لەئێران پێنجەمین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەزایان و دەهەمین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شوورای ئیسلامی لە 7ی خاكەلێوە (اسفند)ی ئەمساڵ ئەنجامدەدرێت. چەند مانگێكە ئامادەكاریەكان بۆ ئەنجامدانی ئەو دوو هەڵبژاردنە دەكرێت. لەبەردەوامی پڕۆسەی هەڵبژاردندا ناونووسی بۆ پالێوراوی هەر دوو ئەنجوومەن لە رێكەوتی 26 و 28ی ئازەر دەستیپێكرد و لەرێكەوتی 2 و 4ی دەی (بەفرانبار) كۆتایی هات. دەرئەنجام نزیكەی دوازدە هەزار كەس بۆ پالێوراوی دوو ئەنجومەن خۆیان ناونووس كرد. ئەوەش ترس و دڵەڕاوكێ‌ خستە ناو دڵی كاربەدەستانی رژێم و لەبەر ئەو هۆكارەش ژمارەیەكی زۆر كەس كە بۆ پالێوراوی خۆیان ناونووس كردبوو، لەفیلتەرەكانی رژێم تێپەڕ نەكران و رەتی سەلاحیەت كرانەوە. سەبارەت بە پڕۆسەی هەڵبژاردن ئەندامی مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (PJAK)، ئامەد شاهۆ لێدوانێكی تایبەت بۆ ماڵپەڕی PJAK دەدات و دەڵێت: “رەت كردنەوەی زۆرینەی پالێوراوان لەژێر گوشاری سوپای پاسداران بووە، چۆنكە لەیەكەم كاردانەوەدا سوپای پاسداران نیگەرانی خۆیان لەمەڕ زۆری ژمارەی ناونووسینی پالێوراوان دەربڕیوەو ئەوەشی بە هەوڵێكی دەرەكی ناوزەد كردووە”.

ئامەد شاهۆ لەسەرەتای لێدوانەكەیدا تیشك دەخاتە سەر دۆخی ئێستای ئێران و پەیوەندیەكانی لەگەڵ ئەمریكا و ئەوروپا و دەڵێت: “رژێمی ئێران لەدۆخێكی مەترسیداردا تێدەپەڕێت، ئەوەش بە ناچاری رژێمی لەناو دوو رێیانێكدا قەتیس كردووە، بۆیە بۆ مانەوەی تەمەنی دەسەڵاتداری و سەپاندنی هژمۆنی خۆی بەسەر ناوچەكەدا، پەیوەندیەكانی لەگەڵ نەیارانی خۆی وەك ئەوروپا و ئەمریكا ئاسایی دەكاتەوەو رێگای دیالۆگ و رێكەوتن هەڵدەبژێرێت. بە پێچەوانەشەوە لەناوخۆی ئێران لەرێگای سوپای پاسدارانەوە ئامادەكاری بۆ سەركوت كردنی ئیرادەی ئازادیخوازی گەلان دەكات، هەر دوو رێكاریش ئێران لەقەیرانەكانی ناوخۆیی و دەرەكی رزگار ناكات، چۆنكە رژێم پشتی لەئیرادە و ناسنامەی ئازادی گەلان هەڵكردووە. نموونەی بەرچاوی ئەوەش لە رەت كردنەوەی زۆرینەی ئەو كەسانەی كە ناویان بۆ پالێوراوی لەدوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەزایان و ئەنجومەنی شوورای ئیسلامی ناونووس كردبوو، دەركەوت كە سیاسەتی نوێ‌ رژێم هاوكات لەگەڵ هەڵگرتنی گەمارۆكان سەر ئێران لەسەر بنەمای زەوت كردنی مافی گەلان و پەراوێزخستنیان لەگۆڕەپانی سیاسەتدا تەشەنە دەستێنێت”.

