ـ لەسەر چ بنەمایەك هەڵبژاردنی پەڕلەمانی شورای ئیسلامی ئێران بایكۆت كرد؟
سیامەند موعینی: بۆ هەڵویست گرتن سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شوڕای ئیسلامی ئێران، هەڵسەنگاندنی ئێمە لە سەر بنەمای ناسینی سیستمی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەڵسوکەوتی ئەوان بۆ هەڵبژاردنەکان بوو. رەدی سەلاحیەتی زۆربەی کاندیداتۆرەکان لە لایەن شوورای نیگەهبانەوە بە عیلم بە ئاوتۆکراسی و تۆتالیتەری ئەم سیستمە و پەنابردن بۆ شێواز و مێتۆدی شاڕلاتانیستی سیاسی، هەمو دەرفەتەکانی بەشداری خەلکی لە بازنەیەکدا قەتیس کردۆتەوە، ” ئێوە دەنگ بدەن بەو کەسانەی ئێمە بۆتان دیاری دەکەین ” لە گەڵ هەمو پێوانەکانی تەنانەت دەوڵەتانی دیکتاتۆریش جیاوازە و هەنگاوێکیش وەپێش ئەوان کەوتوە. گەل مافی ئەوەی پێ نەدراوە دەنگ بەو کەسەی بدات کە دڵخوازی خۆیەتی و تەنانەت ئەگەر بە قسەش بێت مافی ئەم گەلە بگوێزێتەوە ناو مەجلیس. یانی هیچ دەرفەتێکیان بۆ ئیفادەکردنی ویستی خەلک نەهێشتۆتەوە. لە سەر ئەم بنەمایە کە هیچ کەلێنێکیان نەهێشتۆتەوە بۆ ئەوەی تەنانەت کەسانی باوەڕمەندی خۆشیان کە بتوانن نوێنەرایەتی خەڵک بکەن لە ناو لیستەکەدا بمێنێتەوە و رەدی سەلاحیەت کراونەتەوە، ئامانجی سەرەکی ئەم هەڵبژاردنەی مەجلیس لە لایەن خامنەیی و باندی مافیایی سپای پاسداران یەک دەستکردنی مەجلیسی شوورای ئیسلامی و مەجلیسی خوبرەگانە، بۆیە بایکۆتی ئاکتیڤی ئەم هەڵبژاردنە تەنیا چارەیە.

ـ بەرای ئێوە بۆچی راستەوخۆ خامنەیی و سوپای پاسداران دەستێوەردانی هەڵبژاردنی مەجلیسی دەهەمی شورای ئیسلامی یان كرد؟
سیامەند موعینی: وەک دەزانن سیاسەتی گلوباڵ بە قازانجی سیستمی کۆماری ئیسلامی ئێران ناچێتە پێش، و بۆ رووبەڕوبونەوە لە هەمبەر هێرشی ئاڵوگۆڕیەکان و دامرکاندنی ئەگەری ناڕەزایەتی ناوخۆ و سەرهەڵدانی گەلانی ئێران، پێویستە هەم مەجلیسی شوڕای ئیسلامی و هەم مەجلیسی خوبرەگان یەک دەست بێت و هیچ جۆرە جیوازیەکی فکری و داخوازی لە ناو مەجلیس لە لایەن خامنەیی و سپای پاسدارانەوە قبول ناکرێت. تەنانەت لە ناو ئیسلاحتەلەبەکانی مامناوەندی بە ناوی ئێعتدال گەرا کە باوەڕیان بە ولایەتی فەقی هەیە زۆربەی هەرە زۆری پالێوراوەكانیان رەدی سەلاحیەت کراوەتەوە. لەم فەزا خەفەقانەدا چۆن نوێنەری گەل دەرفەتی ئیفادەکردنی ویستی خەلکی پێدەدرێت؟
خامنەیی لە نفوزی دەرەکی ترساوە و مەترسی ئەوە دەبینێت کە لە ناو تەیفی ریفۆڕمخواز رەوتی وردە ئازادی لیبڕاڵی پێش بکەوێت و لە درێژەی خۆی دا گەلان و بە گشتی خەڵکی ئێران داوای ئازادی و مافەکانیان بکەن، کە ئەم سیستمە ناتوانێت و بۆی قبوڵ ناکرێت ئەم داوخوازیانە دەستەبەر بکات، بۆیە بە شێوازێکی مافیایی دەخوازن حکومەت یەکدەست بکەنەوە.

