێمە كین؟ چی دەكەین؟ پێویستە چۆن ژیان بكەین؟ بە لێگەڕین بەدوای ژیانی ئازاد دا وەڵامی پرسیارەكانیان بدەنەوەو بە پێی ئەمەش دڵنیابن كە تێكۆشەران ئازادی و دیمۆكراسی دەستەبەر دەكەن.