كاوە ئاواڵان ـ
سیاسەتی بەكارهێنانی جەوانانی كورد بەردەوام لە پیلان و پرۆژەكانی هەموو دەوڵەتە دەسەڵاتدارەكانی ئێراندا بووە و كۆماری ئیسلامیش بۆ بەرژەوندیەكانی خۆی دەیهەوێت جەوانانی كورد لە دژی گەلەكەیان بە كار بهێنێت و هاوكات رژێم لە سەرەتای هاتنە سەر دەسەڵاتەوە، بە هەموو شێوازێك و رێ و رێباێك شەڕی بە گەلی كورد فرۆشتووە.
لە دوای راوەستاندنی پێكدادانە سەربازیەكان لە سەرەتای ساڵانی هەفتادا، لە نێوان كۆماری ئیسلامی و بزوتنەوەی ئازادیخوازانەی ئەو كاتەی گەلی كورد، بۆشایی تێكۆشان لە كوردستان هاتە ئاراوە. لەو قۆناخەدا رژێمی كۆماری ئیسلامی نەتەنیا سیاسەتی بە كارهێنانی جەوانانی كوردی لە كوردستاندا بۆبەرژەوەندیەكانی خۆی كەم نەكردووە، بەڵكوو بۆ تێكشكاندنی ئیرادە و سەركوتكردنی گەلی كورد زیاتر لە هەر قۆناخێك پەرەی پێی داوە.
جێگای ئاماژەیە كە دەبێ سەرەتا بە كورتی پێناسەیەك لە سەر فەرهەنگی خیانەت بكەین كە بۆمان ڕوون بێتە كە كۆماری ئیسلامی بە سیاسەتی بەسیج كردنی جەوانانی كورد بۆ ناو ریزەكانی سوپای پاسداران دەیهەوێت فەرهەنگی خیانەت بە سەر كۆمەڵگای كوردستاندا بسەپێنێت.
ئەگەر هەر نەتەوەیەك یان كۆمەڵگایەك خیانەت وەك فەرهەنگێك قبووڵ بكەن و لە هەموو پێوەر و پێوانەكانی پێكهێنەری ناسنامەی مرۆڤبوونی خۆیان بێبەری و بێگانە بووبێن، ئەو كاتە ئەو نەتەوە و مرۆڤەكانی ئەو كۆمەڵگایە دژە فەرهەنگ بە واتای خیانەت وەكوو پێوان و پێوەری فەرهەنگی خۆیان پەسەند دەكەن. رژێمی كۆماری ئیسلامیش هەتا رۆژی ئەمڕۆ هەوڵ و تەقالا دەدات كە لە بەرامبەر فەرهەنگی خۆڕاگری و بەرخۆدانی مێژوویی گەلی كورد، بەسیج وەكوو فەرهەنگی خیانەت لە كەسایەتی جەواناندا بە سەر كۆمەڵگای كوردەواریدا بسەپێنێت.
لێردەا دەبێ ئاماژە بكەم كە بەسیج تا ساڵانی هەفتا هیچ پێگەیەكی لە كوردستاندا نەبووە و هاوكات لە گەڵ بەرنامەكانی رژێم بۆ تێكشكاندنی پێكهاتە و لە ناو بردنی شیرازە و فەرهەنگی رەسەنی كۆمەڵگای كوردستان هاتووەتە ئاراوە و ئامانج لە بەسیج كردنی جەوانانی كورد كۆمەڵایەتی كردنی دیاردەی خیانەتە و هەوڵی لەناو بردنی هەستیاری ئەخلاقی كۆمەڵگای كوردەواریدایە لە بەرامبەر دیاردەی خیانەت.
بە ئەندام بوونی تاكەكانی كۆمەڵگای كوردستان و بە تایبەت جەوانان لە ریزەكانی بەسیجدا بە واتای تەسلیم بوونی كۆمەڵگا لە بەرامبەر دەستدرێژی بەردەوامی كۆماری ئیسلامییە. هەربۆیەش پەسند كردنی فەرهەنگی بەسیج بوون بۆ جەوانانی كورد، لەراستیدا دژە فەرهەنگە لە كوردستاندا.
لە دوای ساڵانی هەفتا رژێم بە دزە كردن ناو كۆمەڵگای كوردی لە هەوڵی ئەوەدا بووە كە بە جێگیر كردنی خیانەت لە ناو كۆمەڵگای كوردستان و رەوایەتی دان بە ئەو خیانەتە، وەكوو شێوازێكی ئاسایی ژیانی گەلی كورد پێناسەی بكات و لە هەمووی ئەم ساڵانەدا رژێم ویستوویە لەم ڕێگایەوە جەوانانی كورد بۆ لای خۆی راكێشێت.