ـ ئەم هەڵبژاردنە لەگەڵ هەڵبژاردنەكانی رابردوو چ جیاوازی هەیە؟
سیامەند موعینی: هەڵبژاردنەکانی ئێران لەدەستپێکی هاتنەسەر دەستەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە سەر بنەمای هێژمۆنخوازی شوۆنیزمی میللی و ئایینی و هەڵاواردن دامەزراوە. لە ناو سیستمی تۆتالیتەر و دیکتاتۆر رەنگە هێندێک شێواز ئاڵوگۆری پێ بکرێت بەڵام پاراستنی سیستم بناخەی ئەساسی ستراتژی و كاركردی ئەوانە. جیاوازیەکی ئەوتۆی نیە لە گەڵ هەڵبژاردنەکانی پێشو، بە جیاواز لەم چوارچێوەیە کە بەشێک لە ریفۆڕمخوازەکان بۆ خاپاندن و فریو هێندێک مانۆڕی سیاسیان دا کە ئەویش بۆ کۆنتڕۆل و کاناڵیزەکردنی دژبەرایەتی خەلک لە بەرامبەر حاکمیەتە کە بتوانن بەم شێوازە دژبەری گەل لە هەمبەر حاکمیەت رادیکاڵیزە نەکرێت.

ـ سەرەڕای ئەوەی سەرجەم پارت و لایەنە كوردیەكان هەڵبژاردنەكانیان بایكۆت كرد، بۆچی بایكۆتەكان بە كۆدەنگی نەكراو هەر كەس لەلای خۆیەوە هەڵوێستی دەربڕی، ئەوەش هیچ كاریگەری لەسەر لاوازكردنی هەڵوێستەكان نابێت؟
سیامەند موعینی: کێشەی گەورەی ئوپۆزیسێۆنی ئێران لێک تێنەگەیشتن و یەکتر قبول کردنە و ئەوەش بۆتە شانتاژێک بۆ دەستەڵاتدارانی ئێران. هەر حیزب و ڕێکخراو و تەنانەت تاکیش لە ژێر کاریگەری ئەم بۆچونە دونیای تێگەیشتن و مەیدانی سیاسەتی دێمۆکراتیکی خۆی قەوارە پێداوە و لە سەر ئەرزی واقیع نیە، بە خۆبە مێحوەر بون و شێوازێک ئێگۆئیزمی سیاسی بازنەی فکراندن و قبولی ئەوانی تری بۆ زەحمەتە و ئەوەش بەشێک دەگەڕێتەوە سەر کوولتوری سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێرانی بە گشتی. لاواز بون و پەرتەوازی ڕێکخراوە سیاسیەکان فورجە دەدات بە حکومەت کە لە سەر ئەم لێک بڵاویە شانتاژ بکات.
زۆربەی حیزبە سیاسیەکانی کورد هەڵبژاردنیان بایکۆت کردوە جیا لەم حیزب و ڕێکخراو و کەسانەی کە یان تەوەهومیان بە نیسبەت سیستمی کۆماری ئیسلامی ئێران هەیە یان ئەوەی کە بەرژەوەندیەکی تایبەتیان لە بەشداریکردنی هەبێت، ئەوەش گاڵتە کردنە بە شعوری سیاسی خۆیان و تەنانەت بێڕێزی کردنە بە بەهاکانی ديمۆکراسی.
چ پەیامتان بۆ گەلی كورد و سەرجەم لایەنە چەپ و ئازادیخوازەكانی ئێران هەیە؟
سیامەند موعینی: خامنەیی داوای بەشداری جەماوەری دەکات و لە پەناوە دەڵی دەنگ بەو کاندیداتۆرانە بدەن کە ئێمە بۆتان دیاری دەکەین، ئەوە لە هیچ کوێی دونیادا نەبینراوە، ڕاستەوخۆ هێرش کردنە بۆ سەر شعوری سیاسی گەل. پێویستە ئەم جار گەلی کورد بە گشتی ڕۆڵی خۆی لەم قۆناغە مێژوییەدا ببینێت و ئەو گۆڕانکاریانەی لە ناوچەکەدا هاتۆتە ئاراوە ببینێت کە گەلی کورد ئەمڕۆکە ئاکتەرێکی بەهێزی ناوچەکەیە و پێویستە تاکی کوردیش باوەڕی بە خۆی هەبێت. نەچونە سەر سندوقەکان واتای سیاسی هەیە و هەڵویست نواندنە لەم قۆناخە مێژوییەدا. دەنگ دان و بەشداری کردنی ئەم جارەیان بە واتای قبوڵ کردنی کۆیلەتی و بێ ئیرادەیی ئەم کەسە دەگەیەنێت.
لایەنە ئازادیخواز و سوسیالیستەکانیش بە تێگەیشتنی خۆیان بڕیاریان لە سەر ئەم هەڵبژاردنە داوە و بایکۆتیان کردوە، بەڵام بە بڕوای من بایکۆتی پاسیڤ زۆر کاریگەری نابێت و شانە خاڵی کردنە لە بەرپرسیاریەتی شۆڕشگێڕی، پێویستە بایکۆتێکی ئاکتیڤ بکردرێت وڕوحی شۆڕشگێڕی لە بایکۆتەکە دا ببینرێت.