ئامەد شاهۆ لەدرێژەی لێدوانەكەیدا تیشك دەخاتە سەر هەڵوێستەكانی سوپای پاسداران لەسەر هەڵبژاردن و دەڵێت:”لەهەر سیستەمێكی دیمۆكراتیكدا هەڵبژاردن، گۆڕەپانی ململانێ‌ سیاسیە. بەپێ‌ ئەوەش پێویستە رژێم رێز لەبوون و بەشداری سەرجەم لایەنە سیاسیەكانی بگرتایە و دانی بە مافی دیمۆكراتیانەیاندا بنایە. چۆن كاربەدەستانی رژێم بە تایبەت سوپای پاسداران بەشداریان لەهەڵبژاردندا بەمافێكی رەوا و سرووشتی لەقەڵەم دەدەن و خۆیان بە خاوەنی رژێم دەزانن، پێویستە بە هەمان شێوە بەشداری سەرجەم رەنگ و دەنگەكانی تری ئێران لەهەڵبژاردندا بە مافێكی رەواو سرووشتی لەقەڵەم بدەن. بەڵام بە پێچەوانەوە ئاشكرا بوو كە سوپای پاسداران و شوورای نیگەهبان سەرجەم لایەن و بەرەكانی تری بە دژی رژێم لەقەڵەم دا و تەنانەت لەمافی سەرەتاییان وەك بەشداری لەهەڵبژاردندا بێ بەش كران. ئەوەی جێگای سەرسووڕمانە سەرجەم پالێوراوەكان بە پێ‌ خالی 1 و 3ی ماددەی 28 لە یاسای بنەڕەتی ئێران دا لەژێر ناوی پابەندنەبوون بە ئاینی ئیسلام و كۆماری ئیسلامی رەتی سەلاحیەت كراونەتەوە. بۆیە ئەوەش گومان و پرسیارەكان زیاتر دەكات كە گوایا لەو 11 هەزار و 746 كەسەی بۆ هەڵبژاردنی دوو ئەنجوومەن ناونووسیان كردبوو، چۆن دەبێت زیاتر لە هەفت هەزار كەسیان لەژێر ئەو ناوە رەتی سەلاحیەت بكرێنەوە. ئەمەش هەڕەشەیەكە بۆ سەر ئەو گەلانەی كە خاوەن ناسنامەو رەنگی جیاواز لەئێراندان”.

ئامەد شاهۆ لەدرێژەی لێدوانەكەیدا ئاماژە بە هۆكارەكانی رەتكردنەوەی پالێوراوەكان لەلایەن رژێمەوە دەكات و دەڵێت: “ئێمە چاوەڕوانی ئەو رەت سەلاحیەتانە بووین. چۆنكە ئەو كردەوانەی رژێم شتێكی زۆر تازە نییە. كاراكتەری ئەو رژێمە لەسەر نكۆڵی كردنی ژن، مەزهەب، باوەڕی و گەلان بونیاد نراوە. ئەو كاراكتەرەش ترسی لەگۆڕانكاری و ریفۆرم هەیەو لەسەر زەوت كردن و پێشێلكاری مافی گەلان خۆی بەهێز دەكات و درێژە بە تەمەنی دەسەڵاتداری خۆی دەدات. مێژووی ئەو رژێم ئەوەیە كە تەنانەت رەحمی بە كەسانی دڵسۆز و پابەندی خۆی نەكردووە. ئەگەرنا چۆن دەبێت لەسێ هەزار پالێوراوی ریفۆرمخوازەكان تەنیا 30ی كەسیان رەت سەلاحیەت نەكرێن، یان لە نزیكەی بە 12 هەزار كەس زیاتر لە 7 هەزار كەسیان رەت سەلاحیەت بكرێن. بە رای من رەت كردنەوەی زۆرینەی پالێوراوان و سەپاندنی زهنیەتی دەسەڵاتخوازی رێگا بە هەڵبژاردنێكی ئازاد و تەندروست نادات. ئەوەش بەراشكاوانە دەردەكەوێت كە لێكۆڵینەوەی نادروست و تاك لایەنە لەسەر پالێوراوەكان كراوە”.

ئامەد شاهۆ رەت كردنەوەی زۆرینەی پالێوراوەكان دەخاتە سەر ئەستۆی سوپای پاسداران و دەڵێت:”رەت كردنەوەی زۆرینەی پالێوراوان لەژێر گوشاری سوپای پاسداراندا بووە، چۆنكە لەیەكەم كاردانەوەدا سوپای پاسداران نیگەرانی خۆی لەمەڕ زۆری ژمارەی ناونووسینی پالێوراوان دەربڕی و ئەوەشی بە هەوڵێكی دەرەكی ناوزەد كردووە. بەڵگەی ئەوەش پێشتر فەرماندەی بەسیجی موستەزعەفینی سەر بە سوپای پاسداران داوای لەشوورای نیگەهبان كردبوو كە لەرەت كردنەوەی پالێوراواندا بوێر و بەهیممەت بێت. ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دیدارەی كە عەلی خامنەیی لەسپتامبەری ساڵی رابردوو لەگەڵ فەرماندە باڵاكانی سوپای پاسداران ئەنجامی دابوو و داوایان لێدەكات كە لەبەرامبەر نفوزی نەیاران هەستیار بن و هەڵوێستی پێویست دەرببڕن. سوپای پاسداران و شوورای نیگەهبان زۆر جار هوشیاری دەدەن كە هەوڵی دزەكردن بۆ ناوەندەكانی بڕیاردان دەدرێت. سوپای پاسداران ئەمەش دەكاتە دەرفەتێك كە سوودی لێ وەربگرێت. بۆیە تەنانەت پالێوراوەكان بەوە تۆمەتبار دەكەن كە دەیانەوێت هێلی خومەینی و دەستكەوتەكانی رژێم بە لاڕێدا ببەن. لەبەر ئەوەش سوپای پاسداران ئەو دوو ناوەندە بە دوو سەنگەری گرنگی پاراستنی بەرژەوەندیەكانی لەقەڵەم دەدات، بۆیە رێگا نادات ئەو ناوەندانە بكەونە ژێر دەستی ئەو كەسانەی كە بە قەولی خۆیان پابەندی ئیسلام و رژێم نین. تەنانەت بەرەت كردنەوەی زۆربەی پالێوراوانی ژن لەو هەزار و 234 كەسەی كە خۆیان ناونووس كردبوو، سەلمێندرا كە سوپای پاسداران و شوورای نیگەهبان نكۆڵی لەهەبوونی ناسنامەی ژنان لەسەرجەم گۆڕەپانەكانی سیاسی و كۆمەڵایەتی لەسەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێران تا ئێستا دەكەن”.