بۆیە لێرەدا پێویستە كە ئەو سیاسەتانەی كە رژێم دەیهەوێت جەوانانی كورد بۆ ناو ریزەكانی بەسیج ڕاكێشێت، ئاماژەیان پێی بكەین كە بریتین لە سێ خاڵی سەرەكی؛
یەكەم: راكێشان و پەلكێش كردنی جەوانانە بۆ ناو بەسیج بە رێگای سیاسەتی (بیۆدەسەڵات) هەژاری ئابووری كە بەرهەمی خۆدی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامییە لە كوردستاندا، بەشێوەیەكی بەرفراوان هەنووكەیش پەیڕەو دەكرێت و یەكێك لەو میكانیزمانەیە كە رژێم لە كوردستان هەتا ڕۆژی ئەمڕۆ لە دژی جەوانان و گەلی كورد وەكوو چەكی سەرەكی بۆ پەرەپێدانی بەسیج لە كۆمەڵگای كوردستان و ئەندام بوونی جەوانان لەو رێكخراوەیە بەكاری دەهێنێت. هەژاری ئابووری لە كوردستاندا بووتە هۆكارێك كە جەوانان بۆ بەدەست خستنی كار و بژێوی ژیانیان پەنا بۆ ناوەندەكانی بەسیج و سوپای پاسداران ببن. هەروەها كە دەزانین سوپای پاسداران لە ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان سەرمایە و ناوەندكانی بەرهەمهێنانی خستووەتە بن دەسەڵاتی خۆی و لەو رێگایەوە هەموو بەرنامە ئابووریەكان، نزامیەكان و سیاسیەكانی خۆی لە دژی گەلان بەڕێوە دەبات.
رژێم بە راكێشكردنی تاكەكان بۆ ناو بەسیج، لە سیاسەتی هەژاری ئابووری لە كوردستان بەشێوەیەكی بەرفراوان كەڵك وەردەگرێت. زۆربەی جەوانانی كورد كە بە كاری كرێكاری و ئێشی ساختەوە سەرقاڵن و رژێم لە لایەكەوە هەوڵی ئەوە دەدات هەموو رێگاكانی نان دەرهێنان بۆ ئەم توێژە بگرێت و لەلایەكی دیكەوە پەسەند كردن و بە ئەندام بوون لە بەسیج وەك تەنیا رێگای بەردەوامی ژیان نیشانی گەلی كورد بە تایبەت جەوانان دەدات.
ئەگەر نەبوونی فەرهەنگی بەرخۆدانی، لاوازی ئیرادە و كەسایەتی، دروست كردنی زهنیەتی جنسیەتی و هەزاران كێشەی تر كە بەرهەمی ئەقلیەتی كۆماری ئیسلامی بە مژارەكە زێدە بكەین، بۆمان باشتر دەردەكەوێت كە پیلان و پرۆژەی كۆماری ئیسلامی لە دژی جەوانانی كورد چەندە بەفراوان و پانتاییەكەی چەندە؟
دووهەم: بە كورتی ئەگەر بمان هەوێت باس لە سەر فەرهەنگ بكەین دەبێ بڵێن كە فەرهەنگ، بەرهەمی هەزاران ساڵەی ئەزموونی بە كۆمەڵایەتی بوونی مرۆڤە لە كۆمەڵگادا. لەم بوارەدا فەرهەنگ نیشاندەری داخوازی و هەوڵدانی كۆمەڵگا بۆ ئازاد ژیان كردنە لە زێدی خۆیدایە.
فەرهەنگ، ئەو دەرفەتە بۆ كۆمەڵگا ئاوا دەكات كە تا خۆی بە گوێرەی هزری خۆی پێناسە بكات و خاوەنی خۆی بێت. كۆمەڵگایەك كە لە زمان، وێژە، باوەڕییەكان و فاكتەرە فەرهەنگییەكانی خۆی بێگانە بووبێت و هزری تایبەت بە خۆی نەبێت، نە خاوەن خۆی دەبێت و نە لە خزمەت خۆیدا دەبێت. ئەگەر داخوازی و پێداگری كۆمەڵگا بۆ بەردەوامی ژیان وەكوو بەرخۆدان پێناسە بكەین، ئەو كاتە واتای فەرهەنگ، بەرخۆدان و خۆراگری سیاسی هەر كۆمەڵگایەك بەشێكی دانەبڕاوی فەرهەنگی ئەو كۆمەڵگایەیە. هەر بۆیەش كۆماری ئیسلامی هەتا ڕۆژی ئەمڕۆ بە لاواز كردنی جەوانان لە كوردستاندا، بە ڕێگای بە لاڕێدابردنی فەرهەنگی رەسەنی كوردییەوە گرێداوە.
بۆیە رژێم هەوڵ دەدات تا بەو بەرهەمە ساختەكارانەی خۆی وەكوو بەرهەمی فەرهەنگی، ئەدەبی، هونەریی و وەكووتری كوردی لە جیاتی نیشاندانی راستەقینەی كۆمەڵایەتی و سیاسی كوردستان چەواشەكاری دروست بكات و ئەوەی كە لە ژێر ناوی بەرهەمی فەرهەنگی كوردی لە ناو دامودەزگاكانی رژێم دروست دەكرێن، لە راستیدا ئامرازی رووخاندن و بێناوەڕۆك كردنی فەرهەنگی كوردەواریدایە.
ئەم مژارە لە بەرهەمی هۆنەری و ئەدەبییەوە بگرە هەتا سینەما، كتێبە دەرسیەكان و راگەیاندنە دەوڵەتییەكان پڕ لە سووكایەتییە و بەروونی دیارە و ئارمانجی سەرەكی لەم سیاسەتە لە ناو بردنی ماتەوەزەی جەوانانی كورد و تەسلیم بوونیان و راكێشانی جەوانان بۆ ناوەندەكانی بەسیج و سوپای پاسدارانە.
سێهەم: بەشداری جەوانان، لە خۆڕاگری و بەرخۆدانی گەلی كورد لە ساڵانی شەستدا لە بەرامبەر دەست درێژی كۆماری ئیسلامی ئێران، سیمبۆلی زیندوو بوونی كۆمەڵگا بوون. كۆمەڵگای كوردستان لە هێزی جەوانانەوە واتای وەردەگرت و كۆماری ئیسلامی بە سیاسەتی لە سێدارەدانی جەوانانی كورد، هاتە كوردستان و ئەم سیاسەتەی تا ئەمڕۆكەش بێ پسانەوە پەیڕەوی دەكات.
هەروەها كە ئاماژەمان پێی كرد، راوەستان و بۆشایی تێكۆشانی ئازادی هەم لە بواری سیاسی و ئەیدۆلۆژیكی و هەم لە بواری پاشەكشەی پارتە كلاسیكەكان بۆ باشوری كوردستان لە سەرەتای ساڵانی هەفتادا، نە تەنیا لە رادەی سەركوتكاری و گۆشاری رژێمی لە دژی جەوانانی كەم نەكردەوە، بە پێچەوانە ئەم گۆشارانە لە نەبوونی تێكۆشان و رێكخستنێكی سیاسی كوردی، رەهەندێكی نوێتری بەخۆیەوە بینی و لەم بۆشاییە سیاسی و ئەیدۆلۆژیكیە جەوانانی تووشی بێ هیوایی كرد و كاریگەری راستەوخۆی لەسەر كۆمەڵگای كوردستان دانا.
لە ئاكامدا زەمینی بۆ كاریگەری سیاسەتەكانی رژێم لە سەر كەسایەتی جەوانان، لە سەرەتای ساڵانی هەفتا لە كوردستان دروست كرد و جەوانانی كورد بوونەتە قوربانی سەرەكی سیاسەتی بیۆدەسەڵاتی رژێم و بڵاو بوونەوەی دیاردە گەڵێك وەكوو بێكاری، هەژاری، بێ هیوایی، تووش بوون بە مادەی هۆشبەر و سەدان كێشەی كۆمەڵایەتی و كەسایەتی لە ناو كۆمەڵگادا.
كە دەتوانین بڵێن لە راستیدا ئامانجی سەرەكی سیاسەتەكانی رژێمی كۆماری ئیسلامی لە كوردستاندا، جەوانانن و لە سەر ئەم بنەمایە، جەوانان سەرەكیترین توێژن كە بەرەو دیاردە گەلێكی روخێنەر وەك بەسیج و سوپای پاسداران دەچن.
سیاسەتی سیستەمی پەروەردەی كۆماری ئیسلامی لە كوردستاندا، یەكێكی دیكە لەو سیاسەتانەی رژێمە كە دەیهەوێت جەوانانی كورد بۆ لای بەسیج و سوپای پاسدارن راكێشێت. ناوەندەكانی پەروەردە لە كوردستاندا رۆڵی پایەگای ئایدیۆلۆژی سەربازی دەگێڕن و دەرسە ئایدیۆلۆژییەكان زۆرترین رێژەی دەرسەكان پێكدێنن و هەروەها ناوەندەكانی پەروەردە بوونەتە ناوەندی بەرهەم هێنانی جەوانی دەستەمۆیی كۆماری ئیسلامی و دوورخستنەوەی جەوانان لە كلتووری كۆمەڵگای خۆیان و ئەو كەسانەی كە پەروەردەی ئەم دەرسانەیان لە ئەستۆ گرتووە، بێ پسانەوە بۆ گرێدانی جەوانان بە رژێمەوە و راكێشی ئەوان بۆ ناوەندی بەسیج و سوپای پاسداران هەوڵدان دەكەن.