ئامەد شاهو لەلێدوانەكەیدا تیشك دەخاتە سەر وتەكانی ئەحمەد جەننەتی دەبیری شوورای نیگەهبان سەبارەت بە دژایەتی لەسەر رێژەی بەشداری زۆری پالێوراوان و دەڵێت:”جێگای نیگەرانییە كە كەسێكی وەك جەننەتی لەو پۆستەیدا بەشداری رێژەی زۆری پالێوراوان لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەزایان و ئەنجومەنی شوورای ئیسلامی وەك خەم و پەژارە و شك وگومان بە ناو دەكات. لەلایەكەوە ناوبراو دەڵێ هەڵبژاردن بە تەواوی ئازادە و هەر كەس مافی خۆیەتی بەو پالێوراوەوەی كە دەیەوێت دەنگ بدات، بەڵام ئەوەی كە ئێستا لەئارادایە، ئەو پالێوراوەی كە بە دڵی گەل بێت رەت سەلاحیەت یان دەكەن و تەنیا بە هەبوونی رەنگێك دەیانەوێت باغچەی دیمۆكراسی ئاوا بكەن. ناوبراو قەبووڵ كردن یان رەت كردنەوەی پالێوراوەكان بە ئەركی دەوڵەت لەقەڵەم دەدات. دیاریكردنی پالێوراوی گونجاو بە دەنگی گەل لەكاتی هەڵبژاردندا بە كلتووری دەرەكی و بێگانە پێناسە دەكات. هەروەها دیاریكردنی چارەنووسی گەل بە دەستی خۆیان بە هەڵە دەبینێت و ئەوەش هەزم ناكات كە گەل لەهەڵبژاردندا دەبێت رۆڵی كارایان هەبێ. بۆیە سوپای پاسداران و جەننەتی لیستی دیاریكراوی خۆیان بە سەر ئیرادەی گەلاندا دەسەپێنن”.

ئەندامی مەجلیسی PJAK ئامەد شاهۆ لەكۆتایی لێدوانەكەیدا تیشك دەخاتەسەر دیاریكردنی چارەنووسی گەلان بە دەستی خۆیان لەناوچەكەو دەڵێت:”گەلانی ناوچەكە بە تایبەت گەلی كورد بە رێبازی جیاوازەوە داوای مافی خۆبەڕێوەبەری خۆی دەكات. گەلی كورد لەئێران بەرێگای هەڵبژاردنی دیمۆكراتیانەوە دەیەوێت ئەو دەرفەتە بۆ دەستەبەر كردنی مافە رەواكانی بە كار بێنێت، بەڵام رژێم هەر لەسەرەتای ئامادەكاریەكانی ئەم دوو هەڵبژاردنەدا، دەروازەی تێكۆشانی دیمۆكراتیانەی بەرەو رووی گەلی كورد و گەلانی تری ئێران داخست. بۆیە لەبەردەوام كردنی ئەو رێبازەی رژێم، گەلی كورد ناچار بەوە دەكرێت لێگەڕینی بەدوای دەروازەیەكی تری تێكۆشانی دیمۆكراتیانەدا بێت. دەبێت رژێم بۆ فەراهەم كردنی ئاسایش و ئارامی هەڵبژاردن پێداچوونە بە هەڵوێستی خۆی لەبەرانبەر سوپای پاسداران و توندڕەوەكان دیار بكات و هەڵوێستی پێویست وەربگرێت و دەبێت ئامادەبوونی نوێنەری راستەقینەی سەرجەم نەتەوە، رەگەز، بیر و باوەڕی، دین و مەزهەبەكان لەو 290 كورسی ئەنجوومەنی شۆرای ئیسلامی و 86 كورسی ئەنجوومەنی شارەزایاندا گەرەنتی بكرێت”.