لەم مژارەدا ئەگەر سیاسەتی تووش كردنی جەوانانی كورد بە مادەی هۆشبەر، گرێدانیان بە زهنیەتی جنسیەتی، دروست كردنی ماڵی فەحشا بۆ لە ناوبردنی هەست و رۆحی جەوانان و بەتایبەت بۆمبارانی زهنیەتی لە لایەن مامۆستایان و دامودەزگای راگەیاندن رژێم و دەیان سیاسەتی دیكە بە مژارەكە زیاد بكەین، بۆمان دەردەكەوێت كە رژێم چۆن دەیهەوێت جەوانان كورد بۆ لای ناوەندەكانی بەسیج و سوپای پاسداران راكێشێت و لە دژی فەرهەنگ، ناسنامە، زمان، كۆمەڵگای كوردەواری بە هەموو شێوازێك هانیان بدات.
بە جەوانی شۆڕشمان دەست پێیكرد و بە جەوانیش سەر دەكەوین
دوابەدوای رفاندن و دەستبەسەر كردنی رێبەر ئاپۆ لە ساڵی 1999 زایینی، جەوانانی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان بە خاونداریەتی كردن لە رێبەر ئاپۆ، فكر، فەلسەفە، شێواز و رێبازی تێكۆشانی بزاڤی ئاپۆییان بە سەرهەڵدان كردن لە دژی لاوازكردن و راكێشكردنی جەوانانی كورد بۆ ناوەندەكانی بەسیج و سوپای پاسداران بە رژێمی كۆماری ئیسلامی دایەوە.
رژێمی كۆماری ئیسلامی كە باوەڕی بە سیاسەتەكانی خۆی لە دژی جەوانانی گەلی كورد كردبوو، لە سەرهەڵدانی سێ رەشەمەدا رژێم بە ئەوپەڕی سەرسووڕمانەوە، دەستپێكردنی قۆناخێكی نوێی لە تێكۆشانی ئازادی گەلی كورد بینی و سەركوت كردنی توندی سەرهەڵدانی سێ رەشەمە لە لایەن رژێمەوە، ئەم راستییە دەسەڵمێنێت.
بۆیە لێرەدا دەتوانین بڵێن كە تیكۆشانی تەڤگەری ئاپۆیی لە رۆژهەڵاتی كوردستان پێش دامەزراندنی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان لە ساڵی ٢٠٠٤ و بەشداربوونی جەوانانی رۆژهەڵات لە سەرەتایی ساڵانی هەفتادا لە رێزەكانی پەژاكدا هەتا ئەمڕۆ ئەوە نیشان دەدات، كە جەوانانی كورد هەستیان بە قوڵایی داگیركاری كوماری ئیسلامی كردووە و لە ماوەی ئەم ١٢ ساڵەدا كە تێكۆشانێكی نوێ بە پێشەنگی جەوانان كورد لە رێزەكانی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان بەڕێوەچووە، تا ڕادەێكی بەرچاو ئەو بۆشاییە سیاسیە و ئەو قەیرانە كۆمەڵایەتیانە كە رژیم دەیەویست لە كەسایەتی جەواناندا بە سەر هەموو كۆمەڵگای كوردەواریدا بیسەپێنێت، بە تێكۆشان و خەباتی شكۆداری جەوانانی كورد و گیان فیدایی هەزاران ڕۆڵەی كورد تا ڕادەێك پووچەڵ كراوەتەوە.
بۆیە لێرەدا ڕاستی ڕۆحی جەوانان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان ئەوەمان نیشان دەدات كە جەوانانی كورد هێز و ماتەوەزەی تێكۆشانی ئازادین و بە دامەزراندنی كۆمەڵگای دیموكراتیك و ئازادی ڕۆژهەڵاتی كوردستان (كۆدار) و بە پەرگاڵ بوونی جەوانانی ڕۆژهەڵات لە هەر دوو ڕەگەزەكە لە ژێر ناوی كۆمەڵگای جەوانانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، ئیدی جەوانان خۆیان خاوەنی خەون و هیواكانی سەر لە نوێ ژیانەوەن و بە فكر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ دەتوانن وەڵامدەری هەموو ئەو سیاسەتە قیزەون و چەپەلانەی ڕژیمی كۆماری ئیسلامی لە كوردستاندا بن.